راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی
زۆربەی ھونەرمەندانی کورد لەئێستادا ئاشنایەتییەکی باشیان لەگەڵ (سڤیل)ـدا ھەیە، چونکە پێنج ساڵە ئەم گۆڤارە بێ پچڕان، لەدۆسیەیەکی تایبەتی ھونەریدا، ھونەرمەندانی بەسەرکردۆتەوە و ھەواڵە ھونەرییەکانی بڵاوکردوونەتەوە و گرنگی بە بابەت و پرسە ھونەرییەکان بەگشتی داوە، بەھۆی ئەمەوە ھونەرمەندان لە پێنجەمین ساڵیاد و پێنانە ساڵی شەشەمی (سڤیل)ەوە، خۆشەویستی خۆیان بۆ (سڤیل) دەردەبڕن و باس لەبۆچوونی خۆیان لەبارەی (سڤیل)ـەوە دەکەن.
ھونەرمەند قادر ئەسعەد، کە یەکێکە لـــــــــــەم ھونەرمەندانەی خوێنەری (سڤیل)ە، دەڵێ بەردەوامبوونی (سڤیل) تاکو ئەمڕۆ بەڵگەیە لەتەمەنی پر لەخەرمان بەرەکەتی میدیایی کوردی و دەشڵێت “ھەر بەم بۆنەیەشەوە بەپێویستی دەزانین بەتایبەتی دەستخۆشی خۆمان ئاڕاستەی ھەموو ئەو رۆژنامەنووسانە بکەین، کە گرنگی بەبواری ھونەری لەگۆڤارەکەتان دەدەن، ئەوەی بۆ ئێمە جێگای دڵخۆشکەریە (سڤیل) توانیویەتی سنورەکان ببەزێنێت دیدار و دیمانەکانی خۆی لەگەڵ ھونەرمەندانی بێگانەشدا ساز بکات و ببێتە پردێکیش بۆ پتەوکردن و ناساندنی ھونەر و ھونەرمەندانی کورد بە دەرەوەی ھەرێم. ئەوەش مایەی خۆشحاڵیە و بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەم گۆڤارە مەبەستیەتی پەیامی خۆی بگەێنێتە زۆرترین خوێنەری لەھەر شوێنێک دەستی پێی بگات”. قادر ئەسعەد ئاماژە بەوەش دەدات، گەیاندنی ھەواڵی ھونەری بەشێوەیەکی گەرم و بابەتیانە ھەوڵێکی تری تایبەتە بەم گۆڤارە و دەڵێ “جگەلەوەش (سڤیل) گرنگی تایبەت دەدات بەناساندنی دەنگ و رەنگی نوێ لەبواری ھونەریدا”؟
قادر ئەسعەد چەند تێبینییەکی لەسەر (سڤیل) ھەیە و داواش دەکات لەداھاتوودا ئیشی لەسەر بکرێ لەوانەش “بەداواداچوونێک بکرێت لەسەر بابەت و دیمانەکان کە ئەنجامیان دەدەن، نەوەک ھەر کەسێک بۆ ویستی خۆی باس لەخۆی بکات چۆنی بیەوێت ئاوا تێپەڕێت، ھەروەھا پێویستە ئەو رۆژنامەوانەی دیدار و دیمانەکان ساز دەکات شارەزایەکی تەواوی ھەبێت لەسەر بەرھەم و ھەندێک تایبەتمەندی ژیانی ھونەرمەندەکە تاوەکو بتوانێت زۆر زیرەکانە و بابەتیانە دیمانەکە بکات. ھەروەھا گرنگی دان بەرێزمانی زمانی کوردی و خۆدەوڵەمەندکردن بەوشە و داڕشتنی نوێ لەکاتی بڵاوکردنەوەی بابەتەکان، خۆ بەدوورگرتن لەپرسیارە کلاسیک و دووبارەکان”.
