بەرنامەی (دوا دێر) لەبەرنامە دیارەکانی کۆرەک دەبێت
لەمیانەی ئامادەکارییەکانی کەناڵ٤ و کۆرەک تیڤی چەند پرۆگرامێکی ھونەریی تازە بۆ بینەرانیان ئامادە کردووە، لە ئێستادا ئەو پرۆگرامانە بەشێکیان ئامادەن، بۆ ئەوەی نیشانی بینەرانیان بدەن، یەکێک لەو بەرنامە لە ژێر ناونیشانی (دوا دێر) دێتە پێش کەش کردن، ئەو بەرنامەیە بۆ ئەو ھونەرمەندانە ئامادە کراوە، کە ساڵانێکی زۆرە لە نێو کاری شانۆ و درامای کوردیی دا خزمەتیان کردووە، ئەو بەرنامەیە لەلایەن (حەسەن غەفور) پێش کەش دەکرێت و (عەبدولغەفار عەبدوڵڵا) ئامادەکاریی بۆ دەکات.
سەرچاوەیەک لە کەناڵ٤ و کۆرەک تیڤی بە “ھەولێر”ـی راگەیاند : “پرۆگرامی ھونەریی (دوا دێر) یەکێکە لەو پرۆگرامە باشانەی لە ئێستا لەلایەن ستافی بەڕێوەبەرانی کۆرەک تیڤی کەناڵ٤ کاری بەرھەم ھێنانی بۆ دەکرێت، بە شێوازێکی زۆر سەردەمیانە ئەو بەرنامە کاری بۆ کراوە، لەلایەن کۆمپانیای بابیلۆنەوە کە لە ئێستادا بەڕێوەبەری ھەردوو کەناڵەکەن، ھەوڵیان داوە بەرنامەی تازەو ھونەریی بھێنە بوون”.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە روو : “ئەو بەرنامەیە لە پێش کەشکردنی ھونەرمەند (حەسەن غەفور)ـە، لەلایەن رۆژنامەنووس (عەبدولغەفار عەبدوڵڵا) کاری ئامادەکراوی بۆ دەکرێت، لەلایەن کۆمپانیای بابیلۆنەوە ئەرکی بەرھەم ھێنانی بەرنامەکە لە ئەستۆ گیراوە، لەکەناڵی کۆرەک نیشانی بینەران دەدرێت”.
لەبارەی ئەو پرۆگرامەوە ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی باسکرد : “ئەو بەرنامەیە تا ئێستاکە نزیکەی (٨) ئەڵقەی بە شێوازێکی چاک تۆمار کرواون، ژمارەیەکی بەرچاو لە ھونەرمەندانی ھەولێر و سلێمانی و شارەکانی دیکەی کوردستان میوانداری کروان، وابڕیارە لە داھاتوویەکی نزیکدا نیشان بدرێت”.
لە بارەی پرۆگرامەکانی دیکەی کەناڵ٤ و کۆرەک تیڤی ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد : “چەند پرۆگرامێکی دیکە بەڕێوەن ئامادەکاریی بۆ دەکرێت، ھەروەھا زنجیرە درامایەکی کوردیش لەلایەن ستافێکی پرۆفیشناڵ لە ھونەرمەندان کاری بەرھەم ھێنانی بۆ دەکرێت و لە مانگی رەمەزانی پیرۆز ئەم ساڵ نیشانی بینەران دەدرێت”.
تایبەت