من ئەو نووسیەم تەنیا وەک روونکردنەوەیەک بۆ هونەرمەندەکان و بێژەر و راگەیاندنکارەنە، پاشان ئاگادارکردنەوەیەک بۆ ماڵپەڕى “سەربەست”. هەموو دەزانن من لە گۆڤارى “سڤیل” کارى رۆژنامەوانى خۆم دەکەم و سەرپرشتیارى بەشە هونەرییەکەم، واتا هەرچى هەواڵ و چاوپێکەوتن و راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانم کە دەیکەم بۆ گۆڤارى “سڤیل”ـە، بەڵام پاش ئەوەى لە “سڤیل” بڵاودەکرێنەوە، لەسەر رەزامەندى خۆم و بە ئیمێلى خۆم بابەتەکانم بۆ “ماڵپەڕى چرا” دەنێرم، چونکە بەبڕواى من یەکێکە لەو ماڵپەڕانەى کە لەناو هونەرمەندان و راگەیاندنکارەکان مسداقیەتى خۆى هەیە و لایەنى ئەخلاقى رۆژنامەوانى خۆى پاراستووە
بەڵام زۆر بەداخەوە بەبێ پرس و ئاگادارى من چەند جارێکە بابەتەکانم لە ماڵپەڕە وێرانەکەى “سەربەست” و هەندێ ماڵپەڕى دیکەش بڵاودەکرێنەوە، کە من بەهیچ شێوەیەک رازى نیم لەوێدا بابەتەکانم بڵاوبکرێنەوە، ئەسڵەن پێم شەرمە ناوم لەو جۆرە ماڵپەڕانە هەبێت، کە من پێم وایە ئەوە سوکایەتیکردنە بە من، پاشان بە هونەرمەندان و راگەیاندنکاران. کە لەژێر هەر بابەتێک کۆمێنتى هێندە منداڵانَە دەنووسن، مرۆڤ پێى شەرمە بیانخوێنێتەوە، کە هەر کۆمێنتێک لەو کۆمێنتانە نموونەى ئەو کەسە دەردەخات کە نووسیویەتى، لەوانەیە بەو کۆمێنتانە هونەرمەندان نیگەران بکەن، بەڵام بێ ئاگان ئەوانە ئەخلاقیاتى خۆیان نیشانى خوێنەر دەدەن، هەروەها ئەو کەسانەش دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە رێگە دەدەن ئەو شتە بێمانایانە بڵاوبکرێنەوە، بەهەرحال ئەوە شتێک نییە شاراوە بێت.
من لێرەوە دیسانەوە بە ماڵپەڕى “سەربەست” رادەگەیەنم، بەهیچ شێوەیەک رازی نیم بابەتەکانم لەماڵپەڕەکەتان بڵاوبکرێتەوە، ئەوەى هەشە لایبدەن، ئەگەرنا رێگەى یاسایى دەگرمەبەر، هەروەها لێرەوە بە هەموو هونەرمەندان دەڵێم “من لە ماڵپەرى سەربەست بێبەریم”.
لەگەڵ رێزم
زانا دڵشاد دزەیى
25/12/2010