رەزا شـوان
چیرۆکی منداڵان، گرنگترین و کاریگەرترین لقە لە لقەکانی ئەدەبی منداڵان. گرنگترین سەرچـاوەی رۆشـنبـیریی منـداڵانە. گـرنگـترین هـۆکـاری فـێرکـردن و پەروەردەکـردنی منـداڵانە. چـیرۆک دەرگاکانی ژیان لەسەر منداڵان دەکاتەوە. منداڵان لە رێی چیرۆکەوە، فـێری کـۆمـەڵێک بەهـای جـوان و بەرز دەبـن. لە کـتێبی (رۆشـنبیریی منـداڵان) دا، بە دڕێـژی باسم لە گـرنگـییەکانی چـیرۆک بـۆ منـداڵان کـردووە.
کەسانێکی زۆر پێیانـوایە، کە نووسینی چـیرۆک بۆ منـداڵان، کارێکی سووک و ئاسانە. بەڵام لە راستیدا بە پێچەوانەی بۆچـوونی ئەم کەسانەیە. نووسینی چـیرۆک بۆ منـداڵان کارێکی هـەڕەمەکی و ئاسان نییە. لە نووسینی چـیرۆک بۆ گەورەکان گـرانترە. لە زۆر رووەوە، جیـاوازی هـەیە لەگـەڵ نـووسـینی چـیرۆک بـۆ گـەورەکان. چـونکە منـداڵان تایبەتمەنـدی خۆیان هەیە و جیهانی منـداڵان لەگەڵ جیهانی گەورەکاندا جیاوازی هەیە.
نووسینی چـیرۆکی باش بۆ منـداڵان، سەرەڕای بـوونی بەهـرە و لێهاتـوویی و ئارەزوو، پێـویستی بە خـەیـاڵـێکی فـراوان هـەیە. پێـویسـتە چـیرۆکـنووسی منـداڵان شارەزاییەکی باشی لە قـۆنـاغـەکـانی منـداڵـیدا هـەبـێـت. شـارەزایی زمـانی منـداڵان بێـت، تا بتـوانێـت بچـێـتە نـاو جـیهـانی وەنـەوشـەیی و ئەفـسوونـاوی سـەیـر و سەمـەرەیـان، کـە پـڕە لە هـیـوای سەوز و لە راز و نیازی پاک و لە خۆزگە و لە خەونی شـیرین. لە زەردەخـەنە و لە پـێکەنـین، جـیهـانـێکە سـەرتـاپا لە پـاکی و بێتـاوانی و جـوانی. ئەوسـا دەتـوانێـت لە سـروشـتی ژیـانی راسـتی و لە زمـانی شـیریـن و سـاکار و لە تایبـەتـمەنـدییـەکـان و لە سەرچـاوە هـەستییەکانی منـداڵان بە باشی تێـبگەیت. چـیرۆکنووسی سەرکەوتـووی منـداڵان، پێـویستە نوێخـواز و داهـێنەربێت و تـوانـای گـۆڕیـنی چـەمکە جیـاوازەکـانی هـەبێـت، وەکـو: چـاکە، خـراپە، تـونـدوتیـژی، ئاشـتی، هـاوڕێـتی، ..هـتد.
پراکتیزەکردنی نووسین لەم جۆرە ئەدەبیاتە، پێویستی بە تێڕامانێکی ورد و درێژخایەن و بە هەڵـبژاردنی شـێوازێکی ئاسان و بە زمـانێکی ناسک و شـیرینی دەقـەکانی هـەیە.
زۆر لـەو چـیرۆکنووسـانەی کە تـازە دەچـنـە نـاو جـیهـانی بەریـنی نووسـینی چـیرۆکی منـداڵانـەوە، دادەمێـنن و ئـەوە بـە خـەیـاڵـیانـدا دێـت، کـە لـە کـوێـوە دەسـت پـێـبکەن؟ ئیـلهـام لە چـیـیەوە وەربگـرن؟.
