حەیدەرعەبدولڕەحمان : لە جیھانی سینەمادا دوو فاکتەری ھاو تەریب ھەن کە لێکتر جودا نابنەوەو یەکێک تەواوکەری ئەوی تریانە , یەکێکییان پیشەسازی فیلمسازییە , وەک ھەر پیشەسازییەکی دیکەی بازرگانی کە تێیدا پێوەری بازاڕو قازانج و زیانی تێدا دەکرێت و فیلم وەک ھەر کەرەستەیەکی دیکە دەکڕدرێت و دەفرۆشرێت , بە ھەزاران کۆمپانیا لە کەرتی تایبەتیدا
بە ھەموو کەرەستەکانی خۆیانەوە رکابەری لە گەڵ یەکتر دەکەن بۆ بە دەسھێنانی زۆرترین داھات .
فاکتەری دووھەمییان بوون و نەبوونی ھۆڵی سینەماو بینەری سینەمایە کە تێیدا سینەما دەبێتە یەکێک لە پێداویستییە شارستانییەکانی ژیانی رۆژانەی مرۆڤ وەک ھەر پێداویستییەکی رۆژنەو ناتوانێت لێی جودا بێتەوە ..
لەنێوەندی ئەو ھاوکێشە رەھایە دەبێ بپرسین ئایا ئێمە مانان لە نێوان ئەو دوو رەھەندەی پیشە سازی سینەماو لە نێوان بوون و نەبوونی ھۆڵی سینەما لە کوێ داین ؟ بێگومان بە دەست خۆمان نیە دەبێ بڵێین لە ھەردووکییان بێبەشین , چونکە تا ئێستا وێڕای ئەوەی کە خاوەنی دەیان دام و دەزگای سینەمایین , کەچی نەمانتوانییووە سەرەتایەک بۆ بونیاتی سینەما بە گشتی لە کوردستاندا دامەزرێنین , بۆیە مافی خۆیانە ئەگەر کەسانێک ھەبن بڵێن ئەرێ کاکە بۆ , خۆ سینەما نەبۆتە تەلیسم لە وڵاتی ئێمەدا ؟ پێمان ناڵێن کێشەی نەبوونی سینەما دەکەوێتە ئەستۆی کێ ؟ لە ئەستۆی حکومەتە کە پشتگیری سینەمای نەکردبێت ؟ یا کەرتی تایبەتی نەگەیشتۆتە ئەو بڕوایە کە سینەما سەرچاوەیەکی بە پێزی بازرگانی بێت بۆ داھات و بتوانێت شوێنی مۆڵو سوپەر مارکێتە بازرگانییەکان پڕ کاتەوە ؟ ئایا کۆمەڵگای ئێمە ئارەزووی ئامشۆیەتی کردن لە گەڵ سینەما ناکا و نایەوێت سینەما ھەبێت ؟ یا خود سینەما لای کۆمەڵگای ئێمە نەبۆتە کەرەسەیەکی شارستانی و بوون و نەبوونی وەک یەک تەماشا دەکرێت ؟ من دەڵێم نا بۆ ھەر ھەموو پرسیارەکان و بە قسەی زۆرینەی سینەماکاران و دەزگا سینەماییەکان حکومەت تا ئێستا دەست رۆیشتوو بووە لە پشتگیری کردنی سینەما , بەڵام ئاخۆ ئەو دەست رۆیشتن و پشتگیریی کردنە تا چەند ئامانجەکانی پێکاندووە , یان سینەماکارانی ئێمە تا چەند متمانەیان پاراستووە و لە نێوان خەمی داھێنان و خەمی گڵدانەوە بەلای کامییاندا چوونە ؟ ئەو بودجە زەبەللاحانەی بۆ سینەما تەرخان دەکرێن تا چەند بوونەتە فاکتەر بۆ بەرەو پێشڤە چوونی سینەما , یاخود بە پێچەوانەوە بوونەتە ھۆکار بۆ لە کەدار کردنی بەھای سینەما لە ژێر چەندین ناونیشانی بریقەداری زەقی وەک فیستیڤاڵی سینەمای لاوان و سینەمای ژنان و سینەمای بەرەنگار بوونەوەی توندو تیژی و چەندین ناوی تر ؟کە تێیدا بێجگە لە دابەش کردنی خەڵات بە سەر یەکتر شتێ بە باڵای سینەما نابڕێت
بە راستی ھاوکێشەیەکی وا شیکردنەوەی سەختە , ئێمە ئەگەر ئێمە پسپۆرەکانمان لە سینەمادا لە ئەزموونە سینەماییەکانی خۆیاندا دەست کورت بن , ئەوە مەھدی ئومێد ئەسپەکەی دەچەقێ و ئەوە ھونەر سەلیم لە کیلۆ مەتر سفر سفر وەردەگرێ , ئەی دەبێ ئەو لاوە بێ ئاگایانەی سینەما, کە تا ئێستا تەمەنیان لەو ئاستە دا نەبووە فیلمێ لە ھۆڵی سینەمادا ببینن , گۆرانی بێژێک کە یەک دوو کلیبی بۆ کراوە , ئەکتەرێکی فاشیل لە شانۆدا , ھەر یەکەو شەپقەیەک لە سەر دەنێ و رێگە بە خۆی دەدات بڵێت من دەرھێنەری سینەمام , گرنگ ئەوە نیە چی پێشکەش دەکات و چی بەرھەم دێنێ , لەوە گرنگتر ئەوەیە باخەڵی گەرم بێت .. ئەوەتا ئەوێ رۆژێ لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لە تۆم کرۆزی گەورە ئەکتەری ھۆلیۆدیان پرسی : بە تەما نیت کاری دەرھێنان بکەیت ؟ لە وەڵامدا گوتی : دەترسم ئەگەر کارێکی وا بکەم خەڵکی پێم بڵێن شێت بووە ….
من تێ ناگەم کەی دەگەینە ئەو باوەڕە کە ئەو فیستیڤاڵە لاوازانە جگە لە بە ھەدەر چوونی توانایێکی زۆری ماددی و مەعنەوی نەبێ چ شتێ لە ئاستی سینەمادا دەگۆڕن ؟ ئیدی وا باشتر نیە لە بری ئەو چڕنۆک گرتنە لە سینەما , نەخشەیەک بۆ دروست بوونی پیشە سازی سینەما داڕێژرێت ؟ دەست بکرێت بەدابین کردنی ئامێرەکانی ئەو پیشەسازییەو پێگەیاندنی کادیری سینەمایی و کردنەوەی وۆرک شۆپ و ھێنانی شارەزاو پسپۆر , پەیوەندی بەستن لە گەڵ کۆمپانیا سینەماییە جیھانییەکان بۆ بەرھەمھێنانی ھاوبەش و ھاندانی نووسەران بۆ نووسینی سیناریۆو دەیان نەخشەی تر کە دەبنە فاکتەر بۆ رەخساندنی ھەلی دروست بوونی ئەو پیشەسازییە ؟ لە پاڵ ھەموو ئەمانەدا دیارە کە ھیچ پیشەسازییەک سەرکەوتوو نابێت ئەگەر بازاڕی نەبێت , بۆیە دابین کردنی بازاڕی سینەماش لە کوردستاندا بەر لە ھەموو شتێک بەوە دەبێت کە ھۆڵی سینەمامان ھەبێت ,ئەو ھۆڵەی کە ساڵانێکە ھاواری بۆ دەکەین , دەبێ بڵێین ئەگەر حکومەت نایەوێت چەند ھۆڵێکی سینەما وەک ئەزموون دروست بکات , ئەوە بەلانی کەمەوە با ھانی کەرتی تایبەتی بدات بۆ دروست کردنی چەند ھۆڵێک .. گرنگە ئەگەر وەزارەتی رۆشنبیریش جەخت لە سەر حکومەت بکاتەوە بۆ بە پراکتیک کردنی دروست کردنی ئەو ھۆڵانە کە ماوەیەکی زۆرە پرۆپاگەندەی دروست کردنییان بۆ دەکرێت .
