حەمەسوار عەزیز: رەنگە بەندە یەکێک لەو کەسانەبێت کەلەرووی ھزرو ئایدیاو تێروانینەوە، جیاوازەییەکی زۆرم ھەبێت لەگەل ھونەرمەندی کۆچکردوو حوسێن میسری، وەک بینەر لەگەل
زۆرینەی ئەو تەرحە فیکری و تێروانینە چەپە نەبم کە ھونەرمەند حوسین میسری لە کارەکانی بەزەقی کاری لەسەر دەکردن ولە روانگەی ئایدییایەکی ماددی رووتەوە گوزارشتی لێدەکردن، زۆرجاریش بۆ ئەوە دەچووم کە بەنوسینێک ئەو تێڕوانینەی خۆم بخەمە سەر لاپەڕەی میدیاکان، بەڵام ھەمووکات لەروانگەی ئەوەی کەسەکان ئازادن چۆن بیردەکەنەوەو چۆنیش گوزارشت لە دنیادیدەی خۆیان دەکەن سلم لەم کارە دەکردەوە، تا دواجار لە میانەی وتارێکم لەسەر شانۆنامەی (ھاروون) لەپەراوێزی شیکردنەوەی تێکست و شێوازی کارکردنی میسری لەو شانۆنامەیە چەند لایەنێکی ئەو جیاوازییەم ئاماژە پێدا، ئەمڕۆش دوای ئەوەی بەداخێکی زۆرەوە مەرگ ئەم کەڵەھونەرمەندەی لێ زەوتکرین، پێمخۆشە بەدەر لەلایەنی فیکری ئەگەر بەچەند ووشەیەکیش بێت ئاماژە بە داھێنان و کارە جوانەکانی ئەم ھونەرمەندە بدەم لەرووی فۆرم و ستایلی کارکردنەوە، بەتایبەتیش لەبواری درامای تەلەفزیۆنی کە زیاتر پێی ئاشنابووین تا دەگاتە کارە شانۆییەکانی، ھەرچەندە میسری وەک ھونەمەندێک زیاتر شانازی بەکارە شانۆییەکانی دەکردو دەیووت”شانۆ عەشقی یەکەمی منە و خۆم بەشانۆکار دەزانم و دراماش تەنھا وەک حەزو ئارەزوو کارم تیاکردووە”.
زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێم کارە درامییەکانی حوسێن میسری سەرەتای راستەقینەی کاری درامی بن لە کوردستان بەتایبەتیش لەبواری زنجیرەی تەلەفزیۆنی، ئەگەرچی پێش میسریش ژمارەیەک زنجیرەی درامی بەرھەمھاتوون بەڵام ھەر ھەموویان لەبواری تەکنیکی و بنەماکانی کاری دراما کەلێنی گەورەیان تێدابوو، بەتایبەتیش لەبوارەکانی سیناریۆو تەکنیکی گێڕانەوەو مامەڵەی ئەکتەر لەگەل کامێراو چارەسەری درامی کۆتایی زنجیرەکان، بێگومان ئەوەش ئەوە ناگەیەنێت کە کارەکانی حوسێن میسری لەو کەموکوڕیانە بێبەش بووبن، چونکە ئێمە ووتمان بەسەرەتای راستەقینە دادەنرێن و ھەمووشمان دەزانین ھەموو سەرەتاکان بە کۆمەڵێک کەموکوڕی دەسپێدەکەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە دراماکانی حوسێن میسری بەحەق ئەو سەرەتا گرنگەبوون کە متمانەیان لای ھونەرمەندی کورد دروستکرد بە سینارێست وئەکتەرو دەرھێنەرەوە، کە دەکرێت ھونەرمەندی کوردیش خۆی لەقەرەی ئەو ھونەرە بایەخدارە بدات و تیاشیدا سەرکەوێت، ئەو پێشوازییە بێھاوتایەش کەلە درامانی (خۆروەنەوزان، رەشەی پۆلیس، جومعە ) کرا زیاتر ئەو متمانەیەی لای ھونەرمەندی کورد بەھێزترو پتەوتر کرد، بایەخی کارەکانی حوسێن میسریش لەوەدابوو کە بۆیەکەمجار بەو شێوەیە درامای کوردی لەرووی بابەتەوە دابەزێتە نێو کێشەو ئەندێشەو دەردەسەرییەکانی خەڵک و خۆی لە باری سیاسی و بەرگی مێژوویی بدزێتەوە، تاکە دەرھێنەریشە بەشێوەیەکی رەھا لۆکەیشنی درامای کوردی لە گوندەوە گوێزایەوە بۆ شارو بەرھەمەکانی گوزارشتی خەمە ھەنوکەییەکانی خەڵک بوون لە (بێکاری و قورسی مەعیشەت و ڤایرۆسی ھەندەران و خەمی گەنج و کێشەی میرات و سەرمایەو ئیستغلالکردن و رووە حەرامەکانی خۆشەویستی وپرسی ژن و…) و دەیان بابەتی تر کەبەشێکی نەپساوەو نەگۆڕی ژیانی ھەر تاکێکی