چاوخشانێک بەسەر پرسی توندوتیژی لە ئێرانی ئێستادا!
نووسینی عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
لە کاتێکدا ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران دژ بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری بەرەوپێشەوە ملی ناوە و ئاسۆی ڕووخاندنی دەسەڵاتی نزیک کردۆتەوە، جار و بار، لێرە و لەوێ باس لەوە دەکرێت کە گوایا گەیشتنی گەل بە مافەکانیان لە ئێران بە “ئاشتیانە” و بە هێمنی دەکرێت و مەیسەر دەبیت! خۆزگە وا بووایە، بەڵام!
هۆکار و سەرچاوەی توندوتیژی!
گەر لە کەسانی ناشارەزا و بێ ئاگا بگەڕێین کە پێیان وایە “توندوتیژی” لەلایەن خەڵکەوە ئەنجامدراوە لە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا و بەدواداچوون بکەین بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی ئەمجۆرە وتانە، دەگەینە خاڵێک کە دەبینین چۆناوچۆن هێزەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، بە چەکەوە لە بۆسە دا پاڵکەوتووە و جگە لە ڕشتنی خوێنی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی ئێران، بە شێوەیەکی دڕندانە گوللەی “توندوتیژی” بە خەڵکەوە دەنێت.. هەرگیز خەڵک و لایەنە خەباتکار و جەماوەرییەکان “دەستپێشخەری” شەڕ و توندوتیژی و نائارامی نەبوون. ئەوان داوای مافەکانیان کردووە، بەتایبەتی مافی “ئازادی” و “سەروەری نەتەوەیی و گەل”. هەر بۆ ئەوەش بوو کە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی “ویلایەتی حەمەڕەزاشا”یان ڕووخاند و ئێستایش بەنیازن دەسەڵاتی دیکتاتۆریی “ویلایەتی فەقێ” بڕوخێنن.
لایەنگرانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران دەیانەوێت ڕاپەڕینی ئێستای خەڵک بە پچڕاو لە ڕابردووی خۆی دەربخەن و وا نیشان بدەن کە ڕووداوی شەهیدکردنی (ژینا ئەمینی) هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخەیە! ئەوان “بە مەبەست” نایانەوێ کەس بزانێت کە ڕاپەڕینی ئێستاکە، درێژەپێدەر و بەردەوامبوونی ڕاپەڕینەکانی پێشووە و دەرئەنجامی ٤٣ ساڵ کارنامەی ڕەشی دەسەڵاتی ئاخوندییە لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئەمنی، و بژێوی ژیاندا. نەک ڕاپەڕینێکی جیا لە ڕابردوو. ئەوان دەیانەوێت ڕاپەڕینە چارەنووسسازەکەی ئێستا لە ناوەرۆک بخەن و “جێگە و پێگەی ڕاستەقینەی” راپەڕین کاڵ بکەنەوە!
کارنامەی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران!
بۆ ئەوانەی لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بەدواداچوونیان بۆ دۆخی ئێران کردووە و پەڕۆشی خەڵکی ئێرانن، ڕوونە کە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبیی، هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کارییەوە تاکو ئێستا، “بوون و مانەوە”ی خۆی لەسەر سەرکوتکردنی ئازادییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی خەڵک و زیندان و ئەشکەنجە و لەسێدارەدان و کوشتن و تیرۆرکردن و هەناردەکردنی بناژۆخوازی ئیسلامی بۆ دەرەوەی وڵات هەڵچنیوە. لە بەرانبەر دەسەڵاتێکی وادا، هەر “ڕووداوێک” و هەر دڵۆپە خوێنێکی گەل، پرۆسەی گۆڕانکاریی خێراتر کردووە و ئاسانکاریی کردووە بۆ خەڵک لە پێناو گەیشتن بە خواستەکانی و، ئاسۆی ڕووخانی دیکتاتۆرییەت لە ئێرانی نزیک کردۆتەوە کە بێگومان “گۆڕانکاری”ی گەورەی بە دوادا هاتووە. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی خەڵک ڕێز لە یادی هەر شەهیدێک بگرێت و پێگەی شەرەفمەندانەی شەهیدان و کەسوکارەکانیان بەرز بنرخێنن.
