بای زیاوۆ ئی/ لە فارسیەوە/ ئازاد نجم : کابرای خانەخوێ چای لە فنجانان کردن و لەسەر مێزە نزمەکەی بەردەم میوانەکانی دانان کە باوک و کچێک بون و بۆخۆشی وەک ئەوەی کە لەناکاو شتێکی وەبیر ھاتبێتەوە ترمۆزە چایەکەی ھەربەوشێوەیە لەسەر مێزەکە جێھێشت وبەخێرایی بەرەو ژوری گەنجینەکە _کەکەوتبوە تەنیشت ژوری میوانان_ وەڕێکەوت . دەنگی خشەخشی ڕاکێشانی جەکمجە و شتی لەو جۆرە دەھاتە بەرگوێی میوانەکان.
میوانەکان لە ژوری میوانان دانیشتبون . کچە تەمەن دەساڵەکە لە پەنجەرەکەوە دەیڕوانیە ئەو گوڵانەی کە لە دیوی دەرێ دانرابون . باوکەکە دەستی درێژ کرد تا فنجانە چایەکەی ھەڵگرێ لەو ساتەدا زرمەیەک ھاتو ترمۆزی سەر مێزەکە بەربۆوەو شکا . کچۆڵەکە بە حەپەساویەوە ڕوانی ، ھیچ کامیان دەستیان بۆ نەبردبو ، تەنانەت جەستەشیان بەری نەکەوتبو . پێدەچو خاوەنماڵ بە باشی لەسەر مێزەکەی دانەنابێ
دەنگی شکانی ترمۆزەکە بوە ھۆی ئەوەی کە کابرای خاوەنماڵ بە قوتوە شەکرێکەوە بە حەپەساویەوە بگەڕێتەوە ژوری میوانان ، ڕوانیە سەرزەویەکە ، ھەڵمی لێھەڵدەستا ، خێرا خێرا دەیگوت : گرینگ نیە گرینگ نیە ھیچ گرینگ نیە . باوکەکە ویستی قسە بکات بەمنگە منگەوە گوتی : ببورە نەمزانی ، دەستم بەری کەوت ، بۆیە بەربۆوەو شکا. خاوەنماڵیش لە وەڵامدا گوتی : گرینگ نیە .
* * *
کاتێ میوانەکان گەڕانەوە ماڵێ . کچەکە بە باوکی گوت: بابە ئەرێ ھەربە ڕاستی دەستت بەر ترمۆزەکە کەوت ؟
: نەخێر ، بەڵام لەنزیکمەوە بو.
: ڕاستە لێت نزیک بو ، بەڵام دەستت بەری نەکەوت ، چونکە من وینەی تۆم لە شوشەی پەنجەرەکەوە دەبینی ، بێدەنگ و بێجوڵە دانیشتبویت .
باوکە بە پێکەنینەوە گوتی : ئەدی کەوایە بۆچی بەربۆوە ؟
: بۆخۆی بەربۆوە،بەڕێز (لی) بە جوانی لە سەر مێزەکەی دانەنابو ، تۆ بۆچی گوتت من بەرمداوەتەوە؟
: کچی خۆم سودی نەبو ، بۆیە گوتم من بەرمداوەتەوە چونکە ئاوا زیاتر جێگەی باوەڕە ، ئەم قسەیەت باشتر لێوەردەگرن،چونکە ھێندێک جار کاتێ بەڵگە بۆ شتێک دێنیتەوە، یان نکولی لە شتێک دەکەی، باڕاستیش بێت،بەڵام کەمتر وایە باوەڕت پێبکەن.
کچەکە بێدەنگ بو و دوای ماوەیەک گوتی : تەنیا ئەم ڕێگایە ھەیە ؟
: بەڵێ کچم تەنیا ئەم ڕێگایە ھەیە.
سەرچاوە / کومەڵە چیرۆکی /داستان ناگھان /ترجمە اسداللە امرایی/نشر سالی
بای زیاوۆ ئی/ لە فارسیەوە/ ئازاد نجم١٣٨١