لەئەدەبی ئەمازیغییەوە…نووسینی: سەعید بلغربی…
گۆڕینی: یوسف عیزەدین
شەو لەناخیدا بەساڵدا چوو و چەند درزێکی لەناڵینی رەنگاو رەنگ؛ تەژیی بەئاوارەیی و ونبوون، لەنێویدا جێ ھێشت. تاڵە مووە سپییەکانی؛ وادەھاتە پێش چاو ،کەھێڵکاری پڕ وردەکاریی تاریکی رۆژانی رۆژگارێکی ئەو تەمەنەی بەرجەستە بکەن ؛ کەبەتەنیا مەودا رەشەکانی خۆی تێدا دەلێسایەوە.. لەقوڵایی تاڵاییەکەوە ئاخ و ئۆفێکی لێ بەرز بۆوە..
چاوی بڕییە یەکێک لە مێینەکان، کەلەسەر شۆستەکە بەلۆژە لۆژە ھەنگاوی دەنا و بەزەردەخەنەوە تێی دەڕوانی..بەڵام ئەو رووی وەرچەرخاند و خۆی دایە دەست بێدەنگی و لەو شەوە درەنگ وەختەدا، پێدەچوو ھەموو تەمتوومانی شاری لەسەر لێوە بارگاوییەکەی بەشەکەتی، ھەڵگرتبێت؛ ئەمە سەر باری بەردەوامبوونی لەھەنگاونان بەسەر شۆستە تەڕبووەکاندا.
لەپاڵ لوغزە سە ر سوڕھێنەرەکەیدا، بۆ تاوێک و بەبێدەنگی لەگەڵی کەوتە دیالۆگەوە، ناو و ساڵی لەدایک بوونی خۆی پێ گوت و دواتر باسی ئەو زامەی بۆ کرد؛ کەدەمێکەو ھەر لەسەرەتای ھاتنیەوە بۆ ئێرە لەگەڵ خۆیدا ھەڵیدەگرێت.
بۆنی ئەو بۆنە ناخۆشەی کرد، کەلەمابەینی پەنجەکانییەوە دەھات..بەخێرایی خۆی لەکچەکە دزییەوە و تا پێی کرا ھەڵھات و بەخێرایی چووە نێو تەمتوومانەکەوە، نەفرەتی لەڕۆژی لەدایک بوونی خۆی کرد و جوێنیشی بەو کارەدا، کەبەناچاریی و رۆژانە دەبوو لەنێو زێرابەکاندا پێی ھەڵسێت.
ھەرچەند ھەموو مادەکانی لابردنی بۆنی ناخۆشی تاقیکردەوە، بەڵام نەیتوانی ھیچ دەرھەق بەبۆنی ناخۆشی پەنجەکانی خۆی بکات.. ئیدی مرۆڤەکانی ئەو شوێنە وەک دەعبا گۆشتخۆرەکان، گۆشتیان دەخوارد و بەمەش بۆنی پیسایەکانیان، زێدەتر ناخۆش دەبوو.. بەتووڕەییەوە بەرەو خانووەکەی کەوتە رێ، کەدەکەوتە نزیک دواھەمین پێپلیکانەی ژێر زەمینی ئاپارتمانەکە..لەبەر دەرکەی خانووەکەیەدا نامەیەکی بینی کەلە زێدی خۆیەوە بۆی ھاتبوو، ھەستی بەشتێک لەبۆنی سۆزداریی، بۆ وردەکارییە بەتامەکان کرد:
ھاوڕێ ئەزیزەکەم، درەختەکان ھێشتاکە رووتن، خانووەکەتان؛ وەک بۆ خۆتان دەزانن لەپاش مەرگی باوکتانەوە ھیچ دەستی پێدا نەھێنراوەتەوە، بۆیە پاش وەرین و داڕمانی گەچ و سپیکارییەکەی وا خەریکە یەکە یەکەی بەردەکانیشی دادەڕمێت..دایکت دەڵێت؛ ئەگەر کەمێک پارەمان بۆ چاککردنەوەی بۆ نەنێریت.. ئەوا، بێشک خانووەکە لەپڕ بەسەرماندا دەڕمێت و ھەمووشمان لەژێریدا دەمرین..لە کۆتایشدا ھیوادارین بە دیداری ئێوەی ئەزیز شادببین…
ھەستایە سەر پێ و تۆزی زەمەنێکی بەسەرچووی لەخۆ تەکاند، سەرەتا نامەکەی قەد و نوشت کردو دواتر ..بەخشپەیی لەڕادیۆکەوە دەنگی گۆرانییەکی ئەمازیغیی دەھات.. وشەکانی گۆرانییەکە باسیان لەلێک ترازانی نێوان مرۆڤ و خاک دەکرد، فرمێسکی گەرم بەسەر روومەتەکانیدا ھاتە خوارێ و بۆیەکەمجار ھەستی بەوە کرد کەغوربەت تەواو خەساندوویەتی…پاش ئەوەی چەند ساتێکی ناڕێکخراو، لەیادەوەریی بەبەرچاوییەوە تێپەڕی، بەھەموو شەھوانیەتێکییەوە باوەشی بەشەودا کردو پاش ئەوەی بەدەم بەنرکەو ناڵەوە، ئاڵۆشەکانی خۆی تێدا بەتاڵکردەوە…
بۆنی پەنجەی خۆیکرد و ھەر لەپاڵ ئەو بۆنەشدا خەوت.
•
کاتێک نازوور* نیو گەڵی دەترازێنێ
ئەو پیاوە زرتە بۆزەی نێو باخچەکە، کەلەسەر کورسییەکی لەچیمەنتۆ دروستکراو دانیشتبوو، زۆر سەر قاڵبوو بەڕوانینە سەعاتەکەی دەستی؛ لەکاتێکدا ئارەق بەجەستە دووگاوییەکەیدا دەھاتە خوارێ.
لەو کاتەدا نازوور یادی لەدایک بوونە نادیارەکەی خۆی، وەک ھەموو رۆژێک، بەبێ دەنگی و وەک منداڵێکی ھەژار بەبێ کێکی رۆژی لەدایکبوون و دیاری و ھاوڕێ و مۆمی رەنگاوڕەنگ دەکردەوە، ئەو مۆمانەی کەدەبوو بەھەناسە ساردە قورسەکانی بیکوژێنێتەوەو دواتر بخەوێت.
ئیدی نازوور ئاوایە، لەخەوتنیدا دەمرێت و بەیانیان بەپرخە پرخی ئۆتۆمبیل و ھات و ھاواری فرۆشیار وبۆنی زبڵ و خاشاکەکەکان بێدار دەبێتەوە.
پیاوە قەڵەوەکە ھێشتاکە لەشوێن خۆیدا دانیشتبوو، بەدڕدۆنگییەکی دیار و ئاشکراوە بەلای راست و چەپی خۆیدا دەیڕوانی، بەکەسێک دەچوو چاوەڕێی خۆشەویستەکەی بکات..ھەروەک چۆن منیش تووشی ھەمان حاڵەت دەبووم کاتێک خۆشەویستەکەم لەژووان دوادەکەوت.
