لەساڵى 1967 بە پلەى نایاب ماجستێرى لە هونەرى نیگارکێشان لە ئەکادیمیاى ناوبراو وەرگرتووە. دواى گەرانەوەشى ماوەیەکى درێژخایەن ، مامۆستاى هونەرى نیگارکێشان لە کۆلیژى هونەرە جوانەکانى بەغدا و بابل بووە. لەدواى راپەرینە مەزنەکەى کوردستانیش، هونەرمەند بەجۆش و خرۆشێکى زۆر دێتەوە نێو هونەرى راستەقینەى کوردى و گالەرییەکى قەشەنگیش، تایبەت بە هونەرمەندان و قوتابیانى هونەر بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونەکانى ساز دەکات. بەدەر لەوەش ئەم گالەرییە تا ئەمرۆ پێشوازى لەچەندین کەسایەتى کورد و بیانى لەشارى هەولێر کردووە. پاش ماوەیەکى زۆر لەدەرچوونى لە ئەکادیمیا و دووبارە گەرانەوەى بۆ نێو خوێندنى باڵا. هونەرمەند لە ساڵى 2004 بە پلەى نایاب دکتۆراى لە فەلسەفەى هونەر لە زانکۆى سەلاحەددین پێبەخشرا. گرنگترین خاڵە وەچەرخانەکان لەژیانى هونەرمەند:
1- ساڵى 2001 وەرگرتنى خەڵاتى دەوڵەت بۆ داهێنانى هونەرى.
2- دامەزراندنى کۆلیژى هونەر لە هەولێر.
3- دەتوانین بڵێین خوێندنى ئەکادیمى لە شەستەکانى سەدەى رابردوو لەرووسیا، کە خاڵێکى گرنگى وەچەرخانە بۆ تێکەڵاوى و ئاشنابوونى بە هونەر و کەڵچەرى میللەتێکى پێشکەوتوو. بەتایبەتى لەهونەردا، بۆیە دەبینین زۆر لەگەورە هونەرمەندانى عێراقیش چوونەتە ئەم وڵاتە. بۆ خوێندنى هونەرى و بینینى شاکارە مەزن و بەناوبانگەکانى ئەم یەکێتى سۆڤیەت. جێى ئاماژەیە هونەرمەند جگە لەداهێنانى پراکتیکى لەنێو هونەرى نیگارکێشان. رۆَڵێکى فراوانى لەبەرەو پێشبردنى پەرتووکى وەرگێردراو و ئامادەکراوى شێوەکارى بە زمانى کوردى بینیوە. ئەو خزمەتەى هونەرمەند لەو سەردەمەدا پێشکەشى هونەرمەندانى کوردى کردووە. دەتوانیین بڵێین دەستپێکى ئەم هونەرەیە لەکوردستانى باشوور. گرنگترین پەرتووکە وەرگێردراو و دانانەکانى (مایکل ئەنجیلۆ 1982، میلیە 1985، هونەرى هێڵکارى 1989، گەنجینەى هونەر 2006، هونەرى هاوچەرخى عێراقى 2007) چەندین پەرتووکى ترکە ئێستا بوونەتە سەرچاوەى پەرتووکى هونەرى بۆ هونەرمەندان و قوتابیانى هونەر لە پەیمانگە و کۆلیژە هونەرییەکان لەکوردستاندا. هونەرمەند لەنێوان ساڵانى 1961 – 2001 چواردە پیشانگەى تایبەتى لەناوەوە و کوردستان و عێراق و یەکێتى سۆڤیەت کردۆتەوە. جگە لە چەندین پیشانگەى هاوبەشى لە شارەکانى “کوردستان و بەغدا و کوێت و قەتەر و بەحرەین و لوبنان و جەزائیر و سوریا و مەغریب و تونس و ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئینگلترا و ئێران” کردۆتەوە. جێى باسە هونەرمەند ئێستا پرۆفیسۆرى کۆلیژى هونەرە جوانەکانە لە زانکۆى سەلاحەددین لە هەولێر. بەردەوامیش لە گالەرییە تایبەتییەکەى خۆى خەریکى نیگارکێشانە و لەهەمانکاتیشدا پێشوازى لەدیدەنى گالەرییەکەشى دەکات.