ڕفێنراو
ئەلبێرتۆ مۆرافیا
لە فارسیەوە: ئازاد نەجم
لەناکاو لەخەو ڕادەپەڕم ، واھەست دەکەم ئەو تاریکیەی دەوروبەرم لەلام نامۆ و نائاشنایە و جیاوازی ھەیە لەگەڵ ئەو تاریکیەی ڕۆژانی تر کە دوای لەخەو ھەستان لەگەڵیدا بەرەوڕو دەبومەوە. نازانم جیاوازیەکە لەچیدایە؟ بەڵام دڵنیام کەجیاوازیی ھەیە.
یەکسەر دڵم دەکەوێتە کوتە کوت ، لەخۆم دەپرسم: ( بۆچی ھاتومەتە ئێرە؟).
بۆ وەدەستھێنانی وەڵامی ئەم پرسیارانە ، دەست بە جێخەوەکەمدا دێنم و خێرا دەستم دەکێشمە دواوە ، دەستم بەر گنج و لۆچی بیجامە و ماسولکە و ستونی بڕبڕەی چەماوەی پشتی کەسێک دەکەوێت. گومانم نیە کە یەکێک لەتەنیشتمەوە خەوتوە. بەڵام نازانم کێیە.
وردە وردە خەریکم دەگەمە ئەو باوەڕەی کە منیان بەھۆیەکی نادیار و بەپێچەوانەی مەیلی خۆم و بەزۆر ھێناوەتە ئێرە. یان بەواتایەکی تر ڕفاندویانم.
بیرکردنەوە لەوەی کە لەوانەیە ئەمشەوم بەھەرجۆرێک بوبێ لەگەڵ ئەم پیاوەدا بەسەربردبێ ، گومانی خراپتر بەمێشکمدا دێنی: ( بەڵێ ، کاتێ بە شەقامە چۆڵەکەدا تێدەپەڕیم ، دو سێ کەس بەزۆر گرتمیان و سواری ئۆتۆمبیلیان کردم و دەست و قاچ و دەمیان بەستم و شەوێ ھێنامیانە ئەم خانوەوە. حەبی خەویان دامێ و دواتر جل و بەرگەکانیان لەبەر داڕنیم و خستمیانە سەر چارپاکە و دەسدرێژیان کردە سەرم).
بەم شێوەیە بەمێشکمدا ھات ئەوەی بەسەرم ھاتوە جارێکی تر بیھێنمەوە بیری خۆم. لەڕاستیشدا شتێکی زۆر ئاساییە کە ژنێکی گەنج و جوان بەم شێوەیە پەلامار بدرێ. تەنانەت ئەگەر لەمەش بەدەر بێت جێگای سەرسوڕمانە.
بەڵام ئێستا ، کاتی ئەم قسە فەلسەفیانە نیە. بەڵکو دەبێ ھەرچۆنێک بوە خۆم لێرە دەربازکەم و ھەڵێم ، بەر لەھەڵاتنیش ، ماڵەکە بەوردی دەسنیشان بکەم و دواتر یەکسەر ھەواڵیان لێبدەم.
منیان بەزۆر لە ژیانی ڕۆژانەی ئاسایی خۆم و خۆشەویستانم و ئەو کارانەی کە حەزیان پێدەکەم ، دابڕی. دەبێ باجی ئەم تاوان و خراپەکاریانەی خۆیان بدەنەوە. سوپاس بۆ خودا کە یاسا و پۆلیس و کەڵانتەری ھەن.
دەسدرێژی کردنە سەر خەڵکی – ئەویش بەشێوەیەکی ئاوا دڕندانە و نامرۆڤانە – نابێ بێ سزا تێپەڕێ. بەڵکو دەبێ سزایەکی ھێندە توند بدرێن ببنەپەند بۆ کەسانی تر.
