كارۆخ مەلائەسعەد: بەڕێوەبەری گرووپی كچانی ڕانییە (هێمن حەسەن) بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند كلیپی (چوار گوڵ) یەكەم بەرهەمی گرووپی كچانی ڕانییە و چەند ڕۆژێكیشە لە تەواوی كەناڵە ئاسمانیی و لۆكاڵییەكان و تۆڕەكانی ئینتەرنێت دا بڵاوكراوەتەوە.
لە بارەی ئەو كارە تازەیەیانەوە گوتی: “(چوار گوڵ) گوڵبژێرێكە لە گۆانییەكانی هەر یەك لە هونەرمەندان (شەماڵ سایب، عەلی مەردان، ئەیاز زاخۆیی، فوئاد ئەحمەد)، دابەشكردنی میووزیكیش لە لایەن (كوردۆ سەردار)ـەوە ئەنجام دراوە و بە دەنگی چەند خاتوونێكی گرووپەكەیشمان گۆرانییەكە گوتراوەتەوە.”
لە بارەی چۆنییەتی بەرهەمهێنانی كلیپەكەیشیانەوە دەڵێت: “سیناریۆ و كامێرا و دەرهێنانی ئەو كلیپەمان (سامی سەباح) بە ئەنجامی گەیاندووە و مۆنتاژەكەیش (كاروان زامدار) كاری بۆ كردووە، (تەمەن سەید ئەحمەد)ـیش یاریدەدەری دەرهێنەر بووە، ڕووناكی (ڕەوەند ئەمجەد) جێبەجێی كردووە، (ئەندام جەمال)ـیش بەڕێوەبەری بەرهەمەكەیە. هاوكات بەرهەمهێنانی (AVA Production)ـە.”
ئەو سوپاسی گوندی نەوازینان و چالاكی هونەریی ڕانییە و (هەرێم محەممەد و هونەر بابان) دەكات كە لە بەرهەمهێنانی ئەم ڤیدیۆ كلیپەدا هاوكاریان بوون.