ئەم ئەزموونەی ئێمە چاوەڕوانی دەکەین ماوەیەکە لە شاری سلێمانی پیادە کراوەو وەک بازاڕ سەرکەوتنێکی باشی بە دەست ھێناوە , بەڵام بۆ سەرمایەدارەکانی کەرتی تایبەتی لە شارێکی وەک ھەولێر نەگەیشتوونەتە ئەو بڕوایە کە سینەما سەرچاوەیەکی بە پێزترە لە مۆڵ , رەنگە ئەمە لە سنووری ئەو تەقلیدیەتە بخولێتەوە کە سەرمایەدارانی ئێمە پێیوە پەیوەستن , ھەر کاتێکیش دەست پێشخەرییەک کراو ئەزموونەکە سەرکەوت ئینجا ھەولێر پڕ دەبێت لە ھۆڵی سینەما .
ناکرێت ئەوە لە بیر بکەین کە ھونەرمەندە سینەماکارەکانی ئێمەش رۆڵی کاریگەری خۆیان ھەیە لە دروست بوونی ئەو پیشەسازییە , لە رێگەی ساز کردنی فیلمی بازرگانی , لەو فیلمانەی کە بازاڕ خواستییەتی و دەتوانێت بینەر راکێشی بەر پەنجەرە بکات , خۆ ھۆلیۆدیش ھەر وا دەکات بازاڕ چ ئەکتەرێکی بوێ , ئەو بە کرێ دەگرێ , چ شێوازێکی بوێ ئەو دروست دەکات , ئەمەیە وای کردووە داھاتی فیلمەکانی لە ملیۆنەھا دۆلار تێپەڕێنێ و کرێ ی ھەندێ ئەکتەری لە فیلمێکدا پتر لە سێ سەد ملیۆن دۆلار بێت , پێویستە دەرھێنەرەکانی ئێمە لە ھەلو مەرجێکی ئاوادا شوێنی کۆمپانیاکانی بەرھەم ھێنان بگرنەوە , تا قەناعەت بە کەرتی تایبەتی دەکەن کە سینەما داھاتی ھەیە , ئەوان دەبێت ئاراستەی ھەوڵەکانییان لە فیلمی فیستیڤاڵو ناو پەیدا کردن بگۆڕن بەرەو فیلمی بازاڕی , ئەو فیلمانە ھەم دەتوانن بازاڕ پەیدا بکەن , ھەم دەبن بە فاکتەر بۆ دروست بوون و پەرەپێدانی ئەو پیشە سازییە , من ئەو رێچکەیەی ھونەرمەندی سینەماکار حەسەن عەلی لە فیلمی شیرین بە رێچکەیەکی دروست دەزانم کە رەنگە ئەو دەست پێشخەر بێت لە نێوان ئەو دەرھێنەرانەی کە کار تەنھا بۆ فیستیڤاڵ دەکەن و تا ئێستا چەندین فیلمییان بۆ فیستیڤاڵەکان دروست کردووە بینەری وڵاتی خۆشییان بێبەش کردووە لە سینەما ,دەبێ دەرھێنەرکان لەوەدا ورد بن کە بینەری کورد ئەمڕۆکە چی دەوێت ؟ با سەتەلایتەکان بکەنە پێوەر بزانن بینەر ئارەزووی چی ھەیە , کامە جۆری فیلم زۆرترین بینەر بۆ خۆی کێش دەکات , حەسەن عەلی رۆمانسیەتی ھەڵبژارد چونکە دەزانێ لاوانی ئەمڕۆ چەند تامەزرۆی چیرۆکە سۆزداری و ئەشق بازییەکانن , لەمەدا سەرکەوتوو بوو بە بەڵگەی ئەو گەرم و گوڕییەی سینەماکانی سلێمانی بە خۆیانەوە بینییان , من دڵنییام حەسەن عەلی دەرگایێکی کردەوە کە زۆرانی دیکە بە دوای دادێن ..
haederabdulrahman@yahoo.com