ئەم بیرۆکەیە ، لەنێو مێشکمدا خول دەخوا. ئێستا ھێواش ھێواش قاچی چەپم لەژێر لێفەکە دێنمە دەرێ و ھەوڵ دەدەم بەوپەڕی وریاییەوە ئەم کارە بکەم ، نەکا قاچم بەو پیاوە بکەوێ کە لەتەنیشتمەوە ڕاکشاوە. بەرکەوتنی قاچم بە مافوری خوار چارپاکە ، چەشنی ئەو تاریکیەی کە ببوە ھۆکاری نەبینین ، لەلام نائاشنایە.
دواتر قاچی ڕاستم دەخەمە سەر زەویەکە. بۆ ساتێک لەسەر لێواری چارپاکە دەمێنمەوە ، دواتر بە یەک جوڵە ڕاست دەبمەوە ، ھەست دەکەم لەکراسێک زیاتر ، ھیچی ترم لەبەردا نیە. بەڵام ئەمە کراسی من نیە. تەنانەت زۆر نامۆشە لەلام. ئەوەندە نامۆ و نائاشنایە کە کاتێ دەمەوێ بەڕقەوە دایکەنم لەبەرمدا ، ھەڵدەجڕێ. پاشان روت و قوت ، بەکوێرە کوێر دەمەوێ دەرگاکە بدۆزمەوە.
دەرگاکە دەکەمەوە ، لەژورەکە دێمە دەرێ ، ئێستا لە نێو ھاڵێکی تەواو ئاساییدام ، بەڵام نامۆیە لام. چوار دەرگای ھەیە ، دەرگای چونەدەرەوە لەکۆتاییەکەیدایە. چەند تابلۆیەکی بچوک بەدیوارەکەوەن ، جێگایەکی ڕەنگ برنجی ھەڵواسینی چەتر و چوار دانە چرای کز – کە بەشێوەیەکی نیگەرانی ھێنەر ، ھەستی دڵنیابونی (ئاشنایی) و (نائاشنایی) لەلای مرۆڤ بەھێزتر دەکات – بەدیوارەکەوە ھەڵواسراون.
بەڵام ئایا دەکرێ جگە لەمە شتێکی تر ھەبێ؟! کاتێ تاوانبارەکان بۆ جێبەجێ کردنی مەرامە چەپەڵەکانیان ئاپارتمانێک بەکرێ دەگرن ، خۆ ناچن بەشێوەیەکی جوان بیڕازێننەوە! چونکە لە ڕاستیدا ئەوان نیازی ئەوەیان نیە تێیدا بژین. نایانەوێ بناغەی خێزانێکی دروستی تێدا بنیات بنێن. تەنیا مەبەستیانە بەمێشکێکی ئاسودەوە تاوانەکانیانی تێدا ئەنجام بدەن. لەبەر ئەوە جوانی و ڕازاوەیی ماڵ ، ھیچ بایەخێکی نیە لەلایان. تەنیا ھێندە بەسە بگەنە یەکەمین فرۆشگای سەر ڕێگایان تا ھەندێک کەلوپەلی ئاسایی بکڕن و تەواو!.
بەدرێژایی مێژو ، کردەوەی دەسدرێژی کردنە سەر خەڵکی ، ھەمیشە بێ پەردە و بێ شەرمانە بوە. تەنانەت لەژیانی نێو ئەشکەوتەکانی سەردەمی کۆنەوە بگرە تا ئەم ئاپارتمانە کاتی و نامۆیەی کە ئێستا منی تێدام.
ھێشتا کات زوە ، سەروەختی بەرەبەیانە. ئەو ساڵۆنە بچوکەی کە ئێستا خەریکم وردە وردە دەچمە نێوی ، ڕوناکیەکەی چەشنی سەروەختی بومەلێڵە. لەنێو دەرگاکەدا ڕادەوەستم و سەیر دەکەم ، قەنەفەیەک ، دو دانە مۆبێڵ ، مێزێک ، چوار کورسی و سندوقێکی ھەڵگرتنی کەل و پەل دەکەوێتە بەرچاوم.
