بە نمایشی فیلمی سینەمایی “ماندوو” لە دەرھێنانی ئیبراھیم سەعیدی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی لە ھۆڵی تەواری شاری سلێمانی دەستی پێکرد.
بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی، رێوڕەسمی کردنەوەی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی فەرھەنگ و ھونەری شاری سلێمانی، ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی فیستیڤاڵ، ھونەرمەندانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ، ھەندێک لە ھونەرمەندانی سینەما و دراما تەلەفیزیۆنییەکانی ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر لە ھۆگرانی ھونەری سینەما، کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی رۆژی شەمە ٢٤ دیسەمبەری ٢٠١١ بە نمایشی فیلمی سینەمایی “ماندوو” لە دەرھێنانی ئیبراھیم سەعیدی دەستی پێکرد.
لە دەستپێکی ئەم رێوڕەسمەدا و لە دەرەوەی ھۆڵی “تەوار”ی شاری سلێمانی، سەرەتا ھونەرمەندانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ لەبەر چاوی کامێرای کەناڵەکانی راگەیاندنی کوردستان بەسەر مافوورەی سووری فیستیڤاڵدا تێپەڕین و ھەر لە تەنیشت ئەم بەرنامەیەدا گرووپێکی موزیک لە گەنجانی شاری سلێمانی بە پێشکەش کردنی چەندین پارچە موزیکی رەنگین رێوڕەسمەکەیان رازاندەوە.
پاشان بەرنامەکە لە ناو ھۆڵی تەوار درێژەی پێدرا و لە سەرەتادا “عەباس عەبدوڵڕەزاق” بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و ھونەری شاری سلێمانی وتارێکی پێشکەش کرد و لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی: “ئەوە بۆ ٤ ساڵە کە فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی بەردەوامە و لەو ماوەیەشدا ھەنگاوی باشی بەرەوپێشەوە ناوە و توانیوییەتی بگاتە ئەو ئاستە کە دڵخۆشی ھونەرمەندانی سینەماکار بێت و ھیوادارین کە لە ساڵی داھاتوودا بتوانین بە شێوەیەکی گەورەتر و نێودەوڵەتی ئەم فیستیڤاڵە بەڕێوەیبەرین.”
ھەروەھا گوتی: “بێگومان ئێستاکە لەلای ئێمە سینەما لە گەشوونمایەکدایە و زۆربەی سینەماکارانمان توانیویانە بگەنە قۆناغی باش و لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا سەرکەوتنی چاکیان بەدەستھێناوە و ئێستاکە لە ناوچەکە و لە دنیاشدا تیشک خراوەتە سەر سینەمای کوردی کە پێویستە ئەو تیشکە ڕوون بێت و زیاتر سینەماکاران لە ناویدا یاری بکەن.”
سەرپەرەشتیاری چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: “ئێمە وەکوو وەزارەتی رۆشنبیری و ھەورەھا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و ھونەری بەرنامەمان وایە بۆ ساڵی ئایندە ئەم موژدەیە بە سینەماکاران بدەین کە ئێمە بە ھەموو توانامانەوە پاڵپشتیان دەبین بۆ ئەوەی کە بتوانن لە کاتی فیستیڤاڵەکاندا بەوەوە بنازن کە چەندین ئیشی جوانیان کردووە.”
لە درێژەدا “ئازاد سەوزە” بەڕێوەبەری چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی سەبارەت بەم فیستیڤاڵە ھاتە ئاخاوتن و لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی: “زۆر بەختەوەرین بۆ جارێکی دیکە شاری سلێمانی بووە ژوانگەی توانای ھەموو فیلمسازانی کورد لە ھەر شوێنێکی دنیا کە ھەبن. ئەو نیشتمانە بوو بە ڕووگەو قیبلەی ئەو فیلمسازانە کە گەرەکیانە کورد بە جیھان بناسێنن و جیھانیش بە کورد بناسێنن لە رێگەی ھونەری فیلمسازییەوە.”
