مەسعودى مەلا هەمزە: ئایین وەک بەشێکى گرنگ لە ژیانى زۆربەى تاکەکانى کۆمەڵگا زۆرترین و دیارترین کاریگەرى هەبووە، بە تایبەتى لە کۆمەڵگاى کوردى، کە ئەو کۆمەڵگایە بە کۆمەڵگایەکى پەیڕەوکەرو پەیوەست بە ئایین ناسراوە، ئەگەرچی زۆرجار لەلایەن ناحەزانەوە کورد بە گەلێکى کافر و زەندیق و بگرە هەندێ جار بە جوولەکەش ناوى هاتووە، کەچی ئەوە هیچ کاریگەرییەکى ئەوتۆی نەبووە لە سارکردنەوەو دوورخستنەوەى کورد وەک گەلێکى دیندار لە پەیڕەوکردنى ئایین و خواپەرستى.
هەموومان دەزانین یەکێک لە شتە هەرە خۆشەکانى ئایینى ئیسلام هاتنى رەمەزانە، دیارە لەناو کورد ساڵانى پێشوو وا باو بوو و ببووە کلتووریش کە دەبێ لە رەمەزانان دراما پێشکەش بکرێ، دواى چەند ساڵێک لە بوونى ئەو کلتوورە ئێستا خەریکە ئەو شتە سارد دەبێتەوە و شتێکى دیکە شوێنى دەگرێتەوە، ئەویش چڕینى گۆرانى و سروودى ئایینى و عیرفانییە لەلایەن هونەرمەندانى گۆرانیبێژەوە.
کێ هەیە لە ئێمە ئەوەى پێناخۆش بێ کە هونەرمەندانى کورد بەتەنگ ئایینەوە بێن و سروود و موناجات و گۆرانى بۆ گەورەیی خودا و ئایین بچڕن، بەڵام بەندە وەک خاوەن قەڵەمێک بەردەوام هەڵوەستەم کردووە لەسەر ئەو هەڵوێستانەو بە نووسینى توندیش رێم لە کارى هەندێ گۆرانیبێژ گرتووە کە پێموابووە ئەو بازرگانى بەو جۆرە کارانەوە دەکا.
ئەوەى لێرەدا زۆر مەبەستمە قسەى لەسەر بکەم ئەو لێشاوە زۆرەى گووتنى گۆرانى ئایینییە، تا چەند ساڵێک لەمەوبەر بە حوکمى ئەوەى لە مانگى رەمەزاندا بایەخ بە سروود و گۆرانى ئایینى دەدرا، هەموومان دەمانزانى کە ژمارەى ئەو سروود و گۆرانییە ئایینییانە چەندن و کێن ئەوانەى دەیچڕن، وەلێ ئەمساڵ جیا لە هەموو ساڵانى دیکە ئەو رێژە زۆر زیادى کردووە، بەرادەیەک خەریکە عەقڵ قبوڵی نەکا، بە بڕواى من ئەم دیاردەیە جێگاى دڵخۆشیە، بەڵام دەبێ ئامانجەکەى چی بێ؟
گومانم نییە لەوەى بەشێکى زۆر کەم لەو هونەرمەندانە چڕینى ئەو گۆرانییانە وەکو هەستکردنێک بە بەرپرسیاریەتى بەرامبەر ئایین دەزانن، ئەوەیان کارێکى شایستەو جێی قبوڵە، بەڵام ئەى ئەوانەى بە ئامانجى دیکە ئەو کارە دەکەن و بۆ مەبەستى دیکە سروود دەچڕن.
ئەوەى جگە لە مانگى رەمەزان لە مانگەکانى دیکە تۆزقاڵێک سەیری کەناڵە ئیسلامییەکان بکا، هەستدەکا کە ژمارەى هونەرمەند و سروودبێژە ئایینییەکان رووى لەزیادبوون کردووەو لەو ناوەشدا چەندان کارى جوانیان ئەنجامداوە، بەرادەیەک هونەرمەندى ئایینى هەیە لەڕووى ناوبانگ و شوهرەتەوە هیچی واى کەمتر نییە لە هونەرمەندێکى گۆرانیبێژ.
یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانم پێی راگەیاندنم کە فلانە هونەرمەند لەبەرئەوەى لەماوەى چەند ساڵی رابردوو بەهۆی بەرهەمەکانیەوە نەناسراوە و خەڵک پێشوازیان لە بەرهەمەکانى نەکردووە، بۆیە دەیەوێ لەو رەمەزانە پیرۆز و پڕ پیت و بەرەکەتە هانا بۆ تۆمارکردنى گۆرانیەکى ئایینى بباو لەو رێگایەوە خۆی بخزێنێتە ناو دڵی جەماوەر، ئێوە بڕیاربدەن ئەوە چ جۆرە کارکردنێکە؟!
