“نێچیرڤان بارزانی خاوەنی فەزلە لەسەر من”
“ئەگەر مەرزییە فەریقى لە ژیان مابوایە 80%ى کارەکانى من بۆ ئەو دەبوو، چونکە بڕیاریدابوو لەمەودوا بەس لەگەڵ من ئیش بکات”
“کەسێکى زۆر خواپەرستم، زۆریش سەرسامى دراماى حەزرەتى یوسف بووم”
زانا دڵشاد دزەیى
ساڵى 1972 لە سلێمانى لەدایکبووە.
ساڵى 1992پەیمانگاى هونەرەجوانەکانى سلێمانى بەشى موزیک تەواو کردووە.
ساڵى 1992 بۆ یەکەمجار ئاوازى داناوە.
ساڵى 1996 چووەتە ئەڵمانیا و بڕوانامەى موزیکى لە پەیمانگاى باڵاى موزیک لە ئەڵمانیا بەدەستهێناوە.
+ ساڵى 2005 گەڕایەوە کوردستان و بووە راوێژگارى سەرۆکى حکومەت بۆ کاروبارى هونەرى
+ 27 ئەلبوومى لە کوردستان بڵاوکردۆتەوە، لەگەڵ دانانى موزیک بۆ 4 ئەلبوومى شیعرى، بەناوبانگترینیان ئەلبوومە شیعریەکەى سوعاد حوسنى.
سڤیل: بۆچى لە ساڵى 1996 کوردستانت جێهێشت؟
هەڵکەوت زاهیر: ناتوانم بڵێم جێهێشتن، من لە سەرەتاى نەوەدەکانەوە وەک گەنجێک لە پارتى دیموکراتى کوردستان نزیکبووم، دواتر کۆمەڵێک سروودى سیاسیم بۆ پارتى ئەنجامدا، وەک سروودى پێشمەرگە و پێشمانکەوە بارزانى، هەروەها سروودێک بۆ کاک ئیدریسى جوانەمەرگ و بۆ پارتى و بۆ شانزەى ئاب، زیاتر لە دوانزە سروودم دانا، ئەوکات هەندێ کێشەى سیاسیى کوردستان و کێشەى نێوان حیزبەکانى کوردستان هەبوو، تووشى هەندێ کێشەى سەخت بوومەوە لە موقابیلى پارتى گیرام و تووشى هەندێ ئەشکنجەى سەختیش بووم، هەتا تاماوەیەکى زۆر نەمتوانى لە سلێمانى دابنیشم، بەڵام پێشتریش بڕیارى ئەوەم هەبوو کە بۆ خوێندن بچمە دەرەوەى کوردستان، دەرفەت واڕێکەوت براى بەڕێزم کاک نێچیرڤان بارزانى پشتگیرى پرۆژەکەى منى کرد، کە بچمە دەرەوە بخوێنم.
سڤیل: چیت خوێند، چوویتە کام وڵات؟
هەڵکەوت زاهیر: چووم بۆ وڵاتى ئەڵمانیا، لەوێ پەیمانگاى باڵاى موزیکم خوێند.
سڤیل: مەبەستت چى بوو لە دانانى سروودى بارزانى؟
هەڵکەوت زاهیر: بڕواى من بوو بەو رەوتە و بە بارزانى نەمر وەک سەرکردەی هەموو میللەتى کورد، من وەک هونەرمەندێک بەو سروودە خۆشەویستى و وەفاى خۆم بۆ ئەو سەرکردەیە دەربڕیووە، بڕوام هەبوو کارێک بکەم دەنگدانەوەیەکى گەورەى هەبێ، ئەو سروودەى بارزانى دووەمین کارى من بوو، کە گەورەترین دەنگدانەوەى هەبوو لەسەر ئاستى کوردستان، خۆشبەختانە بووە دروشمى مەرکەزى بارزانى نەمر.
