ڤاکسیناسیۆنی راپەڕینی خەڵکی ئێران!
لەلایەن عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
لە شەشەمین مانگیدا، نەخشە رێگای راپەڕینی خەڵکی ئێران بەرەوپێشەوەچوونیەتی بەرەو رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری و دامەزراندنی سیستەمێکی جەماوەری و دێموکراتی. خەڵکی ئێران بە درێژەدان بە راپەڕین، نیشانیان داوە کە بە کەمتر لە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت، بە هیچ شتێک رازی نابن. شەپۆلی پیلانەکان و جۆرەها ڤایرۆس و ئاستەنگی زۆر، نەیانتوانیوە رێگری بکەن لە درێژەدان بە راپەڕینی گەل. هەر بۆیە شۆڕش لە رێڕەوێکی وەهادایە دەبێتە پۆڵایین و بەرهەم دێت. پێداگربوونی خەڵک لەسەر بەردەوامیی راپەڕین، مەیدانی دیکتاتۆرییەتی ئایینی لە ئێرانی ئەوەندە بەرتەسک کردووەتەوە کە ناچار بووە لە دۆخێکی (دیفاعی)دا، پەنای بباتە بەر پاشماوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی پێشوو بە مەبەستی رێگریکردن لە سەرکەوتن و روونەدانی ئەم “پێشهاتە گرینگ”ە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە تایبەتمەندیی ئەم راپەڕینە، “هێرش و باڵادەستبوونی خەڵک” و “لاوازی و دیفاعکردنی دیکتاتۆرییەت”ە وەک دیارترین نیشانەکانی ئەم راپەڕینە.
تێپەڕبوونی گەل بەسەەر دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت!
پڕۆسەی رادیکاڵیزاسیۆن و فراوانکردنی راپەڕین بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، هەموو رێگاکانی بەسەر پلان و پیلانگێڕی کۆنەپەرستانە و کۆلۆنیالیزمی داخستووە و خاوەنان و بانگخوازان و لایەنگرانی ئەوانیشی نائومێد کردووە. هەڵەی گەورەی “بەرەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران”، کە دەرهاویشتە و هەڵقوڵاوی سروشت و ئیرادەی دیکتاتۆرییەتە، لەوەدایە کە پێیان وایە توانای بەرەنگاربوونەوەیان هەیە لە بەرامبەر هێز و توانای گەلدا. لە کاتێکدا کە سەرمایەگوزاری لەسەر مانەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، بە تایبەت لە شێوەی “شا” و “پاشایەتی”، هەڵەیەکی گەورەیە لە سیاسەت و ستراتیژیدا. چون هەر لە سەرەتاوە روونە کە چارەنوووسیان شکستە و خەڵکی ئێران بەسەریدا تێپەڕیوە.
ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی ئێران، نە دەسەڵاتی “شا” و “پاشایەتی” قبووڵ دەکات و نە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقێ و “دیکتاتۆریەتی مەزهەبی”. خەڵکی ئێران خوازیاری رووخاندنی هەموو جۆرەکانی دیکتاتۆرییەتن لە ئێراندا. راپەڕینەکەی ئەم دواییەی خەڵکی ئێران، هاوسەنگی دیکتاتۆرییەتەکانی ناو ئێرانیان تێکداوە و ئامادە نین لە ماف و ئامانجەکانیان پاشەکشە بکەن.
ئۆپۆزیسیۆنی دیکتاتۆرییەت یان جێگرتنەوەی دەسەڵات!
لەم هاوسەنگییە لەرزۆکەی ناو ئیراندا کە بۆ زیاتر لە ٤٤ ساڵە، دیکتاتۆرییەتێک حوکم دەکات و دیکتاتۆرییەتێکیش رایکردووە لە ئێران، ئەم دوو دیکتاتۆرییەتە لە “بەرژەوەندییەکی دوولایەنە”دا و لە “پێکەوە ژیانی ئاشتیانە”دا، یارمەتیدەری یەکتر بوون بە ئێستایشەوە. زۆر هەڵەیە ئەم دووانە بە “ئۆپۆزیسیۆنی یەکتر” بزانرێت. “سەرکوتکردنی ئازادییەکان” و “تاڵانکردنی سەرمایە و سەرچاوە نیشتمانییەکان” و “پێشێلکردنی مافەکانی گەل” لە دیارترین خاڵە هاوبەشەکانیان بووە. لە پرۆژەی کۆنەپەرستانە و کۆلۆنیالیزمدا و لە تەختەی شەترەنجی سیاسی ئێراندا، ئەم دووانە وەک “مۆرەی جێگرەوەی یەکتر” بەکارهێنراون. لە کاتێکدا لەم یاری و تەختەیەدا، مۆرەی سەرەکی “مانەوەی دیکتاتۆرییەت”ە کە خەڵکی ئێران و بەرخۆدانی ئێران لە هەوڵدان بۆ لەناوبردنیان.
