ڕانانی/سەدیق سەعید ڕواندزی
ئەزموونی خوێندنەوەی خوێنەران چەند لە ئاستی ستایل و کرداردا لە یەکتری جیاوازبێت، دواجار ھەموویان لەو خاڵەدا یەکدەگرنەوە کە ئەویش چێژ بینینە لە خوێندنەوەی کتێب. چێژێک کە مرۆڤ ناتوانێت گوزارشتێکی ڕاستە قینەی بە زمان لێ بکات، مەگەر خۆی خوێنەری کتێب و لە نێو دنیای کتێب نەبێت. بڕوا ناکەم لە ژیانی مرۆڤەکاندا، بە تایبەتیش لە کۆمەلگا ڕۆژھەڵاتییەکاندا، ھیچ نێوەندو ئۆرگانێکی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی، ھێندەی کتێب مرۆڤ فێری پەروەردەکردن وزانست و مەعریفە بکەن. نێوەندەکانی خوێندن لە کوردستاندا، تاکی خاوەن بڕوانامە بەرھەم دەھێنن، بەڵام تاکی بیرکەرەوەو خوێنەر دروست ناکەن. ئەمە دەلالەتە لەوەی کە پەروەردە و فێرکردن بە گشتی لە نێو ئێمەدا، ڕۆڵێکی ئەوتۆیان لە بە کولتووریکردنی خوێنەوە و ئاشنا بوونی مرۆڤ بە کتێب نەبینیوە. لێرەوەش زۆر بە ئاسانی درک بەوە دەکەین کە قوتابییانی زانکۆو پەیمانگاکانیش، لەو توێژانە نین کە دەخوێننەوە. ئەوەی سەرو کاری لەگەڵ کتێب و دنیای خوێنەوە ھەبێت، دەزانێت کە کتێب چ بە خشش و سەرمایەکی مرۆیی گەورەیە کە مرۆڤەکان فێری چییەتی و چۆنییەتی ژیان و ڕامان و بیرکردنەوە دەکات. ئێمە میللەتێکین بەداخەوە ناخوێنینیەوە، بۆیە زۆربەی کێشە مەعریفی و ھوشیارییەکانی کۆمەلگا، ڕەنگدانەوەی نەبوونی ئەو پاشخانە کولتووریەیە کە سەرچاوەکەی لە خوێنەوە دروست دەبێت. بۆیە چەند ھەوڵی بە کولتووریکردنی خوێنەوە و ناسینی دنیای کتێب بدەین، ئەوەندەی تر لە داھێنانەکان و پێشکەوتنەکان نزیک دەبینەوە. کتێبی(چێژی خوێندنەوە) ھەوڵێکە بۆ ناساندن وگوزارشتکردن لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و کتێب. ئەم کتێبە، ئەزموونی چواردە نووسەر لە بارەی ڕامان و گوزارشتکردن لە کتێب و خوێندنەوە لە خۆدەگرێت. ئەگەرچی دیدگای ھەریەک لەونووسەرانە لە بارەی کتێبەوە جیان لە یەکتری، بەڵام دەکرێ بڵێین دواجار ھەموو ئەو دیدگایانە بە ڕوانێنێکی ھاوبەش و جێگیردەگەن لە بارەی کتێبەوە کە دەکرێ لە چەند لایەنێکەوە پوختییان بکەینەوە. بە بڕوای ھەموو ئەو نووسەرانە، ئەگەرچی لە ڕووی تەمەن و زەمەنی ئاشنابوون بە کتێب جیاوازیی لە نێوانیان ھەیە، بەڵام ھەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی کە دوای ئاشنابوون وپەیوەندییان لە گەڵ کتێب، بوونەتە کەسیەتیەکی دیکە. بەدەربڕینێکی تر،دەکرێ بڵێین کتێب یەکێکە لەو ئامرازانەی کە ستایلی ژیانی مرۆڤ دەگۆڕێت. لە دیارترین سیماکانی ئەو گۆڕانکاریەش، بیرکردنەوە و تێڕوانینی جیاوازە بۆ ژیان و دەوروبەر.کتێب وا لە مرۆڤ دەکات بە شێوەیەکی دیکە دنیا ببینێت.جیاوازتر لەوانەی ناخوێننەوە، بیر بکاتەوە و سەرنجی ھەبێت. بە بڕوای ھەریەک لەو نووسەرانە، کتێب بۆ ئەوان کردنەوەی دەرگایەکی دیکەی جیاوازبووە بە ڕووی ژیاندا بەدەر لەوھەموو دەرگا کلاسیکییانەی ژیان کە مرۆڤەکانی تر پێیەوە ڕاھاتوون. ئەو نووسەرانە، باس لەوە دەکەن کە ئەوان لە دوای ئاشنابوونییان بە دنیای فراوانی کتێب،بوونەتە بوونەوەرێکی دیکە. ئەگەرچی مەرج نییە کتێب مرۆڤێکی سوپەرمانی دروست بکات، بەڵام بێگومان، دەیکاتە کەسیەتیەکی جیاواز لەوەی بەرلە ناسینی کتێب ھەبووە.