نووسینی : بورھان شێخ ڕەئوف
لەسەر بنەمای ئەو وتەیەی کە ئایندە لە سەر ڕابردوو بنیات دەنرێت ناکرێت باسی پەیوەندی ڕووسیاو کورد بکەین و ئاوڕێک بۆ ڕابردوو نەدەینەوەو چاوێک بە پانوورامای ئەو پەیووەندیانەدا نەخشێنین ئەگەر بە کورتیش بێت .
ھەروەکو سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژەیان پێداوە ڕووسەکان لە دێر زەمانەوە کورد بووەتە جێگەی سەرنج و گرنگی پێدانیان بۆ فراوانکردنی سنووری قەڵەمڕەو دەسەڵاتیان بۆ پشتی قەفقازو و شوێنەکانی تر و ھەمیشە کوردیان بە جەنگاوەری ئازاو دلێر و متمانە پێکراو زانیوەو بۆ کاتی جەنگ و ململانێ .
بۆیە ڕووسیای قەیسەری لەڕابردوودا لە جەنگ و ململانێکانی دا لە گەڵ ئیمبراتۆریەتەکانی عوسمانی و فارسیدا ھەوڵی ئەوەی داوە کورد بەلای خۆیدا ڕابکێشێت بەرامبەر بەوەی پاڵپشتیان بکا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بەڵام دواتر ھیوا ئاواتەکانی ئەوانی کردووە بە قوربانی بەرژەوندیەکانی خۆی .
لە مێژووی تازەیەشدا ڕووسیای قەیسەری ھەمان ئەزموونی ڕابردوویان دووبارەکردۆتەوە لە پێش شەڕی جیھانی یەکەم زۆر بەڵینیان بە کوردی باکوورو ڕۆژھەڵات دا کە یارمەتیان بدەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بەڵام لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی ١٩٢٣ و دەرکەوتنی مستەفا کەمال ئەتاتورک لە ھەموو بەڵێنەکانیان پەشیمان بوونەوە و ھاوپەیمانەتیەکیان لە گەڵ ئەتاتورک گرێدا کە ماوەی فەرمانڕەوایەتیەکەی خوێناویترین سەردەم بوو دەرھەق بە کوردو مافە ڕەواکانیان .
لە دوای جەنگی جیھانی دووەمیش لەکاتی دامەزراندنی کۆماری مھاباد کە بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی سۆڤیەت ڕاگەینرا بوو لە کۆتاییدا ئەو ئەزموونە ی کوردیش کرا بە قوربانی ساتو سەوادو سازشی ڕووسەکان لە گەڵ شای ئێران و قازی موحومەد ی سەرۆکی کۆمارەکەو ھاوەڵەکانی لە سێدارەدران .
لە کوردستانی باشووریش لە کاتی گفتوگۆکانی نێوان شۆرشی کوردو حکومەتی عێراق لە پاش بەیانی ١١ ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ یفگینی بریماکۆف سەرۆک وەزایرانی پێشووی ڕووسیاو پێش ئەوەی ببێتە وەزیری دەرەوە ی ڕووسیا کاتی خۆی ناوبژیوانی نێوان سەرکردایەتی شۆڕشی کورد و حکومەتی عێراق بوو لە ھەموو خوولەکانی وتووێژدا بەرژەوەندیەکانی وڵاتەکەی لامەبەست تر بوو لە ئامانجەکانی کورد .
تەنھا لاپەڕەیەکی پرشنگدارو درەوشاوەی پەیوەندیەکانی کوردو ڕووس ئەو ھەموو سەنتەرو ناوەندە ئەکادیمی و ڕۆشنبیری و کوردلۆجیە بوو کە بۆ مێژوو کەلتوورو ئەدەبی کورد لە زۆر شوێن گرنگی ئەو وڵاتە کرانەوە .