لەوە سەیرتر لەلاى من ئەوەیە هونەرمەندێک لە 12 مانگ 11 مانگى رێک خەریکى کوفری کردن و شرک پەیداکردن بێ بۆ خودا، لەوەش خراپتر هەموو ئەو کارانە ئەنجام بدا کە خودا پێی ناخۆشە، کەچی کە رەمەزان هات گۆرانییەکى ئایینى تۆماردەکاو دەچێتە مزگەوتێکى ناسک و نازداریش کلیپی بۆ دەکا، هەندێ جاریش تەنکە ریشێکى سۆفیانەو مەلایانەشی بۆ بەردەداتەوە، دەمەوێ بپرسم کاکى هونەرمەند ئەوەت بە چەند و ئەمت بە چەند؟ کوا دیندارییەکەت و کوا ئەو مەوقیفەى کە ساڵەهایە گۆرانى بۆ دەچڕی و خۆت کردۆتەوە عاشق و زۆرجار بە خۆشەویستەکەت دەڵێی: ئەى خواوەندى عەشق و ژیانى من.
ئاخر کارەسات لەوە زیاتر چییە هونەرمەندێک لەبەرئەوەى ناناسرێ و بینەر و گوێگر پێشوازى لە بەرهەمەکانى ناکەن بڵێ وەڵا رەمەزان باشترین دەرفەتە بۆ ئەوەى بەرهەمێک تۆماربکەم و خۆمى پێ بناسێنم، وەرن پێم بڵێن جیاوازى نێوان ئەو هونەرمەندەو ئەو بازرگانە چییە کە لە مانگى رەمەزان بازاڕ قۆرخ دەکاو شتومەک گران دەکا، ئەو بۆ باخەڵ و کاکى هونەرمەندیش بۆ ناسین؟؟!!
خاڵێکى دیکەى گرنگ هەیە دەمەوێ باسی بکەم، هەر لەو رەمەزانە نازدارەى ئەمساڵ و بەو گەرمایە لە ماڵەوە بەدیار سەیرکردنى تەلەفزیۆن دانیشتبووم و گوێم لە گۆرانیەکى ئاوا ئایینى دەگرت، کە سەیرم کرد کاکى ئاوازدانەر وەکو زۆربەى کارەکانى دیکەى چۆن هونەرى کوردى تێکداوە ئاوا لەو گۆرانییە ئایینییەش شێوازى بانگدانى تێکداوە، ئاخر هەموومان دەزانین بانگدان یەک شێوازى هەیەو تەواو، خۆ ناڵێن ئەوە داهێنانە بتوانى بانگدان بگۆڕێ، ئاخر کاکە گیان ئەوە ئایینە و سابتە، چۆن 14-15 سەدە پێش ئێستا هاتۆتە خوارەوە تا ئێستاو تا دنیاش کۆتایی دێ هەر وەکو خۆی دەمێنێتەوە.
جاران کە گوێم لە بەرهەمێکى ئایینى دەبوو، کە وەکو سۆزێکى ئایینیانەش سەیری بابەتەکەم دەکرد، دەمگوت لەوانەیە ئەو هونەرمەندە تۆبەى کردبێ و ئیدی بیەوێ لە کارەکانى داهاتووى بەشێوازێک کاربکا کە بڵانسێک لەنێوان ئەو بەرهەمەى رەمەزان و بەرهەمەکانى دیکەى رابگرێ، کەچی ئێستا هەر لە هەمان ئەو کەناڵەى سروودێک پەخش دەکا، هەر بەرهەمێکى ئەو هونەرمەندە پەخش دەکا، ئەو لە باوەشی کچانەو بەینى خۆمان بێ، بەخوا مەمۆکەشیان رووتەو جار جارە دانس و شتى ئاوا حەرامیش دەکەن، کوا بڵانسەکەى نێوان ئەم دوو بەرهەمە.
لە سۆنگەى ئەم وتارەوە دەمەوێ بڵێم بۆ ئەوەى چڕینى سروود و گۆرانى ئایینیش وەکو گۆرانیگوتنى لێ نەیە ئەوەى هەڵسایەوە گۆرانیەک تۆماربکا، پێویستە تەلەفزیۆنەکان فلتەریان هەبێ و هەموو کارێک پەخش نەکەن، ئاخر چۆن دەکرێ هەموومان دیندار و لەخواترس، هەمووشمان میوانى مەیخانەکان و مەیگێڕەکان بین، دواجاریش بڵێین خوایە ئەو رەمەزانە لێم ببوورە، دواى رەمەزانیش دەچمەوە سەر سروشتى کارکردنى خۆم ئەویشم لێ مەگرە.
