ئێستاش
په‌نجه‌ره ده‌که‌مه‌وه‌و داڵغه‌ی هه‌وره‌کان
له‌ناو مشتێ خه‌یاڵی باران رادهموسم
جانتاکه‌م
ته‌م و مژی ئه‌م شه‌وانه‌ی تیادا ماوه
که به حه‌زه‌کانی شیعر‌و
دوا دڵۆپه شه‌ونمه‌کانی حه‌وشه‌ی پایز
.. پڕده‌بوو له مه‌له‌کانی سه‌فه‌ر
پڕ ده‌بوو له شێت بوونی پرچی درێژی قه‌ره‌جی ڕێگاو
له نامه باڵ گرتووه‌کانی به‌فر
ئای شه‌وه دڵخۆشه‌کانی هه‌ناسه‌ی ئه‌وێم
ساباته شانه ئه‌ستێره گره‌که‌م
که‌ی ده‌گه‌مه‌وه باوه‌شی مه‌ستی ئێوه
چرۆی گۆرانی بگرمه‌وه
باڵم پڕکه‌مه‌وه له‌تریفه‌ی مۆسیقا
که‌ی دێمه‌وه بناره نسارهکانی ئێوه
ئاره‌قه‌ی گهرمهسێریم بخۆنه‌وه
ئێستا ئه‌م چرکانه‌ی ئێره زۆر ماندوو بوونه
خه‌تای ههڵتروشکانی سێبه‌ر ده‌که‌نه به‌ر و
ده‌ستی گۆچانی ئهیوبێکی که‌نه‌فت
ده‌که‌ن به هه‌نگاو
ئه‌م چرکانه‌ی ئێره زۆر مه‌لول بوونه
پریاسکه‌ی شنه‌بایه‌ك ناکه‌نه سه‌ما
به ڕژانی گه‌ڵا پێ ده‌که‌نن و
له شه‌قبوونی ڕۆحی پهرێزهکاندا به‌رده‌بنه‌وه
ئێستا هه‌میشه ئه‌م چرکه ڕۆح تاڵانه بێره‌دا دێن و ده‌ڕۆن
سڵاو ناکه‌ن له جۆگاو
پیاسه ناکه‌ن له‌گه‌ڵ باران
ئه‌م چرکانه‌ی ئێره سه‌رخۆش نابن
باسی ڕووتی که‌نیزه‌یه‌کی ماچ ناکه‌ن و
نابنه گوڵفرۆشه‌کانی کۆڵانی عه‌شق و
نابنه باڵای ئێواره و .. کراسی زه‌رده‌په‌ڕ ،
له‌به‌ر خه‌می شمشاڵێ ناکه‌ن
ئه‌م چرکانه‌ی ئێره له‌بنه‌ماڵه‌ی قه‌رسیل و ئاگرن
کورسیه‌کان ناکه‌ن به ڕووباری خه‌یاڵ و
شه‌وه‌کان نابه‌نه‌وه به‌ر تاڤگه‌ی ته‌لیسمی ووشه
ئای ده‌بێ که‌ی بێ ئه‌م چرکانه ئێره جێ بهێڵن
که‌ی له ته‌پیوی میوانداری خۆیان وه‌ڕس بن و
ماڵئاوایی له ڕۆحی په‌نجه‌ره بکه‌ن
یاخه‌ی خه‌ونی لاولاوه‌کان به‌رده‌ن و
ده‌بێ که‌ی بێ بچنه‌وه ناو مه‌رگی قۆزاخه
که‌ی بێ و به حیشمه‌تی سپێده‌یه‌کی هه‌ڵم گرتوو
بتوێنه‌وه و
که‌ی بێ و له خوێندنه‌وه‌ی یاسینێ
په له قاژه بده‌ن و ئێره چۆڵ که‌ن
ئیتر به‌سه با چیتر لێره نه‌بن به مه‌رگی باران و
نه‌بن به حوزنی په‌پووله و
نه‌بن به سووتانی باوه‌ش
نه‌بن به ته‌نیایی
من نازانم ئه‌م ملوانکه ده‌نك پشکۆیانه‌ی ئێره
که‌ی گه‌ردنی ئاو به‌رده‌ده‌ن
تاکه‌ی ئه‌م تفه‌نگه چاو سوورانه‌ی ئێره
ته‌قه له بێ ده‌نگی حورمه‌تی هێلانه ده‌که‌ن
ده‌بێ که‌ی تێپه‌ڕن خودایه ئه‌م چرکه ناشرینانه
که‌ی بچنه‌وه لای ئه‌هریمه‌نی خودای خۆیان و
که‌ی بچنه‌وه پاڵ قروسکهیهکی تۆپیو له جه‌سته و
که‌ی فه‌نا بن له تووڕه‌بوونی ده‌ریا و
نه‌فرین بن له ئاسمانی نوح و
دوا تنۆك بن له هه‌ڵوه‌رینی قژی ڕه‌شه‌با
خودایه .. ده‌تۆش پۆله ئهبابیلهکهی خۆت هه‌ڵفڕینه‌وه
خۆ ئه‌مانه هه‌ر به فیقنهکانیانهوه هه‌راسانن
خودایه .. ده‌تۆش وه‌کو ئیمه تووڕه به
وه‌کو ئێمه هه‌ناسه هه‌ناسه‌یه‌کی سارد ههلبکێشه
وه‌کو ئیمه خه‌م بخۆ .. خودایه
خودایه خۆ ئێمه‌ش هه‌رله تیره‌ی نه‌فخی ده‌می خۆتین
هه‌ر گه‌مه‌ی چاوشارکێیه‌کی ئه‌م بوونه وونه‌ی
ده‌سته‌ڵاتی شاری خۆتین
به‌ڵام ئاخ که ئه‌م نزایانهم زۆر کۆن بوونه
بۆنی به‌رماڵی ماڵه‌کانی پڕکردووین و
چاوی کۆتری ناو له‌په‌کانی کردوین به ڕووبار
که‌چی ئێستاش
هه‌ر چاوه‌ڕێی پێکه‌نینی پشت ههورهکانین
هه‌ر به ته‌مای پشتێنێکی که‌مه‌ر شلی بارانین
!! که نه‌باریوه تا ئێستا
دلێر محه‌مه‌د