ھەرچەندە سڤیل چەندین جار وێنەی ھونەرمەندانی پیاویشی لەبەرگی (سڤیل) بڵاوکردۆتەوە و گرنگی پێدراون، بەڵام قادر ئەسعەد لەمەدا گلەیی لە(سڤیل) دەکات و دەڵێ “خۆزگە وێنەی ھونەرمەندە پیاوەکانیش بەقەد وێنەی ھونەرمەندە خانمەکان لەسەر بەرگی گۆڤارەکاتان بڵاودەکرایەوە”.
کچە سینەماکار دەوەن نەوزاد، وێرای دەستخۆشی لەستافی (سڤیل) و پیرۆزباییکردنی، دەڵێت “نەک تەنیا بە پەیام، ھەر بەجدی دەستخۆشیتان لێدەکەم و (سڤیل) گۆڤارێکی رێکوپێک و جوانە، ئەگەر باس لەبەشە ھونەرییەکە بکەم خزمەتێکی زۆر باش و جدی بەھونەرمەندان کردووە، من زۆر لێی رازیم و بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی ساڵیادی (سڤیل) لەستافەکەی پیرۆز دەکەم”.
نازێ عەزیزی، ھەمیشە لەرێگەی تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک و ئینتەرنێتەوە (سڤیل) دەخوێنێتەوە، یان پرسیار دەکات لە(سڤیل) چ شتێکی نوێ بڵاوکراوەتەوە؟ وەکو ئەو دەڵێت “سڤیل گۆڤارێکە لەیەکەم ژمارەوە تاوەکو ئێستا موتابەعەم کردووە لەرێگەی ئینتەرنێت و فەیسبووکەوە زۆربەی ژمارەکانم خوێندۆتەوە، زیاتر لەبەر بەشە ھونەرییەکە دەیخوێنمەوە، لەھەموو گۆڤار و رۆژنامەکان باشترە و تێروپڕترە، خزمەتێکی زۆری بەھونەرمەندانی کورد کردووە، بەتایبەت ئەو کچانەی تازەبوون لەبواری ھونەریدا (سڤیل) رۆڵی ھەبوو لەدروستکردنیان و ناوبانگ دەرکردنیان، وەکو قوتابخانەیەک وابوو بۆیان”. نازێ گلەیی ئەوەی لەسڤیل ھەبوو، کە “جارجارە جیاوازی لەنێوان خانمە ھونەرمەندەکان دەکەن، یەکێک گەورە دەکەن و یەکێکی دیکەش ئەگەر ساڵی جارێک چاوپێکەوتنی بکەن و وێنەی لەسەر بەرگ بدەن” بەڵام دواجاریش دەڵێت “بەگشتی گۆڤارێکی زۆر پرۆڤیشناڵە لەکاری ھونەریدا”.
ھونەرمەند چەتۆ حەسەن، کە بە مام حەمەد ناسراوە زۆر بەباشی ئاگای لە(سڤیل) نییە، لەبەر سەرقاڵی بە بەرنامەکەی خۆی لەنیگا تیڤی، بەڵام دەڵێت “ئەوەندەی گرنگی و ئیھتیمام بەمن درا لە(سڤیل)، ئەگەر ئەو گرنگییە بەھونەرمەندانی تریش درابێت، ئەوە کارێکی زۆر جوان بۆ ھونەرمەندان دەکەن و دەستخۆشیتان لێ دەکەم. بەبێ جیاوازی ھونەرمەندان بەسەر بکەنەوە و کۆنەکانیش لەبیر مەکەن و ئەوانەی وەکو من زۆرن لەھەولێر کەس باسیان ناکات، مامۆستاکانی من ھێشتا لەژیاندا ماون، بڕۆن ئەرشیف و رابردوویان سەیر بکەن پڕن لەجوانی و داھێنان”.
