مهنسوور جیهانی ـ خەڵاتی “هەتاوی زێڕین”ی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بە براوەکانی بەشە جۆراوجۆرە پێشبڕکێی بەخشرا.
ڕێوڕەسمی کۆتایی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” MKFF بە ئامادەبوونی خاتوو “گولیزەر گەردەن زەری” Gulizer Gerdenzeri بەرێوەبەری فێستیڤاڵ، ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەم ڕووداوە سینەماییە، ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشە جۆراوجۆرە پێشبڕکییەکان، “کەرەم گەردەن زەری” Kerem Gerdenzeri ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی ناوداری کوردیی دانیشتووی شاری مۆسکۆ، سینەماکارانی بەشداربوو لە فێستیڤاڵ و هۆگرانی هونەری سینەما لە ناوەندی سینەمایی “ئۆکتیابر” Oktyabr و لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەچوو و خەڵاتی “هەتاوی زێڕین” بەسەر براوەکانی بەشە جۆراوجۆرە پێشبڕکییەکان دابەش کرا.
ئەمساڵ، دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” Moscow بۆ یەکەمین جار هاوکات بوو لەگەڵ ناساندنی کاندیداکان، پێکهێنانی ئەندامانی لێژنەی دادوەران و هەروەها بەخشینی خەڵاتی “هەتاوی زێڕین”. بەشی پێشبڕکێی بریتی بوو لە 30 فیلمی بڵیند و کورت، کە یەکەمین نمایشیان لە وڵاتی ڕووسیا بوو. نمایشی جیهانی زۆربەی ئەم فیلمانە لە فێستیڤاڵە گەورە نێودەوڵەتییەکانی فیلم لە ئەورووپا و ئاسیا بوو و هەندێک لەم بەرهەمانە، تەنانەت خەڵاتی گرینگیشیان بەدەستهێناوە.
بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵ، لە چوار بەشدا کاندیداکانی وەرگرتنی خەڵاتیان ناساند، لەوانە: باشترین فیلمی بڵیندی سینەمایی، باشترین بەڵگەفیلمی بڵیند، باشترین کورتە فیلمی چیرۆکی و هەروەها باشترین بەڵگەفیلمی کورت.
خەڵاتی “هەتاوی زێڕین” ستایلێکی کریستاڵە کە تیایدا هێمای فێستیڤاڵی فیلمی لێی هەڵکەندراوە؛ لاپەڕەیەکی هەتاو بە 21 تیشت، بە یەک ڕێژە و شێوازی یەکسان دیزاین کراوە کە لە ناوەندەکەیدا “بۆبین” داندراوە. “هەتاوگ هێمای ئایینی و فەرهەنگی کۆنی کوردەوارییە. هێمای “هەتاو” لە ناوەندی ئاڵای کوردستان داندراوە. خەڵاتی “هەتاوی زێڕین” بە فیلمەکانی بەشی پێشبڕکێی لە چوار بەش و بەسەر کاندیداکاندا دابەش دەکرێت.
ئەم خەڵاتە بە شێوەی بڕی پارە پێشکەش دەکرێت، لەوانە: بە باشترین فیلمی بڵیندی سینەمایی و باشترین بەڵگەفیلمی بڵیند هەر کامیان 1000 دولار، بە باشترین کورتە فیلمی چیرۆکی و باشترین بەڵگەفیلمی کورت هەر کامیان 500 دولار و هەروەها خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانیش، خەڵاتی کریستاڵ بە ناوی فیلم و دەرهێنەرەوە لەگەڵ 200 دولار دەبەخشرێت.
بەشی پێشبڕکێی “فیلمە بڵیندە سینەماییەکان”:
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی “فیلمە بڵیندە سینەماییەکان”ی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” کە بریتی بوون لە: “جانۆ ڕۆژبەیانی” Jano Rosebiani دەرهێنەری کوردی دانیشتووی وڵاتی ئەمەریکا ـ سەرۆکی لێژنەی دادوەران، “دۆنات کۆش” Donat Keusch بەرهەمهێنەر لە وڵاتی سویسڕا و “سەهیم عومەر خەلیفە” Sahim Omar Kalifa دەرهێنەری کوردی دانیشتووی وڵاتی بەلژیکا، خەڵاتی “هەتاوی زێڕین” و بڕی پارەی 1000 دولاریان بە فیلمی سینەمایی “دراوسێکان” Neighbors لە دەرهێنانی “مانۆ خەلیل” Mano Khalil سینەماکاری کوردی ڕۆژئاوا و دانیشتووی وڵاتی سویسڕا پێشکەش کرد.
