وشیار ئەحمەد ئەسوەد : لە ڕاپۆرتێکی ژمارە 40ی کۆڤاری “سڤیل”دا لەلایەن برای ڕۆژنامەنووس زانا دڵشاد دزەییەوە بابەتێکی گرنگ هاتبووە هەڵبژاردن، ئەویش لەبارەی ڕابەری شانۆی کوردییەوە بوو، ڕاستیتان دەوێ من بەر لەوەی ڕاپۆرتەکە بخوێنمەوە، لەلام یەقین بوو کە ژمارەیەک لە هونەرمەندان سەریان بۆ ڕابەرێتی دەخورێت و خۆیان بەڕابەر دەخوێننەوە، کاتێکیش کەوتمە خوێندنەوەی، خۆختووکەدانێکی ئاشکراترم بینی.. سەیرە هەندێک لە هونەرمەندان خۆیان بەڕابەری شانۆی کوردی دەزانن بێ ئەوەی چەمکی ڕابەریان هەرس کردبێ یان لێی گەیشتبن.. ئەگەرچی من هونەرمەندێکی ئەو بوارە هونەرییە نیم، بەڵام خۆ بەڕابەر زانین لەلایەن هەندێک هونەرمەندەوە تووشی قاقایەکی زەبەلاحی کردم، ئەدی توخوا ئەمە مایەی پێکەنین نییە کەسێک بۆ ڕابەرایەتیی شانۆی کوردی خۆی لە بۆسە نابێ و چاوەڕوانی ئەوە بکات ڕابەرێتی بەلایدا تێپەڕێت و توند چڕنووکی لێ گیر بکات؟!
هونەرمەند ئەحمەد سالار کە بەبۆچوونی من دەبوو لەم جۆرە لێدوانانە خۆی بپارێزێت و چاوەڕوانی هونەرمەندان و خەڵک بکات ڕابەرێتییەکەی پێ ببەخشن، کەچی لە پێناسەی ڕابەردا تەنیا ئەو خاڵانە دیاری دەکات کە کەسی خۆی دەگرێتەوە، واتە تەنیا ئەو خەسڵەت و پێداویستانە بۆ کەسی ڕابەر دەستنیشان دەکات کە لە کەسایەتیی خۆیدا دەیانبینێتەوە، لەمەیشدا ناڕاستەوخۆ پێمان دەڵێت “من ڕابەری شانۆی کوردیم”، بەتایبەتیش لەوێدا کە باسی ئەوە دەکات گوایە ئەو هونەرمەند کامەران رەووف و دەیانی وەک ئەرسەلان دەروێشیشی دروست کردووە.. بەڕاستی سەمەرەیە! من چ مافم بەپێوەندیی هونەری و کەسیی نێوان هونەرمەند ئەرسەلان دەروێش و مامۆستا سالارەوە نییە، بەڵام بەبۆچوونی من گەنجبوونەوەی مامۆستا سالار لە هونەردا پێوەستە بەئەقڵی گەنجی ئەرسەلان دەروێشەوە، بەڵام پێدەچێ مامۆستا چەمکی مامۆستایەتی و ڕابەرێتی لەوەدا کورت بکاتەوە کە ئەگەر لە قوتابخانە یان لە پەیمانگەدا مامۆستای هەر کەسێک بووبێت و وانەی پێ دابێتەوە، ئیتر تا ئەبەد ئەو کەسە بەقوتابیی خۆی دەبینێتەوە، سەیرە بیر لەوە ناکاتەوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان خۆیشی قوتابیی مامۆستایەک بووە، ئەی بۆچی مامۆستا سالار مامۆستاکەی خۆی لە شانۆدا بۆ ڕابەرایەتی کاندید ناکات؟!
