سەدیق سەعید رواندزی
دیاردەی ژن کوشتن، بە پاساوی کڕینەوەی شەڕەف و گێڕانەوەی شکۆی کەسی و خێزانی بۆ بنەماڵە، بووەتە نەریتێک لە کۆمەڵگەی ئێمە و ڕەگێکی مێژووی درێژی ھەیە، کە وەک بەشێک لە سیمایەکی میللی و خێڵەکی،نێو بەشێکی کۆمەلگە دەبینرێت. دیاردەیەک کە تیایدا زۆرجار لە پەنای خۆشەویستی بە ناو ڕاستەقینە، ڕەگەزی مێ تیایدا دەبێتە قوربانی و بە مەرگی ئەو کۆتایی دێت. گەلێک جارئەم دیاردەیە، وەک تیمەیەکی نووسین ڕەنگدانەوەی لە دنیای چیڕۆک و ڕۆمانی کوردی ھەبووە.کە خۆم وەک خوێنەرێک تەنھا لە ماوەی ئەو ساڵەی ڕابردوودا، چەندین ڕۆمان و چیڕۆکم خوێندونەتەوە، کە باسی ژن کوشتن بە پاساوی شەڕەف لە کۆمەڵگەی کوردی دەکەن. وەلێ نایشارمەوە لە بەشێکی زۆری ئەو دەقانەدا، نووسەری کورد نەیتوانیوە بە شێوەیەک بەرجەستەی ئەو ڕووداوانە بکات، کە کاتێ خوێنەر دەیخوێنێتەوە، ھەست بکات لە بەردەم گێڕانەوەیەکی واقیعی نییە، بەڵکو ڕۆمان دەخوێنێتەوە. خوێنەر کاتێ ڕۆمانی(زۆڵەکەی ئەستەنبۆل) دەخوێنێتەوە، بە درێژایی گێڕانەوەی ڕووداوەکە، بە تاسەی ئەوەیە بزانێت چارەنووسی ئەو ژنە چی دەبێت کە لەلایەن براکەیەوە لاقە دەکرێت و منداڵەکەی لە یەک کاتدا، مستەفا ھەم خاڵیەتی و ھەمیشی باوک.تا سەرەنجام لە کۆتایی ڕۆمانەکە، ڕاستییەکان دەردەکەون و بەو ھۆیەشەوە مستەفای برای کچەکە دەمودەست دەمرێت. لەو ڕۆمانەشدا، ژنە لاقەکراوەکە، دەیەوێت منداڵەکەی زگی لە بار بەرێت، وەلێ سەرەنجام پەشیمان دەبێتەوە و منداڵەکە گەورە دەبێت و لە کۆتاییدا چیڕۆکی ڕاستەقینەی ژیانی خۆی دەزانێت. ڕۆمانی (شەربەتی ترس)یش، چیڕۆکی کچێک بە ناوی (مەحبوبەی نازدار)دەگێڕێتەوە، کاتێ لەلایەن دەسگیرانەکەیەوە لە پەنای خۆشەویستییەوە، دەست درێژی دەکرێتە سەرو لاقەی دەکات. ئەویش ناچارە، پەنا ببانە بەر پزیشک و نەخۆشخانەی نازەنین، بۆ ئەوەی منداڵەکەی نێو زگی لە بار بەرێت. ئەم ڕۆمانە، لە چەندین ڕووەوە ڕۆمانێکی نا ئستاتیکی ولاوازە. من وەک خوێنەرێک کاتێ لە خوێندنەوەی بوومەوە، نائومێدییەکی گەورە دایگرتم، بەوەی کە چۆن نووسەری چیرۆِکی(باوکی ناو تەلەفۆن) ڕۆمانێکی بێ ھێزو نا بابەتی لەو شێوەیەی نووسیوە!.کە ھیوادارام ئاماژە نەبێت بۆ پاشەکشەی نووسینی چیڕۆک و ڕۆمان، لای ئەو چیڕۆکنووسە دیارە. لەم ڕۆمانەدا، خوێنەر بەر چەندان وێنەی ناھونەری، دەربڕینی نابابەتی، بێ چێژو جوانی دەکەوێت. بونیادی گێڕانەوە بە شێوەیەکە، ئەگەرچی بەش بەش کراوە، وەلێ لە سەر یەک ڕیتمی گێڕانەوە دەڕوات، کە وامان لێ دەکات ھەست بکەین حیکایەت و چیڕۆکێکی میللی و ئەفسانەیی دەخوێنینەوە نەک ڕۆمان کە ژانری سەردەمە.