سەدیق سەعید ڕواندزی
بێگومان خۆشەویستی وەک ھەستێکی دەروونی وکۆمەڵایەتی و ھاوکات پەیوەندییەکی ڕوحی نێوان مرۆڤەکان، ڕووداوێکی گرنگە لە ژیانی مرۆڤەکان بە گشتی. بگرە لە ھەندێ کاتدا ئەو ڕووداوە ژیانی مرۆڤ بە ئاراستەیەک دەگۆڕێت کە ببێتە مرۆڤێکی جیا لەوەی کە پێشووتر ھەبوو. خۆشەویستی غەریزەیەکی سروشتییە و لە ناخی ھەموومان دا ھەیە. مرۆڤ بێ خۆشەویستی ناژیت.ڕووبەرێکی بەرفراوان لە ئەزموونی ئەدەبیات بە گشتی و شیعریش بە تایبەتی، ڕەنگدانەوەی ئەزموونی عشق و خۆشەویستییە وتیایدا چیرۆک و سەربوردەی عشقی نێوان مرۆڤەکانمان بۆ باس دەکەن لەوەی کە ڕوویداوە. تاکو ئێستاش داستانەکانی وەک:- مەم ء زین وشیرین و فەرھاد وئەسمەر و مامەرء، لە نێو ئەدەبیاتی فۆلکلۆری ئێمەدا بە زیندووی ماونەتەوە و نەوە لە دوای نەوە گوێبیستی دەبن. لە کاتێکدا بە درێژایی ئەو مێژووە، چەندین ڕووداوی تر ڕوویانداوە کەچی لە بیرکراون. وەلێ ئەم داستانانە چونکە پەیوەندییان بە خۆشەویستی ھەیە، دەبینین تاکو ئێستاش ماونەتەوە. خۆشەویستی ڕەگەزی بەرامبەر، جۆرە خۆشەویستییەکی تایبەتمەندە و بەراورد ناکرێت لەگەڵ ھیچ جۆرە خۆشەویستییەکی دیکە. دیارە ئەمەش بۆ سروشتی ئەو جۆرە پەیوەندییە ڕوحی و دەروونییە دەگەڕێتەوە کە مرۆڤەکان بە یەکتری دەبەستێتەوە. نەک ھەرئەمە، بگرە لە زۆر کاتدا لەئەزموونی خۆشەویستی نێوان ھەردوو ڕەگەزدا، پرۆسەی دۆنادۆن دێتە کایەوە. واتە تێکەڵاوبوونی ڕوحی نێوان ھەردووکیان تا ئەو ڕادەیەی دەتوێنەوە لە یەکتری. بە مانایەکی تر، لە ئەزموونی خۆشەویستیدا، ھەردوو ڕەگەز بوونی خۆیان لە بوونی یەکتردەبیننەوە، ھەرئەمەشە وادەکات کاتێ مرۆڤ خۆشەویستەکەی لە دەست دەدات، ئیدی کۆتایی بەژیانی خۆشی بێنێت، چونکە بە تێگەیشتنی خۆی ژیانی ئەویش دوای خۆشەویستەکەی کۆتایی ھاتوءە. ئەمەش پەیوەستە بەو ئاوێزانبوونە ڕوحییەی نێوان خۆشەویستەکان. تاکە دیاردەیەک لە ژیانی مرۆڤەکاندا کە بشێ پێوانە نەکرێت ڕادەی خۆشەویستی ئێمەیە بۆ بەرامبەرەکەمان، ئەگەر سنوور لە بەردەم ھەموو دیاردەکانی دیکەی ژیاندا ھەبێت، ئەوا لە بەردەم خۆشەویستیدا ھیچ سنوورێکی دیاریکراو نییە، ئەندازەیەک نییە ئاستی خۆشەویستی ئێمە بۆ بەرامبەرەکەمان بکێشێت. ھەر ئەمەشە کاتێ مرۆڤ وەسفی خۆشەویستی خۆی بۆ بەرامبەرەکەی دەکات، ھەوڵدەدات ئەم خۆشەویستییە ھاوشێوەی ھەموو شتێکی ئەم گەردوونە نیشان بدات. دەکات. ئینگلیزەکان دەڵێن:_(خۆشەویستی ڕاستە قینە کۆتایی نایەت، ئەگەر کۆتایی ھات، مانای وایە ڕاستەقینە نەبووە) یاخود زۆرجار دەگوترێت، جوانترین و گەورەترین و نەمرترین عشق، ئەو عشقەیە کە بە ناکامی کۆتایی دێت. دیاردەی عشق و خۆشەویستی نێوان ھەردوو ڕەگەزەکە، تا ژیان و مرۆڤایەتی