سڤیل: ساڵى 1995 ئەو سروودە بڵاوکرایەوە، بەڵام بۆچى ئەوکاتە لە میدیا و لەلایەن هونەرمەندەکانەوە باس لەوە نەکرا، کە گوایە تۆ ئاوازى سروودەکەت لە ئاوازێکى دیکە وەرگرتووە، وەک چۆن پێش چەند ساڵێک لە میدیاکان ئەو باسە وروژێنردرا؟
هەڵکەوت زاهیر: من هونەرمەندێکى چالاکم و هەموو مانگێک ئەلبوومێکى من دەکەوێتە بازاڕەوە، هیچ هونەرمەندێک لەناو رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەتا لە وڵاتەکانى ئەمەریکا و ئەوروپا نەبووە، کە تواناى ئەوەى هەبێ هەموو مانگێ ئەلبوومێک دەربکات، کارى ئەلبووم کارى کۆمپانیایەکى گەورەى هونەرییە، کە بەلانیکەم (10) ئاوازدانەریان هەبێ، مانگێ واهەیە من (3 تا 4) ئەلبووم دەخەمە بازاڕەوە، هەروەها بەشێکى دژایەتیکردنەکەى من دەگەڕێنمەوە بۆ پۆستە حکومییەکەم، خەڵکانێک بۆئەوەى بیانوو بدۆزنەوە ئەو باسەیان وروژاند، ئەگینا بۆچى پێشتر قسە لەسەر میلۆدیەکە نەکرا؟ ئەسڵەن ئەو سروودەى کە ئەوان دەڵێن هچى لەو سروودەى من ناچێ، ئەوەى من مەقامى عیجازەکارە و ئەوەى دى عەجەمە، ئەگەر مۆسیقییەکى زیرەک بێ و گوێیەکانى گوێیەکانى موزیکناس بێ، دەزانێ میلۆدى ئەو دوو سروودە دوورن لەیەکەوە، ئەوە خەڵکانێکى بێکلاس و نەشارەزا و رقن، وا دەڵێن.
ئەگەر دروست وەڵامت بدەمەوە ئەوکاتیش دژایەتى من دەکرا، بەڵام ئەوکاتە دژایەتیکردنە بەرعەکس بوو و کەوتنە گرتنى من، کە لەلایەن یەکێتى سجن کرام و مامەلەیەکى خراپیان لەگەڵ من کرد، بەشێوەیەک کەسوکارم و خەڵکى دیکەش بەهۆى منەوە تووشى ئەشکەنجە بوون.
سڤیل: لە کابینەى پێنجەمى حکومەتى کوردستان کارئاسانى باش بۆ کارەکانت هەبوو، بەڵام دواى نەمانى نێچیرڤان بارزانى لە سەرۆکایەتى حکومەت، ئێستا وەک جاران کارەکانت بەرچاو نین، ئایا لەگەڵ ئەم حکومەتە کارەکانت چۆنە؟
هەڵکەوت زاهیر: یەکەم شت کەسایەتى کاک نێچیرڤان بارزانی کەسایەتییەکى مەعنەوەى زۆر گەورەیە لەناو کۆمەڵگەى کوردستان، من هەتا ئەو رۆژەى هەم و دەمێنم خۆم بە قەرزارى ئەو دەبینم، کە زۆر پشتگیرى لەمن کردووە، بێگومان لە کابینەى پێنجەمدا گرنگى زۆر بە بوارى هونەر درا و لەو کابینەشدا خەڵکانێکى باشى تێدایە و هیوادارم بەهەمانشێوەى کابینەى پێشوو ئەو گرنگییە بە هونەر و هونەرمەندان بدرێ.
بەڵام بۆ مەسەلەى کارەکانى من، تۆ سەیرى ئەوە بکە میدیاکان زۆرتربوون کە کارەکانى منیان پەخش دەکرد. بەڵام ئێستا من نزیکایەتیم لەگەڵ هیچ لەمیدیاکان نییە، بەتایبەت ئەو میدیایانەى کە لە هەولێرن، رەنگە ئەوە هۆکارى ئەوەبێ، کە پێشتر کارێکم لە چەندین میدیا نیشان دەدرا، کارەکان بەرێژەیەکى زۆرتر بەرچاوبوون، بەڵام ئێستا کارەکانم زۆرتر هەر لە ڤین تیڤى بڵاودەکرێتەوە.
سڤیل: کێ خاوەنی فەزلە لەسەر تۆ؟
هەڵکەوت زاهیر: برای بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی خاوەنی فەزلە لەسەر من، تا ماوم قەرزاری ئەو بەڕێزەم، بەبێگومانی جەماوەری خۆشەویستی کوردستان فەزڵیان لەسەرمە ئەو هەموو خۆشەویستییەیان بەمن داوە.
سڤیل: تۆ لە پارتییەوە نزیکى، بەڵام ئەوەندەى کارەکانت لە کەناڵێکى ئەهلى گرنگى پێدەدرێ، ئەوەندە لە کەناڵەکانى پارتى گرنکى پێنادرێ، بەپێچەوانەوە زۆرجار کەناڵەکانى پارتى کەوتوونەتە دژایەتیکردنت؟
هەڵکەوت زاهیر: ئەوە دەکەوێتە سەر ئایدۆلۆژى ئەو کەسانەى کە بەرپرسى ئەو میدیایانەن، من گلەیم لە هیچ کەسێکیان نییە، هەندێ لەو کەناڵانەى کە هەیە لە هەولێر لەوانەیە من موعارزبم بەرهەمم لەوێدا بڵاوبێتەوە، نەک ئەوان، هەندێکیشان خۆشیان لە کارەکانى ئێمە نایەت، ئەوەش مافى خۆیانە، من ئەوە بە ئاسایى دەبینم.