ئەوەی گرنگە ئێستا لەم قۆناغەدا لەدوای ھاتنە ناوەوەی ھێزەکانی ڕووسیا ڕاستەوخۆ بۆ سووریا لە مانگی ئەیلولی ڕابردووەوە ڕووسەکان مەیل و ئارەزوویان بۆ دۆستایەتی کردن لە گەڵ کوردەکانی ڕۆژئاوا نەشاردۆتەوەو چەندین مەسج و ئاماژەی ئەرێنیان پیشانداوە بەرامبەریان , بە تایبەتی دوای سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی کورد چ لە شەڕی کۆبانێ و شوێنەکانی تریش .
بۆیە ڕووسیا ھەستی بەو کاریگەرییەی کورد کردووە لە سووریا بۆ بەگژاچوونەوەی داعش و بۆ یەکلاکردنەوەی یەکجاری قەیرانی سووریا بە گشتی کە زۆر مەبەستیەتی و بۆ ئەوەی دوا پێگەی خۆی بپارێزێت لە سەر ئاوە گەرمەکان و لە ھەمان کاتیشدا وەکو فاکتەرێکی بەھێز بەکاریبھێنێت لە ململانێ ئیقلیمیەکانی ناوچەکەدا بە تایبەتی دژی تورکیا کە زۆر جار ڕایگەیاندووە دژی دروستکردنی قەورایەکی کوردیە لە ناوچەکەدا .
بەڵام ڕاستیەکی تر ھەیە ئەوەیە کە شاراوە نیە ئەمریکیەکان پێش ڕووسەکان کەوتوون بۆ دامەزراندنی پەیوەندی و ھەماھەنگی لە گەڵ پارتی یەکێتی دیموکراتی کە بە باڵی سوری pkk ناسراوە کە یارمەتیەکانی ئەمریکا خۆی لە پڕچەککردن و ڕاوێژ و ڕاھێنان و پاڵپشتی ئاسمانی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی شەڕڤانانی یەپەگە دەبینێتەوە لە یەک ساڵی ڕابردوودا کە ھەموو ئەمانە ئارەزووەکانی مۆسکۆ بۆ ئاوا ھاوپەیمانیەتیەک ئاسان نابێت سەرەڕای ئەوەی مۆسکۆ زۆر ئاماژەو کرداری وای پیشانداوە بەرامبەریان چ بە کردنەوەی نووسینگەی پەیوەندی پارتی یەکیتی دیموکراتی لە مۆسکۆ و ھەروەھا باس لە کردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتی ڕووسیاش لە کانتۆنەکان دەکرێت و پێشوازیکردن لە چەند شاندێکی کورد لە مۆسکۆ دواتریان وتەکانی فلادیمیر پۆتین بوو لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانن سەبارەت بە قارەمانی و خۆڕاگری شەڕڤانانی یەپەگە .
ھەرلە بەردەوامی و درێژەی ململانێکانی نێوان ڕووسیاو تورکیا ڕووسەکان دۆسیەی کورد بە بەھێزترین دۆسیە دەزانن بۆ جوڵاندن و بەگژاچوونەوەی ڕکابەرەکەیان تورکیا لە ھەڵوێستێکی ڕاگەیەنراودا ئەوان پارتی pkk بە ھێزێکی تیرۆریست نازانن وەکو ئەو ریزبەندییەی کە وڵاتانی تری وەکو ئەمریکاو ئەوروپیەکان و تورکیا ناوی لێدەنێن تیرۆریست .
لەلایەکی ترەوە بۆ یەکەم جار پەرلەمانی ڕووسیا بە فەرمی باسی پڕچەککردنی pkk ومافی کورد لە تورکیا دەکاویارمەتیدانی پارتی یەکێتی دیموکراتی لە ڕۆژئاوا بە بڵاوی لە ڕۆژنامەکانیاندا باسکرا .
ئێستا دەکرێت بپرسین ڕووسیا مەبەستی چیە لەم ھەنگاوانە بەرامبەر بە کورد ؟ دەیەوێت چی بکات و چی بڵێت ؟
بە بۆچوونی من ڕووسیا دەیەوێت یەکینەکانی پارستنی گەل و ھێزەکانی سوپای سوریا لەو ھاو پەیمانێتیە دا کۆ بکاتەوە و بە سەرکردایەتی خۆی بۆ بەدیھێنانی چەند ئامانجێک لەوانە یەکلاکردنەوەی شەڕی باکووری سووریا و حەلەب و لەبەرئەوەی کورد پێگەیەکی جوگرافی گرنگی ھەیە دەتوانن ڕیگەی ئیستراتیجی حەلەب _ تورکیا ببڕن و دواتر ناوچەکانی عەفرین و کۆبانی و ئیعزاز بە یەک بگەیەنن , بە دیھاتنی ئەمەش واتە شکستھێنانی ئامانجەکەی تورکیا لە دامەزراندنی ناوچەی ئارام و ئاسایش و دژەفڕین کە لە مێژەوە دەھۆڵی بۆ دەکووتن لە ھەمان کاتیشدا بە یەککەوە گرێدانی کانتۆنەکانی کۆبانی و عەفرین ە ئەمەش تەواو کردنی ئەو ھێڵەیە کە لە قەندیلەوە دەست پێدەکات تاوەکو دەریای سپی ناوەڕاست کە ئەو قەوارە کوردیەیە لەسەر سنووری باشووری تورکیاکە زۆر نیگەران و تەنگەتاوە پێ ی .
بێگومان ھەموو ئەو پێشوە چونانە بە بێ رەزامەندی سەرکردایەتی pkk لە قەندیل ناکرێت کە ئەوەش ڕووبدات واتە سەرەتای پڕچەککردنی pkk کە ئەمەش گورزێکی گورچکبڕە بۆ تورکیا و ڕووسیاش دەبێتە ھێزێکی خاوەن بڕیارو چارەنووسساز لە سووریا دا .
لە بەرامبەریشدا تورکیا دەستەوەستان ناوەستێت بەرامبەر ئەو پێشوەچوونانە ئەویش کارتی فشارو زۆر دۆسیەی لە بندەستایە زۆر جار ڕووسیای لەوە ئاگادار کردۆتەوە کە یاری بە ئاگر نەکات و دەتوانێت لە کاتی گونجاودا بەکاریان بھێنێت جگە لە پڕچەککردنی تاقم و گروھە چەکدارەکانی ئۆپۆزەسیۆنی سوریای سەربە خۆی بە پێشکەوتووترین جۆری چەک کە بتوانن دۆزەخێک بۆ ھێزەکانی ڕووسیا دابخەن لە سووریا وەکو ئەوەی لە ئەفغانستان لە کۆتایی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا تووشی ھات لە ھەمان کاتدا داخستنی دەرگای تەنگەی بسفۆر بە ڕووی ھاتوچۆی دەریایی ڕووسیادا یەکێکی ترە لە ئەگەرەکان .
ئیستا کورد بووەتە خاڵی گرنگ و جێگە ی سەرنجی ئەمریکا و ڕووسیاش ھەردوو ھێزەکە لە ھەوڵی ئەوەدان کورد بەرەو لای خۆیان ڕابکێشن ئایا کوردیش دەتوانێت خۆی لە فاکتەری ئەمنی و ھێزی جەنگاوەرەوە بگۆڕێت بۆ جێگیرکردنی خواست و ئامانجە سیاسی و مێژووییەکانی .
لە کۆتاییدا ئەو پرسیارە خۆی قووت دەکاتەوە ئایا کورد دەتوانێت دەوڵەتێکی سەربەخۆ ڕابگەیەنێت ئەگەر ڕووسیا بتوانێت گورزێکی بەھێز ئاڕاستی تورکیا بکات یان جارێکی تر ھەمان وانەکانی مێژوو ی کورد خۆیان دووبارە دەکەنەوە و کورد دەبێت بە قۆچی قوربانی و سەرکەوتنەکانی دەکرێت بە قوربانی بەرژەوندییەکانی وڵاتانی تر لەسەر مێزی دان و سان.