ماوە دەمێنن و بەردەوام دەبن، بەڵام مەرج نییە ھەموو مرۆڤێک عاشق بێت و ئەزموونی عشق و خۆشەویستی بکات، چونکە ئەو ئەزموونە ، تایبەت و ھەستپێنەکراوە. ئێمە خۆشمان نازانین، بۆچی عاشقی یەکێک دەبین، بەڵام کەسێکی دیکەمان ناکەوێتە نێو دڵ و دیدە و خۆشمان ناوێت کە زۆر لەو جوانتر و سەرنجڕاکێشترە، کەواتا ھەر باسکردنێک لە ئەزموونی خۆشەویستی کەسەکان، باسکردنێکی ناتەواوە بەو پێیەی باس لە کردەیەک دەکەین، کە خۆمان ئەزموونمان نەکردووە، بەڵکو لە دوورەوە بەریدەکەوین، بۆیە ھیچ کەسێک ناتوانێت گوزارشت لە عشق و پەیوەندی خۆشەویستی ئەویتر بکات. ڕۆمانی (حەشری ئاشقان) (١) لەسەر زاری کۆمەڵێک مرۆڤەوە، باس لە پەیوەندی خۆشەویستی نێوان ھەردوو ڕەگەزەکە، ئاریشە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردی، بە تایبەتیش لە سەردەمی دنیای مەجازی تەکنەلۆژیادا دەکات. ئەو ڕۆمانە، ھەربەشە و بە سەر گوزشتەی کارەکتەرێک دەست پێ دەکات. مەم کوڕی مەلا جیھادە، ھاوڕێی لاسە، ڕۆژێک لاس لە دواوەی خۆی سواری ماتۆڕەکەی دەکات، ئیدی مەم بە ھۆی بەرکەوتنی بەجەستەی لاس، چووکی ھەڵدەستێت و لە ڕووی دەروونییەوە دەشڵەژێت و لاس خۆشی ھەستی بەو بارە نا ئاسایە کردووە. خەزال و زین، دوو ھاوڕێی کچن، بەڵام جۆرێک لە ھەستی ھاوڕەگەزییان بۆ یەکتری ھەیە، بە تایبەتیش ئەو کاتەی خەزاڵ شان و ملی زین، دەشێلێت و بەر جەستەی دەکەوێت، ئەویش بە ھەمان شێوەی مەم، لە ڕووی دەروونییەوە دەشۆکێت. سیامەند، کوڕی ژەنیا و لەرینە، ئەو بە منداڵی ھەڵگیراوەتەوە و لە بنەڕەتدا دایکی ژنێکی ناتەواوی سەرشەقامەکان بووەو دەیان پیاو دەستدرێژیان کردۆتە سەر و بەو ھۆیەوە لە کاتی بوونی سیامەند، دایکی بە سەریەوە دەمرێت و ژەنیا و لەرینیش وەک منداڵێکی ھەڵگیراوە، دەیگرنە خۆ و لە کۆتاییدا بەو نھێنییە دەزانێت. شیرین و فەرھاد، چەندین ساڵ عاشقی یەکتر بوونە، لە زانکۆ یەکتری دەناسن و پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوانیان دروست دەبێت، ئەو پەیوەندییە بە ھاوسەرگیریی کۆتایی دێت، بەڵام ناکۆکییە خێزانییەکانی نێوانیان و ڕۆتینی ڕۆژانەی ژیان، ھەردووکیان لە بەر چاوی یەکتری دەخات و لە یەک جیا دەبنەوە و خەزاڵ بەرھەمی ئەو دایک و باوکە بە یەک ناکۆکەیە. زین، کچێکە دایک و باوکێکی ناکۆکی ھەیە و ھەریەکەیان ناپاکی لەگەڵ ئەویتر دەکات و پەیوەندی تریان ھەیە و خۆشیان بەو پەیوەندییە دەزانن و بۆ یەکتری باس دەکەن. زین، پەیوەندی لەگەڵ کوڕێک دەبەستێت، کوڕەکە قۆز و باڵابەرز و جوان و سەرنجڕاکێشە. کامەران و ڕۆزانا، پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوانیاندا ھەیە، بەڵام دایک و باوکی کامەران، بە پاساوی ئەوەی ماڵی