سلاڤ میر مرژۆک
لەفارسیەوە ئازاد نجم
بەڕێوەبەری باخچەی ئاژەڵان ، سەلماندی کە کەسێکی تازە پیاکەوتو و دەستپێوەگرە ، دەیویست لەڕێگای ئاژەڵەکانەوە پلە و پایەی خۆی بەرزکاتەوە. بەڵام سەبارەت بە گرینگیدان بە ئاژەڵەکان ، جیاوازی لەنێواندا نەدەکردن. لەباخچەکەدا زەڕافەیەکی مل کورتی ھەبو. گۆڕھەڵکەنەیەکی بێ لمۆزی ھەبو. توتیە زیقنەکان ، ھەمو ھەست و نەستێکیان لەدەستدابو و بێ دەنگ و ئارام بون. ئەگەر ھاتبا و بەدەگمەن زیقە زیقێکیشیان کردبا ، ئەوا زۆر بەبێ مەیلیەوە دەیانکرد.
ئەم کەموکوڕیانە بۆ باخچەکە باش نەبون ، بەتایبەتیش لەو سەروبەندەدا کە بڕیاربو چەند دەستەیەک لە منداڵە قوتابیەکانی شار ، بۆ بینینی گیانلەبەرەکان ، بێن بۆ باخچەکە.
ئەم باخچەیە ، کەوتبوە یەکێک لەشارۆچکەکانەوە.
جێگای ھەندێک لەگیانلەبەرە گرینگەکان – بۆ نمونە فیل – لەم باخچەیەدا خاڵی بو. کە جێگاکەی بە سێ ھەزار کەروێشکیش پڕ نەدەکرایەوە. وڵات پێشڤەچونێکی بەرچاوی بەخۆوە دیبو ، نەدەکرا چاوپۆشی لە ھەندێک کەموکوڕی لەو شێوەیە بکرێت. دەکرا ئەو کەموکوڕیانە بەپلانی باش و گونجاو چارەسەر بکرێن و کاریان بۆبکرێت. بەبۆنەی ٢٢ ی ژوئیە ، ساڵوەگەڕی ئازادی وڵات ، ھەواڵ بڵاو بۆوە کە گوایا باخچەی ئاژەڵان ، بەو بۆنەیەوە فیلێک دەھێننە باخچەکە. ھەمو کارمەندانی باخچەکە خۆبەخشانە خۆیان بۆ کارەکان تەرخان کردبو. زۆر خۆشحاڵ بون ، کاتێ بیستیان کە بەڕێوەبەری باخچەکەیان ھەواڵنامەیەکی ڕەوانەی وارشۆ کردوە و تیایدا داوای پارە و بودجەی نەکردوە ، بەڵکو بەپێچەوانەوە پێشنیاری کردوە کە دەتوانێ بەساناترین و سادەترین ڕێگا فیلەکە پەیدا بکات ، خۆشحاڵتر بون.
لەنامەکەی بەڕێوەبەردا ھاتبو: (( من و ھاوکارانم باش لەوە تێدەگەین کە کڕینی فیلێک چ بارێکی قوس دەخاتە سەر شانی کانزاکاران و کرێکارانی تواندنەوەی ئاسنی پۆڵەندای وڵاتمانەوە ، بەھۆی کەمی ئاستی داھاتەوە … من پێشنیار دەکەم : لەجیاتی کڕینی ئەو فیلەی کە ئێوە لەنوسراوەکەتاندا ئاماژەتان پێدابو ، دەکرێ سود لە توانا و بەرھەمە خۆماڵیەکانی خۆمان وەرگرین و دەتوانین فیلێکی لاستیکی دروست بکەین و بەئەندازەی فیلێکی ڕاستەقینە ھەوای تێبکەین و لە پشت پەرژینە ئاسنەکەوە دایبنێین و بەشێوەیەکی وا ڕەنگی بکەین لە فیلێکی ڕاستەقینە جیا نەکرێتەوە. لەبەرئەوەی فیل ھەر بە سروشتی خۆی ئاژەڵێکی تەوەزەلەو بزێو نیە ، دەکرێ یاداشتێک بەپەرژینەکەوە بلکێنین و لێی بنوسین: ( ئەم فیلە زۆر تەوەزەلە و نابزوێ). ئەو بڕە پارەیەش کە لە کڕینی فیلێکی ڕاستەقینە دەمێنێتەوە ، دەکرێ لە کڕینی فڕۆکەی (جێت) و پاراستنی باڵەخانەی کلیسا و شوێنەوارە دێرینەکاندا ، سودی لێ وەربگرین. ھەروەک بۆ خۆتان ئاگادارن ئەمە بیرۆکەی خۆمە و لەپێناو شۆڕش و ئامانجی ھاوبەش و ھتد….)).