سڤیل: کە گەڕایتەوە بۆ کوردستان و لە سەرەتاى کارەکانتەوە لە کەناڵى زاگرۆس نزیکبووى، بەڵام ئێستا هەستدەکرێ، سستییەک لە نێوان تۆ و زاگروس هەیە، هۆکارى ئەوە چییە؟
هەڵکەوت زاهیر: من پێى ناڵێم سستى، پاشان من زاگرۆسم جێنەهێشتووە، من وەک هاوکار لەگەڵ زاگرۆس کارم دەکرد، نەک ئەندام بم، دواى ئەوەى من کەناڵى کۆڕەکم دروستکرد، ئۆتۆماتیکى کە تۆ تەلەفزیۆنێکت هەبێ، گرنگى بە تەلەفزیۆنەکەى خۆت دەدەى، بەڵام هەمیشە سوپاسى ئەو بەڕێزانە دەکەم کە بەرپرسى زاگرۆس بوون و زۆر بەڕێزەوە مامەلەیان لەگەڵ من کردووە.
سڤیل: چەندین بەرهەمت لە کەناڵى کۆڕەک هەیە و پەخش ناکرێن، چى لەو بەرهەمانە دەکەى؟
هەڵکەوت زاهیر: کارەکان لاى من هەیە، پرۆژەى تەلەفزیۆنێکم هەیە، کە من پێش کەناڵى کۆڕەک خەریکى پرۆژەى تەلەفزیۆنەکەى خۆم بووم، کە داوام لێکرا ببم بە بەڕێوبەرى کۆڕەک بەهۆى ئەوەوە پرۆژەکەى من دواکەوت، هەرکاتێک تەلەفزیۆنەکەم دانا بەرهەمەکانم لەوێدا پەخشدەکرێ، وەک چۆن ئێستا لە ڤین تیڤى بڵاودەبێتەوە.
سڤیل: کەى کەناڵەکەت دەکەیتەوە؟
هەڵکەوت زاهیر: لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیا و کۆمەڵێک خەڵکى سەرمایەدار کە پشتگیرى لەمن دەکەن خەریکى جێبەجێکردنى پرۆژەکەم، ئەو تەلەفزیۆنەى کە من دایدەنێم تەلەفزیۆنێکى شەخسى و ئەهلیە، خۆشم پەیوەندییەکى باشم لەگەڵ وڵاتانى عەرەبى و کۆمپانیاى رۆتانا هەیە، ئێستا خەریکم ئەو کارانە رێکبخەم.
سڤیل: لە تەمەنى منداڵێتیتدا پێشبینى ئەوەتدەکرد، ئاوازدانەرێکى بەمشێوەى ئێستات لێ دروست بێت؟
هەڵکەوت زاهیر: بێگومان، هەموو هاوڕێکانم شایەدن لەسەر ئەو قسەى من، کە هەر لەبچووکیدا بەهرەى ئاوازدانانم هەبووە، پێشبینى هەموو کارێکى خۆم کردووە، کەسێکم نەبینیوە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستیش بتوانێ وەک من کارابێ لە دانانى گۆرانى، وا گۆرانییەکانم بەرەو (450) گۆرانى دەچن، تاکۆتایى ئەمساڵ گۆرانییەکانم دەبن بە (500) گۆرانى.
سڤیل: بۆچى زیاتر کارەکانت بۆ ئافرەتانە، تەنیا لەبەرئەوەى خۆت حەزت لەدەنگى ئافرەتە؟
هەڵکەوت زاهیر: پێشکەوتنى هەموو میللەتێک کەلتوور بەرەوپێشى دەبات، ئینجا ئیختیساد و بیناى جوان و شەقامەکان، لە زۆر وڵاتى عەرەبی دراوسێکانماندا دەبینین پارەى زۆر و بیناى جوانیان هەیە، بەڵام کەلتوور و هونەریان زۆر لاوازە، پێشکەوتنى ئافرەتیش پێشکەوتنى کۆمەڵگەیە و بەشێکى زۆر سەرەکییە، ئەگەر بەشێوەیەکى پێشکەوتنخوازانە بیرى لێ بکرێتەوە کۆمەڵگە بەرەوپێش دەچێ، من وەک خۆم هەوڵمداوە گرنگى بەئافرەت بدەم، دیارە کە پێش من ڕەنگەکانى ئافرەت زۆرکەم بووە لە کوردستان. من توانیم ڕەنگى بکەم بەو هونەرمەندە کچانەى، کە لەگەڵ من کار دەکەن، لە ئێستادا زیاتر لە (20) کچ گرێبەستیان لەگەڵ من کردووە، کە لەسەرەدان بۆ کارکردن و هاتنە پێشەوەى مەیدانى گۆرانى گوتن.