گـەر تـۆ ئـارەزووی نـووسـینی چـیرۆکـت بـۆ منـداڵان هـەیە و پێـویستـیـت بە هـەنـدێ رێنمـایی پێویست هـەیە. پێش ئەوەی دەست بە نووسینی چـیرۆک بۆ منـداڵان بکەیت، پێـویسـتە ئـەم خـاڵانە بـزانـیـت و لەبەرچـاویـان بگـریـت
١ـ پێویستە ژمارەیەکی زۆری چیرۆکی هەمەچەشنەی منداڵان بخوێنیتەوە. لە شێوازی چـیرۆکنووسە ناسراو و بە ئەزموونەکان ئاشـنابیت. لەکاتی نووسینی چـیرۆکەکانت بۆ منـداڵان سوودیان لێوەربگـرە. بەڵام ئەمـە ئـەوە ناگـەیەنێـت، کە لاساییـان بکەیتـەوە.
٢ـ ئیـلهـام بۆ بیرۆکەی چـیرۆکەکانت، زۆرە و لە هەموو شوێنێکدا هـەیە، تەنیا ئەوەی دەوێت کە بزانیت چـۆن دەیـدۆزیتـەوە. دەکرێت لە رووداوێک یا هـەڵوێستێکی منـداڵیی خـۆت، یا لە بیـرەوەرییـەکانی رابـردووی ژیـانـت یان لە سـەرنجـدانی ورد لـە رووداوە راسـتییەکـانی ژیـانی رۆژانـەی دەوروبـەرتەوە ئـیلهـام وەربگـریت. دەکرێـت یەکـسـەر ئیلهـامی بابەتێکی داهـێنانی تـازە بە خەیـاڵـتـدا بێـت. یا لە خـوێنـدنەوەی داسـتانێک یا چـیرۆکێکـی فـۆلکلۆری یا ئەفـسانەییەوە ئیلهـامـێکی باشت بۆ بێـت. ماڵپەڕ و مەکـۆی زۆریش هـەیە، کە تایبەتـن بە یارمەتیـدانی نووسەران بۆ پەرەپێـدانی بیـرۆکەی نـوێ.
٣ـ بۆ پێکهـێنانی بیرۆکەیەکی گشتی سەبارەت بە چیرۆکەکەت. چەندین جار لە هـزرتدا تاووتـوێ و گەڵاڵـەی بـکە، لەگـەڵ گەیـشـتـنت بـەو بیـرۆکەیەی کە بە لاتـەوە جـوان و پەسـەنـدە، تـوانـای نـووسینی ئـەم بابـەتەت دەبێـت.
٤ـ پێش ئەوەی دەست بە نووسینی چیرۆکەکەت بکەیت، پێویستە نەخشەیەک دابڕێژیت کە هەموو مەرجە سەرەکییە پێویستییەکانی نووسینی چیرۆک بۆ منـداڵان لەخۆبگرێت.
٥ـ سەرنـاوێکی خـۆش و ئاسـان و سـەرنجـڕاکـێش بـۆ چـیرۆکـەکەت دابـنێ، کە لەگەڵ ناوەڕۆکی چـیرۆکـەکەتـدا بگـونجـێـت.
٦ـ ئەوەش زۆر گـرنگە کە بـزانیـت چـیرۆکـەکەت بـۆ چی قـۆنـاغـێکی تەمـەنی منـداڵی دەنووسیت. بەکاهـێنانی شێواز و زمانێکی گونجاو و لەبەرچاوگرتنی پێداویستییەکان و تایبەتـمەنـدییەکانی هـەر قـۆنـاغـێکی تەمـەنی منـداڵی، لە هـەمـوو روویـەکـەوە بـزانە کە چین. تا بتوانیت چیرۆکێکی شایستە بۆ منداڵانی ئەو قۆناغە بنووسیت کە دەتەوێت.
