خۆیشم یەکێک بووم لەو گەنجە کوردانە بەو ھیوا و ئارەزووەوە پەنام بۆ ئەورووپا برد
ئا.کارۆخ مەلائەسعەد:زۆرینەی گەنجانی کورد، وا دەزانن لەگەڵ گەییشتنیان بە یۆنان، دەرگەی ھەموو وڵاتێکیان بۆ واڵا دەبێت و، بە ئارەزووی خۆیان کام وڵاتیان مەبەست بێت، دەتوانن پێی بگەن. ھاوکات وا ھەست دەکەن لەوێ ھەموو ھیوا و ئاواتێکیان دێتە دی، بەڵام بە پێچەوانەوە، بە گەییشتنیان بۆ یۆنان و پاش ماوەیەکی کورت لەو وڵاتە، ھەموو ئەو شتانەی کە پێشبینییان دەکرد پێچەوانە دەبنەوە و، دەبنە بڵقی سەر ئاو و، لەو خەوە بە ئاگا دێن.
نکۆڵی لەوە ناکرێت کە زۆرێک لەو گەنجە کوردانەی ڕوو لە ئەورووپا بە گشتی و وڵاتی یۆنان بە تایبەتی دەکەن، نەیانتوانیوە خۆیان بدۆزنەوە و ھەستیان بە بوونی خۆیان لە کوردستان نەکردووە، بۆیە بەو ھیوا و ئارەزووەوە ڕوو لە ئەورووپا دەکەن و دەیانەوێت قەرەبووی نەبوونیی خۆیان لە ھەندەران بکەنەوە و، بتوانن بەختەوەرانە لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە ژیانێکی شایانە بەسەر ببەن، بەڵام ئەمە نەک ھەر بۆچوونێکی ھەڵەیە، بەڵکوو کارەساتیشە بۆ ئەو ھەموو گەنجە کە بەو ئەقڵییەتەوە ڕوو لە ھەندەران دەکەن، خۆیشم کە یەکێک بووم لەو گەنجە کوردانەی بەو و ھیوا و ئارەزووەوە پەنام بۆ ئەورووپا برد، بەڵام بەر لەوەی لەگەڵ کۆمەڵێک گەنجی کورد بگەینە یۆنان، لە ڕێگەدا دەردەسەرییەکی یەکجار زۆرم چێشت، زۆرجار بە ھۆی ئازار و نیگەرانییەکی لەڕادەبەدەر خەیاڵ دەی بردین و پرسیارمان لە یەکدی دەکرد و دەمانگوت: ئەم ئازارە تاکەی؟، بەڵام ھەرخۆمان وەڵامی خۆمانمان دەدایەوە و دەمانگوت: ھەموو ناخۆشییەک خۆشی لە دواوەیە، ئەوە دەستپێکە و کۆتایی ماوە. بۆیە بەو خەیاڵەوە بەرگەی ھەموو ناخۆشییەکی شاخ و باران و بە فر و خۆحەشەردان و سندوقی ئۆتۆمبێل و ڕاکردن لە دەست سەربازی تورکی و یۆنانی دەگرت.
چەند لایەنێکی ژیانی پەنابەران
گومانی تێدا نییە تەواوی کوردەکانی یۆنان لە دۆخێکی چەقبەستووی بێکاریدا دەخولێنەوە، زۆربەیان لەگەڵ بەرەبەیان پۆل پۆل و بە یەکەوە لە نێوجەرگەی شاردا بە جلوبەرگێکی ناڕێکەوە دەوەستن، بەو ھیوایەی کارێکیان دەست بکەوێت، جا ھەر کارێک بێت! تەنیا بڕێک پارەی تێدا بێت، لەگەڵ بینینی ھاووڵاتییەکی ئاسایی یۆنانیدا، بە تایبەتی ئەگەر پێویستی بە کرێکارێک یان دوو کرێکار ھەبێت، ھەموو بە یەکەوە ڕادەکەن بۆی، بەو ھیوایەی چانسیان ھەبێت لە دۆزینەوەی کار بۆ ئەو ڕۆژە، ھاوکات لەگەڵ ئەوەیشدا کرێکارە کوردەکان لە ژێر گوشارێکی زۆر و ناڕەحەتییەکی سەخت کار دەکەن و، زۆرجاریش قسەی ناشرینیان ڕووبەڕوو دەبێتەوە. ھەموو ئەو ئازار و ئەشکەنجەیشیان لە پێناوی ژیانێکی زۆر سادەیە، بەوەی کە بەو بڕەپارەیەی دەستیان دەکەوێت، خواردنێکی پێ بخۆن، ھەروەھا زۆرجاریش لە سەعات ٦ـی بەیانییەوە تاوەکوو ١٢ـی نیوەڕۆ بە بێ ئەوەی ھیچ کارێکیشیان دەست بکەوێت، لەگەڵ گەڕانەوەیشیان بۆ ماڵەوە لەسەروی ھەموو خەمێکەوە، زیاتر لە ١٠ کەس لە یەک ژوور دەخەون، سەرباری ئەمەیش زۆرینەی گەنجە کوردەکان گیرۆدەی بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان بوون.
ئەو گەنجە کوردانە، کە تاکە ئومێدێکیان ڕزگاربوونیانە لەو دۆخە و بەو ئاواتەوەن بگەڕێنەوە کوردستان، بەڵام بە ھۆی ھەستکردن بە شەرمەزاری لە بەرانبەر خێزان و کۆمەڵگە، ناگەڕێنەوە و درێژە بەو ژیانە کولەمەرگییە دەدەن.
ئەو بەھەشتە خەیاڵییەی کە گەنجی کورد بەرەو ھەندەران پەلکێش دەکات، ھەرگیز خەونە ڕەنگاوڕەنگەکانی گەنجان ناھێنێتە دی و، دواجار ژیانیانیشیان لێ تێک دەدات و، زۆرێکیشیان ھەموو ئەو شتانە لە دەست دەدەن کە لە کوردستان خاوەنی بوون.
Karox_gr_music@hotmail.com
تێبینی: ” لەسەر داواکاری خوێنەران ئەو بابەتە دووبارە بڵاو کراوەتەوە، بڵاو کردنەوەی یەکەم جاری دووساڵ بەر لەئێستا بووە.”