سەدیق سەعید ڕواندزی
ھیچ ژانرێکی ئەدەبی وەکو ڕۆمان، پێویستی بە وردەکاریی لە چنینی ڕوداوەکان و گێڕانەوە و وەسف نییە. بە جۆرێک کە ڕۆمان، بە ھونەری گێڕانەوە و وردەکارییەکان دەناسرێت. بە بڕوای من، ڕۆماننووس وەک ئەو ئەندازیارەیە، کە نەخشەی کارێکی ئەندازەیی ڕێک دادەڕێژێت و ئەگەر بچووکترین لایەنی ئەو نەخشە و ئەندازەسازییە لە بەرچاو نەگرێت، ئەوا ڕەنگە کارێکی ھونەری سەرکەوتوو، نەخشەیەکی ھونەرییانەی جوان دەرنەچێت. ڕۆمانیش بە ھەمان شێوە، ئەگەر ڕۆماننووس لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان و وەسف و نیشاندان و ناساندنی کارەکتەرەکان، بەو شێوەیە ورد نەبێت، بێگومان دەکەوێتە ھەڵەی وەھا کە خۆشی درکی پێ ناکات. لە میانەی ئەزموونی خۆم وەک خوێنەرێک و لە پەراوێزی خوێنەوەی ڕۆمانەوە، گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی، کە زۆربەی ھەرە زۆری ڕۆماننووسەکانی ئێمە، لەو وردکارییە شارەزا نیین و دەکەونە ھەڵەوە. بە جۆرێک وەسفی شتێک دەکەن، کەچی لە درێژەی ئەو وەسفەدا، بێ ئەوەی ھەستی پێ بکەن، دەکەونە ھاودژییەوە. ڕۆماننووسەکانی ئێمە، زۆر جار(وەسف) کە توخمێکی سەرەکی و بنەڕەتی ژانری چیڕۆک و ڕۆمانە، وەک پێکھاتەیەکی ھونەری و یەک وێنەیی دەبینن و ناچنە نێو ئەو وردەکارییەی کە دەبێ لە نێو ئەو وەسفەدا ھەبێت. بۆ نموونە: تۆ کە باسی وەرزی زستان دەکەیت، دەبێ ئەوەت لە خەیاڵ بێت، کە بەفر و باران و ڕەھێڵەش لە زستان ھەن. کە باسی ھەڵەی میکانیکی فڕۆکەیەک دەکەیت کە بە ئاسمانەوەیە و دەفڕێت، دەبێ باسی ئەوەش بکەیت، کە سەرنشینانی لە چ دۆخێکی ترس و دڵەڕاوکێ و مەترسی ژیان دان لەو کاتەدا. ئەم جۆرە لە وەسفکردن زۆر گرنگە، لە ژانری ڕۆمان و چیڕۆکدا. چونکە بە ھۆیەوە، گێڕانەوەی ڕووداوەکان مەودایەکی تر وەردەگرن و لە پەراوێزیشیەوە خوێنەر وردتر دەچێتە نێو بینای ھونەری ڕۆمانەکەوە. لەو ڕوانگەیەوە، لە ڕۆمانی ( باڵندەکانیش دەنیشنەوە) جۆرێک لە پارادۆکسی لە وەسفی ڕووداو کارەکتەر و تیمەی ڕۆمانەکە بە گشتی دەبینین. بە شێوەیەک کە ڕۆماننووس لە یەک دەربڕیندا، بە دوو جۆر وەسفی پێچەوانەوەی دژ بە یەکی شتێک دەکات.ئەم ڕۆمانە، چیڕۆکی پەناھەندەیی چەند کەسێک دەگێڕێتەوە، کە بە ھۆی شەڕ و نالەباری ژیانیانەوە، ڕووە و ئەوروپا بە ڕٍێگەیەکی ناساغ و پڕ نەھامەتی کۆچ دەکەن و سەرەنجام لە کەمپێکی پەنابەراندا یەکدەگرنەوە. ئەوکەسانە، قوربانی شەڕ و نەھامەتییەکنی ژیانی نێو وڵاتەکەیانن و بەو خەونەوە دەچنە ئەوروپا، وەک ئەوەی لە دۆزەخێکەوە بچنە بەھەشتێک، کە چی کاتێ ئەو ژیانەی ئەوێش ئەزموون دەکەن، درک بەوە دەکەن کە ئەوروپاش ئەو بەھەشتە نییە، وەک ئەوەی خۆیان وێنایان کردبوو، بەڵکو لەوێش وەک نامۆیەک دەبینرێن و لە بەریەکەوتن دان لەگەڵ ژیانێ ئەوێش. لێرەدا، بە کورتی ئاماژە بەچەند توخمێکی بینای ھونەری ڕۆمانەکە دەکەین.