هونەرمەند تەڵعەت سامانیش بەهەمان شێوە خۆی لە خانەی ڕابەرێتیدا دەبینێتەوە، بێگومان ئەم خۆ بەڕابەر زانینانە تەنیا لەوێدا سەرچاوەیان گرتووە کە هەریەک لەو مامۆستایانە هاوکاریی چەند هونەرمەندێکیان کردووە لە سەرەتای کاری هونەرییاندا، ئیدی لەم سۆنگەیەوە پێیان وایە ڕابەرێتییان مسۆگەر کردووە.. وێڕای رێزی زۆرم بۆ مێژووی پڕ سەروەریی هونەرەکەیان، بەڵام پێموانییە هیچ کەسێک لە بوارەکەدا هەبێت شیاو بەڕابەرێتی بێت، چونکە لە بنچینەوە شتێک نییە لە هونەری کوردیدا بەناوی ڕابەر، جوانترین پێناسەیش لەو ڕاپۆرتەدا بەلای منەوە بۆچوونەکەی هونەرمەند تاریق ئاکرەییە، چونکە ئاکرەیی دەڵێت “ئەو کەسانە تەنیا ڕابەرێتیی تیپەکانی خۆیان کردووە”، واتە دەکرێ لە تیپێکدا ئەندامەکان کەسێک بەڕابەری خۆیان بزانن، بەڵام کوڕم دەوێ لەناو هونەرمەندانی تەنیا ئەم 4 شارەی باشووری کوردستان ڕابەرێکم لە شانۆی کوردیدا بۆ دەستنیشان بکات.. ئاخر عەزیزم کامیان ئەوی تریان دەخوێننەوە؟!
لەمێژە سەرسامیی خۆم بەبۆچوونەکانی هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان دەربڕیوە بێ ئەوەی لە نزیکەوە ناسیبێتم، هەزار شوکور مامۆستا سەباح لەمەشیاندا شەرمەزاری نەکردم و لە ڕاپۆرتەکەدا هەندێک لە نیشانەکانی پێکاوە، جگە لەوەی ئەو بۆ دەستنیشانکردنی ڕابەر ئاماژە بەڕاپرسی لەناو جەماوەردا دەکات کە بەڕاستی ئەمەیان دانانی ڕێزێکی گەورەیە بۆ جەماوەر، بەڵام دروستتر ئەوەیە کە دەڵێت “تا ئێستا کورد خاوەنی زمانی ستانداردی خۆی نییە”، بەڕاست خەڵکینە ئەگەر ئێمە نەمانتوانیبێ تا ئێستا ببینە خاوەنی زمانێکی ستاندارد، کەی ڕاستە باز بەسەر نووسینەوەی دەقێکی شانۆیی دروست کوردی بەزمانی ستاندارد بدەین و بێین ڕابەرێک بۆ شانۆی کوردی هەڵبژێرین؟، ئەدی ڕابەر لە کوێ دروست دەبێت بەبێ نووسینەوەی دەقێک بەزمانی ستانداردی کوردی؟!.
لەوەش واوەتر، دەکرێ لە هەر شارێکدا هونەرمەندێک یان چەند هونەرمەندێکی دیاریکراو وەک پێشەنگ لە بوارێکی هونەریدا بخوێنرێنەوە، بەڵام دیاریکردنی کەسێک وەک ڕابەری شانۆی کوردی، شتێک نییە جگە لە خەونێکی بەتاڵ، بەڕاستی ئەوەیش مایەی پێکەنینە هونەرمەندێک بیەوێ خەونێک ببینێت کە پێشوەختە بزانێ خەونەکەی بەتاڵە.
بەڕێز وەلید مەعروفیش کە لەو ڕاپۆرتەدا دەڵێت “شانۆی هەولێر لەسەر سێکوچکەی قەڵا و منارە و وەلید مەعروف وەستاوە”، وێڕای ئەوەی من لە ساڵانی هەشتاکانەوە لە بواری هونەر دەنووسم و سەدان بابەتم لە بوارە جیاجیاکانی هونەردا ئەرشیف کردووە، بەڵام “لەگەڵ ڕێزی زۆرم” بەخزمەتی کارەکانی کاک وەلید نەگەیشتووم، ئەگەرچی ڕەنگە ئەمەشیان هەر خەوشێک بێت لە منەوە، بۆیە هیچی لەبارەوە ناڵێم و بۆ هونەرمەندە پێشەنگەکانی هەولێری جێدەهێڵم گەواهییەکەی بۆ بدەن.