كارۆخ مەلائەسعەد: (چۆپی) گۆرانییەكی تازەی بەرهەم هێنا، كە بۆ ئەو كارەیشی میلۆدیی (ئارێۆس حەمەسەعید)ـی بەكار هێناوە. هۆنراوەكەیشی (حەمە سەعید ئیبراهیم) بۆی هۆندووەتەوە.
(چۆپی فەتاح) بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: “كارێكی نوێم بەرهەم هێناوە و ئەو كارەیشم گۆرانییەكی سینگڵە. هاوكات ئەو گۆرانییە تازەیەم ئاواز و دابەشكردن و موزیكەكەی، كاری (ئارێۆس حەمەسەعید)ـە و هۆنراوەكەیشی (حەمە سەعید ئیبراهیم)ـی باوكی نووسیویەتی.”
لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا (چۆپی) گوتیشی: “ناونیشانی گۆرانییەكەم (چۆپی)ـیە، واتە ناونیشانەكەی بە ناوی خۆمەوەیە. ئێستا ئەو گۆرانییە هەموو كارەكانی تەواو بوونە، واتا ئامادە كراوە و تەنیا ماوە بڵاو بكرێتەوە.”
گوتیشی: “بیرۆكەی كلیپكردنی ئەو گۆرانییەم هەیە، بەڵام ناتوانم بڵێم كەی ئەو كلیپە بەرهەم دەهێنم، چونكە كات دیاریكردن زەحمەتە.”
(چۆپی) پێشی وایە ئەو كارە تەزەیەی سەركەوتنێكی باش دەهێنێت، بۆیە لایەنگرانی ئاگادار دەكاتەوە بەم زووانە چاوەڕوانی ئەو بەرهەمە نوێیەی بن.