سڤیل: بۆچى لەناو قوتابییەکانت کەسێکى بادینیی تێدا هەڵنەکەوتووە؟
هەڵکەوت زاهیر: لەسەر ئەوە پێشنیارى زۆرم بۆ هاتووە، لە پرۆژەى داهاتوومدا هەیە، هەمیشە لە گۆرانیبێژە ناسراوەکانى بادینیان پێشنیارى کارى بۆم کردووە و من خۆم ڕازى نەبوومە، چونکە ئاشکرایە من ویستوومە کار بۆ کەسى نوێ بکەم، کە پێشتر کارى نەکردبێ، زۆر کەم بووە دەنگێک پێشتر کارى کردبێ و من کارم بۆ کردبێ، ئەو دەنگەشى کە جگە لەمن پێشتر کارى کردووە، لەوانە لەیلا فەریقییە کە من زۆر مورتاحم کارى لەگەڵ دەکەم، مەرزییە فەریقى بەهەمانشێوە، ئەگەر مەرزییە لە ژیاندا مابوایە رەنگە 80%ى کارەکانى من بۆ ئەو بوایە، چونکە بڕیاریدابوو بەس لەگەڵ من ئیش بکات و لەگەڵ کەسى دیکە ئیش نەکات، هەروەها هونەرمەند چۆپی فەتاح یەکێکە لەو هونەرمەندانەی ڕێز دەگرێ لەکاری هونەری و هونەرمەندێکی زۆر پرۆفیشناڵە، هەروەها هونەرمەند ئالان عومەر ئەویش زۆر بە هەستە و کارکردن لەگەڵى زۆر خۆشە.
سڤیل: تۆ هەر خەریکى زیادکردنى ژمارەى قوتابییەکانى خۆتى، هەست بە ماندووبوون ناکەى؟
هەڵکەوت زاهیر: لە ئیشکردن نەخێر، بەڵام هەندێجار ماندوو دەکرێم و ئەوەندە هێرشى رۆژنامە و سەحافەم بۆ دێت، چونکە هێرشەکان بێ بنەمان، من تێناگەم تاکەى قسە لەسەر من دەکەن و چ قسەیەک ماوە نەیانکردبێت؟ راستە هەموو نوێخوازێک لە کۆمەڵگە رووبەرووى رەخنە دەبێتەوە لە هەموو کۆمەڵگەیەک ئەوە هەیە، بەس پێموایە لە کۆمەڵگەى کوردى رەخنە و تەشهیرکردن بە کەسایەتییەکان زۆر زیاترە لە کۆمەڵگەکانى دیکە، من یەکێکم لەوانە کە زۆر تەشهیرم پێکراوە، لەناو ئەو میدیانەشى کە لەناو پارتى دەردەچن زۆرتر تەشهیرم پێکراوە.
سڤیل: ئەى بۆچى تائێستا لەبەرامبەر ئەو “تەشهیرانەى”پێتگراوە، رێگەى یاساییت نەگرتۆتەبەر و لەرێگەى دادگاوە مافەکەت وەربگرى؟
هەڵکەوت زاهیر: نابینم یاسایەکى وا لە کوردستان هەبێ بتوانێ مافت وەربگرێتەوە، ئەگەر پەنا بۆ دادگا ببم، دەبێ من ئێستا خاوەن یەک ملیۆن داوا بومایە لە دادگا، چونکە زیاتر لە یەک ملیۆن جار لە سەحافەى کوردى تەشهرم پێکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا سێ ملیۆن کەوتوونەتە مەدح و خۆشەویستی بۆمن، ئەمڕۆ لایەنگرانى من لە کوردستان لە 8000 کەس کەمتر نین، رۆژانە لەڕێى ئیمێل و ماڵپەرەکەى خۆم لە فەیسبووک زیاتر لە 1000 نامەم لەلایەن لانگرەکانى خۆمەوە پێدەگات، سوپاسیان دەکەم.
