زمکان عەزیز
1. داڵێکی پیر سەری ناوەتە ناو کەلاکی عومرمەوە.
چرای ژوورەکەت
مەکوژێنەوە
ئێستا ..
پیاوێک لەوێیە
خەمێکی ئەستوری بە دەستەوەیە و
سەری تێناوە
چاویلکەی گەنجێتی لە چاودایە
پەڕە پەڕە عومری بەسەرچوو
ئەخوێنێتەوە.
2. لەم خەڵوەتە زاھیدێک سەرخۆشە.
چراکەت مەکوژێنەوە
خەمێکی پیر بە تەنیشتتەوە
دانیشتووە و
پێک پێک لەو پیاوە ئەخواتەوە
پیاوێکی زاھید پیاوێکی عاشق
ئێستا ..
دەروێشی خانەقاکەتە
3. پیاوێک لەسەر کەناری عومر ڕاوە ساڵ ئەکات.
چراکەت مەکوژێنەوە
خەمێکی سەرسپی
ڕاکشاوە ..
سەرینێکی ناوەتە ژێر شانی و
بە تەنیشت پیاوێکی سەرخۆشەوە
حکایەتی عومری بۆ ئەگێڕێتەوە.
4. لەو تاریکستانەدا بێدەنگی گڕی گرتووە.
لەو ژوورەدا
ھێشتر خەمێک ماوە
بە پێوەیە و
شەوقی چراکەش ئەسوتێت
ئێستا پیاوێک ..
دەرگا و پەنجەرەکان دائەخات
لەو ژوورەدا
پیاوێک و خەمێک و چرایەک
دەستەویەخەن و دەمەقاڵەیانە
بە گژ یەکدا ئەچن ..
بێدەنگی لەیەکیان ئەکاتەوە و
تاریکیش ئەیانخەوێنێت.
5. ئەو زاھیدی عیشقە پیر خدرە دوایکەون.
دەرگاکەت دامەخە
ئەو ڕێگەیە پۆستێکی پێیە
پۆستێک
سێ نامەی تێدایە
نامەیەک بۆ چراکە ..
تاریکی بە بادا
بەدەم لورەی بلوێرەکەیەوە
نەرمە فوویەکی ھێناوە
سەمای دوکەڵێکی سپی
نامەی چراکە ئەکاتەوە
لە خوارەوە ..
ئیمزای شەو
نامەیەک بۆ خەم ..
پڕە لە ھەنسکی تاقانە و
ئاھێک ئەوەندە درێژ ..
لە ناو کۆڵان و شەقامەکانی عومردا
دەستی منداڵیی گرتووە
لە دەرگای ساڵەکان ئەدات
پیرە ساڵێکی کەنەفت
بە دەم قرخە و کۆکەوە
دەرگاکە ئەکاتەوە
لە نامەکەدا نوسراوە
پیاوێکی عاشق
عاشقێکی موعتاد
بە ڕێوەیە ..
دوایکەون
لە خوارەوە ..
ئیمزای عومرێکی بەسەرچوو
نامەیەک بۆ پیاوەکەیە
بە لێوی کچێک نوسراوە
ماچ ..
بە نیگای کچێک نوسراوە
تۆ ..
ئەی دەروازەی ھەناسە
بە دەست و پەنجەی کچێک نوسراوە
تۆ ..
ئەی کلاڤیای شەو
بە دڵی کچێک نوسراوە
تۆ ..
ئەی تووڕەترین پیاو
بە خەیاڵی کچێک نوسراوە
تۆ ..
ئەی خەونی منداڵی
بە خەونی کچێک نوسراوە
تۆ ..
ئەی خەیاڵی کۆتایی
بە گریانی کچێک نوسراوە
تۆ ..
ئەی خەندە خودای ژوورە چۆڵەکەم
کە تۆ ڕۆشتی
ئەم شەو لەم ژوورەدا
چراکەم شکا و
گریانیش بە جێیھێشتم
لە خوارەوە ..
ئیمزای ژوورێکی چۆڵ.