ڕۆزانا ھەژارن و لە ڕووی پێگەی کۆمەڵایەتییەوە لە ئاستی ئەوان نین، ڕەتی دەکەنەوە کامەران ئەو کچە بێنێت، کامەران ماڵ جێدێڵێت و دەچێتە ماڵی سیامەندی ھاوڕێی و لەوێ دەژیت. بە گشتی پەیوەندی نێوان کۆی کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە، لە سەر پرسی سۆزداریی و خێزانی و خۆشەویستییە. بێگومان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، ڕوانگەی پیاو بۆ ژن، ھەمیشە ڕوانگەیەکی سێکسواڵیەتییە، بەو مانایەی کە ژن دەبینێت، ئەوا بەر لە ھەموو شتێک جەستە و لەش ولاری لە نێو دید و ھزری خۆیدا وێنا دەکات. ئیدی ژن بە ھەموو بوونی خۆیەوە، بچووک دەکاتەوە لەو ماکە سێکسییەی لە پەیوەندی نێوان ئەو و پیاودا ھەیە. بگرە لە پەیوەندی سۆزداری نێوان ھەردوو ڕەگەزەکەش، چونکە ئەو دیدگایەی پیاو زاڵە، ئیدی سەرەنجام ئەو پەیوەندییانەشی کە بە ھاوسەرگیری کۆتایان دێت دەمرن، چونکە لە بنەڕەتدا ئەوەی ھەبووە عەشق و خۆشەویستی نەبووە، بەڵکو حەز و ماکەکانە ، بەڵام (یەکێک لە نیشانەکانی خۆشەویستی تێر نەبوونە بە خۆشەویستی ) (٢) کەواتا لە پەیوەدنی خۆشەویستی ڕوحیدا، ئەو بەریەککەوتنە جەستەیی و سێکسواڵییەتییە ھیچ بەھایەکی ئەوتۆی نییە، چونکە پێداویستی دەروونی و ڕوحی، لە پێشەوەی ماکەکانە بە پێچەوانەی سێکس و ئاوێتەبوونی جەستەیی. ( سێکس ھەڵگری پەیامێکە دەڵێ من حەزم لێتە و ئیشتھات دەکەم ) (٣) نووسەری ڕۆمانەکە، چونکە ھەمان دیدگای سێکسواڵیەتییانەی بۆ پەیوەندیی خۆشەویستی کە لە ڕووبەرە کۆمەڵایەتی و میللییەکەی کۆمەڵگەی ئێمە وەک نەریتی کۆمەڵایەتی ھەیە، ئیدی لەو سۆنگەیەوە پەیوەندی نێوان کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکەی، کە لە بنەڕەتدا ھیچ پەیوەندی بە پرسی عشق و خۆشەویستییەوە نییە، وەک عەشق دەبینێت. تەنانەت ئەو ھەستی ھۆمۆیەی نێوان لاس و مەم وەک دوو کوڕ، خەزال و زین وەک دوو کچ، کە بۆ یەکتری ھەیانە، لەو ڕۆمانەدا وەک عشق وێنا دەکرێت، لە کاتێکدا ھەموومان دەزانین ئەو پەیوەندییە ناسرووشتی، ناکۆمەڵایەتی و نەگونجاوە، ھیچ پەیوەندی بەعشقەوە نییە، کەچی لاس بە مەم دەڵێت:_(عەشقێک ھەیە ئەویش عشقی نێر بۆ نێرە ) (٤)، ئەم دیاردەیە ناسرووشتیی و ناکۆمەڵایەتییە، وەک سێکسێکی جیاواز، ڕەت کراوە و نەگونجاو لەگەڵ ئادابی گشتی و ڕەگەزیش و وەک حاڵەتێکی نامۆ و ڕێزپەر لە نێو ھەموو کۆمەڵگەکان بە کۆمەڵگەی کوردیشەوە ھەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم جۆرە ھەست و پەیوەندییانە دەچنە خانەی عشق وەک ئەوەی ڕۆماننووس وێنای کردووە؟ یاخود لەرین و ژەنییار، پێشتر بە یەکەوە لە زانکۆبوونە، پەیوەندییەکی خۆشەویستی قووڵ لە نێوانیان دروست دەبێت و سەرەنجام لە ماڵێکدا بە یەکەوە وەک دوو ھاوسەر ژیانێکی نوێ دەست پێ دەکەن، بەڵام ڕۆتینی ژیان و کێشە خێزانی و بەرکەوتنەکانی ژیانی ژن و مێردایەتی، ھەردووکیان لە بەرچاوی یەکتری دەخەن، بۆیە ھەریەکەیان لەکاتێکدا ھێشتا ھەر ھاوسەری یەکترین، کەچی پەیوەندی سێکسی لەگەڵ ژن و پیاوی دیکە دەبەستن و بۆ یەکتریشی باس دەکەن کە ئەمەش پێچەوانەی عشقە و لەبنەڕەتدا ئەوان لەسەر بنەمای جەستەو غەریزە ، لە ژێر ناوی خۆشەویستیدا بەیەک گەیشتوون. لە عشقدا مەعشوق یەکە، ئەو پەیوەندییەی لە نێوان عاشق و مەعشوق وەک دوو ڕەگەزی جیاواز ھەیە، ھیچ واقیعێکی کۆمەڵایەتییانەی ژیان و ھیچ ڕۆژگار و زەمەنێک کاڵی ناکاتەوە ( مەم لەو یەکەم ساتەوەی زینی خۆشویست تا ئەو ساتەی مرد، سەڕەڕای ئەو ھەموو ڕێگڕی و ئازارەی لەبەردەم عشقەکەیدا ھەبوون ھەر زینی خۆشویست ) (٥) چونکە لە عشقدا، ئەویتری جێگرەوە بە مانا ڕوحانی و سۆزدارییەکەی بوونی نییە. لە تێڕوانینی عاشقدا، یەک مرۆڤ، یەک عاشق و خۆشەویست ھەیە و بەدەر لەو ڕوانگە تاکانەیە، ئیدی ھەموو پەیوەندییەکانی دیکە، دەچنە خانەی پەیوەندی سۆزداریی و خۆشەویستی فریودەرانە، بۆیە دەبینین عاشقەکان لە دوای مردن و نەگەیشتن بە عشقەکەیان، ھەرگیز ناتوانن جارێکی دیکە عاشق ببنەوە ( ئەوانەی خۆیان دەکوژن لەبەر ئەوەیە بە بێ خۆشەویستەکەیان، خۆیان بە ھیچ دادەنێن و دوای ئەو چیتر ژیان بە شایستە نازانن لە پێناویدا بژین)(٦). بێگومان عشق پرسێکی گشتی و کۆمەڵایەتییانەی ژیان نییە، ڕووداوێک نییە لە ژیانی ھەموو مرۆڤەکان ڕووبدات، داستانەکانی عشق و خۆشەویستی لە ڕابردوودا، بەڕوونی ھەڵگری ئەو پەیامەن کە عشق ئەزموونێکی زۆر کەسی و تایبەتییانەی ژیانەی مرۆڤەکانە و مەرج نییە ھەر پەیوەندییەک گەر خۆشەویستیش بوو، دەلالەت لە مەسەلەی عشق بکات, لەو سۆنگەیەوە کاتێ سیامەند لە ڕۆمانەکەدا بە کامەرانی ھاوڕێی دەڵێت:( زۆرینەی ھەرە زۆری خەڵکی دەتوانن عاشق بن و عشق پەتایەکی گشتییە) (٧) لە ڕاستیدا ئەمە دیدگایەکی ناعاشقانەیە و پەیوەندی بە عشقەوە نییە، ڕۆزانا کاتێ پشت لە بە ناوی عشق خۆی و کامەران دەکات و لەگەل کوڕێکی دیکە ھاوسەرگیری دەکات، ئەمە مانای وایە ھەر لە بنەڕەتەوە شتێک لە نێوان ئەو و کامەراندا بە ناوی عشق نەبووە، بەڵکو حەزێکی جەستەیی و سێکسی بووە، کە ئەمەش دەشێ لە ھەموو ژن و پیاوێکدا بەرجەستە ببێت بە پیچەوانەی عشق، بەڵام( کاتێ عشق بە سەر غەریزەدا سەرکەوت ئەوا لایەنی جەستەیی و چێژ و خۆشی و سێکس فەرامۆش دەکات و بەرە و ڕوحی کەسەکان دەچێت)(٨) لەکۆمەڵگەی ئێمەدا، چونکە عشق و خۆشەویستی لە سێکسکردن دەبینین، ئیدی پێمان وایە دەبێ ئەو پەیوەندییە، دواجار بە یەکەگەیشتن و ئاوێزانبوونی جەستەیی و سێکسکردن کۆتایی