سڤیل: ئەوەندەى کە تائێستا لەسەرت نوسراوە، هیچ بابەت و رەخنەیەک هەبووە سوودت لێ وەرگرتبێ؟
هەڵکەوت زاهیر: زیاتر و زیاتر رەخنەکان بێ بنەمابوون، چونکە مۆسیقا حەزە، خەڵک هەبووە پێشنیارى بۆمن کردووە، گوتوویەتى بۆ گۆرانى هەڵپەڕکێ دروست ناکەى، ئایا نایزانى یاخود حەزناکەى، دروستیشم کرد و سەرکەوتنیشى بەدەستهێنا، وەک گۆرانى (سەنگى هەواران)ـى هانى، (ئەى واخ) و (ئەیڕۆ) و (فەنار)ـى لۆکە، (ساقى وەهاران)ـى دەشنێ. هەروەها (بۆ میرا)ـی میرا، (شلکە)ـی نیلیسا، (کوڕە هەولێری) ناسلی، (ئەسمەر)ـى کریستاڵ، واتا پێشنیارى وا هەبووە کردوومە، بەڵام لە کوردستاندا رەخنەگرى هونەریى نابینم، بەتایبەت بۆ گۆرانى، بەڵام هونەرمەند و رۆژنامەنووس کاک وشیار ئەحمەد ئەسوەد هەڵسەنگاندنى زۆر جوانە، چونکە شارەزایە لە زانستى مۆسیقا و شارەزاشە لە نووسین، جائەگەر ئەو برادەرە لەسەر من بە باشە یاخود بە خراپە بنووسێ هەڵسەنگاندنەکەى بەڕێزەوە تەماشا دەکەم، هەر شتێک ئەو بینووسێ دەیخوێنمەوە، هەروەها کاک رزگار چوچانی بەهەمانشێوە بە توانایە لەو بوارەدا.
سڤیل: لە کۆنسێرتێکی سلێمانی زیاتر لە 3000 هەزار کەس ئامادە بوون، دەگوترێت زیاتر لە 700 هەزار لایانگرت هەیە بەتایبەت لە سلێمانی و هەولێر و کەرکووک و دهۆک؟
هەڵکەوت زاهیر: من بۆخۆم زیاتر لە (30) گۆرانیبێژ لەگەڵم کار دەکەن، بێگومان جگە لەوەی لایەنگرانی خۆم زۆرن، لایەنگرانی هەریەک لەو هونەرمەندانە دەبنە جەماوەر بۆ من و بۆ هونەرەکەمان و بۆ سەرجەم ستافی کاری لەگەڵمان و من بە زیاتری دەبینم.
سڤیل: زۆرترین ڕێژەی دەرکەوتنی ئافرەتی مۆدێرن لە کوردستاندا لەژێر دەستی تۆدایە، بۆچى تائێستا خەڵاتی ئەو بوارە نەکراوی؟
هەڵکەوت زاهیر: من لە دەرەوەى کوردستان چەندین خەڵاتم هەیە لەسەر ئاستى نێودەڵەوتى، یەکێک لەوانە خەڵاتى “جوندى مجهۆل”، لەسەر یەکێک لە کارەکانم، هەروەها خەڵاتێکم لەسەر ئاستى قاهیرە هەیە، خەڵاتى باشترین گۆرانی ساڵى 2008 لە قاهیرە پێشکەشکرا، کە گۆرانى “رجعنا” لەیلا فەریقى و عەلى حەججار بوو، خەڵاتى “عەرزى لوبنانیم” وەرگرتووە، خەڵاتى “فەرەنسا”م وەرگرتووە، لە کوردستان چەندین جیهەت و رێکخراو پێشنیازیان بۆ کردووم خەڵاتم بکەن، خۆم ڕەتم کردۆتەوە، چونکە هەندێ جیهەت پێیانگوتم: دوو جۆرە خەڵات هەیە، خەڵاتێک هەیە بۆ سەرکردەکان ئەوە ناونیشانەى هەیە و بۆ کەسانى دیکەش ئەو ناونیشانەى هەیە.. من قبووڵم نەبووە بەو جیاوازیەى کە کردوویانە، خەڵاتێک ئەگەر پلە یەک و دووى لێبدرێ، دەبێ لەسەر بنامای یەکسانى بێ.
سڤیل: ساڵێک پێش ئێستا لە ماڵپەرى “گوگل” مەقالەیەک بڵاوکرایەوە، ناوى تۆ پێشنیارکراوە بۆ چوونە کتێبى گینس، ئەوە تاچەند راستە؟
هەڵکەوت زاهیر: بەڵێ ڕاستە، پێش ساڵ و نیوێک لەمەوبەر ناوم هەڵبژێردرا، کە بۆ دواجار من و هونەرمەندێکى هیند بەناوى دکتۆر سۆرامان، کەوتینە مونافەسە بۆ ئاخیر قۆناخى چوونە ناو کتێبى گینس، لەسەر زۆرترین بەرهەمى ساڵ و ئەو گۆرانیانەى کە لە فەرەنسا لە رێکخراوى موزیکى جیهانى تۆمار دەکرێن، من کارەکانم هەمووى لەو رێکخراوەدا تۆمارکراوە، بەڵام ئەو هونەرمەندە بەیەک خاڵ پێش من کەوتەوە، سێ خەڵاتى نێونەتەوەیى هەبوو، تائێستا ئەو مەقالەیە بە سەرجەم زمانەکانى دنیا لە گوگل ماوە، بەڵام بەداخەوە میدیاى کوردی هیچ باسى نەکرد.