ئەمە وێرای ئەوەی لە چەندین شوێنی ڕۆمانەکەدا، بەر وێنەی ھاودژو گێڕانەوەی ھاودژ دەکەوین، کە پێ دەچێت بەسەر نووسەری ڕۆمانەکەش تێپەڕیبێت وھەستی پێ نەکردبێت. لە ھەندێک شوێنی ڕۆمانەکەدا،گێڕانەوە و دەربڕینەکان دەچنە ئاستێکی ھێندە لاواز،وەک ئەوەی فلمێکی ھیندی بینین وایە. ئەم جۆرە دەربڕینانە، لە زمانی نووسەرێک ناچێت، کە ئەزموونێکی درێژو جوانی نووسینی چیڕۆک و گێڕانەوەی ھەیە، بەڵکو لە ئەزموونی نووسەرێک دەچێت، کە تازە ھاتبێتە نێو دونیای نووسین و مەبەستییەتی ھەرچۆنێک بێت شتێک بگێڕێتەوە. بێ ئاگا لەوەی گێڕانەوە، ھونەرە و دەبێ ھێزی کێشکردنی خوێنەری تێدابێت.لێرەوە ئاماژە بە چەند لایەنێکی نا ھونەری ونا بابەتی ڕۆمانەکە دەدەین:_
*لا٣١نووسیویەتی:_(وەرە خوات بمێنێ و خۆت مەکوژە). ئەم دەربڕینانە، لە ھونەری دەربڕینی ڕۆمان ناچن و لە دەیان شوێنی ڕۆمانەکەش دووبارەی کردۆتەوە، بەبێ ئەوەی ھیچ جوانییەک بە گێڕانەوەکە بدەن.
*لا٣٨نووسیەیەتی:_(مەحبوبە دەیگوت مردنی باوکم بە مانای داڕووخانی سەقفی ماڵ بە سەرم، کەس بەکەوتنی ئەو سەقفە تەنھا نابێت من نەبێت). ئەمە لە کاتێکدا ڕۆماننووس خۆی لەڵاپەڕە١٢ی ڕۆمانەکەیدا، نووسیویەتی:_( دەزانم و دەکرێ مرۆڤ بێ باوک بێت!).واتا ئەگەر باوکیشی نەبێت ئاساییە، ئیدی نازانم کە ئاسایی بێت، چۆن ئەو سەقفە دادەڕووخێت!.
*لا٣٩نووسیویەتی:_(بینایەکی گەورەم بینی،واتابینای نەخۆشخانەکەی دکتۆرە نازەنین).
*لا٤١ئەمجارەیان دەنووسێت:_(نەخۆشخانەکە زۆر گەورە نەبووکە ئەمەش جێگەی خۆشحاڵی من بوو).
*لا٤٠نووسیویەتی:_(ژنە دەرگاوانی نەخۆشخانەکە ناوی ست فەریدەبوو، مامۆستای فیزیا بوو). بە داخەوە بەشێک لە ڕۆماننووسەکانی ئێمە، لە کاتی دیاریکردن و پێدانی ڕۆڵی کارەکتەرەکان لە چیڕۆک و ڕۆماندا،دەکەونە ھەڵەی زەق و نالۆژیکییەوە. ھەموو نەخۆشخانەکانی کوردستان بگەڕێیت، کارمەندێکی دەرگاوانی نەخۆشخانەیەکی ولادە، نابینیتەوە بڕوانامە و خوێندەواری ھەبێت، چ جای بگات بە مامۆستای فیزیا کە پسپۆڕییەکی دەگمەنە. ئەمە نیشانەی بێ ئاگایی نووسەرانی ئێمەیە، لە ژیانی کۆمەڵایەتی و میللی کۆمەڵگەی ئێمە، بە تایبەتی ئەوانەی لە ھەندەران دەژین و لەوێوە، چیڕۆک و ڕۆمان، لە سەر ژیانی کۆمەلگەی خۆیان دەنووسن.
*لا٤٥نووسیویەتی:_(شووی کردوودوومانگی نەبرد، گوتی سگم ھەیە وحەزدەکەم کچم ببێت).ناکرێت نووسەرێک ھیچ لەبارەی ژیانی دووگیانی و لایەنی فسیۆلۆژی ژن نەزانێت، کەچی باسی بکات. ئاخر تا سەرووی سێ مانگ، نیشانەکانی دووگییانی ھەر ھەستیشی پێ ناکرێت، کەچی ڕۆماننووس نووسیویەتی کەمتر لە دوومانگ.
*لا٤٥نووسیویەتی:_(تا ساڵێک پەڕۆ و لافیتەی ڕەشمان و لە دیوارەکە نەکردەوە). بە مەرجێک ھەموو پرسەیەک لە کۆمەڵگەی کوردی، تەنھا ھەفتەیەک دەخایەنێت.
*لا٥٥نووسیویەتی:_(براکانم لە ژووری حەمام گلۆپیان لەسەر دەکوژاندمەوە،ئاوی گەرمیان لێدەگرتمەوە،شامپۆکانیان پڕدەکردم لە دۆشاوی تەماتە،میزیان بە پێلاوەکانم دەکرد،تەباشیریان بۆ لە جێی سووراوەکان دا ئەنام،مشکی تۆپیویان دەخستە نێو گیرفانی جلەکانمەوە)من دەزانم، پیاوی کورد زۆرینەیان چەند دڵڕەق و نامیھرەبانن بەرامبەر بە خوشک و ھاوسەرەکانییان، بەڵام ئەو ھەموو زێدەگۆییە لە وەسفکردنی دڵڕەقی برایەک بەرامبەر بە خوشکەکەی، نە ھونەرییە و نەبابەتی،بەڵکو ئامانج لێی تەنھا درێژکردنەوەی لاپەڕەکانی ڕۆمانەکەیە. سەیر لەوە دایە، ئەوسێ برایە کە بەم شێوەیە ئازاری مەحبوبەی خوشکییان داوە، بە قەولی ڕۆماننووس ھەریەکەیان کادیرێکی دیاری حزبێکیش بووە!. لە کاتێکداکادیری، ھیچ نەبێت پلەیەکی بەرزی ھوشیاریی و سیاسی و ھزرییە، ئەگەر کەمیش بێت.
*لا٧٥:_(ئەگەرچی نەخۆشخانەکەی دکتۆرە نازەنین،چەندین نھۆم بووەو نھۆمێکی شاراوەشی بۆ لە باربردنی منداڵان ھەبووە، ھەمیشەش جمەی ھاتووە، کەچی بە گوێرەی ئەوەی ڕۆماننووس لە(لا٧٥) نووسیویەتی، تەنھا(٣)دکتۆر(٥) پەرستاری ھەبووە!.
*لا٧٨نووسیویەتی:_(ئەو منداڵە، ھی ئەو مێردە سەر زلەمە، خۆزگە پیاوەکە ھینەکەی تۆزێ زل بووایە،دکتۆرە نازەنینیش لە بەر پێکەنین قسەی بۆ نەکراوە).ئەگەرچی ڕۆماننووس، گوایە لەو ڕۆمانەیدا شکۆ بۆ ژن دەگێڕێتەوە، وەلێ ھەر خۆی شکۆی ژنی شکاندووە، کاتێ ھەموو خواستەکانی چووکێکی گەورەی پیاوان کورتکردوونەتەوە.لەو نامۆتریش ئەوەیە، کە دکتۆرێکی ژنیش لەگەڵ ئەو بۆچوونە دابێت و پێ بکەنێت.ئەمە ئەو تێگەیشتنە میللی و خێڵەکییەم بیر دێنێتەوە، کە پیاوبوون بەچووک پێوانە دەکەن!.
*لا٨٣:_(لەو لاپەڕەیەدا، ڕۆماننووس کاتێ باسی ئەوەمان بۆ دەکات کە دکتۆرە نازەنین و مەحبوبە دەچنەوە ماڵ بۆ ئەوەی پەساپۆڕتەکەی مەحبوبە بێنن) بە شێوەیەک گوزارشت لەو چوونە دەکات, کەزۆر نابابەتی و نازمانەوانییە.چونکە دیمەنەکە، لە ئەکشنی فلمێکی کۆمیدی دەچێت!
