بورھان شێخ ڕەئوف
ئەگەر ساڵی پار شاھیدی داڕمان و ھەرەسی پەیوەندییەکانی ئەوروپاو تورکیا بووین بە تایبەتی دوای کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ تەمووز ٢٠١٦ کە ئەردۆگان زۆرێک لەوڵاتانی تۆمەتبار دەکرد بە پشتیوانی و نەخشەکێشانی , وا ئێستا دەبینین حکومەتەکەی ئاکەپە لە دروشمی زیرۆپرۆبلمەوە بووەتە فوول پرۆبلم نەک لە ناوخۆی وڵاتەکەی و دراوسێکانی بەڵکو لە گەڵ ئەوروپا و ئەمریکاش بە قۆناغێکی ھەستیارو ژانێکی قورسدا تێپەڕ دەبێت پەیوەندییەکانیان .
بەڵێ ئەوەی مایەی نیگەرانی و خەمباریە بۆ تورکیا و ئەردۆگان لێدوانەکانی نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا برێت ماککۆرگە بۆ شەڕی تیرۆر کە وتبووی تورکیا یارمەتی و کۆمەکی ئەو گروپ و ڕێکخراوە تیرۆریستیانە دەکان کە نزیکن لە ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدەوەلە ئەدلب .
ئەمە لە کاتێکدایە کە تورکیا ئەو لێدوانانەی ماککۆرگ وا دەخوێنێتەوە و ڕۆژنامەو ماڵپەڕە تورکیەکانی نزیک لە ئەردۆگانیش والێکی دەدەنەوە کە ئەمە ھەوڵ و ھەنگاو نانی ئیدارەی ئەمریکایە بۆ ناونووسکردنی تورکیا لەسەر لیستی تیرۆر واتا ئەو سحرەی کە ساڵانێکە ئەردۆگان و حکومەتەکەی دەیانەوێت بەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و شەڕڤانان و یەکینەکانی پاراستنی گەلی دا بسەپێنن ئێستا بەسەر خۆیاندا دەشکێتەوە و ئەو پەندە کوردییەیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت کە دەڵێت ئەوەی چاڵ بۆ یەکێکی تر ھەڵبکەنێت خۆی تێدەکەوێت .
لەلایەکی ترەو ڕۆژنامەو ماڵپەڕە تورکیەکانی نزیک لە ئەردۆگان ترسی زۆر و نیگەرانی خۆیان ناشارنەوە لە تێکچوون و شڵەژانی دۆخی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئەمریکا و دەڵێن ئەگەر زۆر بە ھۆشیاری و بەرپرسیارێتیەوە کارنەکرێت ئەو ئەگەری ئەوە ھەیە تەواو پەیوەندییەکانمان ھەرەس بھێنێت .
بەڵێ ئەوەی زیاتر تورکیای نیگەران کردوووە کۆمەک و ھاریکارییە فراوان و ھەمە چەشنە سەربازی یەکانی ئەمریکایە بۆ شەڕڤانانی کورد لە باکووری سوریا کە تورکیا بە باڵی سوریای pkk ئەژماریان دەکات و کە لە لیستی تیرۆردان و بە مەترسی گەورەو ڕاستەقینەیان دەزانێت بۆ سەر ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی ھەرچەندە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) دڵنییایی تەواو پێداون لەسەر جۆری چەکەکان و بەکارھێنانی .
بەڵام تورکەکان لەو بڕوایەدان پڕچەککردنی کورد لە سەر سنوورەکانی باشووری وڵاتەکەیان لە ئەندازەی پێویستی خۆی زیاترە گوێ نەگرتنی ئەمریکا لە مەترسی و نیگەرانیەکانیان لە خواست و ھیوای کورد بۆ پێکھێنانی قەوارەیەکی کوردی تر وەکو باشووری کوردستان لە عێراق لە باکوری سوریا پەیوەندییەکانی ئەمریکاو تورکیا بەرەو ھەڵدێر و داڕمان دەبات سەرەڕای ئەوەی کە ھاوپەیمانی دێرینی چەندین ساڵەو لە پەیمانی ناتۆ .
فاکتەری مەترسیەکانی تورکیا
ئەوەی زیاتر تورکیای ناڕەحەت و نیگەران کردووە ئەو کۆمەک و ھاریکارییە فراوانانەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتوونەتە دەستی ھێزەکانی سوریای دیموکرات کە زۆرینەو بڕبڕەی پشتی لە کورد پێکدێت , ھەروەکو ئاژانسی ھەواڵی ئەنادۆڵ بڵاوی کردووتەوە زیاتر لە١١٢ بارھەڵگرن کە لە عێراقەوە چەکو پێداویستی سەربازییان گواستۆتەوە بۆ سوریا و پێشتریش ٩٠٩ بارھەڵگری تریان بۆ ناردوون کە بەھەمووی زیاتر لە ١٠٠٠ بارھەڵگرە .
وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش ئەوەی ئاشکرا کردووە ئەو چەکانەی کە نێرراون بریتین لە ١٢٠٠٠ کلاشنکۆفی (AK٤٧)و ٦ھەزار تفەنگی ئۆتۆماتیکی و ٣٥٠٠ ڕەشاشی ئۆتۆماتیکی و ٣ھەزار RPG ئەمریکی و ١٠٠٠ ڕۆکێت وەشێنی (at٤ ) ئەمریکی و (SPG٩ ) ڕوسی دژەتانک ٢٣٥ ھاوەن ١٠٠ قەناسەو ٤٥٠ دووربینی شەو و ١٥٠ دوربینی تیشکی ژێر سوور.
تورکیا دەترسێت ھەموو ئەو چەکانە ببنە مایەی زیانو قوربانی زۆر بۆ ھێزەکانی کە بە تەمایە لە داھاتوودا ئۆپەراسیۆنی شمشێری فورات جێبەجێ بکات دژ بە کانتۆنەکانی عەفرین و دەوروبەری .
لەلایەکی ترەوە ھەندێ سەرچاوەی تر باس لەوە دەکەن کە کە تانک و ھەمەر و ڕۆکێتی دژەتانک ی زۆر ڕادەستی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کوردی کراوان ھەرچەندە پنتاگۆن ئەوانەی بە فەرمی ڕەت کردۆتەوە بەڵام سیاسیەکانی تورکیا ترس و لەرزی گەورەیان لێھاتووەو ئەمە بە مەترسیەکی زۆر گەورە بۆ سەر ئاسایشی ئایندەی وڵاتەکەیان دەبینن .
کاردانەوەی تورکیا
ھەرچەندە ئەردۆگان ھەوڵی دا ترەمپ و ئیدارەی نوێ ی ئەمریکا قایل بکات کە کۆمەک و ھاریکاری کورد نەکات بەڵام نەیانتوانی چونکە ڕێکخراوی و دیسپلینی ئەو ھێزانە لە شەڕی تیرۆردا ئەمریکیەکانی گەیاندە ئەو بڕواییەی کەئەمانە باشترین و لێھاتووترین ھاوپەیمانن لە شەڕی تیرۆردا بۆیە ئێستا تورکیا لە ھەوڵی دروستکردنی ھاوپەیمانێتیەکی چوار قۆڵیە لە گەڵ ڕوسیاو ئێران و ڕژێمی ئەسەد دژ بە ئەمریکا و پەیەدە و لە ھەمان کاتدا لە دوای کێشانەوەی ڕۆکێتەکانی پاتریۆت ھاوپەیمانی ناتۆ لە تورکیا خەریکی کڕین وبە دەستھێنانی سیستمی بەرگری S٤OO ڕوسیە .