لە وڵاتی ئێراندا کە سامناکترین و ترسناکترین دیکتاتۆرییەت لە مێژوودا دەسەڵاتدارە، بە ئەزموون سەلماوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی هێمنانە و ئاشتیانە بەرانبەر بە هێزەکانی حکومەت تڕاویلکەیە و بەس!. هەر لەبەر ئەمەشە کە هەموو داواکارییەک ڕەسەنایەتی خۆی لە درووشمی “ڕوخاندنی دیکتاتۆرییەت”ەوە وەردەگرێت.
ڕاپەڕین تا ڕوخاندنی دەسەڵات!
ئێستا کە خەڵکی ئێران، بە هاودەنگی و هاودڵی بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت راپەڕیوە و قوربانیی بۆ داوە، هەر داخوازییەک لەم دەسەڵاتەی بەرەو کۆتایی دەچێت، شەرعیەتدانە بە مانەوەی ئەم دیکتاتۆریەتە. زۆر لە مێژە خواست و داواکاریی خەڵکی ئێران “ڕوخاندنی دیکتاتۆریەتی ویلایەتی فەقیهە” و ئێستا بە هەمان دروشمەوە لە گۆڕەپانەکەدان و بناغەی دیکتاتۆرییەتیان لەق کردووە. خەڵکی ئێران بە هیچ شتێک کەمتر لە ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە ڕازی نابن!
نابێ گومان لەوەدا هەبێت ئەوانەی بانگەوازی خەڵک بۆ خەباتێکی ئاشتیانە و مەدەنی دەکەن و خەڵکی ئێران و بەتایبەتی لاوانی ئێران لە توندوتیژی ئاگادار دەکەنەوە، ئەوانەن کە بەرژەوەندییان لە مانەوەی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرەدا هەیە!
ڕاستییەکی مێژوویی!
جیا لە بەڵگەنامەکان و زۆرێک نموونە، ئێستا ئەم ڕاستییە لە مێژووی ئێراندا تۆمار کراوە کە دیکتاتۆرییەتی ئایینی ئێران نەک تەنیا بە شێوازی “ئاشتیخوازانە” یان “چالاکیی مەدەنی” یان “دانوستاندن” هەڵس و کەوتی خۆی ناگۆڕێت، بەڵکوو بەو شێوازە هەرگیز ناڕووخێت و مەحاڵە. هەربۆیە ئێستا هەموو ئێرانییەکان و لایەنە سیاسییەکان گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییە یان لێی نزیکبوونەتەوە کە دەبێت دیکتاتۆریەت “بڕوخێنرێت” و “مافی بەرگریکردن” لە بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە شتیکی “رەوا” و “بەردەست” و “پێویست”ە!
راستییەکە چییە؟
خەڵکی ئێران بە هەموو جۆرە ئایینی و نەتەوەیی و ئاڕاستە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانیەوە، دەسەڵاتی دیکتاتۆری شایان ڕووخاند تا لە ژێر ڕۆشنایی دەسەڵاتێکی نەتەوەیی و جەماوەریدا، بە مافە مرۆییەکانی خۆی بگات. بەڵام لە لایەن ڕێبەرە ساختەکەیەوە (واتە خومەینی) و ڕژێمەکەیەوە، زۆر بە خێرایی، مافەکانیان پێشێل کرا و “زۆرەملی” و “توندوتیژی” و “سەرکوت” جێگەی “بەهاری ماوەکورت”ی دێموکراسی و ئازادی و دیکتاتۆرییەتی گرتەوە و دڕندەتر لە دیکتاتۆریەتی پێشوو، ئەمجارەیان لەژێر ناوی “ئایین” بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپێنرا!
خومەینی بە سەرکوت و توندوتیژی دەستی بە حوکمڕانی خۆی کرد و هەموو تاوان و دڕندایەتییەکانی خۆی لە ژێر ناوی “ئیسلام” ئەنجامدا. بە بێ هۆ نییە کە دیکتاتۆریەتی ویلایەتی فەقیهی، گەورەترین داهێنەر و سەپێنەری “توندوتیژی” بووە لە مێژووی ئێراندا، کە تاوانەکانی لە کۆی تاوانەکانی دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان لە ئێران زیاتر بووە و “ئێران”ی کردووە بە “زیندان” و “ئەشکەنجەگا” بۆ ئێرانییەکان. هەر بۆیە بە یەکەمین “ریکۆردەری ئیعدام” و سەرەکیترین “بانکەوانی تیرۆر لە جیهان” ناوزەد کراوە کە ئەگەر موجاهیدین و موقاومەتی ئێران نەبوایەن، چارەنووسی گەلانی جیهانیشی بە بارمتە گرتبوو بە بەرهەمهێنانی بۆمبای ئەتۆم!