خەڵک ناچار نیە لە نێوان دوو جۆری دیکتاتۆرییەتی پاشایەتی و دیکتاتۆرییەتی ئایینیدا یەکێکیان هەڵبژێرێت. ئەوان لە هەوڵدان بۆ لەناوبردنی هەموو جۆرەکانی دیکتاتۆرییەت و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دیموکراتدا. چونکە “ئازادی” و “مافی چارەی خۆنووسین” مافی بێ مشتومڕ و بێ ئەملا و ئەولای خەڵکی ئێرانە!
ترس و دڵەڕاوکێی دوو دیکتاتۆرییەت لە هاتنە سەرکاری دەسەڵاتی گەل!
ئێستا “باسی گەرم”ی کۆر و کۆمەڵە سیاسییەکان سەبارەت بە ئێران ئەوەیە کە کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم، پاشماوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی (شا)یان وەک بەربەستێک لە بەردەم راپەڕینی خەڵکی ئێراندا هێناوەتە ناو هاوکێشەکانی ئێستای ئێرانەوە بۆ ئەوەی خەڵکی ئێران بێهیوا بکەن تا دەست لە “گەیشتن بە ئامانج” هەڵگرن و واز لە گۆڕانکاری ریشەیی لە کۆمەڵگەی ئێراندا بهێنن. ئەم ناوەندانە ئاماژە دەدەن بە شۆڕشی خەڵکی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ کە چۆناوچۆن زەمینەسازی کرا بۆ بە لاڕێدابردنی شۆڕش و هاتنە سەرکاری “دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی” لە جێگەی “دیکتاتۆرییەتی شا”دا!
لەماوەی 44 ساڵی رابردوودا، هاوکات لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی لە ئێران، پاشماوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شا، نەک تەنیا لەسەر ئەوە لێپرسینەوەیان لێنەکراوە لەسەر ئەوەی بە ملیاران دۆڵار پارە خەڵکیان دزیوە و بردووە، بەڵکو لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش وەک یارمەتیدەری دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی رۆڵیان گێڕاوە بە ئێستایشەوە. کەوایە بە هەڵکەوەت نییە بە نزیکبوونەوەی نەمان و لەناوچوونی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی، تووشی شۆک و دڵەڕاوکێ بوون و بەپەلە بە سوودی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی و لە دژی خەڵک و بەرخۆدانی ئێران هاتوونەتە سەر خەت! ئەوان لە لایەن دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران و داو و دەزگاکانی ئەم دەسەلاتەوە، ئەو ئەرکەیان پێسپێردراوە کە لە ژێر ناوی پشتیوانیکردن لە راپەڕینی خەڵکی ئێران و مافەکانیان، بە وشە و دەستەواژە و ناتۆرەی جیاجیای “دیکتاتۆری پەسند!”، هێرش بکەنە سەر لایەنانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و هەڕشە لە خەڵک و لایەنە بەرهەڵستکارەکان و گاڵتە بە مافە رەواکانی گەل بکەن.
ئەم پەلەقاژە و هەڵبەز و دابەزەی پاشماوەکانی دیکتاتۆریی شا، بەهێزترین “نیشانە”ی ئەو راپەڕێنەی خەڵکی ئێرانە کە هەنگاوی هەرە جیددییە بە ئاراستەی “ستراتیژی رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی”. ئێستا پرسیاری گشتی ئەوەیە کە هەتا ئەمڕۆ ئەم “ئەکتەرە دیکتاتۆردۆستانە” لە کوێ بوون و چیان کردووە کە ئێستا هاتوونەتە ناو گۆڕەپانی سیاسەت و هاوکێشەکانی تایبەت بە ئێرانەوە؟!
ئامانج لە داتاشینی بەدیل بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران!