ھەروەھا گوتی: “ئەمساڵیش لە وڵاتانی نەروێژ، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئێران، بەریتانیا، بەلژیکا، تورکیا و لە ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک فیلمی درێژ، کورتە فیلمی، فیلمی دیکۆمێنتەری و فیلمی تایبەت بە منداڵان لە فیستیڤاڵەکەدا بەشدارن.”
گوتیشی: پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ناوەندی شارەی سلێمانیدا و لە شار و شوێنە جیاجیاکانی ئەم ھەرێمەدا دەیان ھۆڵی سینەما و ھۆڵی ھونەرە جوانەکان بکاتەوە. چونکە ئەرکی حکوومەتە ژوانگە و شوێنی دەرخستنی توانا ھونەرییەکان بۆ ھونەرمەندان دروست بکات و زەمینەسازی بکات بۆ پێشکەوتنی تواناکانی ھونەرمەندان و بە تایبەتی فیلمسازانی کورد.”
ئازاد سەوزە لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: “ئەرکی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانە کە گرینگی زیاتر بدات بە پێشخستنی رەوتی فیلمسازی و توانای سینەماکارانی کوردی ئەم ھەرێمە و ھەموو ھونەرمەندە کوردەکان کە لە ھەر شوێنێکی دنیا دەژین. داواکارین حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھانای ھونەرمەندانەوە بێت و ھەلوومەرجی رەخساوتریان بۆ دابین بکات بۆ ئەوەی خۆشبەختی و داھێنانەکانیان لەگەڵ توانا جیاوازەکانیان پەرەی پێبدرێت.”
لە درێژەی ئەم ڕێورەسمەدا فیلمی سینەمایی “ماندوو” لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد ئیبراھیم سەعیدی وەکوو فیلمی کردنەوەی فیستیڤاڵ نمایشکرا و پاش پشوویەکی کورت، ٤ کورتە فیلمی چیرۆکی پێشکەشکران، لەوانە: کورتە فیلمی “بەھەشت” لە دەرھێنانی مێھران شیری لە شاری سنە، کورتە فیلمی “٤٤٤١ رۆژ لە ژیانم” لە دەرھێنانی نەزیر میرزایی لە شاری سنە، کورتە فیلمی “نووسینگەی تەلەفوون” لە دەرھێنانی بنەوشە بێریڤان لە شاری برووکسێلی بەلژیکا و کورتە فیلمی “دیدار” لە دەرھێنانی فەریدە نادری لە شاری سنە.
ئەندامانی بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی کە بریتین لە: حەسەن عەلی دەرھێنەر لە ھەرێمی کوردستان، ھیشام زەمان دەرھێنەر لە وڵاتی نەرویژ، کامەران شەوقی وێنەگر لە ھەرێمی کوردستان، ئەحمەد مەحموود مۆنتێر لە ھەرێمی کوردستان و ئاسۆ عومەر سوارە ئەکتەر لە ھەرێمی کوردستان، دوای بینینی فیلمەکانی بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلم، خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ و بڕێک پارەی نەقدی بە سەرکەوتووانی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم فیستیڤاڵە پێشکەش دەکەن، لەوانە: خەڵاتی باشترین سیناریۆ، خەڵاتی باشترین دەرھێنان، خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی کچ، خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی کوڕ، خەڵاتی باشترین وێنە گرتن (بەڕێوەبەری وێنەگرتن)، خەڵاتی باشترین مۆنتاژ، خەڵاتی باشترین دەنگ، خەڵاتی باشترین فیلمی پەسەندکراوی لێژنەی داوەرانی فیستیڤاڵ، خەڵاتی باشترین فیلمی دیکیۆمێنتەری و خەڵاتی باشترین فیلمی تایبەت بە منداڵان.