سڤیل: بابێینە سەر هەندێ شتى رابردوو، باخان یەکەمین و لە بەرچاوترین و قوتابییەکانى تۆ بوو، کە زۆریشت حەزت لە دەنگى بوو، بەڵام بۆچى وازوو لێت هەڵگەڕایەوە؟
هەڵکەوت زاهیر: مەسەلەى باخان هەڵگەڕانەوە نەبوو، سووکە تێنەگەیشتنێک هەبوو، بەڵام خەڵکى خراپى نزیکى دەوروپشتمان هاتنە نێوانى ئێمە و کێشەکەیان گەورە کرد و هەوڵى تێکدانى نێوانى ئێمەیاندا، ئەگینا من هەمیشە و ئێستاش بەڕێزەوە تەماشاى باخان دەکەم، هونەرمەندێکى بەڕێزە، تائێستا هیچ وتەیەکى ناشرین لە زمانى منەوە بەرامبەر بە باخان دەرنەچووە. چونکە باخان بەشێکە لەمێژووى من، دەنگێکە نەک هەر تەنیا لە کوردستان، بەڵکو بەڕاى من یەکێکە لە باشترین دەنگەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.
سڤیل: تۆ گوتت باخان هەڵنەگەڕایەوە، ئەدى ئەیوب عەلى و هانى بۆ وا زوو پەشیمان بوونەوە لە کارکردن لەگەڵ تۆدا؟
هەڵکەوت زاهیر: پێم وایە پەشیمان بوونەوە نییە، ئەى بۆ ئەوکاتەى کارەکە دەکەن خۆیان هەڵسەنگاندنیان نەبووە؟ من تێناگەم بۆچى دواى ئەوەى کارەکە بڵاودەبێتەوە ئینجا دەڵێ پەشیمانم، لە دنیا شتى وا نییە، ئەو گۆرانیانەى داومەتێ ئایا پێشتر بەدڵى نەبووە؟ ئەى بۆچى مەمنوون بووە، ئەوەتا “هانى” ئێستا لە میدیاکان رایگەیاندووە، “ئەلبووم داهاتووى من لەگەڵ هەڵکەوت زاهیر دەبێ” ئێستاش “هانى” هاتۆتەوە پێشنیارى ئەلبوومى بۆم کردووە، بەڵام بۆ “ئەیوب عەلى” خۆم رامگەیاندووە کارى بۆ ناکەمەوە، چونکە ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە ئایا من سەرسامى دەنگى کێم، من لەو موعجیب و سەرسامانە نەبووم بە دەنگى “ئەیوب عەلى” و بڵێم وەرە کارت بۆ بکەم، “ئەیوب عەلى” بەرەزامەندى خۆى هاتەلام و داواى کرد کارى بۆ بکەم، خەڵکێکیش داوایان بۆ “ئەیوب عەلى” کرد من کارى بۆ بکەم، بەڵام من تائێستا من خۆم گوێم لێ نەبووە ئەیوب بڵێت “من پەشیمانم”.
سڤیل: هەرچەندە لە سلێمانى لە دایکبووى، بەڵام قسەیەک هەیە دەڵێن هەولێرت لە سلێمانى خۆشتر دەوێ؟
هەڵکەوت زاهیر: من سلێمانى بە شارى خۆم دەزانم و لێى لەدایکبووم، بەڵام لەواقیعێکدا کە لە هەولێر گیرسامەوە تەنیا و غەریب بووم، بەڵام لە ناو خەڵکى هەولێردا هەستم بە غەریبى نەکرد و خۆشەویستیان بە مندا، هەموو شتێک لە بیر بکەم قەت ناتوانم خۆشەویستى خەڵکى ناو هەولێر لەبیر بکەم، بەهەمانشێوە لە بادینیان و سلێمانى لایەنگرم زۆرە، بەتایبەت گەنجەکانى سلێمانى، هەروەها خەڵکى سۆران و رەواندوزم زۆر خۆشدەوێ، زۆر حەزدەکەم ماڵێکم لە رەواندوز و سۆران هەبێ، کە مانگانە بچم سەردانى بکەم، هەرچەندە خەڵکەکەى وایانکردووە هەموو ماڵەکان بە ماڵى خۆم بزانم.
