عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
لە وڵاتانی وەک ئێران کە هەر لە کۆنەوە خەباتی گەل لە دژی دیکتاتۆری بووە و بەردەوامە، بەستنەوەی بزووتنەوە ناوچەیی و خۆجەییەکان بە بزووتنەوەی سەرتاسەری “پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە”. ئەگەر شارەزایانە لە مێژووی ئێران بڕوانین، ئەم پێویستییە، “بابەتێکی ژیانییە” لە پێشکەوتن و بەرەوپێشەوەچوون و بە ئاکام گەیاندنی بزووتنەوە ناوچەییەکان، بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە کۆمەڵگادا دروست بکات.
چەند وانەیەک لە بزووتنەوە ناوچەییەکان!
لەم سەدان ساڵەی دواییدا و بۆ سەلماندنی رەوایەت و زەروورەتی ئەم پێوەندییە لە وڵاتانی ناوچەکە و بە تایبەتیش لە ئێراندا، نموونەی زۆر بەردەستە. لەم وڵاتانەدا زۆرێک بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازی ناوچەیی هەبووە و بەهرەمەند بوون لە پشتیوانی خەڵک و توانیویانە پێشکەوتنیش بەدەست بهێنن، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئەم “پێوەندییە”، لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە “سەرکوت” کراون، یان بەهۆی زۆر هۆکارگەلیترەوە، بە”لاڕێدا” براون یان لەناوچوون و نە نەگەیشتوونەتە ئاستێکی باڵاتر. جاری وا هەبووە تەنانەت سەرکردەی بزووتنەوە ناوچەییەکان لەسەر دەستی حکومەتی ناوەند شەهید کراون و دواتر دامرکاون!
رەمزی بەردەوامیی بزووتنەوە ناوچەییەکان!
بزووتنەوە خۆجەیی و ناوچەییەکان کاتێک لە مێژوودا دەمێننەوە و لە لایەن نەوەکانی داهاتووەوە پێ و شوێن دەگیرێت و درێژە دەدرێت کە حکومەتی دیکتاتۆری لە ناوەندیان کردبێتە ئامانج. ئەم جۆرە بزووتنەوەیە پێویستە ئاستی خەباتی خۆیان بەرز بکەنەوە بۆ “سەرتاسەری ئێران” و لە چوارچێوەی “ناوچەیەکی دیاریکراو”دا دەربچن، یان پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ بزووتنەوەی سەرتاسەری لە ئێراندا دروست بکەن. مێژوو بەڵگەیە لەسەر ئەوە کە، سەردەمی گەشەسەندنی بزووتنەوەیەکی ناوچەیی، کاتێک بووە کە پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ بزووتنەوەی سەرتاسەری هەبووە. ئەگینا وردە وردە بوونەتە نێچیری دیکتاتۆرییەکان و لە سووڕگەلی جیاوازی کاتدا پەراوێزخراون.
ڕووبەڕووبوونەوەی نایەکسان و پەیوەندییەکی سەرکەوتوو!
لە مێژوودا و رووبەڕووبوونەوەی بزووتنەوەیەکی جەماوەری بەرانبەر بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە وڵاتێکدا، هەمیشە “نایەکسانی رووبەڕووبوونەوە” هەبووە. هەم لە رووی هێز و هەم لە رووی ئیمکاناتەوە، بە تایبەت دارایی و چەک و ئیمکاناتی راگەیاندن. ئەوەی بۆ دیکتاتۆرییەت شێتکەرە و بەرگەی ناگرێت، “هەبوونی پێوەندیی لە نێوان بزووتنەوەی ناوچەیی و بزووتنەوەی سەرتاسەری”دایە. چونکە پەیوەندییەکی وا سەرچاوەی “دەسەڵات و ئایندەدار”یە و دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان لێی دەترسن. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی بە درێژایی مێژوو و بە تایبەتی لە سەردەمی دیکتاتۆرییەتی ئاینییدا، هەمیشە “پێوەندی”یەکی لەو شێوەیە کراوەتە ئامانج و بە خەرجکردنی داراییەکی زۆر و پیلانگێڕی سیاسی و مێژوویی و بە شەیتانکردن، هێرشی کراوەتە سەر بۆ لە ناوبردنی.
فرت و فێڵی دیکتاتۆری!
دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان هەمیشە هەوڵیان داوە لەگەڵ بە شەیتانکردنی بزووتنەوە ناوچەییەکان، ئەوان بە “جیاییخواز” و “سەر بە بێگانە” بناسێنن و بەم رێگەوەش، بە سوودوەرگرتن لە هەستی نەتەوەیی و ئایینی، بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئێران لە دژیان هان بدەن. لەم روانگەیەوە، لە سەردەمی دیکتاتۆرییەتی شا، شۆڕشگێڕان و جەنگاوەرانی ئەمجۆرە بزووتنەوانە بە”چەتە” دەناسێندران و لە سەردەمی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فیقهیشدا بە “دژە شۆڕش” و “تیرۆریست” ناوزەد دەکرێت.
دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شا زۆر تۆقابوو لە بەرەوپێشەوەچوون و سەرخستنی بزووتنەوە ناوچەییەکان بەرەو بزووتنەوەی سەرتاسەری. هەربۆیە هەموو دەسەڵاتی خۆی بەکار دەهێنا بۆ سنووردارکردنیان و دواتریش سەرکوتکردنیان.
لە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهیدا، فرت و فێڵی سەرنجڕاکێشتر بەکاردەهێنرێت. لەگەڵ بە شەیتانکردنی بزوتنەوەکان، بۆ دوورخستنەوەی بزوتنەوە ناوچەییەکان لە بزوتنەوی سەرتاسەری هەوڵی داوە. بۆ ئەم مەبەستەش تاکتیکی (گفت و گۆ) و (دیالۆگ)ی بەکار هێناوە تا خۆی بە لایەنگری گفتوگۆ و چارەسەری هێمنانە نیشان بدات. لە کاتێکدا هەرگیز باوەڕی بە چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان نەبووە و نیە و درۆ دەکات. پەنابردنە بەر ئامرازێک بە ناوی “دانوستاندن” تەنها بۆ زەبروەشاندن بووە لە بەرەی گەل و بزوتنەوەی سەرتاسەری و بگرە خودی بزوتنەوی ناوچەیی و بەداخەوە توانیویشیەتی دەستکەوتی هەبێت!
ئامانجی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئایینی!
ئامانجی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت لە بەکارهێنانی تاکتیکی “دانوستاندن” هەر لە سەرەتاوە روون و ئاشکرا بوو کە بریتی بوو لە “بە ئامانجکردنی بزووتنەوەی سەرتاسەری و موقاومەتی سەرتاسەری” و دوورخستنەوەی ئەم بزووتنەوەیە لە بزوتنەوەی سەرتاسەری، بۆ ئەوەی لە هەنگاوی دواتردا، پەکیان بخات و بێ رەنگ و ناکاریگەریان بکات و دواتریش بیانکوژێنێتەوە.
زۆرێک رێکخراو و بزووتنەوە هەبوون کە هەنگاویان نایە مەیدانی خەبات و تێکۆشان لە دژی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، بەڵام بە هۆی نەبوونی هەڵوێست و شیکارییەکی دروست بۆ دۆخەکە، یان نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی سەرتاسەری یان پەیمان شکێنی و دوورکەوتنەوەیان لە بزوتنەوەی سەرتاسەری، بوون بە “نێچیری” دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان و لە مێژوودا کاڵ بوونەوە!
وەک نموونەیەکی زیندوو و مێژوویی ئەم پرسە دەتوانم ئاماژە بدەم بە “بزووتنەوەی ناوچەیی لە کوردستانی ئێران”. ئەم بزووتنەوە مافخوازی و رەوایە لە “لوتکەی” خۆیدا بوو تا ئەو کاتەی ئەندامی بزوتنەوەی سەرتاسەری بوو و لە پێوەندیدا بوو لەگەڵ موقاومەتی ئێران. رژێمی دیکتاتۆری ئاخوندی بۆ ئەوەی بەم شێوەیە “موقاومەتی سەرتاسەری” لاواز بکات، تووشی “دانوستاندن”ی کرد! لە درێژەی ئەم ئامانجە شوومەدا، دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی، بەمەش نەوەستا و دوابەدوای هێرشی مووشەکی و زەمینی بۆ سەر پارتە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ئێستا بە دوای چەکداماڵین و دەرکردنیانە لە هەرێمی کوردستانی عێراق!
