عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی :پێناسەکردن بۆ وشەی ڕۆح تەنانەت لای مرۆڤەکان جیاوازەو گۆڕانکاری زۆری تیا بەدی ئەکرێت. دەروونناس و فەیلەسوف و ئاینە جۆراو جۆرەکان بە زۆر شێوەی جیا جیا باس لە ڕۆح ئەکەن.
ڕۆح یان دەروون بۆ هەموو توانایەکی دەروونی بۆ هەموو بوونەوەرێك ناو ئەبرێت. بۆ نمونە لەکاتی ( زیرەکی، کارەکتەر، هەست، بەئاگایی، یاد، بیرکردنەوە، فەنتاسی).
لەم سەردەمە مۆدێرنەدا ڕۆح بەتەنها وەك پڕۆسەیەك ناودەبرێت کە لە کۆئەندامی دەمارەکانی مێشکدا بێت. بەداخەوە بەمەش ڕۆح لەماناکەی کەم ئەکریتەوە و مرۆڤ ئەیکاتە شتێکی مەتریالیزمی.
بەڵام لە ناو ئاینەکاندا ڕۆحی مرۆڤ تەنها (گیان، ڕۆحانی)یە و سروشتی و خوداییە. لەگەڵ ئەوەشدا وەك ئەزانین بۆچوون سەبارەت بە ڕۆح لە ئاینەکانیشدا جیاوازی هەیە.
سەبارەت بە ڕۆح ئاینی مەسیحیەکان پێیان وایە کە ڕۆح بۆ ژیانی مرۆڤەکان دروست کراوە و بۆ هەتا هەتایشە. کاتێك کە مرۆڤ ئەمرێت ڕۆح بەردەوام دەژی. ئەگەر مرۆڤ بڕوای بە عیسا هەبوو، ئەو کات ڕۆح بەرەو بەهەشت ئەڕوات ئەگینا بەرەو دۆزەخی ئازار. لیرەدا لە ناو ئاینی مەسیحیدا بیرو ڕای جیاوازیان هەیە بە پێی ئەو لق و پۆپانەی کە لە ئاینەکەیان بووەتەوە، وەك ( مەسیحی، ئۆرتۆدۆکس، پڕۆتەستانت، کاتۆلیك، شەهود یەهود) و تاد.
لە ئاینی بڕوای بەهایدا بڕوایان وایە کە هەموو ڕۆحێك لە لایەن خوداوە دروست بوە و ئەمیش هەرلەسەرەتای دروستبوونی کۆرپەوەیە. ئەو گیانەش کە دروست ئەبێت لە گەڵ مرۆڤدا دەمینیتەوە هەتا مردن و پاشان ڕۆح بەردەوام دەژی بەڵام لەش تێكدەچێت و نامێنێ.
لەلای هیندوسمەکان ڕۆح بە (ئاتما) ناو دەبرێت کە ماناکەی ڕۆح، خود یان ژیان دەگەیەنێت. ئەم بەشەش لە مرۆڤدا بە بەشێکی زیندوو لە بوونەوەردا لەقەلەم دەدرێت دوای مردن. لەکاتی مردندا ئەم بەشە لەلەش دێتە دەرەوەو سەربەست ئەبێت بۆ ئەوەی دیسانەوە لەگەڵ دروست بوونی بوونەوەرێکی تردا بچێتە ناو لەشەکەوەو ببێتەوە بە ڕۆحێك بۆی. بۆ نمونە ئەکرێت باڵندەیەك، ئاژەڵێك یان مرۆڤێك بێت یان هەر بوونەوەرێکیتر. ئامانجیش لەم بڕوایەدا ئەوەیە کە ئەو زیندووبوونەوەیە نەهێڵن کە دوای مردن هەیە.
ئاینی بوودیسمەکان لەگەڵ هیندوسمەکاندا یەك ئەگرنەوە لە بۆچوونەکانیاندا سەبارەت بە زیندوو بوونەوەی مرۆڤ دوای مردن، لەبەر ئەوەی ئەوان بەپێی یاساکانی کارما ئەوە شتێکی زۆر نەرێنیە کە بڕوا بە زیندووبوونەوەی مرۆڤ بکرێت. ئەو یاسایەش یاسای هۆکار و کارتێکردنە. مرۆڤ هیندوسمەکان جیادەکاتەوە کە ئەوان بۆچوونیان چۆنە سەبارەت بە ڕۆشتنی گیان بۆ شوێنیکیتر یان ناو بوونەوەریکیتر، لەبەر ئەوەی لای بودیسمەکان ئەوەی کە ئەچێتە ناو بوونەوەریکی ترەوە هەمان خود یان ڕۆح نیە بەڵکو زۆر لەوە گۆڕاوترە کە شیکردنەوەی ئاسان نیە، بەڵام شێوەیەکە لە وزەی ژیان.
لە ئاینی ئیسلامدا ڕۆح یان گیان زۆر بە جوانی لە قورئاندا باس کراوە. مرۆڤ لەگەڵ دروستبوونیدا ڕۆحێکی پێدەسپێردرێت و هەتا مردن لەگەڵ ئەو لەشەدا ئەبێت. کاتیک مرۆڤ ئەمرێت ئەو ڕۆحە لەو لەشە دەچێتە دەروەو بەرەو ئاسمان دەیبەن. ڕۆح بەبەر مرۆڤدا دەکرێتەوە لەکاتی زیندووبوونەوەی هەموو بوونەوەرەکان و مرۆڤەکاندا هەریەك ڕۆحی خۆی بە لەشێکی نوێوە. لێپرسینەوە هەیە وپاشان بەهەشت بۆ ئەوانەی کاری باشیان کردووە لە دونیادا و پەیرەوی یاساکانی خودایان کردووە، وە دۆزەخیش بۆ ئەوانەی کە سەر پێچیان لە فەرمانی خودا کردووە و بە کافری مردوون.
خودا لەهەموومان خۆشبیت و کاتێ کە مردین بە رۆحێکی پاکەوە بچینە بەردەرگای پەروەردگار.
سەرکەوتوبن
www.warzshidaruni.com