ئاوازدانەر ھەڵکەوت زاھیر کە ھەمیشە پەسنی (سڤیل)ـی داوە و زۆربەی ھەواڵی کارەکانی خۆیشی بە(سڤیل) داوە و وێنەی تایبەتی ھونەرمەندانەکانی خۆی بۆ سڤیل دەنێرێت، لەساڵیادی سڤیلدا دەڵێت “خۆم و ئەو ھونەرمەندانەی لەگەڵ من ئیش دەکەن (سڤیل) بەھی خۆمان دەزانین و جۆری ئیشکردنی (سڤیل)مان بەدڵە، بەردەوام لەگەڵ دەستپێکی گۆڤاری (سڤیل) دیمانە و ھەواڵ و کار و چالاکییەکانمان بەشێوەیەکی فراوان تێدا بڵاوکراوەتەوە، ھەمیشە دەرگای بۆ من و ھونەرمەندانەکانی لای من واڵاکردووە، بە گرنگیەوە قسەکانی ئێمەیان بۆ خوێنەر گواستۆتەوە و گرنگی زۆری بەلایەنە ھونەرییەکە داوە بە بەراورد لەگەڵ میدیاکانی دیکە، (سڤیل) توانی لەجۆری پرسیاری چاوپێکەوتنی ھونەرمەندان تازەگەریی بکات کە ئێستا لەشوێنەکانی دیکەش بۆتە ستایلی ئیشکردن، لەبەرئەوە (سڤیل) لای من گۆڤارێکی خۆشەویست و پرۆڤیشناڵە، بەناوی خۆم و ئەو ھونەرمەندانەی لەگەڵ مندا ئیش دەکەن دەستخۆشیتان لێ دەکەم و ھەر بەردەوام بن لەسەرکەوتن”.
شەیما جاف، وەکو دەڵێ چەند ژمارەیەکی گۆڤاری (سڤیل)ـی لەماڵەکەی خۆیدا ئەرشیف کردووە و خوێنەرێکی باشی (سڤیل) بووە، بەڵام ئێستا لەبەر کاری پەیامنێرییەکەی بۆ کەناڵی NRT فریای ھەموو شتێک ناکەوێت، ئەو لەبارەی (سڤیل)ـەوە دەڵێت “من ھەر لەسەرەتاوە خوێنەرێکی باشی گۆڤاری (سڤیل) بوومە، گۆڤارێک بووە ھەمەڕەنگ و پربابەتە، ھەر بەم بۆنەیەوە ئێستاش ژمارەیەکی زۆرم لەماڵەوە ئەرشیف کردووە، بابەتە ھونەرییەکانی سەرنجی منیان وەکو سینەماکارێک و راگەیاندنکارێک راکێشاوە و راپۆرت و ھەواڵ و چاوپێکەوتنێکی زۆر لەسەر کەموکوڕییەکانی بواری ھونەر لەکوردستان بڵاوکراوەتەوە، بۆ نموونە من وەکو قوتابییەکی ئەوکاتی کۆلێژی سینەما چەندجار دەمبینی موعاناتی خۆم و کۆلێژەکەم لە(سڤیل) باسکراوە، گوێم لێ بووە ھونەرمەندان باسی (سڤیل)یان کردووە، ئەوەی من بزانم لەناو ھونەرمەندان گۆڤارێکی خۆشەویستە و بەدڵیانە، بەبێ جیاوازی پاڵپشتی لەھونەرمەندەکان کردووە بەتایبەت خانمەکان”.