ئاشکرایە کە ئامانجی پاشماوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری شا و داتاشینی بەدیلی ساختە لە بەرانبەر دەسەڵاتی ئایینی، پێشگرتنە بە گۆڕانکارییەکی ریشەیی و بنەڕەتی لە کۆمەڵگای ئێراندا و هەرەها پەراوێزخستنی هێزی سەرەکیی گۆڕان، واتە موجاهیدینی خەلق و ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران. چونکە ئەوان بە دانی باجێکی یەکجار زۆر و تێچووی زۆرەوە، هەموو رێگاکانیان بەسەر بەدیلی کۆنەپەرستانە و کۆلۆنیالیستی داخستووە و رێگە نادەن ئێران جارێکیتر ببێتە گۆڕەپان و یاریگای دیکتاتۆرییەت! بەرەوپێشبردنی راست و دروستی راپەڕین لە رێڕەوی ئاڵۆز و پڕاوپڕ لە کێشە و ئاژاوەگێڕی لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، بەڵگەی ئەم راستییەیە کە راپەڕینی خەڵکی ئێران خاوەن پشت و پەنا و رێبەڕایەتیی خۆی بووە لە ماوەی 44 ساڵی رابردوودا و هەمیشە چالاکیش بووە!
بۆیە قسەکردن لەسەر “نەبوونی رێبەرایەتی” بۆ راپەڕینی خەڵکی ئێران، هەڵەیەکی گەورەیە. بۆ گەڕان بەدوای “رێبەرایەتی” هەرگیز نابێت هەنگاو بنرێتە دەرەوەی “زەمینی خەباتی مێژوویی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆرییەت”. چونکە “رێبەرایەتیی راپەڕین” دەبێت هەڵقوڵاوی هێزی سەرەکیی گۆڕەپانی خەبات لە دژی دیکتاتۆریەت بێت، یان لانیکەم، هاوتەریب بێت لەگەڵیدا. ئینکاری ئەم راستییە، خاوەنی وەها زاراوەیەک دەخاتە پەراوێزەوە.
راپەڕینی گەل و پاککردنەوەی لە ڤایروس!
هەموو خەڵکی جیهان درکیان بەوە کرد کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی “دیاردەی کۆڤید – ١٩”، هەبوونی “ڤاکسین” پێویستیەکی ژیانییە. بەبێ ڤاکسین، مەحاڵە بتوانی بژیت و بمێنێت. هەمان راستی لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و بەتایبەتیش لە خەباتی دژ بە دیکتاتۆرییەتدا راستە. رێبەڕایەتیی راپەڕین هەبووە و دۆزینەوە و داننان بە هەبوونی، “مەرج” و “رەمزی سەرکەوتن”ە بەسەر دیکتاتۆرییەتدا. پاشماوەکانی دیکتاتۆرییەتی شا، جۆرێکی گۆڕاوی مەترسیداری ڤایرۆسەکەیە کە دەبێت بنبڕ بکرێت. کەمتەرخەمی لەو بابەتەدا دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی تەمەنی دیکتاتۆرییەت.
ڤایرۆسی پاشایەتی لە ئێران ئەمڕۆدا، بە پڕۆژەی گاڵتەجاڕانەی وەک “وەکالەت”، “یەکڕیزی”، “یەکگرتوویی”، “هاوپەیمانی”، “دیموکراسی”، “مەنشور” و “هەموومان پێکەوە” و…، لەگەڵ تێکدانی سنووربەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانە دژ بە دیکتاتۆرییەت، بە نیازە بە هەمان مۆدێلی “هەموومان پێکەوە”ی (خومەینی)، لەسەر کورسیی “دەسەڵاتی رەها” دابنیشێت بۆ ئەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا بمێنێتەوە و بەردەوام بێت!
دوا وشە!
تاکە رێگا، درێژەدانە بە راپەڕین بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئایینی لە ئێران. هەر بەمجۆرە میکانیزم و ئامانج و نەخشەڕێگایە دەکرێت کە گۆڕەپان و رێڕەوی راپەڕینی گەل بپارێزرێت و دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت و دەست و پێوەند و دیاردەکانی چاڵ بکرێن و بە خاک بسپێردرێن و لە بەرامبەردا، خەڵکی ئێران بە هەموو پێکهاتە جۆراوجۆرەکانییەوە بگەن بە مافەکانیان، بەتایبەتی ئازادی و دیموکراسی. لەگەڵ ئەوانەشدا، تەنیا رێگەی گەیشتن بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە و سەقامگیری و ئاسایش و ئاسوودەیی و دۆستایەتیی گەلان لە ناوچەکەشدا هەر ئەوەیە و بەمجۆرەیش دەستەبەر دەکرێت.
کۆتایی
Discussion about this post