بهپێی ئاژانسی کوردستان بۆ دهنگوباس ( ئاکانیوز ) ئهمرۆ دووشهم 8 تشرینی دووهم رایگهیاند که شوان كەمال یەكێكە لە پەیكەرسازە بەئەزموون و ناودارەكانی كورد كە لەسەر ئاستی ئەوروپا ناسراوە و زۆرێك لە پەیكەرەكانی لە شارەكانی ئەورپا دانراون، ماوەی زیاتر لە 15 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی و لە كارگەیەكی پەیكەرسازیدا كار دەكات.
كەمال لەبارەی دوایین پڕۆژەی پەیكەرسازییەوە لە ئەڵمانیا تایبەت بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند “ئێستە سەرقاڵی درووستكردنی پەیكەری (یارمەتیی هەژاران)م كە ماوەی شەش مانگە بەردەوام كاری لەسەر دەكەم، پێكهاتووە لە ئافرەتێك قاپێكی خواردنی پێیە و دەیدات بە پیرەمێردێكی هەژار، لایەنی هونەری و تەكنیكیی پەیكەرەكەم بەشێوەیەكی كلاسیك داڕشتووە و بیرۆكەكەی بەشێوەی رۆمانتیكی و دەربڕینە”.
ڕوونى كردەوە “بەرزایی پەیكەرەكە دوو مەتر و نیوە و لە سەر بنكەیەكی بەردی مەڕمەڕ دادەنرێت كە ئەویش بەرزایییەكەى دوو مەتر و نیوە، واتە بەهەردووكیانەوە دەبێتە پەیكەرێكی پێنج مەتری، هەروەها پۆرترێتی سێ كەسایەتیی ئەڵمانیاییم بۆ دروست كردوون و لە برۆنز دامڕشتوون كە كاتی خۆی ئەم سێ كەسایەتییە لە سەدەی 18دا رێكخراوێكیان درووست كردووە بۆ یارمەتیدانی هەژاران، بۆیە ناوی ئەم پەیكەرەش (یارمەتیی هەژاران)ە و دوای تەواوبوون لە شاری (فوپەرتاڵ) لە ئەڵمانیا دێتە دانان”.
لەبارەی بابەت و چیرۆكی پەیكەری (یارمەتیی هەژاران)ەوە كەمال گوتی “باس لە سەردەمێكی مێژووییی ئەڵمانیا دەكات، بە تایبەتیش لە دوای شەڕ و ململانێگەلێك و دوای داگیركردنی ناپلیۆن، نەبوونی و هەژاری لە شار و گوندەكانی ئەڵمانیا بڵاو بووەوە، بەڵام دۆخی خەڵكى شاری (فوپەرتاڵ)ی ئەڵمانیا لەبەر بوونی گەلێك كارگە و خەڵكی دەوڵەمەند باشتر بوو، بۆیە زۆربەی خەڵكی شارەكانی تری ئەڵمانیا روویان لەو شارە دەكرد بۆ ئیشكردن”.
لە درێژەدا گوتى “ئەمە وای كردووە لە ماوەیەكی زۆر كەم ژمارەی دانیشتوانی شارەكە زیاد بكات و گرفتی خانووبەرە و كێشەی نیشتەجێبوون و بێكاری و هەژاری لەم شارەشدا درووست بێت، بەڵام چەند دەوڵەمەندێكی شارەكە هەستان بە درووستكردنی رێكخراوێكی تایبەت بەیارمەتیدانی هەژاران و خەڵكی شارەكەش زۆر پشتگیریی ئەم رێكخراوە و پڕۆژەكەیان كردووە، ئەم پەیكەرەش دەربڕینى ئەو قۆناخ و هەڵوێستەیە، بۆیە لە كۆنەوە خەڵكی ئەڵمانیا و ئەم شارە دەیانەوێت پەیكەرێك بەو ناوەوە بۆ ئەو مێژوویەیان درووست بكەن، بۆ ئەوەی ئەو هەڵوێستەی باب و باپیرانیان لە بیر نەچێتەوە”.
لەبارەی لایەنی سپۆنسەری پەیكەرەكە و بڕی تێچوونییەوە، ئەم پەیكەرسازە كوردە گوتی “شارەوانی و خەڵكی ئەم شارە (فوپەرتاڵ) لەگەڵ (رۆڵف كایزەر) خاوەن كارگەی داڕشتنی برۆنز رێك كەوتوون بۆ ئەوەى من ئەم پەیكەرە دروست بكەم، چونكە پێشتریش پەیكەری مێژووییی (ئەرنۆڵد رۆسم)م لە ئەڵمانیا درووست كردبوو، بۆیە ئەم پەیكەرەشیان دا بەمن، بڕی تێچوونی (250 هەزار یۆرۆ)یە و لە مادەی بۆرەك و دواتر لە برۆنز دایدەڕێژمەوە”.
ئاماژەى بەوەش دا “دواى تەواوبوونى پەیكەرەكە بڕیارە لە مانگی نیسان/ئەپریلى ساڵی داهاتوو لە شوێنی مەبەست بێتە دانان و بودجەكەشی لەلایەن شارەوانیى شارەكەوە دێتە دابینكردن”.
لە كۆتادا گوتى “لەم رۆژانەدا لە شارەوانیی ئەو شارەوە لێژنەیەك بەسەرۆكایەتیی پڕۆفیسۆر (هێر كام پەرس) پڕۆفیسۆر لە بواری مێژووی هونەر و چەند كەسایەتییەكی پسپۆر لە بواری جیاجیادا هاتن بۆ سەیری پەیكەرەكە و كاتێك پەیكەرەكەیان بینی، هەموویان دەستیان گووشیم و گوتیان ئێمە شانازی بەتۆ دەكەین كە لە وڵاتی (میزۆپۆتامیا)وە هاتى و یارمەتییمان دەدەی، بۆ ئەوەى جارێكی تر مێژووی خۆمان بنووسینەوە.