دەبوایا ئەم نامەیە بگاتە دەستی بەرپرسێک کەتەنیا کەمبونی ھەزێنە و پارەی تەرخانکراو لەلای ئەو گرینگ بوایا و لەدید و ڕوانگەیەکی دیوان سالاری ڕوتەوە سەیری شتەکانی کردبا.
سەرەنجام بیرۆکە و پێشنیارەکەی بەڕێوەبەری باخچەی ئاژەڵانیان پەسند کرد و دوابەدوای دەرچونی بڕیاری وەزارەت ، بەڕێوەبەر فەرمانی دروست کردنی فیلە لاستیکیەکەی دەرکرد.
بڕیاربو دو کەس ، لە دولاوە فوی تێبکەن. بۆ ئەوەی کارەکەیان بە ڕێکوپێکی و بەجوانی و بەنھێنی بێت ، تەنیا شەوانە کاریان تێدا دەکرد.
خەڵکی شارۆچکەکەش ، کە بیستبویان بڕیارە فیلێک بێننە باخچەی شارەکەیان ، زۆر بەتاسەوە چاوەڕوانی ھاتنی بون.
کاکی بەڕێوەبەریش زۆر بەپەلە بو لە زو ڕاییکردنی کارەکە و دەیویست ھەرچی زوە کارەکە تێپەڕێ. چونکە ھەم پاداشتی تێدابو ھەم دەبوە ھۆکاری بەرزبونەوەی پلەکەی.
دو پاسەوان ، لەباخچەکەدا کەوتنە فو تێکردنی فیلەکە … دوای تێپەڕبونی نزیکەی دو کاژێر سەیریان کرد ھەروا بەئاستەم لەزەوی جیا بۆتەوە و ھیچ شێوەشی لە فیل ناچێت.
شەو درێژ بو ، لەدەرەوەش وردە وردە دەنگەکان خامۆش دەبون و تەنیا جار جار دەنگی ئاژەڵەکانی باخچەکە دەھات و بێدەنگی شەوی دەشڵەقاند.
دوای ئەوەی کە ھەردو پاسەوانەکە دڵنیا بون لەوەی کە ئەو ھەوایەی لە فیلەکەیان کردوە بەتاڵ نابێتەوە ، ھەردوکیان ماندو و شەکەت ، وازیان ھێنا. ئیدی ھەردوکیان پیر ببون و تەمەنی لاویەتیان تێپەراِندبو و ئەو گوڕوتینەی جارانیان نەمابو. جگە لەوەش ئەوە کاری ئەوان نەبو.
یەکێکیان گوتی: گەر بەم شێوەیە کاربکەین دەبێ ئەمشەو تا بەیانی ھەر خەریکی فو تێکردن بین … ئەی دوایی چی بەژنەکەم بڵێم؟ ئەگەر بڵێم ئەمشەو تابەیانی خەریکبوم فیلم فو داوە! پێتوایە بڕوام پێبکات ؟
پاسەوانی دوەم گوتی: قسەکەت ڕاستە ، ئەمە کاری ئێمە نیە! ھەمو ئەمانە تاوانی ئەو بەڕێوەبەرە چەپڕەوەیە.
یەکەمیان گوتی: تا دێت ناشیرنتر دەبێ.
دوەمیان وەڵامی دایەوە: بەڵێ کارێکی سەختە ، وەرە با دانیشین و پشویەک بدەین.
لەکاتی پشودا ، یەکەمیان چاوی بە سۆندەی غازەکە کەوت. ڕوی کردە ھاوکارەکەی و گوتی: باشە ناکرێ بەغاز ھەوای تێبکەین؟
بیریان کردەوە و بڕیاریاندا تاقی بکەنەوە. سۆندەی غازەکەیان لە فیلەکە بەست و قفڵەکەیان کردەوە. لەماوەی چەند خولەکێکدا گیانلەبەرێکی زل و زەبەلاح لەبەردەمیاندا قوت بوەوە.
زۆر کەیفخۆش بون. دەتگوت فیلی ڕاستەقینەیە ، گوێچکەکانی زل! قاچەکانی ئەستور دەتگوت کاریتەی خانون.
بەدڵنیاییەوە دەکرا بڵێی بەڕێوەبەر فیلێکی ھێناوەتە باخچەکە.