ھەروەھا لە بەشی پێشبڕکێی فیلمی درێژدا و بۆ بەخشینی خەڵاتی باشترین دەرھێنان
و خەڵاتی باشترین فیلمی فیستیڤاڵ، لە ٣٠ ھونەرمەندی بەشداربووی ناو فیستیڤاڵ راپرسی دەکرێت.
لە رۆژانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵدا و لە پەراوێزی چوارەمین فێستیڤاڵی سلێمانی فیلمی کوردیدا بەشی (پەنجەرەیەک رو بەسینەمای جیھان) بەڕێدەخرێت کە تیایدا فیلمی سینەمایی “کوڕی بابل” لە دەرھێنانی سینەماکاری عێراقی محەمەد ئەلدەڕاجی و بەرھەمی ھاوبەشی وڵاتانی بەریتانیالإ فەرەنسا، ھۆڵەندا، میسر، فەلەستین، عێراق و ئیمارات نمایش دەکرێت کە لەڕاستیدا زیادکردنی ئەم بەشە بە فیستیڤاڵ، ھەوڵێکە بۆ دروستکردنی پەیوەندی فیلمسازی لە نێوان فیلمسازانی کوردستان و دەرەوەی کوردستاندا.
ئەو فیلمە سینەماییانەی کە لەم فیستیڤاڵەدا نمایش دەکرێن بریتین لە: فیلمی سینەمایی “ماندوو” لە دەرھێنانی ئیبراھیم سەعیدی لە مەھاباد، فیلمی سینەمایی “دۆز” لە دەرھێنانی ڤیان مایی لە دھۆک، فیلمی سینەمایی “یەک مۆمێک … دوو مۆمێک” لە دەرھێنانی جانۆ رۆژبەیانی لە ھەولێر، فیلمی سینەمایی “گەڕان” لە دەرھێنانی شیار عەبدی، فیلمی سینەمایی “کوڕی بابل” لە دەرھێنانی محەمەد الدەراجی لە ھۆڵەندا، فیلمی سینەمایی “خۆرەتاو لە پشتی ھەورەوە” لە دەرھێنانی رەزا سوبحانی لە تاران و فیلمی سینەمایی “گرفتەکانی چارڵی” لە دەرھێنانی عەلیرەزا سەعادەت نیا لە تاران.
ئەو کورتە فیلمانەی کە لە بەشی پێشبڕکێی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی نمایش دەکرێن بریتین لە: کورتە فیلمی “ئاوێنە” لە دەرھێنانی ھەوراز محەمەد لە سلێمانی، کورتە فیلمی “پارە” لە دەرھێنانی بەدرخان ساکجی، کورتە فیلمی “دوو ماڵ لە باخێکدا” لە دەرھێنانی ناجییە سەلیمی لە بۆکان، کورتە فیلمی “ویژدان” لە دەرھێنانی شوکری عەلی لە دھۆک، کورتە فیلمی “شوو” لە دەرھێنانی ھیوا سووفییە لە سنە، کورتە فیلمی “موبایل” لە دەرھێنانی شوان محەمەد، کورتە فیلمی “دالیا” لە دەرھێنانی شاخەوان عەبدوڵڵا قازی لە سلێمانی، کورتە فیلمی “جانەوەرەکانی تۆرۆس” لە دەرھێنانی فیرات یاوەز لە باکووری کوردستان، کورتە فیلمی “ئەودیوی تاوان” لە دەرھێنانی سامی کاکە لە ھەولێر، کورتە فیلمی “ھەنار میوەی بەھەشت” لە دەرھێنانی تەیموور قادری، کورتە فیلمی “بۆ ؟؟” لە دەرھێنانی ھۆشیار زیرۆ ئەحمەد نێروەیی لە دھۆک، فیلمی دیکۆمێنتی “قەتران” لە دەرھێنانی تاھیر عەبدوالواحید لە سلێمانی، کورتە فیلمی دیکۆمێنتی “بەھرەی بەرخۆر” لە