بێت. لێرەوەش کاتێ مرۆڤەکان لەو حەزە تێر دەبن، ئیدی وردە وردە، ئەو ھەست و خۆشەویستی و عەشقەی پێشتر بۆ یەکتریان ھەبووە نامێنێت، چونکە لە بنەڕەتدا عشق و خۆشەویستی ڕاستەقینە نەبووە. بەڵکو نووسەر لە ڕاستیدا بە ناوی عشقەوە، حەشرێکی بە عشق کردووە، با بە دەواری شڕی نەکردووە! عشق زۆر گەورەتر و پیرۆزتر مەزنترە، لەو دیدە سێکسواڵییەی کارەکتەرەکانی ئەو بە ناو ڕۆمانە، وەک مرۆڤ بۆ عشق ھەیانە. عشق ئەزموونێکی ڕوحی زۆر تایبەت و تاکییانە، ھەرچی بە ناوی خۆشەویستی و حەزەوە لە نێوان مرۆڤەکان بوونی ھەبوو، ناکرێ کەسانێک بیناسێنن بە عشق و لە دووتوێی ڕۆمانێکی ھەژاردا، وەک تێما بیخەنەروو.ئیچمە بەو شیچوە سادەو ناڕوحییانە لە عشق گەیشتووین، بۆیە پەیوەندییە بە ناوعشق و خۆشەویستییەکانمان دەبنە سەرچاوەی ڕق، چونکە لەگەڵ کۆتایی ھاتنی ئەو حەزە و تێرکردنی، ئیدی وردە وردە ئەو بە ناو پەیوەندییەی گوایا دەلالەت لە عشق و خۆشەویستی ڕاستەقینە دەکات، دەسبەجێ نامێنێت وەک ئەوەی ئێستا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا باوە و دەرھاویشتەکانیشی لە سەر ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە دەبینین. دواجار دەڵێم، ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانە ھیچ پەیوەندی بە عشقەوە نییە، ئەوەشی وەک عشق خراوتە ڕوو، جگە لە دیوە شەھوانی و غەریزە سێکسییەکە ھیچی تر نییە. ئەمە وێرای ئەوەی چەندین ھەڵەی زمانەوانی ، گێڕانەوە، بابەتی لە ڕۆمانەکەدا ھەن، کەلای خۆمان پەراوێزمان کردوون و ئاماژەمان پێ نەکردن.
سەرچاوە وپەراوێزەکان:
١_ حەشری ئاشقان ، ڕۆمان، نووسینی : زەردەشت نورەدین، بڵاوکراوەی کتێبخانەی ڕۆمان ، ساڵی چاپ _٢٠٢٢.
٢_ پرسیارەکانی خۆشەویستی ، نووسینی :فەوزییە دریع ، وەرگێڕانی : عەبدوڵا محمود زەنگەنە، بڵاوکراوەی ئەندێشە _٢٠١٩ ، ل ٣٧٨.
٣_ ە_س _پ، ل ٤٢١.
٤_ حەشری ئاشقان ، نووسینی : زەردەشت نورەدین، بڵاوکراوەی کتێبخانەی ڕۆمان ، ساڵی چاپ _٢٠٢٢.
٥_ عشق و دەرکەوتەکانی لە ئەدەبیاتی کوردیدا، نووسینی : محمەد تاتانی ، بڵاوکراوەی: ناوەندی کولتووری کۆچ، ساڵی چاپ _٢٠٢٣ ، ل ١٩٨ .
٦_ پرسیارەکانی خۆشەویستی ، نووسینی : فەوزییە دریع ، وەرگێڕانی : عەبدوڵا محمود زەنگەنە، بڵاوکراوەی ئەندێشە _٢٠١٩ ، ل ٣٨٩.
٧_ حەشری ئاشقان ، نووسینی : زەردەشت نورەدین، بڵاوکراوەی کتێبخانەی ڕۆمان ، ساڵی چاپ _٢٠٢٢، ل ٢٢٥.
٨_ عشق و دەرکەوتەکانی لە ئەدەبیاتی کوردیدا، نووسینی : محمەد تاتانی ، بڵاوکراوەی: ناوە ندی کولتووری کۆچ، ساڵی چاپ _٢٠٢٣ ، ل ١٩٨.
*ئەم بابەتە لە ھزرو ھونەری ڕۆژنامەی خەبات ژمارە (٢٠١) لە ٣٠/١/٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post