٧ـ دوای دیاریکـردنی شـتە سەرەکییەکانی ناو چـیرۆکەکە، بە متـمانە بەخـۆبـوون و بە گەشبینییەوە، بە ریزبەندییەکی لۆژیکییەوە بەم شێوەیە دەست بە نووسینی رەشنووسی چـیرۆکـەکەت بـکە: دەسـتپێکـردنی پێـشەکی چـیرۆکـەکەت بە دەســتەواژەیـەک یـان بە رسـتەیەکی سەرنجـڕاکـێش دەست پێـبکە. بۆ ئەوەی لە سەرەتـاوە منـداڵانی خوێنـەر یا گوێگر بە لای خۆیدا رابکێشێت و مەیـلی خوێندنەوەی بکەن. ئەوەش بزانە کە چیرۆک پلـۆت و سەرەتا و ناوەنـد و کۆتایی هـەیە، هەریەکەش لەم بەشانە مەرجی پێویستییان هەیە. فۆرم و ناوەڕۆکیش دوانەن و تەواکەری یەکترین. یا گیانێکن لە دوو جەستەدان، یا هەردوو باڵێ چـیرۆکن. پێویستە هاوسەنگییەک لە نیوان فـۆرم و ناوەڕۆکی چیرۆکی منـداڵانـدا هـەبێـت. بەڵام هـیچـیان مەکە بە قـوربانی ئەوی تـریان.
٨ـ چیرۆکنووسی منداڵان، بۆ نووسینی چیرۆک بۆ منداڵان، پێویستی بە بیرکردنەوەی قـووڵ و بە خەیاڵێکی فـراوان هـەیە. چونکە خەیـاڵ رەگەزێکی گرنگە لە چـیرۆکـدا.
گرنگترین هەنگاوەکانی نووسینی چـیرۆک بۆ منداڵان
گـرنگـترین بنەمـا و سـتراتـیژی و پێـویستیـیەکـانی نووسینی چـیرۆک بۆ منـداڵان، بە چـڕی و بە کـورتی، لەم هـەنـگاوانـەدا باسـیان دەکەیـن:
١ـ دیاریکـردنی تەمەنی منـداڵان: کاتێک کە چـیرۆکنووس بیەوێت چـیرۆکێکی گونجاو بۆ منـداڵان بنووسـێـت، پێـویسـتە بە تـەواوی ئـەو تەمـەنە منـداڵـییە دیـاری بـکات کە کردوونی بە ئامـانج و چـیرۆکەکەیان بۆ دەنووسێت. بۆ نموونە منـاڵانی تەمـەن نێـوان (٣ ـ٧) سـاڵان، بە تەمـەنـێکی تایبـەتی و بە قـۆناغـێکی خـەیـاڵی منـداڵان دادەنـرێـت. منـداڵانی ئـەم قـۆنـاغـە، بە زۆری هـۆگـری چـیرۆکی خەیـاڵئامـێزن. بە تایبەتـیش ئەو چیرۆکانەی کە پاڵەوان و کارەکتەرەکانیان ئاژەڵ و باڵندە و دار و درەختن. بە مەرجێک لە ژینگەیـانەوە نـزیکـبن. بەڵام منـداڵانی تەمـەن نێـوان (٨ ـ١٠) سـاڵان، جیـاوازن و کەمـتر خـەیـاڵـین و بە زۆری هـۆگـری ئـەو چـیرۆکانـەن کە راستـین یا لە راسـتییەوە نـزیکن. حەز بەو چـیرۆکانە دەکـەن، کە پاڵـەوانە سەرەکـییەکانیـان منـداڵانـن. کەواتە ئـارەزوو و تـوانـای تـێگەیشـتـنی منـداڵان لە چـیرۆک، بە پـێی قـۆنـاغـەکانی تەمـەنی منداڵان جیاوازە. بۆیە پێویستە نووسەرانی چیرۆکی منـداڵان لە سەرەتاوە، لە هەموو روویـەکەوە شارەزاییان لە رەهـەنـدەکانی قـۆنـاغـەکانی منـداڵی هـەبێت. بە تایبەتیش لەو تەمـەنەی کە چـیرۆکەکـانیان بۆ دەنـووسـن.
٢ـ دیـاریکـردنی بیـرۆکە یا ئامـانجی سـەرکـیی چـیرۆک: بیـرۆکە بەشـێکی گـرنـگ و بنەڕەتییە لە چیرۆک. کە چیرۆکەکە بە دەوریدا دەسووڕێتەوە. دەکرێت تۆی نووسەر لەسەر هـەربابەتـێک چـیرۆک بۆ منـداڵان بنووسـیت. ئەو بەهـایە دیـاری بکەیـت کە دەتـەوێـت بیکەیـت بە ئامـانجی چـیرۆکەکەت. وەکو، هـاوڕێـتی، دڵسـۆزی، نیـشـتمان پەروەری، خۆشەویستی، ژینەپارێزی، قارەمانێـتی، هـاوکاری، لێبووردن، راستگۆیی، .. هـتد. پێـویستە بە وریاییەوە و لە روانگەی منداڵانەوە روونی بکەیتەوە. وا باشترە کە لە چیرۆکێکدا، لە یەک بیرۆکە زیاتر نەبێت. تا منداڵان ئاڵۆز نەکات. لە هەڵبژاردنی بیـرۆکەی چـیرۆکەکەتـدا، تایبـەتییە دەروونییەکـان و سـۆزداری و تـوانای وەرگـرتن و زمـان و تێگەیشتن و گەشەکـردنی قـۆنـاغـەکانی منـداڵیەتی لەبەرچـاوبگـرە.