گێڕانەوە:_
یەکێک لە خەوشەکانی ئەو ڕۆمانە ئەوەیە، کە کۆی ڕووداوەکان لە سەریەک ڕیتمی گێڕانەوە دەڕۆن. بە جۆرێک کە ڕۆمانەکە دەخوێنینەوە، ھەست بەوە دەکەین کە ئەوە ڕۆماننووسە دەدوێت و قسە دەکات، نەک کارەکتەرەکان. ئەگەرچی چەندین کارەکتەری جیاواز لە یەکتری، لە ڕووی سایکۆلۆژیی و پەروەردەیی ھەن، بەڵام لە میانەی بینینی ڕۆڵەکانییان، وەک یەک دەدوێن و بیر دەکەنەوە، وەک ئەوەی ھەموویان کۆپی یەکتری بن. ھەریەک لە (ئازاد، شەیما، ئامێز، کەریمە، مەریوان، فەرھاد، ساماڵ، کامەران، ڕەغدە) کارەکتەری ڕۆمانەکەن، بەڵام ئەگەر سەرنج لە زمانی ئاخاوتن و دوانییان بدەین، ھەست بە جیاوازییەکی ئەوتۆ ناکەین. تەنانەت ڕۆماننووس تێبینی شێوەزار و دیالکتیکی زمانەوانی کارەکتەرەکانیشی نەکردووە. بۆ نموونە: لە لاپەڕە (٢٢) دا، کاتێ ئەفسەری لێکۆڵینەوە پرسیار لە (فەرھاد عامر) دەکات کە خەڵکی (عەفرینە) و پێی دەڵێت پیشەت چییە؟ فەرھاد لە وەڵامدا دەڵێت:_(ئەوجا لێرە دەبێ پیشەم چی بێت) بێگومان ئاخاوتنی کوردێکی عەفرین، جیاوازە لە کوردێکی باشوور. کەچی لێرەدا فەرھاد وەک ھەولێرییەک وەڵامی پرسیارەکەی داوەتەوە، نەک عەفرینییەک. ئەم درک نەکردنە بە جیاوازی زمان و ئاخاوتنی کارەکتەرەکان، ھەڵەیە و دەبێ ڕۆماننووس، بە وردەکارییەوە ڕەچاوی بکات. بە ھەمان شێوە، کاتێ ئەفسەرەکە بۆ ئەوەی لە ھۆکاری ھاتنی ئەو پەنابەرانە بگات، بانگی وەرگێڕێکی کورد دەکات، کەچی دواتر دیالۆگەکان تەنھا دەبنە ھی پەناھەندەکان و ئەفسەرەکە و ڕۆڵی وەرگێڕەکە ھەر ون دەبێت. چونکە دیالۆگەکان، لە بری ئەوەی شێوازێکی سێیانەیی ( ئەفسەرە فەرەنسییەکە_ پەنابەرە کوردەکان_ وەرگێڕە کوردەکە) وەربگرێت، بە پێچەوانەوە دەبێتە دیالۆگی ڕاستەوخۆی نێوان ئەفسەرەکە و کوردەکان، لە کاتێکدا لە وەرگێڕانی دوو زمانی جیاوازی دوو کەس، کەسی سێیەم ڕۆڵی سەرەکی ھەیە کە وەرگێڕەکەیە. دەکرێ خوێنەران لەم ڕووەوە، سەرنج لە گفتوگۆکە لە نێوان لاپەڕەکانی ( ٢١ تاکو ٢٩) بدەن. بۆیە زۆرگرنگە لە میانەی گێڕانەوەی ڕووداوێکدا، دەنگی ڕۆماننووس نەبێتە بگێڕەوەی سەرەکی، بەڵکو دەبێ سەربەستی بە کارەکتەرەکان بدرێت، کە خۆیان بدوێن و ڕۆڵەکەیان وازی بکەن.