دەرئەنجام: بزووتنەوەی کوردی ئەگەر بیهەوێت موخاتبێک بدۆزێتەوە و بکەوێتە سەر پێ و بگات بە داواکارییەکانی گەلەکەی، هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لەوەی دژی ئەو تاکتیکەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری جووڵە بکات. واتە پەیوەندیکردن بە بزووتنەوەی سەرتاسەری و راگەیاندنی “دانوستاندن” لەگەڵ دیکتاتۆرییەت وەک (هێڵی سوور!) پرۆسەی راپەڕینی ئەمدواییە، کە ئێستا لە کۆتایی مانگی هەشتەمیداین، ئاماژەیە بەو راستییە حاشاهەڵنەگرە. ئەو پڕۆسە سەختەی کە ئێستا بە کەڵک وەرگرتن و بەکارهێنانی پاشماوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شا، دۆخەکە ئاڵۆزتر بووە و لە هەمان کاتدا، پێویستیی ئەو جۆرە پەیوەندییەی زیاتر کردووە!
یەکێک لە فرت و فێڵە شاراوە و ئاشکراکانی دیکتاتۆرییەتەکان لە ئێراندا، جۆرێکە لە دابڕاندان و دووبەرەکی نانەوە و دروستکردنی پەرشوبڵاوی لە ریزەکانی ئۆپۆزسیۆندا. جۆرەکانی هەندێک جار تێکەڵ و پێکەڵ بە درووشم و داخوازی و کولتوورە جیاوازەکان. تا لە لایەکەوە، داواکاریی سەرەکیی لە سەرتاسەری ئیران پەڕاوێز بخات و خەڵک لە درێژەدان بە راپەڕینی دژ بە دیکتاتۆرییەت بێهیوا بکات. لە لایەکی دیکەشەوە زەمینەی سەرکوتکردنی سوور (خوێناوی) و سپی (لادان) فەراهەم بکات. واتا ئەو تاکتیکانەی گەر بڕێک بە وردی سەیری دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەشت مانگی رابردوو بکرێت و بە قووڵی ئاوڕێکی لێ بدرێتەوە، ئەم راستییە دەبینرێت کە چۆناوچۆن هەریەکەیان وەک “کۆسپ” رۆڵیان گێڕاوە و ویستوویانە دیمەنی راستەقینەی راپەڕین تێکبدەن و رێگری لە رادیکاڵبوونی راپەڕینی گەلی ئێران بکەن.
جیاوازیی بارودۆخی ئێستا و رابردوو!
بە پشت بەستن بە چەندین قۆناغی رابردوو و شارەزایی پسپۆڕی لەسەر کاروباری ئێران، ئەم وڵاتە لە مێژووی خۆیدا هەرگیز لە وەها موقاومەتیکی رەسەن و جەماوەری و سەرتاسەری بەهرەمەند نەبووە. موقاومەتیکی سەرتاسەری، هاوپەیمانییەکی دێرین، راهێنراو و لێهاتوو و بە ئەزموون، بە بەرنامە و روانگەی قووڵی شۆڕشگێڕانەوە، کە لە مێژووی “ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران” و هێزیی سەرەکی ئەم ئەنجوومەنە و لە پلاتفۆرمی خانمی مریەم رەجەوی دا بەرجەستە دەکرێت!
دوا وشە!
لە سەردەمی ئێمەدا “ئێران” خاوەن مەرجی پێویستی زەینی و عەینیە بۆ بەرپاکردنی شۆڕش. موقاومەتیکی سەرتاسەری، بە پێکهاتەیەکی دیار و ئامانجێکی روون و پلانێکی پراکتیکی، لەبەردەستی هەموانە. ئەمەش وایکردووە کە لایەنگرانی دیکتاتۆرییەت لە ئێران بشڵەژێن و بکەونە هات و هاوار و هەڵبەز و دابەز. بۆ ئەوەی ئەم موقاومەتە پەراوێز بخەن و جارێکیتر، خەڵکی ئێران بەرەو قۆناغێکی رەشیتر بەرن! لە دۆخێکی وادا ئەرکی هێزە رەسەنەکانی دژە دیکتاتۆرییەتە کە چالاکانە بۆ بەهێزکردنی ئەم موقاومەتە سەرتاسەرییە کار بکەن تا بە سەرکەوتن بگەن و “کات” بە فیڕۆ نەدریت. چونکە “نەوەکانی داهاتوو” لە هەر دواکەوتنێکی “نەوەکانی ئێستا” خۆش نابن. “دەرفەت” بۆ بەرپاکردنی شۆڕش لە هەموو روویەکەوە ئامادەیە. موقاومەتی سەرتاسەری پشتیوانی موقاوەمەتە ناوچەییەکانە و موقاوەمەتە ناوچەییەکانیش ئەو بەرپرسیارییەتیەیان لەسەر شانە کە خۆیان رێک بخەن لەگەڵ موقاومەتی سەرتاسەری و ئەرکی مێژوویی خۆیان بە جێ بگەیەنن.
کۆتایی
Discussion about this post