ھەرچەند لەو کاتەدا سەبارەت بەکارەکانم، دیدارێکی گرنگم ھەبوو،..بەڵام پەرۆشی و حەزم بۆ زانینی ئەوەی کەدەبوو رووبدات، بووە ھۆکاری ئەوەی لەجێی خۆمدا بمێنمەوە…
ھەر ھێندەم زانی کچێکی جوانکیلەی منداڵکار لەپیاوەکە نزیک بووەوەو بەلێک نزیکردنەوەی روومەتیان لەیەکدی، ئاڵوگۆڕی سڵاویان لەیەکتر کرد..پیاوەکە لەکاتێکدا سەیری سەعاتەکەی دەستی دەکرد؛ بەتیلەی چاو و بەچاوی کەسێکی گلەیی خواز دەیڕوانییە کچەکە کەدیار بوو لەساتەوەختی ئامادەبوونی دوا کەوتبوو؛ ئەمە جگە لەوەی وام ھەستدەکرد ئەو گفتوگۆیەی کەلەو دەمەدا لەنێوانیاندا سازبووە، سەبارەت بە سێکس بێت، بەتایبەتیش کاتێک لەکاتی قسەکردنی پیاوەکەدا خۆڕسکانە کچەکە سوور ھەڵدەگەڕا، ئەمە جگە لەشەرمکردن و داپۆشینی چاوی بەدەستی…پیاوەکە بڕێک پارەی دەرھێناو ھەر یەکسەر کچۆڵەکە پڕی دایە و خزاندیە مابەینی درزی مەمکەکانییەوە.
ئەو نازوور-ە سکاڵای لەکەس نییەو بەبێدەنگی موراقەبەی ئەو کچۆڵە جوانکیلە ئاودارەی دەکرد کەلەیەکێک لەباخچەکانیدا و بەبەرچاوییەوە دەفرۆشرا.. ھەرچەند بەداخەوە تێی دەڕوانی، سەرباری نەفرەتکردنی لەو بێحورمەتییە، بەڵام وەک خودی پیشەی خۆی ھەردەم بەبێدەنگی دەمایەوە.
ھەردوو نەفەرەت لێکراوەکە، بەرەو شوێنێک کەوتنە رێ، پیاوەکە خەریک دەبوو، بەتێڕوانینە زەبەللاحەکانی کچۆڵەکە قووت بدات و وەک لیمۆ لەمابەینی دەست و قاچە پیسەکانیدا بیگوشێت.
نازوور-یش بەھەمان شێوە پیسییە، بەڵام ھیچ سکاڵایەکەی لەکەس نییەو دەتوانیت پیادەی کەشی رۆژانەی خۆت بکەیت و چەندت دەوێ لەخۆڵ و خاشاک، رۆیبکەیتە سەر دەست و قاچ و جەستەی..کەسیش نییە بۆ ئەمە لۆمەت بکات و تف بکاتە نێو چاوانت.
ھەردوو نەفرەت لێکراوەکە لەوێڵگەی شارەکەدا ونبوون…
جەستەی کچۆڵەکەم بەڕووتی دەھاتە پێش چاو، لەکاتێکدا لەسەر جەستەی زرتەبۆزی ھەڵئاوساو و پیسی پیاوەکە ھەڵدەخزا..تفی لێدەکات..میزی پێدا دەکات..ئیدی ھەروەک چۆن جەستەی رووتکردە وە، ئاوا رۆحیشی رووت دەکاتەوە..دەگریی، ھەروەک چۆن ھەموو سۆزانییەک، پاش ئەوەی سەرمەستی و لەززەت شێتێتی ناخی دادەمرکێنێتەوە، دەگریی و دەست دەکات بەگێڕانەوەی حیکایەتی کونکردنی و چۆنییەتی ترازاندنی نێو گەڵی بۆ یەکەمین خۆشەیستی و …
لەبیرمە منێکی خەم مردوو، لەرۆژێکدا؛ وەک عاشقێکی نابەڵەد، ھەروەک ئەو کەسانەی لە تەلیسمی پیتی نووسینی عاشقان تێ ناگەن..نامەیەکم بەزمانێکی پڕ گلەیی، بۆ نازوور نووسی و پێم گوت:
تۆ سۆزانیت؟!
کەچی بەمە خەندە کەوتە سەر لێوی و نێو گەڵی بۆ کردمەوە و ئیدی ھەردووکمان بەبێدەنگی چووینە نێو دنیایەکی بۆگەنەوە.
(ئیسپانیا ١٦-١٠-٢٠٠٥).
*نازوور: شارێکی ئەمازیغییە، دەکەوێتە باکووری مەغریب