دەرھێنەر ھیوا سوعاد، بەڕێوەبەری شانۆی ھەولێر پێیوایە (سڤیل) گرنگی بەھونەرمەندانی نەوەی کۆن و ئێستا داوە، دوو ساڵ (سڤیل) ھاوکار بووە لەفیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ شانۆ و ھەواڵی و رووداوەکانی فیستیڤاڵی بڵاوکردۆتەوە، بۆیە ھیوا سوعاد ھەمیشە نزیک بووە لەسڤیل و دەڵێت “ھەر لەسەرەتاوە لەلایەن چەند رۆژنامەنووسێکی زیرەکەوە (سڤیل) ھاتەکایەوە و زۆر زووش ناسرا و یەکێکە لەم گۆڤارانەی گرنگی بەلایەنە ھونەرییەکە دەدات و خوێنەری زۆرە، گرنگی بە ھونەرمەندە کۆنەکان دەدات، ئەو ھونەرمەندانەی دوورەپەرێزن و ئیھمال کراون لە(سڤیل)ـەوە دەردەکەون و بەبیری خەڵکیان دینێتەوە و باسی کارە کۆنەکان دەکرێ، ھەروەھا من نوێترین ھەواڵی ھونەری و بابەتی وروژێنەر و تازە لە(سڤیل)ەوە دەخوێنمەوە و ستایلێکی تایبەت بەخۆی ھەیە لەئیشکردن، زۆرجار ئەم بابەتە ھونەریانەی لە(سڤیل) بڵاودەکرێنەوە دەبێتە جێی موناقەشە و گفتوگۆی نێوان ھونەرمەندان، من لێرەوە پێشنیاری ئەوە دەخەمەروو لاپەرە ھونەرییەکانی زیاتر بکرێ، راستە (سڤیل) گۆڤارێکی سیاسی گشتییە، بەڵام دەکرێ لاپەرە ھونەرییەکانی زیاتر بکرێ بۆئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی فراوانتر خزمەتی ھونەرمەندان بکەن”.
بەڕێوەبەری شانۆ گوتیشی “لەگەڵ ئەوەی گۆڤارێکی پێشکەوتووە، پێویستە رەچاوی ھەندێ لایەنی ھونەرمەند بکات لەکاتی ئیشکردن وردتر بێت، چونکە ھونەرمەند دڵی زۆر ناسکە، جاری وایە ھەیە ھونەرمەند دەکەوێتە ژێرباری ھەواڵێک کاریگەری خراپی لەسەر جێدەھێڵێت، چونکە لە(سڤیل) ئەوەش روویداوە”.
ھونەرمەند فاتێ تەنیا چوار جار (سڤیل)ـی بینیووە و دەڵێت “من سۆرانی نازانم بەتەواوی بخوێنمەوە و لێی تێبگەم، زۆر کەمیش لێرەم و سڤیل بەسۆرانی دەردەچێت، بەڵام من ھەرجارێک بێمەوە سڤیل پەیوەندی پێوەکردووم و بەخێرھاتنی کردووم، بەم بۆنەیەوە چەند جارێک قسەم بۆ سڤیل کردووە، بۆیە پێموایە رۆژنامەنووسەکانی (سڤیل) بەگرنگیەوە لەھونەرمەندان دەڕوانن و خزمەتی ھونەرمەندان دەکەن، ئەو گەرموگوڕیەی تێیاندا دەبینم و بەدوای ھونەرمەندان دەکەون جوانترین کاری رۆژنامەوانییە”.
ھەروەھا موزیکژەن ھەڵبەست سەڵاح دەڵێت “گۆڤارێکە خزمەتی زۆر بەھونەرمەندان کردووە و ھونەرمەندان باسی دەکەن و گوێم لێبووە ھەموویان بەگۆڤارێکی باش ناوی دەبەن، ھەر ھونەرمەندێک بیەوێت پەیامێکی ھەبێ (سڤیل) ئیشی لەسەر دەکات، من چەند جارێک ئەگەر شتێکم ویستبێ لە(سڤیل) بۆم کراوە و قسەی خۆم کردووە”. ھەروەھا ھەڵبەست گوتیشی “بەڵام پێویستە سڤیل لەمەودوا ئیش لەسەر بابەتە ھونەرییەکان بەشێوەیەکی زانستی، ئەو بەرھەمانەی بڵاودەکرێنەوە دوای مانگێک رای کەسانی شارەزا و پسپۆر وەربگرێ لەسەر بەرھەمەکە، بۆ دەوڵەمەندکردنی بەھەرمە ھونەرییەکانی کوردستان”.