وەسف:_
وەسف، یەکێکی دیکەیە لەو توخمە سەرەکییانەی لە پاڵ ڕەگەزەکانی دیکە، بینای ھونەری دەقی ڕۆمان پێکدەھێنن و ڕۆڵێکی سەرەکی لە میانەی گێڕانەوەی ڕووداوەکان دەبینێت. زۆر جار لە ڕێگەی وەسفەوە، دەچینە نێو وردەکاریی ڕووداوەکان و کارەکتەرەکان و دیمەنەکانەوە. بەڵام ھەر تەنھا وەسفکردنی شتێک گرنگ نییە، لەوە گرنگتر ئەو وردەکاریەیە، کە لە وەسفکردنەکەدا ھەیە، بە جۆرێک کە ڕووێکی لۆژیکی و بابەتی ھەبێت. وەسفەکان، دەبێ لەگەڵ ژینگەی دەورووبەرو واقیعی ڕووداوەکان و ڕۆڵی کارەکتەرەکان بگونجێن. لەو ڕۆمانەدا، لە گەلێک شوێن، وەسفی دژ بەیەکی یەک ڕوداو، یان کردار و ھەڵسوکەوتێک ھەن. بۆ نموونە:
* لا ٢٧ نووسیویەتی:_( پەنجەرەکە لە خۆیەوە شکا نازانم خەوتبووم لە وادەی ھەڵسانم ئەو شکابوو) ڕۆماننووس لێرەدا، جێناوی (ئەو) کە کەسی سێیەمی تاکە، بۆ (جام) بەکار ھێناوە، ئایا ئەمە وەسفێکی گونجاو و بابەتییە؟
* لا ٣٣ نووسیویەتی:_( ئازاد گوتی بۆیە لە نیشتمان دەرچووم، چونکە ھیچم نەبوو، باوکم بێ دەرامەت بوو) بەڵام پێشتر و لەلاپەرە (١٨) دا دەڵێت:_( باوکی ئازاد، لە نێو بازاڕی سلێمانی دوکانی پێڵاو فرۆشی ھەبوو) ئایا ئەم دوو وسفە، ھاودژ و پێچەوانەی یەکتری نین؟ کەسێک دوکانی پێڵاو فرۆشی ھەبێت بێ دەرامەتە؟ بێگومان نەخێر، دەرامەتێکی ھەر ھەیە، جا ئەگەر کەمیش بێت.
* لا ٣٤ نووسیویەتی:_( پۆلیس بە پەنابەرەکەی گوت، دەزانی ئەمە تاوانە و حوکمی لە سەرە) لێرەدا پۆلیس ڕۆڵی دادوەر دەبینێت، لە کاتێکدا ھەموومان دەزانین ئەرکی پۆلیس نییە حوکم بۆ تاوانبار دەربکات، بەڵکو ئەوە ئەرکی دادگایە.
* لا ٧٦ نووسیویەتی:_( دوای چەند مانگێک، ئامێز لە زیندان ئازاد کرا، نیوە مردوو، لوتی شکابوو، ڕەنگی سپی ببوو، دەتگوت چی خوێنە لێیان ھەڵمژیوە، خواردنی سەموونی عەسکەری خوساویش کێشی زۆر زیاد کردبوو) ئەم وەسفە، وێرای ئەوەی ھاودژ و نالۆژیکییە، ھاوکات بێ ئاگایی ڕۆماننووسیش لە دۆخی زیندانەکانی سەردەمی بەعسی فاشی دەردەخات. ئاخر کەسێک، لە سەردەمی بەعس زیندانی بووایە، وەک ئەوەی لە دۆزەخ بێت، ئیدی چۆن ئەوەندە ئاسوودە و بێ خەم دەبێت، کێشی زیاد بکات؟
* لا ٧٨ نووسیویەتی:_(خۆی کوتایە ناو سەمونخانەیەک و گەرمای تەنوورەکانی پێ گەیشت) لێرەدا، چونکە باسەکە پەیوەستە بە وەسف لە زمانی کوردیدا، ئیدی دەبێ لە سەر وردەکارییەکان بوەستین. سەمون، بە تەنوور دروست ناکرێت ، بۆیەشە سەمونخانە و نانەواخانە، ھەردووکییان لە زمانی کوردی بە کار دێن.