ھەمو شتەکان لەبەرچاومدا نامۆن و لەھەمان کاتیشدا ئاشنان. ھەست دەکەم کەپێشتر ئەمانەم دیتون و لەگەڵیاندا ژیاوم. حەتمەن ھۆکاری ئەمەش ، ئەوەیە کە: نەشیاوترین و تاوانکارانەترین قۆناغی ڕفاندنەکەم لەم ژورەدا بوە.
چەند دانە پیاڵەیەک و بتڵێک شەراب و چەند دانە فنجانێک و تەپڵەکێکی پڕ لەقونچکەجگەرە ، لەژورەکەدا ھەن و پاکەتە جگەرەیەکی بەتاڵیش لەسەر زەوی ژورەکە فڕێ دراوە.
ھەمو ئەمانە لەلام ئاشنان ، بەڵام لەھەمان کاتیشدا گومانم ھەیە کە پێشتر کەش و ھەوای ژورێکی لەو شێوەیەم بەرچاو کەوتبێ! دەچمە بەردەم پەنجەرەکە ، زگ و سینگم بە شوشەکەوە دەنوسێنم و دەڕوانمە دەرێ. دەتوانم سوێند بخۆم کەھاوشێوەی ئەم ئاپارتمانە ، لە سەد شوێن ، تەنانەت لەھەزار شوێنی تریش ھەیە. تێکچڕژانی ئۆتۆمبیلەکانم لێ دیارە و دەبینم یەک بەدوای یەکدا ڕیزیان بەستوە. دواتر لەولای شەقامەکەوە شۆستەیەکم بەرچاو دەکەوێ. فرۆشگاکانی باڵەخانەکەی بەرامبەرم ، ھێشتا داخراون. ڤیترینەکەی بەردەمیان کوژاوەتەوە.
گۆشت فرۆش ، بۆن فرۆش ، فرۆشگای جل و بەرگ ، باشە! ئەمەش باڵکۆنەکان! بەڵام ئاسمانم لێوە دیار نیە! پێدەچێ لە نھۆمی دوەم بم! گڵۆپەکانی شەقامەکە لە کەش و ھەوای بومەلێڵی بەربەیاندا ھێشتا داگیرساون. قیرەکەی ناوەڕاستی شەقامەکەش تێکچوە و چاڵێکی گەورەی تێدا دروست بوە.
لەسەرمان ھەڵدەلەرزم ، لەپەنجەرەکە دوردەکەومەوە ، بێ مەبەست دەچمە سەر قەنەفەکە و قونج دەدەمەوە ، ئەژنۆکانم بەسینگمەوە دەنوسێنم ، چەناگەم لەسەر ئەژنۆکانم دادەنێم ، ئێستا خەریکە بۆم ڕون دەبێتەوە کەناتوانم بڕۆم و ڕفێنەرەکانم بەگرت بدەم. چونکە ئەمانە بەڕفاندنی من و ھێنانم بۆ ئەم ماڵە نامۆیە و دورخستنەوەم لە ھەمو ئەو شتانەی کە ژیانی منیان پێک دەھێنا ، بەشێوەیەک بێئیرادەیان کردوم کە خۆم ون کردوە و نازانم کێم؟
ھیچ نازانم؟ دەمەوێ خۆم بم ، ھەروەک چۆن دەشێ کەسێکی تر بم. ئێستا ڕونە کە ئەگەر ھێشتا خۆم بم ، دیارە دەبێ وێڵ و سەرگەردان بم.
بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر بەھەمان شێوە کە خەریکم تێدەگەم کە کەسێکی تر بم ، بەچی دیارە کە ئەو ھەل و مەرجەی کە ئێستا تێیدام ، ھەل و مەرجێکی ئاسایی ژیانم نەبێ؟
بەچی دیارە کە ڕفێنەرەکانم کەسێکی تریان دروست نەکردبێ کە بۆ پیلان و مەبەستەکەیان گونجاوتر بێت؟ بەڵام مەبەستیان چیە؟
تادێ زیاتر خۆم لەسەر قەنەفەکە بچوکتر دەکەمەوە. بەچاوانێکی زەق و حەپەساوەوە دەڕوانمە سەر ئەو مێزەی کەپیاڵە و فنجان و تەپڵەکەکەی لەسەرە ، لەناکاو دێتەوە بیرم کە دەبێ ھەرچی زوە لەسەر قەنەفەکە ھەستم و بچمە چێشتخانەکە و سینیەک بھێنم و پیاڵە و فنجان و تەپڵەکەکەی تێکەم و بینبەم بیانشۆم. دواتریش بچم دەرگای بەفرگرەکە بکەمەوە و ھەندێک شیر بخەمە نێو قابلەمەیەک و بیخەمە سەر تەباخەکە. ھەروەھا قاوەجۆشەکە پڕ ئاو بکەم و بیخەمە سەر ئاگرەکە تا دەکوڵێ ھتد …
ئێستا چۆن دەکرێ ئەم گیانی کابانێتیە لەگەڵ دەسدرێژی تاوانکارانەی دوێنێ شەوێدا بسازێنی؟
باشە خۆ ڕونە ئەو ڕفێنەرانە مەبەستیانە بەشێوەیەک لە شێوەکان بمگۆڕن بۆ شتێک کە سودی بۆ خۆیان ھەبێ ، نەک تەنیا سودێکی سێکسی.
من بۆ خۆم لەماڵ و حاڵی خۆمدا کەسێک بومە! خاوەنی ناو و کەسێتی خۆم! خاوەنی پلە و پایەی کۆمەڵایەتی و کاروباری خۆم. بەڵام لێرە ئیدی ھیچ شتێک نیم. یان باشترە بڵێم ئەوەم کە ئێستا ھەم. بەڵام چیم؟ ئەھا شتێک بەمێشکمدا ھات: بۆ پەی بردن بەمە ، دەبێ سەرەتا بزانم ئاخۆ لەڕوانگەی ڕفێنەرەکانمەوە چیم؟
بۆ گەیشتن بەم وەڵامە دەبێ چ کارێکیان بوێت بۆیان بکەم. دەبێ وردە وردە لەڕێگای ئەو کارانەوە کە لەمنیان دەوێ ، تێبگەم کە من کێم.
لەناکاو دەنگێکی پیاوانەی گڕ و توڕە ، لە ژورەوە بانگی ژنێک دەکات. بە (لویزا) بانگی دەکات. ئەمە لەحاڵێکدایە کە لەو خانوەدا تەنیا من ئەو پیاوەی تێداین. واتا تەنیا من و ئەوپیاوەی کە لەتەنیشتیەوە خەوتبوم.
لەمەوە دەکرا مرۆڤ بگاتە ئەو باوەڕەی کە ئەو پیاوە بانگی من دەکات. کەواتە من (لویزا) م.
بەر لەھەمو شتێک گەیشتمە ئەو ئاکامەی کە لای رفێنەرەکانم ، ناوم (لویزا) یە. دیاربو دەیویست لەم (لویزا) یە بپرسێ کە کاتژمێر چەندە و بار و دۆخ لەچیدایە؟ پەردەی پەنجەرەکە لادات و بڵێت کە ڕۆژێکی خۆشە یان نا؟ دواتر بچێتە چێشتخانەکە و نانی بەیانی ئامادە بکات. دروست ھەروەک چۆن پێشبینیم کردبو ، شتەکان بەو شێوەیە بون. بەم شێوەیە ھێدی ھێدی ، بون و ناسنامەی تازەم دەق دەگرێ. بون و ناسنامەی پێشوی خۆمم لێ ون بوە و پێناچێ ھەرگیز بیدۆزمەوە.
سەرچاوە / یک زندگی دیگر / البرتو موراویا / ترجمە ھالە نازمی / انتشارات ھرمس ١٣٨١