٣ـ گـرێ و بلـۆت لە چـیرۆکـدا: بریتە لەو کێشە و ئاریشـەیە، کە پاڵەوانی چیرۆکەکە دەیەوێـت چارەسەری بکات، یان رووبەڕووی بێتەوە و چارەسەری گونجـاوی بکات.
٤ـ ئامانج یا بەهـای چـیرۆک: ئەو بەهـا یا مەبەست و ئامانجە دیـاری بکە کە لەپشت چـیرۆکەکەتەوەیە، کە دەتەوێت بیهـێنیتەدی. لە میانەی چیرۆکەکەتەوە چی پەیامـێکت هـەیە، کە دەتـەوێـت بە منـداڵانی بـگەیـەنیـت. واش مـەکە چـیرۆکـەکەت لە بەهـایەک زیـاتر لەخـۆبگـرێـت. چـونکە سەرقـاڵـت دەکات و چـیرۆکەکەشـت یەکگـرتـوویی خـۆی لەدەست دەدات. بۆیە پابەنـدی یەک ئامانج بە. ئامانجەکەشت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و داهـێنەرانە بە منداڵان بگەیەنە. وەک گەورەکانیش لە گەڵ منـداڵانـدا قـسە مەکە. یان بە گەمـژەیان تـێمەگە. بە هـەنـدیان بـزانە، چونکە منـداڵان هەست بە زۆر شت دەکەن.
٥ـ هەڵـبژاردنی پاڵەوانی سەرەکی و کارەکتەرەکان (کەسایەتییەکان): پاڵەوانی چیرۆک، ئـەو کـارەکـتەرە سـەرەکـیـیەیە، کە دینـەمـۆی رووداوەکـانە و چـیرۆکـەکە بە دەوریـدا دەسووڕێتەوە. بۆیە پێویستە بە باشی هەڵبژێـرێت، خەسڵەتی باشی هەبێت. نووسەری چیرۆکی منداڵان دەتوانێت کارەکتەری راسەقـینەی جیاوازی منداڵان یا بە ساڵاچوان لە هـەردوو رەکەز کە لە ژیانـدان بەکاربهـێنێـت. مەرجیـش نییە پاڵەوان و کارەکتەرەکان مـرۆڤ بن، دەکرێت ئـاژەڵ یان باڵـندە یا دار و درەخـت بن. باشتر وایە، کە سـیمایەکی تایبەتی بە پاڵەوانی سەرەکی چـیرۆکەکەت بـدەیت، وەکو: بوونی نیشانەیەک یا خاڵـێک لە دەمـوچـاویـدا، یا سـتایـلێکی جیـاوازی قـژی، یان شـێوەیەکی جیـاوازی جـلـوبـەرگ لەبەرکردنی، یان جیاوازی لە رۆیشتـنی یان جیاوازی لە قـسەکردنی، یان جیـاوازی لە پێکەنیـنی، ..هـتد. سەرەڕای هـەنـدێ خەسـڵەت و تـایبـەتـمەنـدیی پاڵـەوانی سـەرەکي چـیرۆکەکە، وەک: میهـرەبانی، ئازایی، دڵسـۆزی، بە ئەمەکی، خـۆڕاگری، هـاوکاری، چاکەخوازی، فریاڕەسی، زیرەکی، رووخۆشی،.. هـتد. منداڵان هەوڵدەدەن لاسایی ئەو پاڵـەوانانە بکەنەوە کە لە چـیرۆکەکانـدان. پێـویستە ناوەکانی پاڵەوانەکان کـوردی بن. باشـترە کە نـاوە تـازەکان بخـرێنە چـیرۆکەوە. ئاساییشە کە کارەکتەرەکـان، لە رووی قـەوارە و رەنـگ و شـێـوە جیـاوازبـن، کچـبـن یـا کـوڕبـن، سـادەبـن یا شـازادەبـن، هـەژاربـن یا دەوڵـەمەنـدبـن. سـپی بـن یا ئەسمەربـن. منـداڵان فـێری قـبووڵکـردنی جیاوازییەکان دەبن. ناشبێت چیرۆکنووس کـاری لە تـوانـابەدەر و خـەیـاڵی بـداتە پاڵ پاڵەوانی چـیرۆکەکەی. تا پاڵەوان نـزیک بێـت لە ژینگەی منـداڵانەوە، کاریگەرییەکی باشتری دەبێت. دەکـرێت کارەکتەری بچـووک لە کارەکـتەری گـەورە ببـاتەوە. دڵـنیابە کە پاڵەوانی چیرۆکەکەت خۆی کێشەکانی چارەسەر بکات، وا مەکە کە بۆ چارەسەری کـێشەکـانی پشـت بە دایـک و بە بـاوکی ببەستـێت. دڵـنیاشـبە کە کێـشەکـانی پاڵـەوانی چـیرۆکـەکەت بە رێکەوت چارەسەر ناکـرێن. راستەوخـۆش بە منـداڵەکان مـەڵێ: ئـاو بـە فـیـڕۆ مـەدەن، یان زبـڵ و خـاشـاک لەسـەر رێـگـاکاندا فـڕێ مەدەن. بەڵکو وا لە پاڵـەوانەکەت بکە، کە بەشـێوەیەکی ناڕاسـتەوخـۆ ئـەم کـارانە فـێربێـت.
٦ـ نووسینی پێـشەکییەکی کورت بۆ چـیرۆکەکە: چیرۆکنووس لە پێشەکییەکەیـدا ناوی پاڵـەوان و کارەکتەرە سەرەکییەکانی چـیرۆکەکەی بە منـداڵان دەناسێنێت. کات و ئـەو شـوێنـانەش کە رووداوەکانی تێیـدا روودەدەن دیـاری دەکات.
٧ـ زمـانی چیرۆکی منـداڵان: پێـویستە تۆی چیرۆکنووسی منداڵان، شارەزاییەکی باشت لە زمـان و لە رێـزمانی کـوردی و لە فـەرهـەنگی وشـەکانی منـداڵان هـەبیـت. سەرنـج وردیت لەسەر زمانی نووسین بۆ منـداڵان بە پێی قـۆناغـەکانی تەمەنی منـداڵی هـەبێت، تا وشـە و رسـتەی گونجـاو بەکـاربهـێنـیت. وشـەکـانـت ئاسان و رسـتەکـانـت کـورتـبن. بێ گـرێ و گۆڵبن و گران و ئاڵۆزنەبن. زۆر گرنگە لە گـێڕانەوەی چـیرۆک بۆ منداڵان، زمانی هەستی بەکاربهێنیت. لەگەڵ روونکردنەوەی وردەکارییەکان بۆ منداڵانی خوێنەر، بە جـۆرێـک کە وا هەسـت بکەن، کە ئـەو پاڵـەوان و کارەکتەرانـەی لە چـیرۆکـەکەتـدا باستکـردوون، راسـتەقـینەن. لە میـانـەی وردربـوونەوەیـان لـەو کـارانەی دەیانبیـنن و گـوێیـان لێـیان دەبێـت و هـەستیان پێـدەکەن و چـێژیـان لێـوەردەگـرن.
٨ـ بەکـارهـێنانی دیالـۆگ و قـسەکـردن و میـتەفـۆرم لە چـێرۆکـەکەکانـدا: دیالـۆگ لە نێـوان ئەکتەرەکانـدا بەشـێکی گـرنگە لە چـیرۆکـدا. لە نووسـینی دیالـۆگـدا، پێـویستە رەچاوی قـۆنـاغـەکانی ئەو تەمەنە منـداڵییە بکەیـت کە چـیرۆکەکەیان بۆ دەنووسیت.