سڤیل: هونەرمەندێکى خۆشبەختى؟
هەڵکەوت زاهیر: من سەرمایەدار نیم و جگە لە مووچەیەک و خانوویەک کە لە هەولێر هەمە و تێیدا دەژیم هیچ شتێکى دیکەم نییە، بەڵام لە کارەکانم خۆشبەختم و دڵم بەکارەکانم و قوتابییەکانم خۆشە، رۆژانە ژیانى من لەگەڵ دەشنێ و میرا و لۆکەیە، سەفەر و نانخواردنمان بەیەکەوەیە، ئەو سێ کەسە بەشێکى سەرەکى ژیانى منن، واتا هەڵکەوت بەبێ ئەو سێیانە نوقستانە، بەڵام ئەگەر بەگشتی سەیری بکەی من خۆشبەخت نیم، چونکە پایەی هونەر تائێستا لە کوردستان نەگەشتۆتە ئەو ئاستەی ڕێزی تەواوی لێ بنرێ، ڕۆژانە بریندار دەکرێم، چۆن بتوانم کەسێکی خۆشبەخت بم.
سڤیل: رۆژانە زیاتر کات بەچى بەسەر دەبەى؟
هەڵکەوت زاهیر: زیاتر ئیش و مۆسیقا و پرۆڤەکردن، کە ماندووش دەبم گوێ لە گۆرانى دەگرم، بەتایبەت دەنگى فەیروز و میرا و لۆکە هیلاکیم کەم دەکاتەوە، دەنگ و کارکتەری دەشنێ فەنتازیای نۆیم دەداتێ، هەروەها زۆر دەخوێنمەوە، هەموو شەوێک پێش خەوتنم بە سەعاتێک دەخوێنمەوە، بەتایبەت بوارى هونەرى و کۆمەڵایەتى، هەورەها کەسێکى زۆر خواپەرستم و زۆر بڕوام بە خوا پەرستى هەیە، سەیرى فیلم و دراما زۆر دەکەم، زۆر سەرسامى دراماى حەزرەتى یوسف بووم، لەبەرئەوەى خۆم زۆر سەرسامم بە کەسایەتى و ژیانى حەزرەتى یوسف، کە پێشتر خوێندبوومەتەوە، لەبەرئەوە زۆر بەجدى موتابەعەى دراماکەم دەکرد.
سڤیل: بۆچى ژیانى هاوسەریت پێکنەهێناوە؟
هەڵکەوت زاهیر: کارى هونەرى هیچ مەودایەکى پێنەداوم کەسێک بێنمە ژیانمەوە بتوانێ تەحەمولى ئەو هەموو کارکردنەى من بکات و من کاتم بۆى نەبێ، من خۆشم کەسێک حەز بە ژیانى درێژ ناکەم، حەزناکەم کەسێک بەخۆم ببەستمەوە کە لە تەمەنێکى زوو خوا حافیزى لێ بکەم، هەرچەندە مردن و ژیان بەدەست خوایە، بەڵام حەزناکەم لە دواى چوار، پێنج ساڵى دیکە زیاتر بژیم.
سڤیل: کەواتە دڵداریشت نەکردووە؟
هەڵکەوت زاهیر: نا.. خۆشەویستیشم هەبووە و زۆریشم خۆشویستووە، خۆشەویستی هەموو واتایەکی جوان دەبەخشێ بە مرۆڤایەتی.
سڤیل: هۆکارى جیابوونەوەتان چى بوو؟
هەڵکەوت زاهیر: ئەویش خەڵکى خراپ هاتنە نێوانمانەوە و تێکیاندا. ئەوەش چارەنووسی رۆژگارە، دنیا هەروا بووە.
سڤیل: کێ زۆر نزیکە ڕۆژانە لە کارەکاندا؟
هەڵکەوت زاهیر: کاک کاوە شێخ رۆژانە لە کارەکانمدا لەگەڵمە، هونەرمەندێکى زۆر بە توانایە، زۆریش ماندووە لەگەڵمدا، سوپاسی دەکەم.
سڤیل: کێ زۆر نزیکتە لە شاری سلێمانی، کە سەردانی دەکەی؟
هەڵکەوت زاهیر: برای خۆشەویستم کاک رەنج سەنگاوی نزیکترین هاوڕێى منە و زۆرم خۆشدەوێ.
سڤیل: تۆ پەیکەرێکت بۆ مەلا مستەفاى بارزانى لە مۆزەخانەى گەورەى لوبنان دروستکرد، چۆن توانیت ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بکەى؟
هەڵکەوت زاهیر: بەهۆى سەردانم بۆ لوبنان بیرۆکەیەکى وام بۆ دروستبوو، کە بۆچى سەرکردەى ئێمە تائێستا پەیکەرى لەمۆزەخانەکانى دەرەوە نییە، ساڵێک هەوڵمدا، تاتوانیم قەناعەت بە وڵاتانى عەرەبى بکەم، چونکە زۆر زەحمەت بوو، کە پەیکەرى سەرکردەیەکى کورد شانبەشانى سەرکردەکانى جیهان و عەرەبى لە مۆزەخانەی “المشاهیر” دابنرێ، بەتایبەت لەلایەن وڵاتە عەرەبییەکانەوە، جامیعەى دوەلى عەرەبى کە لەناو لوبنانە، بەڵام من توانیم ئەوە کارە بکەم، دواى ئەوە کە رەزامەندیاندا براى بەڕێزم کاک نێچیرڤان بارزانى پشتگیرى کردم، بەڕێورسمێک ئیفتیتحمان کرد، کە پەیکەرى بارزانى نەمر و ئالاى کوردستان لە باشترین شوێنى مۆزەخانەکە دانرداوە، ئێستا هەمان پرۆسە بەردەوامە لە چەند مۆزەخانەى گەورەى وڵاتانى دیکەش پیکەرى بارزانى نەمر دابنێینن. بەڵام ئەگەر سراعی سیاسی لایەنە سیاسیەکان وازم لێ بێنێ و کێشم بۆ دروست نەکەن، چونکە فشاری زۆرم لەسەرە بەتایبەت لە ئێستادا.