ئەو کۆمەڵگایە بوون، لەلایەکی تریش زۆر بەروونتر توانی ئەو بیرکردنەوەو تێروانینە جەماعییە ھەڵوەشێنێتەوە کە دراماسازانی کورد لە زۆرینەی بەرھەمەکانیان کاریان لەسەر دەکردو دابەزێتە نێو جیھانی ماددی و سایکۆلۆژی تاکەکانی کۆمەڵگاو چیتر ئەو خیتابە دەستەجەمیعە دووبارە نەکاتەوە کە ماوەیەکی زۆر لە نێوەندی ھونەری کوردی کاری لەسەر دەکرا،ئەوە تا تەنانەت لە ناونانی دراماکانیشی ئەو تێڕوانینەی بەپڕاکتیک کردووەو ھەڵبژاردنی ناوەکانی (رەشەی پۆلیس و جومعەو رەزاو رەمەزان) بەشێکن لەو تێخزانەی کە میسری تیایدا بۆ ناو جیھانی تایبەتی تاک ھەنگاوی ھەڵگرتووە، بۆیە جێگەی خۆیەتی ئەو شانازییە بۆ ئەم ھونەرمەندە تۆماربکرێت کە گۆڕانێکی چۆنایەتی لە فۆرم و داڕشتنی درامای کوردی کرد لە رووی دروستکردنی کارەکتەرو شێوازی سەردو چارەی درامی، بینەر کەسەیری دراماکانی میسری دەکات بەتەواوی ھەست بەو جیاوازییانە دەکات کە حوسێن میسری ھەوڵیداوە لە کارەکانی زەقیان بکاتەوە، بۆ نمونە چارەسەری درامی کۆتاییەکانی ھەمیشە چارەسەرێکی چاوەرواننەکراو بووە بۆ بینەرو ئەو دەرفەتەی بەبینەر نەداوە کەلەسەرەتای دراماکە ھەموو شتێکی لا روون بێت و بزانێت کۆتایی ئەو درامایە لە رووی چارەسەرەوە بەچیدەگات، بێگومان ئەمەش زۆر لە بەھای دراماکەو چێژبینینی بینەر کەمدەکاتەوە کە بزانێت سەرەنجامی ئەو چیرۆکە بەچیدەگات، بۆیە دەرھێنەری داناو لێھاتوو ئەوەیە کەخۆی تەحکوم لە رەوتی رووداوەکان دەکات وناکەوێتە ژێر کاریگەری ویست و حەزی بینەر کە حەزێکی ئەبەدییە لە سەرکەوتنی خێرو بەسزاگەیشتنی تاوانکاران، چونکە ھەرچەندە ھونەر ھیچ کاتێک لاساییکردنەوەی ژیان نییە و واقیعییەتی ھونەر زۆر لە واقیعییەتی ژیان جیاوازە، بەڵام تەنانەت لە واقیعییەتی ژیانیشدا ھەموو جارێک ھێزە خێرخوازەکان سەرناکەون وزۆر جار تووشی نوشست و شکان دەبن، بەڵام وەک بینەران ھەموو کات ئەو کۆتاییەیان پێناخۆشە کە تیایدا ھێزە خێرخوازەکان شکست دێنن، بێگومان ئەمەش بۆ حەزی خۆڕسکی ناخی ھەر تاکێکمان دەگەڕێتەوە، بەڵام وەک ئاماژەمدا واقیعییەتی ھونەر لە واقیعییەتی ژیان جیاوازە، بۆیە زۆرجار وادەخوازێت کە ھونەرمەند ئەو قەناعەتە لای بینەر دروستبکات کە گۆڕان تەنھا بە حەزو خواست دروستنابێت و بەڵکو دەبێت مرۆڤەکان لەم پێناوەدا کاری جیددی بکەن و مەرجیش نییە ھەموو جارێکیش سەرکەوتن بەدەسبێنن، بەڵام بەردەوامبوونی کارکردنی مرۆڤ بۆ گۆڕان و ژیانی باشتر بەشێکی گرنگی سەرکەوتنەکانە.
بۆیە دەکرێت ھونەمەندی کۆچکردوو بەیەکێک لە دروستکەرانی درامای کوردی ئەژمار بکەین و توانی لە زۆر رووەوە کار بۆ سەرەتایەکی باشی درامای کوردی بکات و بەم بۆنەوەش پێشنیاز دەکەم درامای رەزاو رەمەزان کە دوای پرۆژەی درامی ئەم ھونەرمەندەبوو کە بەداخەوە مەرگ دەرفەتی تەواوکردنی نەدا بەناوی خۆی واتە سیناریۆو دەرھێنان کاری تیابکرێت و یەکێک لە دەرھێنەرە لاوەکان وەک یارمەتیدەری دەرھێنەر لەسەر ئەو شێوازەی کە میسری پەیڕەویدەکرد کاری تیا بکات و وەک ووتم دراماکە وەک رێزلێنانێک بۆ رۆحی ئەم ھونەرمەندە بەناوی ئەوەوە وەک سینارێست و دەرھێنەر بێتە بەرھەم، ئەمەش وەفادارییەکی بچوکە بۆ خەرمانی ھونەری حوسێن میسری و ئەو خزمەتە گەورەیەی کەلە بواری شانۆو درامای کوردی پێشکەشیکردووە.