*لا٩١نووسیویەتی:_(مامە دکتۆرکامەران گوتی من دەچم پۆلیسێک ھەڵدەبژێرم و گرێبەستی لەگەڵ دەکەم لە لقی پۆلیس). ڕۆماننووس وادەزانێت سپاردنی ئەرک بە پۆلیس، بە ھەڵبژاردن و دیاریکردنە، نەک ڕێوشوێنی یاسایی و کارگێڕی، پۆلیس ھێزێکی فەرمییە و نیشانەی ھەبوونی دەسەڵاتە. ڕۆماننووس خۆی لە دەرەوە دەژیت و زۆر باش لە ئەرک و پێگە و دیدی ھاووڵاتییان بۆ پۆلیس دەگات، ئیدی دیاریکردنی ئەرکی پۆلیس بەو شێوە سادە و ھەڕەمەکییە نییە، وەک ئەوەی ئەو باسی دەکات!.
*لا٨٨نووسیویەتی:_(دکتۆرو سستەرەکان،بە بینینی ئەو کوڕانە،(واتا سێ براکەی نازدار)تووڕەبوون و مقەست و پەڕۆی خوێناویی وجیھازی زەخت ومەمک مژە و دایبابیان تێگرتوون). ئەو ڕەفتارانەیان لە نێو نەخۆشخانەکە کردووە. ڕۆماننووس بیری چۆتەوە، پزیشک دەبێ چ جۆرە کەس و مرۆڤێک بن. ئاخر ئەم ڕەفتارو کردەوانەی ڕۆماننووس داویەتییە پاڵ پزیشکەکان، لە کردەوەی منداڵان دەچن.
*لا٩٧نووسیویەتی:_(براکانت ناخۆشییان کردووە ھەر ڕۆژەی جامێکی نەخۆشخانەکە دەشکێنن).
*لا١٢٤(دوای ئەوەی سێ براکەی مەحبوبە، بە بەنزین نەخۆشخانەکە دەسووتێنن و ئاگری تێ بەردەدەن، دکتۆرە نازەنین دێت سەیری نەخۆشخانە سووتاوەکەی دەکات، پاشان دەگەڕێتەوە شوقەکەی، دووش دەکات!وەک ئەوەی ھیچ ڕووینەدابێت.
*لا١٢٥نووسیویەتی:( سەیرە دەم و چاوی خۆیان نەشاردۆتەوە). نازانم ئەگەر کەسێک مەبەستی بێت تاوانێک ئەنجام بدات، چۆن دەم و چاوی ناشارێتەوە. ڕەنگە ڕۆماننووس وابزانێت ئەوانەی لە کوردستان شوێنێک دەسووتێنن، زۆر بە ئاسایی ئەو کارە وەردەگرن و دەیکەن.
*لا١٢٦نووسیویەتی:( سێ براکە، وا جوان سەیری کامێرای چاودێری دەکەن، دەڵێی وێنە بۆ پەساپۆڕت دەگرن). بەمەرجێک ئەو کاتە، کاتی سووتاندنی نەخۆشخانەکەیە.ڕۆماننووس نەیتوانیوە گوزارشت لە دۆخی سایکۆلۆژی تاوانبارێک بکات، ئەو ساتەی تاوانێک ئەنجام دەدات.
*لا:_١٢٦(کاتێ ئەفسەری پۆلیس دەچێت بۆ گرتنی سێ براکە لە دوای سووتاندنی نەخۆشخانەکە، پێیان دەڵێت: خۆتان شوشتبا، بۆ ئەوەی بۆنی بەنزینتان لێ نەیەت). ڕۆماننووس لێرە، چ ڕۆڵێکی کاریکاتۆری بە ئەفسەرانی پۆلیس داوە. ئاخر ئەگەر تاوانبارێک تاوانێک بکات، دەچێتەوە ماڵ و بە ئاسانی لێی دەخەوێت؟!.ئەفسەری پۆلیس بەو زمانە میللی و نافەرمییە لەگەڵ تاوانبار دەدوێت؟!.