سڤیل: کێن ئەو وڵاتانە؟
هەڵکەوت زاهیر: لە دوو وڵاتى بەریتانیا و هۆڵەندا رەزامەندیم بۆ هاتووە، ئەم پرۆژەیەم تەقریبەن تامانگی حەوتی 2012 تەواو دەبێ، ئەگەر بهێڵدرێت.
سڤیل: تۆ ئێستا ئاوازدانەرێکى بەناوبانگى کوردى، ئاوازى گەنجەکانى ئێستا چۆن هەڵدەسەنگێنى؟
هەڵکەوت زاهیر: من نابینم لەکوردستان ئاوازدانەر هەبێ، پێشتر هەبووە و هەوڵى باش دراوە، ئەو خەڵکەشى کە ئەمڕۆ کار دەکات ئەوەش هەردەبێ هەبێت، چونکە مۆسیقا و گۆرانی خەڵک گوێى لێ دەگرێ، بەڵام من وەک خۆم میلۆدى دانەرى دیکە نابینم لە کوردستان، تەنها هەوڵدان هەیە جێگای دەستخۆشییە.
سڤیل: کەواتە پێتوایە بۆچى هونەرمەندى ئاوازدانەر لەکوردستان دروست نەبووە؟
هەڵکەوت زاهیر: خەڵک دەبێ ئیختیساس جیابکاتەوە، لە کوردستان مۆسیقى دەبێتە ژەنیار، دەبێتە گۆرانیبێژ، دەبێتە ئاوازدانەر، دەبێتە پێشکەشکار، کە لە هیچ دنیادا شتى وانییە، ئێستا هەموو خەڵک دەڵێ هەڵکەوت زاهیر ئاوازدانەرە تەواو، نایەم کارى دابەشکردن و ژەنیارى بکەم، بەڵام لەو وڵاتەدا جیابوونەوە نییە.
سڤیل: ئەو هونەرمەندانە لاى تۆ چی دەگەیێنن؟
1- لۆکە: راقیترین دەنگی هونەرمەندی ئافرەتە لەکوردستاندا، پایە و ئاستی لۆکە وەک ئەسمهان دەبینم، پێشبینی دەکەم لەکۆتایدا وەک ئەمیرە تەختی یەکەم وەربگرێ، جگە لەوەی بۆ خۆی ئەمیرەی گۆرانی کوردییە.
2- دەشنێ: شازادەی پۆپە لە کوردستاندا، ئاستی دەشنێ زۆر بەرزە لەلام و من سەرسامم بە توانا و فەنتازیای دەشنێ، پێموایە یەک دەشنێ هەیە لەکوردستاندا، چۆن مارلین مۆنرۆ لە غەرب و سوعاد حوسنی لە ڕۆژهەڵات نابنەوە، دەشنێ وەها تاکە و نابێتەوە، من بە مامۆستا و داهێنەری دەیبینم لە بوارى پێشکەشکاریدا لە کوردستان.
3- میرا: ئەو دەنگەیە بڕوای بەمن هێنا، کە بۆ دەنگی هونەرمەندی پیاو کاری گۆرانی بکەم، خۆی بۆخۆی لە ئێستاوە سوڵتانی گۆرانی کوردییە، ئەو دەنگەیە کە جوانترین هەست دەدات بەمن.
4- نیلیسا: دەنگێکی نوێ و ستایلێکی نوێیە، زۆر رۆمانتیکە و ئایندەی بە باش دەبینم.
5- ئالان عمر: دەنگێکی زۆر خۆش و زۆر بەهەستە، دەتوێتەوە لەناو گۆرانیدا، زۆر ژنانە گۆرانی دەڵێ و پڕە لە وەفا و جوانی.
6- ناسلی: ڕەنگێکی تازەیە و کچێکی جوانە، زۆر بە وەفایە و ئایندەیەکى باشی دەبێ.