مەسعودی مەلا ھەمزە : چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی لە دوو بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە رۆژانی ٢٢ تا ٢٨ی دیسێمبەری ٢٠١١ لە تەلاری ھونەر لە ھۆڵی رۆشنبیری شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
بە پێی راپۆرتی راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی، چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانی و بە بەشداری بەرھەمی سینەماکارانی کورد و بیانی و لە دوو بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە چەندین بەشی جۆراوجۆردا، لەوانە: “فیلمی درێژ”، “فیلمی کورت”، “فیلمی دیکیۆمیێنت”، “فیلمی منداڵان”، “فیلمی ئەنیمەیشن” لە رۆژانی ٢٢ تا ٢٨ی دیسێمبەری ٢٠١١ لە تەلاری ھونەر لە ھۆڵی رۆشنبیری شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و لە لایەن بەرپرسانی فیستیڤاڵەوە دوایین مۆڵەت بۆ وەرگرتنی فیلمەکان رۆژی ٢٢/١١/٢٠١١ دیاری کراوە.
چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی کاتژمێر ٣ دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەمە ٢٢ی دیسێمبەر سەرەتا بە نمایشی فیلمێکی سینەمایی کوردی لە تەلاری ھونەر لە ھۆڵی رۆشنبیری شاری سلێمانی دەستپێدەکات و لە ڕۆژانی دواتردا بەشەکانی فێستیڤاڵ، پێشبڕکێی و نمایشی فیلمەکان بەڕێوەدەچن و پاشان رۆژی چوارشەمە ٢٨/١٢/٢٠١١ کە ڕۆژی سینەمای جیھانییە، مەراسیمی دابەشکردنی خەڵات و کۆتایی فیستیڤاڵ دەبێت.
لە رۆژانی فێستیڤاڵدا لە پەراوێزی چوارەمین فێستیڤاڵی سلێمانی فیلمی کوردی بەشی (پەنجەرەیەک رو بەسینەمای جیھان ) بەڕێدەخرێت کە چەند فیلمێکی جیھانی بەسابتایتڵی کوردی نمایش دەکرێن کە ھەوڵێکە بۆ دروستکردنی پەیوەندی فیلمسازی لە نێوان فیلمسازانی کوردستان و دەرەوەی کوردستاندا.
خەڵاتی فیستیڤاڵ بریتی دەبێت لە ئاسکی زێرین و بڕێک پارەی دیاریکراو بۆ بوارەکانی کارە سەرکەوتووەکان. “ئاسکی زێڕین” خەڵاتی پێشبڕکێی فیستیڤاڵ وەکوو سمبولێک وەرگیراوە لە “کانی ئاسکانی” شاری سلێمانی و لۆگۆی شارەوانی سلێمانیە، ئاسک نمونەی گیانلەبەرێکی نەرمونیان و پڕجوڵەیە و خەڵاتی زۆربەی فیستیڤاڵەکانی دنیایش گیانلەبەرێکی زیندوە و ئەمەش بەومانایەیە کە ھونەری حەوتەمیش (سینەما) ھونەری وێنە
جوڵاوەکان و زیندوێتی ژیانە.
خەڵاتەکانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی بۆ بەشەکانی پێشبرکێی، ئاسکی زێرین لەگەڵ بڕێک پارە بۆ ھەر یەکێک لە بوارە جۆراوجۆرەکانە، لەوانە:
بەشی پێشبڕکێی فیلمی درێژ:
ـ خەڵاتی باشترین دەرھێنان
ـ خەڵاتی باشترین فیلمی لێژنەی داوەران
بەشی پێشبڕکێی فیلمی کورت:
ـ خەڵاتی باشترین سیناریۆ
ـ خەڵاتی باشترین دەرھێنەر
ـ خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی کچ
ـ خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی کوڕ
ـ خەڵاتی باشترین وێنە گرتن (بەڕێوەبەری وێنەگرتن)
ـ خەڵاتی باشترین مۆنتاژ
ـ خەڵاتی باشترین دەنگ
ـ خەڵاتی باشترین فیلمی پەسەندکراوی لێژنەی داوەرانی فیستیڤاڵ
ـ خەڵاتی باشترین فیلمی دیکیۆمێنتەری و خەڵاتی باشترین فیلمی تایبەت بە منداڵان.
خەڵاتی تەمەنێکی ھونەری:
ئەم خەڵاتە دوای راپرسی بە ھونەرمەندان دەبەخشرێت بە ٥ پێنج ھونەرمەندی کوردستان کە تەمەنێکی ھونەری جوان و ئەزموونێکی بەردەوامیان ھەیە لە بواری فیلمسازی کوردی و دراما تەلەفزیۆنیە کوردییەکاندا.