وێرای ئەمانەش، خاڵێک کە بە پێویستی دەزانم باسی بکەم ئەوەیە، کە بە درێژایی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە، ڕۆماننووس نەیتوانیوە ڕۆڵی کارەکتەرەکان بە پێی ئاستی تێگەیشتن و ھوشیاریی کەسی وپەروەردەییان وازی بکات. بە درێژایی ڕۆمانەکە، کاتێ سەرنج لە گفتو گۆو دیالۆگی نێوان دکتۆرە نازەنین و نازدار دەدەین، کە دووکارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەن، ھەست ناکەین لە بەردەم گفتوگۆی نێوان پزیشک و ژنێکی قوربانی و لاقە کراوداین. بەڵکو واھەست دەکەین، لە بەردەم گفتو گۆی نێوان دوومنداڵ و دوو ھەرزەکارداین، کە ھیچ ھونەرێکی بیرکردنەوە و دەربڕینی قسە نازانن.چونکە ئەوەندە قسە و گفتو گۆکان، کۆمێدی و نابابەتین. بە داخەوە ئەمە گرفتی بەشێکی زۆری ڕۆماننووسەکانی ئێمەیە، کە ناتوانن لە پێگە و ڕۆڵی کەسەیتییەکان، لە میانەی گێڕانەوەی ڕووداوەکان بگەن. کاتێ کارەکتەرێکی(پزیشک)مان ھەیە، ئەوا دەبێ ئەو کارەکتەرە وەک پزیشکێک قسە بکات و ڕۆڵەکەی ببینێت. ناکرێ کارەکتەر نەخوێندەوار بێت، کەچی وەک ڕووناکبیرێک قسە بکات.بۆنموونە: مەحبوبەی نازدار، کە دەستدرێژی کراوەتە سەرو منداڵێکی بێ باوکی لە زگدایە، بە شێوەیەک ھەڵسوکەوت دەکات و قسە دەکات، وەک ئەوەی ھیچی لێنەکرابێت. لە کاتێکدا قوربانییانی دەستدرێژی سێکسی، دەکەونە دۆخێکی دەروونی دژوارەوە و شۆکێکی ھێندە گەورە دەیانگرێت، کە توانای ھیچ کارو چاڵاکییەکی ژیانیان نامێنێت. نامۆ دەبن و دەڕووخێن، زۆرینەیان بیر لە خۆ کوشتن دەکەنەوە. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا(کە ڕۆماننووسیش لە شەربەتی ترسدا مەبەستی کۆمەلگەی کوردییە) ژنان بەو حاڵەتانە، دەکەونە گۆشەگیری و داڕووخانێکی گەورە. زۆرینەیان لە بەر توانجی خێزان و کۆمەڵگە خۆیان دەکوژن. کەچی سەیر لەوە دایە، دواجار دکتۆرە نازەنین زۆر بە ئاسانی بە نازدار دەڵێت:(تۆ دەتوانی بێیتەوە ناو خێزانت.لا١٣٦). ئەگەر کەسێک ئەو ڕووداوە تراژیدیەی بینیبێت، دەتوانێ سووک و ئاسان، ئیدی ژیان بکات؟ بەتایبەتیش لە کۆمەڵگەیەکدا کە ھەموو شەڕەف و پێگەی کۆمەڵایەتی و خێزانی و میللی و کەسی، لە جەستەی ژن و لە جەستەشیدا، لە شوێنێک دەیبیننەوە!؟. دواجار دەڵێم، بەرلە بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکە، لە چەندین شوێن، ھەواڵی نووسین و بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی(شەربەتی ترس)م بیست. بۆیە وەک خوێنەرێک، بە تاسەیەکی زۆرەوە لە ھەوڵدابووم ڕۆمانەکەم دەست بکەوێت وبیخوێنمەوە. وەلێ کاتێ لە خوێنەوەی بوومەوە، بەر شتێکی پێچەوانەتر کەوتم.لە ڕوانگەی منەوە وەک خوێنەرێک، شەربەتی ترس، لە ڕۆمانی نووسەرێک ناچێت کە ئەزموونێک و تەمەنێکی لەگەڵ ژانری چیڕۆک و گێڕانەوە ھەیە، بەڵکو لە ئەزموونی کەسێک دەچێت، کە تازە نووسینی ڕۆمان تاقیدەکاتەوە و ئیدی ھەر مەبەستییەتی شتێک بنووسێت و بیگێڕێتەوە. بە بێ ئەوەی شارەزاییەکی ئەوتۆی لە بینای ھونەری ڕۆمان ھەبێت. لەدەیان شوێنی ڕۆمانەکە،بەداخەوە بەر بۆچوونی نابابەتی، گوزارشتی کۆمێدی و گاڵتەجاری، وێناکردنی ھەزەلیانە دەبینەوە.من خۆزگەم دەخواست وەھا نەبووایە، ولێ واقیع شتێکە و خۆزگەش شتێکی تر!.
*پەراوێز:_ شەربەتی ترس، ڕۆمان، نووسینی:ئارامی کاکەی فەلاح، بڵاوکراوەی: ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەھەند_سلێمانی ٢٠١٩…