ئەو پاسەوانەی کە بیرۆکەی سۆندەی غازەکەی بەمێشکدا ھاتبو ، گوتی: پێویست بە قسە ناکات ، ھەستە وەڕێکەوە بابڕۆینەوە ماڵێ.
ڕۆژی دواتر ، فیلەکەیان بردە نێو قەفەسە تایبەتیەکەی خۆی و لە ناوەڕاستی باخچەکە و لە نزیک مەیمونەکان و بەتەنیشت سەگێکی زل و کەتەوە دایاننا. زۆر بەشکۆ و گەورە دەھاتە بەرچاوان. یاداشتێکی گەورەش بە قەفەسەکەیەوە لکێنرابو و لێی نوسرابو: (ئەم فیلە زۆر تەوەزەلە و ناجوڵێتەوە).
یەکەمین دەستەی میوان و دیدەنکاران ، بریتی بون لە منداڵە قوتابیەکانی ناوچەکە.
مامۆستاکەیان ، دەیەویست وانەیەکی ڕاستەوخۆ و زیندو لەبارەی فیلەوە بداتە قوتابیەکانی. یەک یەک قوتابیەکانی لەبەردەم قەفەسی فیلەکە ڕیز کرد و ڕوی تێکردن و گوتی: ( فیل ، یەکێکە لە گیانلەبەرە شیردەرە گیا خۆرەکان. ئەم گیانلەبەرە ، بەیارمەتی خەرتومە درێژەکەی ، دەتوانی درەخت و لقی دارەکان بشکێنێ و گەڵاکانیان بخوات).
منداڵەکان ، بەسەرسوڕمانەوە سەیری ئەو ئاژەڵە زلەیان دەکرد و چاوەڕوان بون درەختێک لەڕەگەوە ھەڵکەنێ و گەڵاکانی بخوات.
بەڵام ئەو لەنێو قەفەسەکەیدا جمە و حوڵەی نەبو!.
: ( فیل ، لە تیرەی ماموتە لەنێوچوەکانە. ھیچ جێگای سەسوڕمان نیە کە لە ئێستادا بەگەورەترین ئاژەڵی وشکانی دێتە ئەژمار).
قوتابیە زرینگ و زیرەکەکان ، یەکسەر وتەکانی مامۆستایان لای خۆیان دەنوسی.
: (تەنیا (ڤاڵ) لە فیل قورسترە. بەڵام ڤاڵ لەدەریادا دەژی. دەکرێ بەدڵنیاییەوە بڵێیین فیل سوڵتانی بێ ڕکابەری وشکانیە).
شنەبایەکی ئارام ، گەڵای دارەکانی بەجوڵەخست.
: (کێشی فیلێکی کامڵ ، لەنێوان چوار تا شەش تەن دایە).
لەناکاو فیلەکە جوڵەیەکی کرد و لەزەوی جیابۆوە. چەند ساتێک دواتر با لەسەر درەختەکان دەیھێنا و دەیبرد. سەرەنجام ڕەشەبایەکی توند ھەڵیکرد و بەرەو تاقی ئاسمان ھەڵیگرت. بەس سێبەرەکەی بەدی دەکرا. تا ماوەیەک خەڵکی لەخوارێڕا تەنیا ناولەپەکانی و ورگی و قاچەکانیان دەبینی.
دوای ماوەیەکی کەم ، بایەکی تر ھەڵیکرد و ئیدی بەیەکجاری لەچاوان ونی کرد.
مەیمونەکان ، حەپەساو و سەراسیمە ، تاماوەیەک دواتریش ھەر سەیری ئاسمانیان دەکرد.
دواتر ، فیلەکەیان لە باخچەی فەرمانگەی گیاناسی ، بەسەر درەختێکی کالیپتۆسەوە دۆزیەوە. پێستە لاستیکیەکەی کون ببو.
منداڵە قوتابیەکانیش ، کە ئەو ڕوداوەیان لە باخچەی ئاژەڵاندا بەچاوی خۆیان دیتبو ، ئیدی وازیان لە خوێندن و قوتابخانە ھێنا و دواتریش دەیانگوت گوایا کەوتونەتە ھار وھاجی و شوشەی پەنجەرەی ماڵان دەشکێنن.
ئیدی لەوەبەدوا ھیچ بڕوا و متمانەیەکیان بە فیل نەمابو.
سەرچاوە/ داستان ناگھان/ مجموعە داستانھای کوتاە جھان/ ترجمە اسدللە امرایی/ نشر سالی ١٣٨١