* لا ١١٣ نووسیویەتی:_(یەکێکییان بە ئینگلیزی سڵاوی کرد، بایی خۆی ئینگلیزییم دەزانی) لێرەدا مەبەستی گفتوگۆی نێوان (فرانسواز) ی پیرە مێردە فەرەنسییەکە و پەنابەرە کوردەکانن، وەسفەکە دیارە کە بایی ئەوەندە ئینگلیزی زانیوە، کەچی یەک لاپەڕە دواتر، واتا لە لاپەڕە (١١٥) دا، ئەمجارەیان دەڵێت:_( زمانی ئینگلیزییەکەی ئەوان و ھی منیش بایی ئەوەندە نەبوو، لەو بەیت و بالۆرانەیان بگەم) دیارە ڕۆماننووس دوو وەسفی دژ بە یەکی زانینی زمانی کردووە.
زمان:_
بە درێژایی ئەو ڕۆمانە، زمانی گێڕانەوەی ڕووداوەکان، لە زمانێکی ڕۆژنامەوانیی و ڕۆژانەیی دەچێت نەک زمانی ڕۆمان، کە ھونەرێکی باڵای گێڕانەوەی زمانییە. ڕووداوەکان، دیالۆگی نێوان کارەکتەرەکان، بە زمانێکە کە کەسێک لە نێو فەرمانگەی تایبەت بە پەنابەرانەوە یاداشتی کردبن. لە کەمترین جێگەی ڕۆمانەکە، ھەست بە دیوێکی دیکەی ھونەرییانەی زمان ناکەین، کە ئاماژە بێت بۆ زمانی نووسینی ڕۆمان. دەکرێ خوێنەران بگەڕێنەوە سەر لاپەڕەکانی (١٠٠ تاکو ١١٥) ی ڕۆمانەکە و لە وێوە باشتر ئەو بۆچوونەی ئێمە دەردەکەوێت. وێرای ئەمەش، تەنانەت لە ڕووی ڕێسکانی ڕێزمانیشەوە، لە چەندین شوێنی ڕۆمانەکە، ھەڵەی زەقی زمانەوانی ھەن، وەک:_
* لا ٢٨ نووسیویەتی:_( من نازانم کەسم گوێ لێ نەبوو وا بڵێت) ئەم ڕستەیە، پێویستی بە ئامرازی پەیوەندی (لە) ھەیە، تا مانای تەواوەتی بگەیەنێت، بۆیە دەبوو بڵێت:_( من نازانم، لە کەسم گوێ لێ نەبوو وابڵێت).
* لا ٤٧ نووسیویەتی:_(سەیری دوو پیاویان کرد،کە لەگەڵیان چاوەڕوان گەیشتن ئەسانسۆرەکە بوون، کە گەیشت پیاوەکان بە زمانی لووس پێشنیاری پێشکەوتنیان کردن) ئەم شێوازە زمانییە لە داڕشتن، لەنگییەکی زۆری تێدایە، بۆیە گونجاوتر بوو بنووسێت:_ (دوای سەرکەوتنی ئەسانسۆرەکە، چونکە ئەسانسۆر سەردەکەوێت و دادەبەزێت، پیاوەکان بە زمانە لووسەکانییان (چونکە کۆیە) پێشنیاری ئەوەیان بۆ کردن، کە سەرەتا ئەوا ن بچنە نێو ئەسانسۆرەکە).
* لا ٤٩ نووسیویەتی:_( ئینجا دوا بە دوای ڕاکێشانی ھەواڵە پێویستەکان لە شوفێرەکانییان) سەرنج لە ڕستەکە لە ڕووی ڕێزمانییەوە بدەن و شایەنی ئاماژە کردنە لە گەلێک شوێنی ڕۆمانەکە، کەموکورتی لە لایەنی ڕێزمانی زمانی ڕۆمانەکە ھەیە، بەڵام ئێمە تەنھا ئەو نموونانەمان ھێنایەوە.
دواجار دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم، کە لەم ساڵانەی دواییدا، دەیان چیڕۆک و ڕۆمانی، نووسەرە ناودارەکانی کوردم خوێندوونەتەوە، بە داخەوە زۆربەی ھەرە زۆریان، ھەڵەی سەیر و زەق دەکەن و بە سەریان تێ دەپەڕێت. نازانم ئەمە لە بێ ئاگایە، یانیش پەلەپەلی چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆمان ؟
* پەراوێز: باڵندەکانیش دەنیشنەوە، ڕۆمان، نووسینی: بە یان سەلمان، بڵاوکراوەی: نێوەندی ڕەھەند _سلێمانی ٢٠٢١
* ئەم بابەتە، لە ژمارە(٢٧٩) ی گۆڤاری ڕامان، لە ٥/١٠/٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post