بە بڕواى من خاڵێکى دیکەى گرنگ هەیە کە راستى قسەکانم دەسەلمێنێ لەوەى بەشێک لەو هونەرمەندانە کارى ئایینى وەکو بازرگانیکردن سەیردەکەن ئەویش هەر لە هەڵبژاردنى تێکستى بەرهەمەکانیان دەردەکەوێ، چۆن؟ ئاخر کەى رەوایە کەسێک تێکستى سروود و گۆرانى ئایینى بنووسێ، کەچی خۆی گومانى هەبێ لە بوونى خوا، هەر خۆی لە شیعرەکانى دیکەیدا بڵێ خوا خەوتووە و نازانم شتى ئاوا.
یان شاعیرێکى دیکە لە تێکستەکانى دیکەى بڵێ، ماچ خۆشەو ئەمشەو وەرە سەرینم، کەچی ئەوجارەیان بڵێ، ئەى خودایە لێم ببوورە، قوربان لەچیت ببوورێ؟
جارێکیان برادەرێکى گەورە رۆماننووسی کورد گوتى: مەسعود گیان خەمت نەبێ بەردەوام کارە جوانەکان ئەوانەن کە بێ دەنگ و قوڕسن و دەکەونە ژێر ئاوەوە، ئەو کارانەى سەرپێیشن وەکو بڵقی سەر ئاو زوو دەتوێنەوە، دە وەرن پێم بڵێن بەشی زۆری ئەو هونەرمەندانەى بەرهەمى ئایینییان تۆمار کردووە، کامیان توانیویانە شیعرێکى وەکو شیعرەکەى مەلایێ باتەیی هەڵبژێرن، کە عەبدولقەهار زاخۆیی کردوویەتیە بەرهەمێکى زۆر نازدارى ئایینى، ئەى کامە هونەرمەندى گۆرانیبێژ توانیویەتى وەکو سروودبێژە ئایینییەکان شیعر یا تێکستێکى جوان هەڵبژێرێ.
لە کۆتاییدا دەمەوێ بڵێم هیوادارم ئەو هونەرمەندانەى بەڕاستى دەیانەوێ خزمەتى ئایین بکەن و بەهاتنى رەمەزان دڵخۆشن با بەرهەم تۆمار بکەن، ئاخر گوناهە هونەرمەندێک بەرهەمى بۆ رەمەزان تۆمارکردبێ و لەناو هاوڕێکانى بڵێ: ئەرێ کەى رەمەزان تەواو دەبێ، خۆ یانەکان هەموویان داخراون خەریکە شێت دەبم بۆ دانیشتنێکى سەرمێزى یانەکانى شەوانە.
ئەگەریش نا ئەو دوو فاقی و ئیجدواجیەتە تاکەى؟ کاکە گیان کێ هەیە نکۆڵی لەوە بکا کە گۆرانى گوتنى سۆزدارى و بەشەکانى دیکەى خراپ بێن خۆم یەکێکم لەوانەى ئەوەندە گوێ لە بەرهەمە سۆزدارى و بەشەکانى دیکە دەگرم، ئەوەندە گوێ لە سروود و گۆرانى ئایینى ناگرم، مەگەر بەرهەمێک زۆر رامکێشێ، بەڵام ئەو نووسینەم وەک زەنگێکى ئاگادار کردنەوەیە بۆ ئەو هونەرمەندانەى کارى وادەکەن، چونکە مێژوو رەحم بە کەسمان ناکا، پێشموایە زەنگەکەم کاریگەرى دەبێ، وەک ئەو زەنگەى بۆ برادەرێکى هونەرمەندم لێداو ئاگادارم کردەوە لەوەى پێویستە بەر لەو بەرهەمانەى لەسەر غەیرە کورد تۆماریان دەکاو سۆزدارى خۆی بۆیان دەردەبڕێ، بەرهەمێک بۆ هەڵەبجەو ئەنفال تۆماربکا، ئەوەبوو شوکر بۆ خوا بەرهەمێکى یەکجار نایاب و دانسقەى تۆمارکرد، کە من هەرکاتێک هەستم بۆ هەڵەبجەو ئەنفال بجووڵێ حەزدەکەم گوێ لەو بەرهەمە بگرم، ئەم جۆرە بەخۆداچوونەوانەش عەیب نییەو کارى باش لەوەدایە من گوێ لەتۆ و تۆش گوێ لەمن بگری.
مەسعودى مەلا هەمزە