چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی- قاھیرە : خانمە ئەکتەری سینەمای میسری شیرین عەزمی وەک خۆی باسی دەکات ٤٠ ساڵە کاری تەمسیل دەکات، لەزۆربەی فیلمەکان لەگەڵ ھونەرمەند عادل ئیمام بەشداریکردووە، لەسەردانەکەمان بۆ وڵاتی میسڕ ئەومان لە کافتریای “پرۆتلی” لەقاھیرە بینی، خەریکی نێرگەلەکێشان بوو لەگەڵ ھاوڕێیەکی چاوەڕێی ئێمەی دەکرد، ھەرچەندە من لەکاتی دیاریکراو گەیشتم، بەڵام ئەو نیو کاتژمێر زووتر لەوێ ئامادەبوو. پێش ئەوەی دەست بە چاوپێکەوتنەکە بکەین داوای لێکردم جارێ باسی کوردستانی بۆ بکەم، کە دانیشتنەکەمان تەواو بوو. شیرین عەزمی لەگەڵ ئەوەشدا کە ھونەرمەندێکی بەناوبانگی میسرە، بەڵام لە ھەڵسوکەت و ژیانی ئاسایشیدا ھەمیشە سادە دەردەکەوێت، ئەو بە تاکسی ھات و دوای دیمانەکەش ھەر بە تاکسیی رۆیشتەوە.
زانا دزەیی: ماوەیەکی زۆرە لەکاری ھونەری بەشداریت نەکردووە، ئەمە بڕیاری خۆتە یاخود خەتای بەرھەمھێنەرەکانە؟
شیرین عەزمی: ئەوە راستە چەند ساڵێکە کاری کاری باش بەرھەم نەھێنراوە، کە لەئاستی ھونەری راستەقینەی میسردا بێت، رەنگە ئەوە ھۆکار بێت نەتوانم بەھەموو کارێک رازی بم، ٤٠ ساڵە کاری تەمسیل دەکەم بۆ من قورسە لەھەموو ئیشێک بەشداری بکەم، تا نەزانم ئەو ئیشە بۆ کەسایەتی من باشە یان خراپە، ئایا ئیزافەی کارەکانم دەکات یان نایکات. بەڵام لێرەوە رایدەگەینم لەدرامایەک بەشداریم کردووە لەگەڵ ئەزموونی ھونەری و کەسایەتی من زۆر گونجاوە، مانگی داھاتوو دەست بەوێنەگرتنی دەکەین و بۆ مانگی رەمەزانی ئامادە دەکرێت.
زانا دزەیی: بۆچونێک ھەیە پێی وایە رۆژ دوای رۆژ ھونەری میسری لەپاشەکشە دەدات، تۆش لەگەڵ بۆچوونەی، ئەگەر وایە ھۆکارەکەی چییە؟
شیرین عەزمی: ھۆکار زۆرن، ھۆکاری ئابووری، ھۆکاری سیاسی، من پێم وایە وەستانی ھونەری میسری فەشەل نییە، بەڵام دڵنیام لەرۆژانی داھاتوو ھونەری میسری دەگەڕێتەوە بارودۆخی خۆی و پێش دەکەوێت، ئەگەرچی لەئێستادا وەستاوە، بەڵام ھونەری میسری ھونەرێکی نەمرە.
زانا دزەیی: لەئێستا لەمیسردا شانۆ پێشکەوتووترە یان سینەما؟
شیرین عەزمی: ھەردوو بوارەکە ھەوادارانی خۆی ھەیە، ھاوکات بینینی سینەما لە میسر پارەی کەمتری تێدەچێت، بۆ نموونە گەورەی خێزان دەچێتە سینەما لەگەڵ خێزانەکەی بە پارەیەکی دیاریکراوی کەم، بەڵام بۆ شانۆ کەسێکی دەوڵەمەندی پێویستە.
زانا دزەیی: زۆربەی ئافرەتە ھونەرمەندەکانی میسر دوای ماوەیەک لەھاوسەرەکانیان جیادەبنەوە، ئەوە لە ھەموو دنیا ھەیە، بەڵام تۆ وەک خانمە ھونەرمەندێک ئەوە بۆچی دەگەڕێنیەوە؟
شیرین عەزمی: ھاوسەرگیری و ھونەر پێکەوە ناگونجێن و لە یەکتر دوورن، چونکە ھونەر پێویستی بە ھەموو کاتەکانی رۆژانەت ھەیە، ھونەرمەند رۆژانە دەبێت زیاتر لە ١٨ کاتژمێر کار بکات، ئیتر کاتی چی بۆ ھاوسەرەکەی دەمێنێتەوە؟ ئەمە ھۆکاری جیابوونەوەی ھونەرمەندان و ھاوسەرەکانییە.
زانا دزەیی: جیابوونەوەی تۆش لەگەڵ ھاوسەرەکەت ھەر لەبەرئەوە ئەوەیە کە باستکرد؟
شیرین عەزمی: بەڵێ ھەر ئەوەیە، رەنگە وردە کێشە و تێنەگەیشتن روویدابێت، بەڵام ئەو وردە کیشانەش ھەر لەبەر ئەوە بووە من وەک ژنێکی ماڵەوە کاتەکانم بۆ ماڵ و مێردەکەم تەرخان نەکردووە، ھەموو پیاوپێک ئەوە قبوڵ ناکات، بۆیە جیابوونەوە باشترین چارەسەرە، من ئێستا لەو تەمەنە نامەوێ شوو بکەمەوە، ئێستا تەمەنێکم ھەیە و تەمسیلی تەمەنێکی تر دەکەم لەقۆناخەکانی ژیانمدا.