باشـترین دیالـۆگ لە نێـوان پاڵـەوانەکانـدا، ئەوەیە کە دیالـۆگێکی سـادە بێت. چونکە وشەکانی منـداڵان سـنووردان. لە قـسەی بە تـوێکـڵ و تـەرز و واتا شاراوە تێناگەن.
٩ـ بەکارهـێنانی وێنـەی فـۆتـۆگـرافی و وێنەی کـێشراوی رەنگاوڕەنگ (گـرافـیک): وێنەی جـوان و رەنگاوڕەنگ هـەر ئـەوە نییە، کە سەرنـجی منـداڵان رادەکێـشێـت و چـیرۆک دەڕازێنێـتەوە، بەڵکو تـەواکەری چـیرۆکـە، هـۆیـەکی گـرنگـە بۆ ئەوەی کە منداڵان باشتر لە چیرۆک تێبگەن و چێژێکی زیاتری لێوەربگرن. زیاتریش خەیـاڵ لە چـیرۆکە وێنـەدارەکان دەکەنەوە. زۆر جار ئەو پەیـامەی کە چـیرۆکنووسانی منـداڵان ناتوانن بە جوانی و بە دروستی بە وشە و بە رستە گوزارشتی لێبکەن، وێنەکێش بە ئاسانی بە وێنـەی جـوانی رەنـگاوڕەنـگ گـوزارشـتی لێـدەکات.
١٠ـ مـلمـلانێ لە چـیرۆکـدا: ملمـلانێ بنـەمـایەکی گـرنـگی چـیرۆکە. بـەڵام پێـویستە جەخـت لەسەر سەرکەوتـنی: چـاک بەسەر خـراپـدا، ئاشتی بەسەر شەڕدا، ئازایـەتی بەسەر تـرسدا، خـۆشـەویستی بەسەر رقـدا، یەکـێتی بەسەر دووبـەرەکـیدا، دڵسۆزی بەسەر ناپـاکیدا، ئـازادی بەسەر دیـلـێتـیدا،.. هـتد. بـکەیـت.
١١ـ خاڵـبەنـدی لە چـیرۆکـدا: چەنـد هـێمایەکی خاڵبەنـدی لە چـیرۆکەکەتدا لە شوێنی راستدا بەکاربهـێنە. وەک، مەنـووسە: لەناکاو شـێرەکە نەڕانـدی!!! بەڵکو، بنووسە: لەناکاو شـێرەکە نەڕانـدی! . مەنـووسە: جـوان بە چـی پـێکەني؟؟ بنووسە: جـوان بە چـی پـێکەنی؟ بەکارهـێنانی خـاڵـبەنـدییەکی زۆر، رسـتەکان لاواز دەکـات.
١٢ـ کـات و شـوێـن لـە چـیرۆکـدا: پێـویـسـتە تـۆی نـووسـەری چـیرۆک بـۆ منـداڵان، پابەنـدبێـت بەو کاتەی کە چـیرۆکەکەت تـێـیدا دەست پـێکـردووە. ئایا چـیرۆکەکەت لە رابـردوودا گـێڕاوتەوە؟ یان لە کاتی کـاتی ئێستادا؟ یا دەربـارەی داهـاتـوو نووسـیوتە. بە درێـژایی چـیرۆکەکەت پابەنـدبە بەکاتەوە. هەروەهـا ئەو شوێنانەش دیاری بکە کە رووداوەکـانی چـیرۆکـەکەت تێـیانـدا روویـان داوە. ماڵـەوەیـە، پـۆلـە، قـوتـابخـانـەیـە، یاریگایە، گونـدە، شـارە،.. هـتد. باشتر وایـە ئەو شوێنـانەبـن لە منـداڵانەوە نـزیکـن.
١٣ـ دووبـارەکردنەوەی وشـە و رسـتە: دووبـارەکـردنەوەی هەنـدێ وشـە و رسـتە لە چـیرۆکـدا، بـۆ ئەوەیـە کە لە مێـشکی منـداڵانـدا جـێگـیربـن و لەبـیریـان نەچـنەوە. بـۆ نموونە، وشەیەک یا رستەیەک هـەیە، کە پاڵـەوان یا کارەکتەری سەرەکی چـيرۆکەکە هـەرکـاتـێک رووبـەڕووی دۆخـێکی دیـاریکـراو دەبـێـتەوە، دووبـارەی دەکـاتەوە.