کەواتە بۆ کۆتاییهێنان بە سەرچاوەی “توندوتیژی” لە ئێران، هەروەک چۆن بەڕێز مەسعوود رەجەوی وتویەتی، “ئاگری ڕاپەڕین”، بە هەر نرخێک بووبێت و لە هەر شوێنێکی ئێران بێت، لە هەر دەرفەتێک و لە هەر کات و ساتێکدا بێت، دەبێ داگیرسێنرێت و بپارێزرێت. تا ستراتیژیی “ڕوخاندنی دیکتاتۆریەت” بێتە ئەنجام و خەڵکی ئێران بگات بەو مافانەی لە پێناویدا راپەڕیوە.. هەر بۆیە ئامادەبوون لە گۆڕەپانەکانی “راپەڕین تا ڕووخاندنی دەسەڵات” ئەرکێکی بەپەلە و پێویستە و هۆگرانی ئازادی و ڕزگاری ئێران، پێویستە “هەموو هەناسەیەک لە پێناو ڕاپەڕین” بکەنە دروشمی ڕۆژانەی خۆیان.
مافی رەوای بەرگریکردن!
رەوایەتی بەرگریکردن، بنەمایەکی شەرعییە و لە هەموو سیستەمە یاساییەکانی جیهاندا قبوڵکراوە. هەر بۆیە لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤیشدا جەخت لەسەر ئەم پرەنسیپە کراوەتەوە. دیکتاتۆری ئایینی حوکمڕانی ئێران لە سەردەمی حوکمڕانیدا هەرگیز لەگەڵ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هاوچەرخدا هاوئاهەنگ نەبووە و هەمیشە هۆکاری شەڕ و ئاژاوە و توندوتیژی و تیرۆر و ئیعدام و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاڵانکاری لە ئێران و هەناردەکردنیان بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بووە. کارنامەی ڕەشی ئەم حکومەتە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران، نەک هەر نوێنەرایەتی خەڵکی ئێران ناکات، بەڵکو ئێستا کۆدەنگییەکی جیهانی بۆ ڕووخاندنی ئەم رژێمە لە ئاڕادایە. پشتیوانیکردنی جیهان لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران لە پێناو ڕووخاندنی دیکتاتۆری ئایینی لەم چوارچێوەیەدایە.
بەڵگەی ستراتیژی!
بە ئاوڕدانەوە لە رابردوودا دەبینین کە “موقاومەتی ئێران” یەکەمین داهێنەر و دامەزرێنەر و بانگخوازی ستراتیژی ڕووخاندنی دیکتاتۆری ئایینی بووە. موقاومەتی ئێران لە ژێر ڕۆشنایی ئەم ستراتیژەدا، جگە لە راگەیاندنی پلاتفۆڕمێکی هەمەلایەنە بۆ (ئێرانی ئازاد)ی دوارۆژ، بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی وەک “نەتەوەکان” و “ژنان” و “جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت” و… ئێستاکە خاوەن هەزاران (شانەی شۆڕش)ە لە سەراسەری ئێران بۆ پێشخستنی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆر.
خاتوو مریەم رەجەوی لە یەکێک لە دوایین پەیامەکانیدا دەڵێت: ئێران لە سەروبەندی گۆڕانکارییەکی گەورەدایە. کاتی ئەوە هاتووە کە سیاسەتێکی نوێ بەرامبەر بە دەسەڵاتی مەلاکان پێڕەو بکرێت. پێویستە جیهان دان بە مافی خەڵکی ئێراندا بنێت بۆ بەرگریکردن لە خۆیان لە بەرامبەر سەرکوتی دڕندانەی دەسەڵات.
کۆتایی
Discussion about this post