عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی
زۆر حەزم دەکرد کە ماسییەکانی ناو ڕوبارەکە ببینم ،چەند جارێکیش لای باوکم باسم کردبوو.ڕۆژێک وتی ئازاد گیان خۆت ئامادە بکە ئەم دوانیوەڕۆیە دەچینە دەرەوەی شار و لای ڕوبارەکە پشوویەک دەدەین تا بە ئارەزووی خۆت ماسییەکانی ناو ڕوبارەکە ببینیت .ئای چەندە دڵخۆشی کردم ،بۆیە خێرا باوەشم بەباوکمدا کرد و تێر ماچ کرد و خۆیشم گەیاندە دایکم و خوشک و برا بچوکەکەم و ئەوانیشم ماچ کرد .ئیتر کەوتمە خۆ ئامادەکردن و دایکیشم ھەندێک خواردن و میوە و پێداویستی ئامادەکرد.ھەر چاوەڕوان بووم کە باوکم بڵێ ئامادەن.ھێندەم زانی بانگی کردم و وتی ئازاد گیان وەرە با کەلوپەلەکان بخەینە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە ،ھەرچییەکم توانی یارمەتیم دا .ھەموومان سواری ئۆتۆمبێلەکە بووین و کەوتینەڕێ،بەخۆشییەوە بەملاولای ڕێگەکەدا دەمڕوانی تا ڕوبارەکە دەرکەوت.پاش کەمێکی تر ڕۆیشتن لە شوێنێکی گونجاودا وەستاین و دابەزین ،کەلوپەلەکانمان داگرت،لەگەڵ باوکم چووین بۆ لای ڕوبارەکە،چەندە خۆشبوو بەلامەوە ماسییەکانم بینی لەناو ئاوەکەدا دەھاتن و دەچوون ..منیش جارجار پارچە نانێکم بۆ ھەڵدەدان و بەکۆمەڵ دەھاتن بۆی و دەیان برد.لەلای ڕوبارەکە پیاوێک بە قولاپ خەریکی ماسی گرتن بوو ،ھەر ماسییەکی دەردەھێنا بە زیندوویی ھەڵی دەدایە ناو تەشتێکەوە ،پاش ماوەیەک ھەڵبەز و دابەز کردن جوڵەی لێدەبڕا.ئەوە زیاتر سەرنجی ڕاکێشام و وتم بابە گیان ئەو ماسییانە بۆچی پاش ماوەیەک لەجوڵە دەکەون و لە دەرەوەی ئاوەکە یاری و ھەڵبەز و دابەز ناکەن؟ باوکیشم بەپێکەنینەوە وتی ڕۆڵەکەم ماسییەکان بە ئۆکسجینی تواوەی ناو ئاو دەژین و لە دەرەوەش ئەوە نییە بۆیە وا لە جوڵە دەکەون .منیش وتم ئەی بۆچی ناڵێی کە لە نیشتمانەکەیان دوور دەخرێنەوە وایان بەسەر دێت و بێ جوڵە دەبن.باوکیشم بە بزەیەکی شیرینەوە وتی ڕاستە ناو ئاوەکە نیشتمانی ماسییەکانە و ناتوانن بێ ئەو بژین ،بۆیە زۆریان خۆش دەوێت ،ئاھا تەماشایان بکە چۆن یاریی و سەما دەکەن و بەخۆشییەوە دێن و دەچن.کەواتە ئێمەش پێویستە ئەو خۆشەویستییەمان بۆ نیشتمانەکەمان ھەبێت و پارێزگاری لێبکەین و ھەوڵی سەرکەوتن و پێشکەوتنی بدەین، بەدەم قسەکردنەوە بوون ئازاد ماسییەکانی ناو سەتڵەکەی خستەوە نێو ڕوبارەکە،دووبارە ماسییەکان کەوتنەوە جوڵە……..٦/٢/٢٠١٨