عەبدولغەفار عەبدوڵڵا
نەبوونی بودجەو نەھاتنی پارە لە بەغداوە بۆ ھەرێمی کوردستان، کاریگەریی نەرێینی بۆ سەر زۆرینەی کەرتەکانی ژیان دروست کردووە، دیارە جموجۆڵی کاری ھونەری و بەرھەمھێنانی ماددە ھونەرییەکان، بەشێکە لەو پرۆسانەی کە پێویستە بەردەوامییان
ھەبێت، چونکە پێ بە پێ لەگەڵ ژیاندا ھەنگاو دەنێت و دەبێ بە زیندوویی بیھێڵینەوە.
لەسەرەتای ساڵی (٢٠١٤)ـەوە بگرە چەند ماگێکیش لە ساڵی (٢٠١٣)ـی ساڵی پار، ئەو جوڵە ھونەرییانە لە بەرھەمھێنانی کاری (شانۆیی، درامی، سینەمایی) بەرەو سستی رۆیشتوون، تا ئێستاش کە نیوەی ئەو ساڵەی ناوی (٢٠١٤)ـیە یەک بەرھەمی ھونەریی لە رێگەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانەوە لە دایک نەبووە، لەکاتێکدا ھەرچی پێی بگوترێت بەرھەمھێنانی کاری ھونەری بە باڵای ئەو وەزارەتەدا بڕاوە، ئیتر واژۆی بەرھەم ھێندراوەکانی وەزارەتی رۆشنبیری و بە ھەموو ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی کە سەر بەو وەزارەتەن لەمانگی یەکی دەستپێکی ھەموو ساڵێک دەڵێن چاوەڕێی بوودجەین، تا مانگی (٣ و ٤) ئیتر ئەگەر بودجە پەسند بکرێت، ئەوا دەست دەکرێت بە ڕەزامەندییەکان بۆ بەرھەمھێنانی کار و بەرھەمە ھونەرییەکان، بەڵام لە مانگی (١١ و ١٢) ھەموو ئەو بابەتانەی کە قسمەتیان دەگاتە ئەو رێکەوتانە، دیسانەوە دەگوترێ چاوەڕێی بودەی ساڵی تازەیەن!
واتە کۆی خەرجکردن و رەزامەندی دان بۆ بەرھەمێکی ھونەریی تەنیا لە نێوان مانگەکانی ناوەڕاست و نزیک کۆتاییەوەن، ئیتر چەند مانگێک بەدیار چاوەڕوانی بودجە و نەمانی بودجەی وەزارەت ئیتر کۆمەڵێک کار و بەرھەم پەکیان دەکەوێت!
ئینجا ئەگەر باسی فێستیڤاڵ و چەند کۆنفرانسێکی ھونەریی و یادەکانی رۆژی جیھانی موزیک و جیھانی شانۆ و سینەما و ھتد .. ئەوانەش ھەر بێبەش دەبن.
ئەگەر لێمی قبووڵ بکەن، ئەم چەند پێشنیازە بۆ وەزیری تازەی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی کابینەی تازەی راگەیاندراو، دەخەمە روو، بۆ ئەوەی بتوانن گوڕ وەبەر جموجۆڵی ھونەری بخەنەوە و بەرھەم ھێنانی کاری ھونەریی لە کوردستان چیتر بەو ئاقارەدا گوزەر نەکات و کە لە چاوەڕوانی ھاتنی بوودجەدا خەوەنوزە بیباتەوە.
یەکەم: پێشیناز دەکەم وەزیری تازەی رۆشنبیری ئەو بودجەیەی کە تەرخان دەکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی (شانۆ، دراما، سینەما، شێوەکاری) بیکاتە تەندەرێک و بیخاتە بەردەستی کۆمپانیا ھونەرییەکان بۆ ئەوەی ئەوان لەلای خۆیانەوە ئەرکی بەرھەمھێنان بخەنە ئەستۆی خۆیان، ئەوەشیان ھەروا بە خۆڕایی نەبێت، بەڵکوو ئەو بودجەی دەیخاتە بەردەستی ئەو کۆمپانیانەی کە پارەی ئەو بەڕێوەبەرایەتیانە دابین دەکەن، ئەوانیش بڕێک لە پارەکانیان وەک سپۆنسەر بۆ بەرھەمێکی ھونەریی بخەنە پاڵ ئەو بودجەیەی کە ھەیە لە وەزارەت و، ھەروەھا ئەو کۆمپانیانە سەرپەرشتی بەرھەمەکان بکەن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بەرھەم بھێندرێت و پاشان بڵاو بکرێنەوە، ئەو کاتە ئەگەر بودجەش لەوەزارەت نەما، بۆ کارێکی ھونەریی دەکرێت وەزارەت بە خودی کۆمپانیاکان بڵێت رەزامەندی لەسەر چەند بەرھەمێک بدەن و ئیتر وڵات لە وشکە ساڵی نەبوونی بەرھەمی ھونەریی رزگار بکەن!
دووەم: بۆ سازدان و بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکان پێویستە لەوەشیاندا وەزارەتی رۆشنبیری و چەند ئۆفەرێکی کۆمپانیاکان وەربگرێت بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵ لە کوردستان، نەوەک ئەو فیستیڤاڵ و بۆنەو یادانەی باسم کردن پەکیان بکەوێت و نەزانن چۆن یاد و بۆنە ھونەرییەکان و فیستیڤاڵێک چۆن بەڕێوە ببەن، کە ئەوەشیان لە ھەموو دنیا کاری کۆمپانیاکانە نەک بەڕێوەبەرایەتییە ھونەرییەکان، چونکە ستراتیژیەتی بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵ، لە ھەموو روویەکەوە پێویستی بە زۆر بابەتە، بەڵام ئەوەشیان دەکرێ لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە ساز بکرێت.
سێیەم: کارێکی خراپ و عەیبەش نییە ئەگەر وەزارەتی رۆشنبیری پەنا بۆ چەند کۆمپانیایەکی ھونەریی ببات و دانوستاندنیان لەگەڵ ئەنجام بدات بۆ چۆنیەتی رێکخستنی ئەو بڕە پارەی ساڵانە دەدرێتە ھونەرمەندانی گۆرانیبێژ و ئەو کەسانەی لە سندوقی کۆمەکی داھێنان بڕە پارەیەکیان پێ دەدرێت، بۆ ئەوەشیان دەکرێ پشت بەو کۆمپانیایانە ببەستێت و بەو پارەیە لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەوە گۆرانی و کلیپی ھونەرمەندان بەرھەم بھیندرێت، بۆ ئەوەشیان دەکرێت سوود لە داھاتی ئەو کۆمپانیانە وەربگیرێت.
لە کۆتاییدا ئەوەی ماوە روونتری بکەمەوە، ئەوەیە کە چۆن دەبینین لە بوارەکانی (نەوت، داودەرمان، ئەلیکترۆنی، بیناسازی) و بوارەکانی دیکە پشتمان بە کۆمپانیاکان بەستووە، ئیتر بۆ بەرھەمھێنانی کاری ھونەری و بۆنە و فێستیڤاڵەکانمان با پشت بە کۆمپانیا ھونەرییەکان ببەستین.