دوای ئەوەی لە ماوەكانی ڕابردوودا گۆرانیبێژی لاو (بەشدار) بەرهەمێكی لە شێوەی ئەلبووم بە ناوی “نامەی ڕەش” بڵاو كردەوە، هاوكات بەپێی گوتەی خاوەنتۆمارگەكانیش، ئەم بەرهەمە پێشوازییەكی زۆری لێ كراوە و یەكێك بووە لەو بەرهەمانەی كە خواستێكی زۆری لە بازاڕدا لەسەر بووە.
لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ “هەولێر”، (بەشدار) خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم پێشوازییە گەرمەی لە ئەلبوومەكەی كراوە دەبڕی و گوتی: “دوای ئەوەی بیستم كە ئێستا خەریكە جارێكی دیكە بەرهەمەكەم چاپ دەكرێتەوە، بێگومان لەگەڵ بیستنی ئەم هەواڵە هەستێكی زۆر خۆشم لا دروست بوو و خۆشیی ئەم ڕەنگدانەوە هونەرییەم، لە ساتەخۆشەكانی دیكەم جیاواز و تایبەتتر بوو.
هەست دەكەم توانیومە بەم كارە هونەرییەم خزمەتێكی بچووكی هونەری كوردی بكەم و پێم وایە ئەو كۆشش و هەوڵەی كە بۆ ئەم بەرهەمە خستمە گەڕ، بەرهەمێكی باشی هەبوو، هاوكات سەركەوتوویی خۆم تێدا بینییەوە.”
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (بەشدار) جەختی لەوە كردەوە كە هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبووە بە شێوەیەكی وا بەرچاو هەست بە سەركەوتنی خۆی بكات، چونكە هەمیشە ترسێكی هەبووە كە هونەر دنیایەكی گەورە و فراوانە و شكست و سەركەوتنی زۆری تێدا بەدی دەكرێت.
سەبارەت بە ناوی ئەلبوومەكەیشی گوتی: ” لەگەڵ كچێك لەسەر بنەمای خۆشەویستییەكی ڕاستەقینە پێوەندیم هەبوو، بەڵام هەمیشە لە نێوانماندا گرفتێك هەبوو، ئەویش پێوەندیی بە ئاستی چینایەتیی من و ئەو كچەوە هەبوو. ئەم كچە شووی كرد و دوای شووكردنەكەیشی دیارە بوو پەشیمان ببووەوە و چەند نامەیەكی بۆ ناردم و منیش ئێستا بە ئەلبوومی “نامەی ڕەش” وەڵامم داوەتەوە، ئەوەیش بیرۆكەی ناوی ئەلبوومەكەمە.”
ئەو گۆرانیبێژە باسی لەوەیش كرد كە هونەرمەند پێویستی بە ئەلبوومێكە كە دەبێت هەی بێت: “من وەك خۆم زیاتر لە دوو ساڵە سەرقاڵی ئەو ئەلبوومە بووم تا توانیمان ئەمڕۆی پێوە ببینین. كلیپێكیشم بۆ یەكێك لەو تراكانەی ناو ئەو ئەلبوومە نوێیەم كردووە لە شاری دهۆك و ئێستایش لە میدیاكان پەخش دەكرێت.”
باسی لەوەیش كرد كە لەگەڵ هونەرەكەی ڕاستگۆیە و بەڵێن بە چاودێرانی هونەری كوردییش دەدات كە ڕەچاوی ڕەسەنایەتیی میووزیك و گۆرانیی كوردی بكات و لە هونەرمەندە رەسەنەكان ئەوپەڕی سوود وەربگرێت و نەبێتە پاشكۆی میووزیكی وڵاتانی بیانی.
(كارۆخ مەلائەسعەد)
07507767036