سەنتەری کلتوری عێراقی لە شاری لەندەن ڕۆژی ١٥/٦/٢٠١٣هەستا بە سازدانی ئێوارەیەکی لێوان لێو لە هونەر و ئەدەبی کوردی و کردنەوەی پێشانگای تایبەتی بۆ هەنەرمەند مەریوان جەلال . بە ئامادەبوونی سەفیری عێراق لە شاری لەندەن نوێنەرانی پارتە کوردی و عەرەبیەکان کەسانی ناسراوی هەردوو نەتەوەی کورد و عەرەب
سەرەتای ئێوارەکە بە ووتەیەکی کورت لەلایەن هونەرمەند مەریوان جەلال ە وە دەستی پێکرد و تێیدا بەخێرهاتنی میوانان کرا بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی . سوباسی دکتۆر عبدلڕحمان دیاب ی بەڕێوەبەری سەنتەری کلتوری عێراقی کرد بۆ سازدانی ئەم ئێوارە خوانە هەروەها نیشاندانی دەوڵەمەندی هونەری کوردی بە ئامادەبوان و دروستکردنی پردی پەیوەندی نێوان هونەر و ئەدەبی ئەم دوو نەتەوەیە لە شاری لەندەن.
ئەم ئێوارە خوانە بەرنامەکانی بەم شێوەیە دەست پێکرد
بەشی یەکەم و سەرەتا لە لایەن گروپی ئاوازی وون ، کە گروپێکی کوردن ئەندامانی گروپەکە لە هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی کوردستان پێکهاتووە لە زۆربەی ڤیستیڤاڵ و کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا بە ئاواز و گۆرانی کوردی ڕۆحی ڕەوهندنی کورد ئاواز پرژێن دەکەن ،هەروەک کارەکانی پێشویان ئەم ئێوارەیەیان بە ئاوازو گۆرانی کوردی ڕازاندەوە بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و سۆرانی هەروەها بۆ ئامادەبوانی عەرەبی عێراقی یەکێک لە گۆرانییەکانی هونەرمەند نازم غەزالیان پێشکەش کرد .
لەبەشی دووهەمدا پێشانگای تایبەتی هونەرمەند مەریوان جهلال لە لایەن سەفیری عێراقی لەلەندەن عادل مراد و فایق نۆرەی و هاوەڵانی بە ڕووی ئامادەبوواندا کرایەوە کە بەشێک بوو لە کارە سیرامیکیەکانی ،شایەنی باسە هونەرمەند مەریوان خوێندکاری ماستەرە لە بواری هونەری سیرامیک .
بەشی سێهەم ئامادەبووان بۆ چەند ساتێک بوونە میوانی هۆنراوەکانی خاتوو تریفە مامە ، بەهاوکاری عود ژەنی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان هەروەها ئەندامی گروپی ئاوازی وون ڕزگار ،زیاتر چێژی بیستنی بە سحری سەماکردنی ووشەکانی هۆنراوەکانی ئەم خاتوونە بەخشی .
لە بەشی چوارەم هونەرمەند ئارام تەها هاوڕای گیتارەکەی چەند گۆرانیەکی پێشکەش کرد و ئاوێتەکردن بە جۆرێکیتر لە ستایلی گۆرانی کوردی بووە هۆی سەرنج ڕاکێشانی گوێبیستانی وە بە ژەندنی گیتار و سۆزی دەنگی ئێوارەکەی بە کەشێکی ئارامی و پڕ سۆز بەخشی .
دوای خواردنی نانی ئێوارە کە پێکهاتبوو لە خواردنی کوردی و عەرەبی وکلتوریەکانی هاوبەشی هەردوو نەتەوە ، میوانان بەتام و چێژی کەمێک لە ژیانی غوربەت دابڕان بە دەم خواردنەوە گەڕانەوە نیشتمان .
لە بەشی پێنجەم و کۆتایی بۆ جاری دووهەم گروپی ئاوازی وون بە گۆرانییە کوردیەکان بە هەردوو ستایلی هێواش و خێرا جۆشی زیاتریان دایە ئەم شەوە و لە لایەن خانمانی ڕەوەندی کوردی کە بە پۆشاکی قەشەنگی کوردیەوە ئامادەبوون لەگەڵ گۆرانی ڕیتمە خێراکاندا بە هەڵپەڕکێی کوردی کەشێکی پڕ لە شادیان سازان و سەرنجی میوانانی غەیرە کوردیان بۆ خۆیان ڕاکێشا، تاکۆتایی بەرنامەکە بەردەوام بوون.
شایەنی باسە لەم ئێوارەیەدا هەندێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن وەک تەلەفزیۆنەکانی ، کوردسات ، گەلی کوردستان، ئەلڕەشید،ئای ن ن ،چەند فۆتۆگرافەرێک ئامادەبوون بۆ ڕووماڵکردنی ئەم چالاکیە کلتوری و هونەری یە.
گەشاوە جاف
لەندەن
١٥/٦/٢٠١٣