چونکە کتێب خەیاڵ و بینینی مرۆڤ لەبەردەم دنیادا فراوانتر و ئاسۆی بیرکردنەوەی گەورەتر دەکات.کتێب سەرچاوەی زانین و مەعریفەیە، دەشێ مرۆڤ لە ھەر کتێبێکدا، بە زانسێکی نوێ و ھوشیارییەکی نوێ بگات. خاڵێکی دیکە، کە دیدگای بە شێکی زۆری ئەو نووسەرانە ھاوڕان لە سەری ئەویش ئەوەیە، کە ڕەنگە ھەموو کتێبێک وەک سەرچاوەی زانست و داھێنان و خزمەت بە مرۆڤایەتی سەیرنەکەین. بە بڕوای بە شێکی زۆر لەو نووسەرانە، دەشێ بەشێک لە کتێبەکان، ژەھرێک بن بۆ بیری خوێنەرو لێیەوە مرۆڤەکان فێری دەمارگیری و ڕەگەزپەرستی و دۆگمایی بێت. دەکرێ بەشێک لە کتێبەکان، وەک سەرچاوەی دروستبوونی ئاشووب و کێشەی گەورە ببینین کە ھزری مرۆڤ بەرەو داخراویی و دۆگمایی دەبەن و کتێب وەک ھەوڵێک بۆ تاریککردنی دنیا دەبینن. بۆیە دەبێ لە ھەڵبژاردنی کتێبەکاندا، خوێنەر ھوشیارو بیر کراوە بێت و ئەگەر بەرکتێبێکی لەو جۆرەش کەوت، ئەوا نابێت خوێنەر لە ڕووی ھزرییەوە بکەوێتە ژێر کاریگەریەتی. ئەمڕۆ بە شێگی زۆری کتێبەکان، بە جۆرێک لە جۆرەکان، ھەڵگری گوتارێکی دەمارگیری و پۆپۆلستینە و ھزری مرۆڤ بە بیری توندڕۆیی و ڕەتکردنەوە بارگاویدەکەن. بۆیە نابێ ھەموو کتیبێک وەک سەرچاوەی ھوشیاریی و کرانەوە و بیری نوێ ببینین.بەپێچەوانەوە دەشێ بەشێک لە کتێبەکان تونێلێکی تاریک بە سەر ھزری خوێنەردا بکەنەوە کە دواجار کتێب لە بری ئەوەی ببێتە ھۆکارێک بۆ بینینێکی دیکە و پێشکەوتنێکی دیکە، ئەوا ھزری قەتیس دەکات. بۆیە نابێت بڕوامان وابێت ئیدی کتێب بەگشتی فریادرەسێکە و سەرتاپای بوون و ژیانمان بۆ شێوەیەکی دیکە دەگۆڕێت. بێگومان کتێب فێری بینینێکی دیکەمان دەکات، بەڵام ھەموو کتێبێک نا. چونکە نابێ ئەوەمان بیر بچێت کە ڕەفتارو کردەوەی توندڕۆیی و دەمارگیری، ڕەنگدانەوەی ھزرەکەن. بەومانایەی دەشێ کتێب مرۆڤ فێری بیرێکی توندڕەو تاریک بکات،کە دواجار ژیان وێرانتربکات. وەک ئەوەی گرووپە توندڕەوەکان باوەڕیان پێیە. خاڵێکی دیکە ھەر پەیوەست بە خوێنەوە ئەوەیە، کە ئەگەرچی سۆسیال میدیا و پێشکەوتنە خێراکانی سەردەم و میدیای ئەلکترۆنی بەگشتی، کاریگەریەتی لە سەرخوێنەوە و کتێب ھەبووە، بەڵام دواجار چێژی ھیچ خوێنەوەیەک ناگات بەو چێژەی کە خوێنەر کتێبێک بە دەستەوە دەگرێت ودەیخوێنێتەوە. ھەرگیز شێوەکانی دیکەی خوێننەوە لە میدیای ئەلکترۆنیدا،وەک کتێب چێژو ھەستێکی تایبەت بە خوێنەرنابەخشن. بە تایبەتیش بۆ خوێنەرانێک، کە زەمەنێکی درێژە بە کتێبەوە ئاشنان و خوێنەوە بەشێکی سەرەکی پێداویستییە ھزرییەکانی ژیانیانە. ئەم کتێبە دەکرێ وەک دەروازەیەک بۆچێژو بینینی کتێب، وەک سەرچاوەی زانست و ھوشیاری مرۆڤەکان ببینین. کە تیایدا کەسانێک ھەر تەنھا پەیوەندی خۆیان بەکتێبەوە باس ناکەن، بەڵکو ئەو دنیا شاراوەو جیھانە نوێیەش بە خوێنەر دەناسێنن، کە لە پەراوێزی ئاشنابوونیان بە کتێبەوە پێی گەیشتوون. ئاخرھیچ شتێک وەکو کتێب، مرۆڤ لە ڕەگەوە ناگۆڕێت و نایکاتە کەسێکی جیاوازترلەوانی تر. ھیوادارم ئەوانەی تائێستا ناخوێننەوە و کتێبییان نەناسیوە، ئەو گەوھەرە بەھادارە بناسن، کەدڵنیام ھەرگیز لە ناسینی بە درێژایی ژیانیان پەشیمان نابنەوە..
*ناوی کتێب/چێژی خوێندنەوە/ ئامادەکردنی(شاخەوان سدیق) بڵاوکراوەی ھەفتەنامەی ھاووڵاتی_سلێمانی ٢٠١٩.