دەرھێنانی ھیوا تەھا مستەفا لە سلێمانی، کورتە فیلمی دیکۆمێنتی “بەلەچک” لە دەرھێنانی نەبەز شێخانی لە کەرکووک، کورتە فیلمی دیکۆمێنتی “مام رەسووڵ” لە دەرھێنانی سەروەر محەمەد ئەمین، کورتە فیلمی دیکۆمێنتی “لە سەرەتای ٤٠ ساڵیدا” لە دەرھێنانی مێھرداد سلێمانی لە کرماشان، کورتە فیلمی دیکۆمێنتی “فەڕش” لە دەرھێنانی سەمەد وەتەنخواە لە سنە، کورتە فیلمی دیکۆمێنتی “پاچاڵ” لە دەرھێنانی پەرویز رۆستەمی لە مەریوان، کورتە فیلمی دیکۆمێنتی “کاتێک بۆ حەوانەوە” لە دەرھێنانی محەمەد رەزا میناپوور لە بۆکان، کورتە فیلمی “رەوشەن” لە دەرھێنانی کامیران بیتاسی، کورتە فیلمی “دەنگە نەبینراوەکان” لە دەرھێنانی فەرزین کەریم لە ھەولێر، کورتە فیلمی “قەوان” لە دەرھێنانی عیزەدین قادر، کورتە فیلمی “بەھەشت” لە دەرھێنانی مێھران شیری لە سنە، کورتە فیلمی “٤٤٤١ رۆژ لە ژیانم” لە دەرھێنانی نەزیر میرزایی لە سنە، کورتە فیلمی “نووسینگەی تەلەفوون” لە دەرھێنانی بنەوشە بێریڤان لە برووکسێلی بەلژیکا، کورتە فیلمی “دیدار” لە دەرھێنانی فەریدە نادری لە سنە، کورتە فیلمی “رۆیشتن” لە دەرھێنانی ساڵم سەڵەواتی لە سنە، کورتە فیلمی “دەریا رۆژێک ھی من بوو” لە دەرھێنانی ساسان فەروخ نیا لە ورمێ، کورتە فیلمی “دەنگی باران” لە دەرھێنانی جەلال ساعیدپەنا لە سنە، کورتە فیلمی “بێدەنگی” لە دەرھێنانی عەزیز چەپ کورد، کورتە فیلمی “دەنگی رووناکی” لە دەرھێنانی جوبرائیل ئەبووبەکر (تۆفان) لە ھەولێر، کورتە فیلمی “ھێما” لە دەرھێنانی تۆفیق ئەمانی لە مەریوان، کورتە فیلمی “رۆژین” لە دەرھێنانی چیمەن رەحیمی لە لەندەن، کورتە فیلمی “پاسکێل” لە دەرھێنانی سەرحەد کارائەسڵان لە باکووری کوردستان، کورتە فیلمی “لە کاتێکی تردا” لە دەرھێنانی فیکری بەڕۆژی لە ھەولێر، کورتە فیلمی “خەونەکانی سەرشەقام” لە دەرھێنانی رەنجدەر رزگار لە ھەولێر، کورتە فیلمی “کۆڵانێک لە پشت ماڵی ئێمەوە” لە دەرھێنانی شیلان سەعدی لە مەھاباد و کورتە فیلمی “پیادەڕێ” لە دەرھێنانی بنەوشە بێریڤان لە برووکسێل.
چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی بە سەرپەرەستی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانی و بە بەشداری بەرھەمی سینەماکارانی کورد و بیانی و بە نمایشی ٧ فیلمی سینەمایی، ٣٠ کورتە فیلمی چیرۆکی و ٦ کورت فیلمی دیکۆمێنتەری لە بەشی پێشبڕکێی لە رۆژانی ٢٤ تا ٣١ی دیسەمبەری ٢٠١١ لە تەلاری “تەوار” لە شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی.