عەبدولغەفار عەبدوڵڵا : ئەم نامەیەی هونەرمەندی ناوداری جیهانی (چارلی چاپڵن) کە بۆ (جێلاردین)ـی کچی لە ساڵی (1963) لە (سویسرا) نووسیویەتی، دروست دەکاتە (48) ساڵ بەر لە ئێستا، گەرچی ئەو پەیامە هونەرییە پێشتر لە چەند شوێنێک بڵاو کراوەتەوە، بەڵام خۆزگە هەموو بڵاوکراوەیەکی هونەری، هەموو tvـیەکی هونەری و ئەوانەی سەکۆیەکن بۆ هونەر و هونەرمەندان، ئەو نامەیەی (چارلی)ـیان بڵاو دەکردەوە.
فەلسەفەی ئەو نامەیەی کە نزیکەی نیو سەدە لەمەوبەر نووسراوە، هەرگیز کۆن نابێت، هەروەها وای بۆ دەچم ئەو نامەیەی (چارلی چاپڵن)ـی هونەرمەند، بەتەنیا بۆ کچەکەی، کە هونەرمەندێکی شانۆکار بووە نەنوسیووە، بەڵکوو ویستوویەتی لە رێگەی ئەو نامەیەوە بە هەموو هونەرمەندێک بڵێت فەلسەفەی (هونەر و هونەرمەند و ناووبانگ) چییە، وەلێ من پێشم وایە زۆر جار هونەرمەندێک یان نووسەرێک لە رێگەی کارێکی هونەریی یان نووسینێکەوە، پەیامێکی گشتگیرانە ئاڕاستەی خەڵکانێکی زۆر دەکەن و بۆ مێژوو ئەو پەیامە ئاڕاستە دەکەن، تا سێبەر و سایەی ئەو کارە تا هەتایە بمێنێتەوە.
من پێم وایە هەموو هونەرمەندێکی کورد، ئیتر هەر لە (شانۆکارێک، موزیسانێک، گۆرانیبێژێک، دەرهێنەرێک، سینماکارێک و پەیکەرتاشێک) خۆی لە بازنەی ئەو پەیامەی (چارلی) دەبینێتەوە و پێشنیاز و ئامۆژگارییەکانی ئەو هونەرمەندە، ئەگەر لە مێژووی ژیان و کارە هونەرییەکاندا پێڕەوی بکات، هەرگیز تووشی هەڵە و لەخۆباییبوون نابێت، هەروەها هیچ کات لە جەماوەرەکەی دوور نابێت و کارەکانی جێی بایەخی دەبن، بە لای کارگەلێکدا ناڕوات کە وا بکات زۆر جار هونەرمەند بەرەو هەڵدێر ببات.
بۆیە ئەو پەیامەی (چارلی چاپڵن) لە رێگەی ئەم نووسینەمەوە، وەبەرچاوی هونەرمەندانی دەخەم، هیودارم بە چاوی دڵ و مێشک بیخوێننەوە، بزانن خۆیان لە نێو کام بازنەی وشەکانی ئەو هونەرمەندەدا دەبینەوە.
نامەکەی (چارلی چاپڵن) بۆ (جێلاردین)ـی کچی وا نووسراوە…
(کچی خۆم جێلاردین، راستە من لێت دوورم، بەڵام شێوەی شیرینت تا یەک چرکەیش لێم دوور ناکەوێتەوە.
تۆی لە کوێی؟
لە پاریس و سەر شانۆ شکۆدارەکەی “شانزەی لیزەیت”؟ دەزانم لەوێیت و لەم شەوە بێدەنگەدا، گوێم لە ئیقاعی تەپەی پێتە، دەڵێن تۆ لەو نماییشە گرینگەدا رۆڵی کچە جوانەکەی ئەو فەرمانڕەوایە دەبینیت، کە سەرکردەی تەتەرەکان بە دیلی گرتوویەتی.
(جێلاردین)، من پێم خۆشە لە دنیای هونەردا هەمیشە ئەستێرەیەکی پڕشنگدار بیت، بەڵام گەر چەپڵەی رێز و ئافەرینی بینەران و چەپکەگوڵی ئاشقانت، فرسەتی هۆشیارییان لێ زەوت نەکردووی، دانیشە و نامەکەم بخوێنەوە، من باوکی تۆم ئەمڕۆ نۆرەی تۆیە، چەپڵەی ئافەرین ناو بە ناو بتبەن بۆ ئاسمان، بەڵام جار بە جاریش بگەڕێوە سەر زەوی و ژیانی خەڵکی ببینە.
ژیانی ئەو کەسانەی، کە بە سکی برسی و دنیایەک خەم و مەراقەوە کاری هونەریی خۆیان ئەنجام دەدەن، من خۆم یەکێک بووم لەوان، تۆ باش من ناناسیت!.
کە منداڵ بوویت هەموو شەوێک چیرۆکێکم بۆ دەگێڕایتەوە، بەڵام هەرگیز باسی ئازارەکانم بۆ نەکردووی، ئازاریش چیرۆکێکی ناخۆش نییە، چیرۆکی ئەو لێبوکە برسییەیە کە لە پیسترین شانۆکانی لەندەندا گۆرانی دەگوت و خەڵکی خێریان پێ دەکرد، چیرۆکی منە!
من دەردی برسیەتیم بینیوە، مەینەتی و کوێرەوەریی زۆرم بەسەر هاتووە، لە هەموویشی گرینگتر ئەو لێبوکە گەڕۆکە بووم، کە ئۆقیانووسێک شانازی و گەورەیی لە دڵمدا شەپۆلی دەدا و خێر و ساقەی پڕ لە سووکایەتی هەرگیز نەیان بەزاندووم، من هێشتا زیندووم و جوان نییە مرۆڤ پێش ئەوەی بمرێت هیچی لەسەر بگوترێت!.
کچی خۆم (جێلاردین)، ئێستا دنیای تۆ دنیای هونەر و مۆسیقایە، نیوەشەو کاتێک لە هۆڵی شانزەی لیزێت دێتە دەرەوە، دەوڵەمەندە زمانلووسەکان، فەرامۆش بکە و گفتوگۆی دۆستانە لەگەڵ ئەو شۆفێرە تەکسییانە دامەزرێنە، کە دەتگەڕێنێتەوە بۆ ماڵەوە، هەواڵی ژنەکەی بپرسە و ئەگەر زانیت مناڵەکەی بێ جلوبەرگە، بە نهێنی بڕێک پارە بخەرە گیرفانیەوە.
من نوێنەرەکەی خۆم لە پاریس راسپاردووە، بێ سێ و دوو ئەو خەرجییانە بکات، بەڵام بۆ خەرجییەکانی دیکەت، دەبێ وەسڵم بۆ بنێریت.
کچی خۆم جێلاردین، جاروبار بە سواری پاس لە ناو شاردا بگەڕێ و تەماشای خەڵکی بکە، سەیری بێوەژنان و مناڵە هەتیوەکان بکە، هەر هیچ نەبێت رۆژی یەکجار بڵێ منیش یەکێکم لەوان، چونکە بە ڕاستی وایە، هیچت لەوان زیاتر نییە!.
هونەر پێش ئەوەی باڵ بە مرۆڤ ببەخشێت قاچەکانی دەشکێنێت، هەر کاتێک گەییشتییە ئەو حاڵەتەی خۆ لە بینەران لا باشتر و گرنگتر بێ، دەستبەجێ واز لە شانۆ بهێنە و بە سواری تاکسی بە ناوچە هەژارەکانی پاریسدا بگەڕێ، من ئەو شوێنانە زۆر شارەزام، لەوێ ساڵەهای ساڵە هونەرمەندی جوانتر و چالاکتر و لە تۆ بەهرمەندتر خەریکی داهێنانن، گوناهیان چییە، کە ئەوێ وەک هۆڵەکەی شانزەی لیزێت، بلاجکتۆری لێ نییە!.
کچی خۆم جێلاردین، چەکێکی واژۆکراوم بۆ ناردووی، تا بە ئارەزووی خۆت پارە وەربگریت و خەرجی بکەیت، بەڵام هەر کاتێک دوو فرانکت خەرج کرد، بەخۆت بڵی سێیەم فرانک موڵکی من نییە و، هی ئەو پیاوە هەژارە گومناوەیە، کە دوێنێ بێشیو سەری نایەوە، پێویست بەوەیش ناکات بە دوایدا بگەڕێیت، چونکە لە هەموو شوێنێک خەڵکی لێقەوماو و هەژار هەن!.
من کە باسی پارەو پولت بۆ دەکەم، لە بەر ئەوەیە کە دەزانم پارە چ شەیتانێکە، ماوەیەکی دوور و درێژ لە سێرکا ژیاوم، هەمیشە دڵم لای ئەو تەنافبازانە بوو، کە بەسەر پەتێکی باریک و ناسکدا دەرۆییشتن، دەمگوت ئێستا نا تاوێکی تر دەکەونە خوارێ، بەڵام کچی خۆم ئەوانەی بەسەر زەویدا دەڕۆن لە تەنافبازەکان زیاتر دەکەونە خوارێ!.
کچی خۆم باوکت قسەت لەگەڵ دەکات، رەنگە لە شەوێکی تاریکدا، پارچە ئەڵماسێکی گران، فریوت بدا و وەک تەنافبازێکی بەدبەخت سەرنگوم بیت، فریوی نەجیبزادە و هیچوپووچەکان نەخۆی، ئەگینا دەکەویتە خوارەوە!.
دڵ بە زێر و پارە مەدە، گەورەترین ئەڵماسی جیهان خۆرە خۆر، خۆشبەختانە بۆ هەموو دەدرەوشێتەوە!
ئەگەر رۆژێک دڵت دا بە پیاوێک بە تەواوی خۆشت بووێت و دڵسۆز بە و خۆشەویستی و دڵسۆزی بکە بە ئەرکی سەر شانت، بە دایکتم گوتووە لەو بارەیەوە نامەت بۆ بنووسێت، چونکە ئەو لە من زیاتر خۆشەویستی تێ دەگات، ئەو کەسەی بە هاوبەشی ژیانی خۆت هەڵی دەبژێریت، دەبێ کەسێک بێت رۆحی خۆیت بۆ روون بکاتەوە، قسەی زۆرم ماوە بۆتی بکەم، بەڵام بەو رستەیە کۆتایی بە نامەکەم دەهێنم…
مرۆڤ بە و دڵپاک و خاوەن ویژدان، چونکە مرۆڤ سواڵ بکات و برسی و رووت و رەجاڵ بێ، لەوە باشترە بێبەزیی و نەفسنزم بێ).
چارلی چاپڵن – شەو 1963- سویسرا.
لە پەیامەکەی چاپڵندا، ئەوە لە بەرچاو گیراوە، کە مرۆڤ چەند بەرزەژیان بێت، نابێت لە کەسانی ژین سادە بێ ئاگا بێت، چونکە دواجار ئەوان، تەواوکەی ئەمن.
(چاپڵن) فێرمان دەکات، کە ژیان تەنیا بۆ دەوڵەمەندەکان نییە، بەڵکوو بۆ هەژارانیشە، ئاخر (چارڵی) وامان تێ دەگەیەنێ، دەوڵەمەندەکان نەچوونەتە نێوئاخن و مەبەستی ژینەوە، بەڵکوو هەر لە قەراغیدان، ئەوە هەژارانن دەمێگە بە نێو ژیاندا گوزەری درێژخایەنیان کردووە.
چارلی، ئەوەیشمان فێر دەکات ژیان، جێگەیەکی نییە تا کەسانی لەخۆبایی کەشخەیی تێدا بکەن، چونکە ئەوەی لە سایەی کارەکەیدا بووەتە شتێک یا (هونەرمەندێک) کە زیاتر مەبەستی هونەرمەندە، دەشێت کەسێکی دیکەیش هەمان توانای ئەوی هەبێت، بەڵام هەلی بۆ نەڕەخساوە، یان قەدەر رێی لێ گرتووە.
دەبێت ئەوەیش لە (چاڕڵی) بگەین، کە گۆی زەوی، هەمیشە کەندێکی قووڵە، بۆ نقوومبوونمان، خۆ ئەگەر بازدەری چاک و کارڕاست نەبین، ئەستەمە ژیاندۆستێکی چاپووک بین.
دواجار لە نامەکەیدا، (چاپڵن)، ئەو پەیامە دەگەیەنێ، کە دڵسۆزی و خۆشەویستی ئەرکی سەرشانی کچەکەی بێت، لەوەدا نە تەنیا مەبەستی کچەکەیەتی، نە تەنیاش ئەوەی بە لاوە مەبەستە، کە کچەکەی بەرانبەر خۆشەویستەکەی ئەو دوو خاسیەتەی هەبێت، بەڵکوو پەیامەکەی، وەک نووسراوی گشتێنراوە بۆ هەمووان، هەروەها ئەو دڵسۆزی و خۆشەویستییەی کە چاڕڵی بە لایەوە مەبەستە، ئەوەیە کە لە کاردا بیانخەیتە گەڕ، کە دیارە مەبەستی ئەو کارە هونەرییەکانی کیژەکەیەتی.
ئەو هونەرمەندە گەورەی دونیا (کۆمیدیا) جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هونەرمەند بوون، پێویستی بەو کەرستە جوانە هەیە کە رێزی جەماوەر و هەژار و هونەرکارەکانی هاوپیشەی خۆی بگرێت و هەموویانی خۆشبوێت.