١٤ـ دوورکەوتنەوە لە شێوازی تەڵـقـین ئاسایی و بانگەشە وپەنـدێـری و وتاربێژی و فـرمان پێکردن و لە رێنمایی راستەوخۆ، لە نووسینی چیرۆکی منداڵاندا. ئەو هەڵەیەی کە هـەنـدێ لە نووسەرانی چـیرۆکی منـداڵان تێیکەوتـوون، ئەوەیە کە راسـتەوخـۆ بە ئامۆژگاری و بە پەنـدێری و بە رێنمایی دەستیان بە نووسینی چـیرۆکەکانیان کردوون.
١٥ـ کۆتـایی چـیرۆک: دیـاریکـردنی کۆتـایی چـیرۆکەکەت، لە میـانەی ئاشکـراکـردنی ئەوەی کە پاڵەوانەکە، بە ئامانجـەکەی گەیشتووە یا نەگەیشتووە. هـەوڵبدە کۆتاییەکی دڵخۆشکەر و هيـوابەخـش بنووسیت، کە جێی رەزامەنـدیی منـداڵان بێت. لە چـیرۆکدا کۆتاییەکان بە هـەمـان شـێوەی سەرەتـاییەکـان گـرنگـن.
١٦ـ پێـداچـوونەوە بەچـیرۆکەکەت: کە رەشنووسی چـیرۆکەکەت تەواکرد، کاتی ئەوە دێـت کە دووبـارە و سـێـبارە، بە وردی و بە چـاوێـکی رەخـنەگـرانەوە، چـیرۆکەکەت تاووتوێ بکەیت و لە هەمـوو روویـەکەوە هـەڵـیبسەنگـێنیـت، هـەڵـەکانـت بـژاربکە،
ئەو وشـە و رستانەی کە زیادن بیـان سڕەوە، دەکـرێت دەستکاری بکەیت و وشـە و رسـتەی تـری بۆ زیاد بکەیـت. دڵـنیاشبە لەوەی کە چـیرۆکەکەت کورت و پـوخـتە و زیـادەڕۆییـت تێـیدا نەکـردووە. چـونکە چـیرۆکی دڕێـژ منـداڵان بـێزار دەکـات.
١٧ـ شـەرم و شـوورەیـش نییە، گـەر چیرۆکەکەت پێـشانی یـەک دوو چـیرۆکـنووسی پیشەیی خاوەن ئەزموون لە بـواری چـیرۆکـنووسین بۆ منـداڵان بدەیت و بیخوێننەوە. سـوود لە بیـروڕاو و لە بۆچـوونەکـانیان وەربگـرە. رەخـنەکانیـشـیان قـبووڵ بـکە.
١٨ـ دەکرێـت بە دەنگـێکی بەرز و بە شـێوازێکی شیرین و فـانتازی، چـیرۆکەکەت بۆ کۆمەڵـێک لە منـداڵان بخـوێنیتەوە. بـزانە کاردانەوەیان دەربارەی چـیرۆکەکەت چـین؟
لە کۆتـاییدا دەڵـێین، نووسینی چـیرۆک بۆ منـداڵان، یەکـێکە لە گـرنگـترین جـۆرەکـانی نـووسیـنی ئـەدەبی، کـە پێـویستی بـەوە هـەیە، گـەشـە بـکات و بە شـێوەیـەکی جـیاواز دەربکەوێت و داهـێنانی تێـدا بکرێت. چونکە چیرۆک فاکتەرێکی بەهـێزی مەستکردنی پێـداویستیـیە سایکـۆلـۆژییـەکانی منـداڵانە. هـۆکـارێکی ئاسـان و گـرنـگی فـیرکـردن و پەروەردەکـردن و رۆشـنبیریکـردن و راهـێنانی منـداڵانە. ئـەوەی بە چـیرۆک دەکـرێت، زۆر لە لـقەکـانی تـری ئـەدەب پێیان ناکـرێـت. چونکە ژیـان لە منـداڵـییەوە بە چـیرۆک دەسـت پێـدەکـات، چـیرۆکەکـانی ژیـانیـش کـۆتـاییـان نایـات.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٢
Discussion about this post