بەشی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلمی بڵیند”:
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلمە بڵیندەکان”ی ئەم ڕووداوە سینەماییە کە بریتی بوون لە: “ئیبڕاهیم سەعیدی” دیکۆمێنت ساز، مۆنتێر و دەرهێنەری بەرهەمە بڵیندە سینەماییەکان ـ سەرۆکی لێژنەی دادوەران لە شاری مەهاباد، “ئەکڕەم هەیدۆ” Ekrem Heydo دەرهێنەری ڕۆژئاوای کوردستان و دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا و دکتۆر “ییلماز ئۆزدیل” Yılmaz Özdil ڕخنەگری کورد و دەرهێنەری سینەما لە وڵاتی تورکیا، خەڵاتی هەتاوی زێڕین” و بڕی پارەی 1000 دولاریان بە فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز” (نان مقدس) Holy Bread دوایین بەرهەمی سینەماکاری کۆچکردووی کورد “رەحیم زەبیحی”، لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد “توورەج ئەسڵانی” و بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد موڤی” MAAD Movie پێشکەش کرد.
بەشی پێشبڕکێی “کورتە فیلمی چیرۆکی”:
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی “کورتە فیلمە چیرۆکییەکان”ی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” کە بریتی بوون لە: “ڕێزان ئێشیلباش” Rezan Yesilbas دەرهێنەری کوردی کورتە فیلمی “بێدەنگ” Silence و براوەی خەڵاتی چڵە خورمای فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” لە ساڵی 2012 ـ سەرۆکی لێژنەی دادوەران لە وڵاتی تورکیا، “تۆفیق ئەمانی” دەرهێنەر و مۆنتێر لە شاری مەریوان و “هارمەن محەمەد تاهێر” Harman Muhammad Taher پێشکەشکار و ئەکتەر لە هەرێمی کوردستان، خەڵاتی هەتاوی زێڕین” و بڕی پارەی 500 دولاریان بە کورتە فیلمی چیرۆکی “ئەویدی” (دیگری) The Other لە دەرهێنانی هاوبەشی “سامان حوسێن پوور” و “ئاکۆ زەندکەریمی” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد.
هەروەها خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانیش بە کورتە فیلمی چیرۆکی “ئیدۆ” Ido لە دەرهێنانی “سامان مستەفا” Saman Mustefa لە هەرێمی کوردستان بەخشرا.
بەشی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلمی کورت”:
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی “کورتە فیلمە دیکۆمێنتارییەکان”ی ئەم فێستیڤاڵە کە بریتی بوون لە: “ئلێنا کورژایۆڤا” Elena Korzhaeva بەرهەمهێنەری “سینەپڕۆمۆ” CinePromo ـ سەرۆکی لێژنەی دادوەران لە وڵاتی ڕووسیا، “ناز نەدیرۆف” Nazim Nadirov نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە وڵاتی ڕووسیا و “ئاندرێ ئۆلیانین” Andrey Ulyanin بەرپرسی دابینکردنی بەرنامەکانی تەلەڤیزیۆنی “شات” SHOT TV لە وڵاتی ڕووسیا، خەڵاتی هەتاوی زێڕین” و بڕی پارەی 500 دولاریان بە کورتە فیلمی دیکۆمێنتاری “حەوت سەمفۆنیای زاگڕۆس” Seven Symphonies of Zagros لە دەرهێنانی “پەرویز ڕۆستەمی” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد.
دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” بە بەرپرسیاریی خاتوو “گولیزەر گەردەن زەری”، بە جێبەجێکاری خاتوو “زینا برۆیان” Zina Broyan، بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ و مێژووی کوردەکان و ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوەیە، بە پشتیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە نمایشی 54 فیلمی بڵندی سینەمایی، بەڵگەفیلم و کورتە فیلم لە سینەماکارانی 8 وڵاتی جیهان و هەروەها بە پشتیوانی “کارۆ ئاڕت” KARO.Art لە هۆڵەکانی ناوەندی سینەمایی “ئۆکتیابر” و لە شاری مۆسکۆ و لە سینەما KARO 11 Ohta لە شاری سەن پتێرزبوورگ لە وڵاتی ڕووسیا بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاری زیاتر:
ڕاگەیاندنی گشتی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”
Discussion about this post