زانا دزەیی: دوای شۆڕشی میسر زۆرینەی ئەکتەرەکانی میسر کرێی بەشداریکردنیان لە فیلم و دراماکان کەم کردەوە ئەوەش بۆ ئاسانکاری بەرھەمھێنەرەکان و لەبەر خۆشەویستی ھونەری میسری و زیندووکردنەوەی ھونەری میسری، تۆش کریی بەشداریکردنت کەم کردەوە؟
شیرین عەزمی: ئەسڵەن من باوەڕم بەو شتە نییە و کەمیشم نەکردۆتەوە، چونکە ئەوانەی لەراگەیاندنەکان وایانگوت درۆ بوو، کرێی خۆیان کەم نەکردبۆوە، ئەوە ھەر بۆ راگەیاندنەکان وایانگوت، من پێم وایە ئەوە کەمکردنەوەی ھەیبەتی ھونەری میسرییە، دڵنیابن ئەوە لە سیناریۆیەک زیاتر نەبوو.
زانا دزەیی: ژنە ئەکتەرەکانی میسر دوای ماوەیەک لە تەمسیلکردن و کاری ھونەری، دواتر حیجاب دەکەن و بەحیجاب تەمسیل دەکەن، تۆ باوەڕت بەوە ھەیە، رۆژێک بێت تۆش جیجاب بکەی؟
شیرین عەزمی: من دەڵێم حیجاب حیجابی رۆحە، نەک حیجابی سەر، شەرت نییە من سەرپۆش لەسەر بکەم، بەڵام دەتوانم رۆحم سەرپۆش بکەم، من ئەکتەرم بەشداری فیلمێک دەکەم رەنگە پێویست بکات سەر پۆشم لەسەر نەبێت، ھەر بۆیە پێم وایە حیجابی رۆح لەحیجابی سەرپۆش باشترە، لەگەڵ رێزم بۆ ئەو خانمانە ئەکتەرانەی حیجابیان کردووە، بەڵام من وەک خۆم باوەڕناکەم حیجاب بکەم.
زانا دزەیی: پێتوایە حکومەتی داھاتووی میسر حکومەتێکی چۆن دەبێت؟
شیرین عەزمی: ئێمە ئێستا ھیچ شتێکمان نییە، نە پەرلەمان نە سەرۆک نە حکومەت، بەڵام بۆچوونمان بۆچوونێکی باشە بەرامبەر حکومەتی داھاتووی میسر.
زانا دزەیی: لەگەڵ شۆڕش بووی یان لەگەڵ مانەوەی دەسەڵاتی موبارەک؟
شیرین عەزمی: شۆرشی میسر ئێمەی لە ٣٠ ساڵەی ئازاردان و مافخواردن رزگار کرد، ئێمە لە ٣٠ساڵی حوکمێکی مردوو رزگار کرد، لە ٣٠ ساڵدا مافی خەڵکێکی زۆر دەخورا، نەخێر من یەکەم ھونەرمەندی میسر بووم پشتگیرم لە شۆڕشگێرانی میسر کرد و چاوەڕوانی ئەو رۆژەم دەکرد.
زانا دزەیی: بیستومانە لەیلا عەلوی لەبەر ئەوەی پێشتر پشتگیری لەمانەوەی دەسەڵاتەکەی حوسنی موبارەک کردبوو، ئێستا لە میسر رایکردووە، تۆ ئاگاداری؟
شرین عەزمی: “بە سەرسوڕمانەوە” بەڕاستی وایە؟ وەڵڵا من ئاگادار نیم، بەس دەزانم لەیلا عەلوی لەگەڵ بنەماڵەی حوسنی موبارەک تێکەڵاوییەکی زۆری ھەبوو، سوودێکی زۆری لە دەسەڵاتی موبارەک وەرگرتووە.
زانا دزەیی: ھیچت لەسەر ھەرێمی کوردستانەوە بیستووە؟
شیرین عەزمی: دەزانم گەڵێکی زولم لێکراوە و ژمارەیان زۆرە، ھاوڕێیەکی ھونەرمەندم رۆژێک باسی کوردی بۆ کردم، ئیوەش باسی کوردستانتان بۆ کردم، ئێستا دەزانم کورد لە کوێ و کوێ ھەیە، چەند ساڵێک پێش ئێستا ھاتم ھەرێمی کوردستان بۆ شاری سلێمانی، فێری ھەندێ وشەی کوردی بووم، بەڵام ئێستا تۆ بە جۆرێکی تر باسی کوردستانت بۆ کردووم، کە پێشکەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، لەبەرنامەم دادەنێم ھەفتەیەک بۆ سیاحەی خۆم بێمە ھەولێر. ئینشاڵڵا لەوێ دەتانبینمەوە و لەنزیکەوە گەلی کورد دەبینم، خۆشەویستیم بۆ ھەموو کوردێک ھەیە لەھەر وڵاتێک بن.
zanadzey@yahoo.com