بەھمەن قوبادی دوای گیان لە دەستدان و سووتانی قوتابیانی قوتابخانەی گوندی شیناوێی پیرانشار، پەیامی ھاوخەمی خۆی ئاراستە کرد.
سینەماکاری ناوداری کورد بەھمەن قوبادی دوای گیان لە دەستدانی دوو قوتابی بە ھۆی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی ٢٨ منداڵی قوتابخانەی سەرەتایی کچان لە گوندی شیناوێی سەر بە شاری پیرانشار لە رۆژھەڵاتی کوردستان، پەیامێکی ھاوخەمی ئاراستە کرد کە لە خوارەوە دەقەکەی ھاتووە:
باش دەتانناسم. لە کاتی وێنەگرتنی زۆربەی فیلمەکانم بە جۆرێک لەگەڵمدا ھاوڕێبوون. وزەم لە ئێوە دەگرت و پەرۆشی سەبارەت بە خواردن، جلووبەرگ، قوتابخانە دوورەکان، شەقامە نالەبارەکان، … و ژیانی سەخت و بێ کەرەستەتان بەردەوام لەگەڵمدابوو.
لەو شەقامانەی کە تەنانەت ئەسپەکانیش بۆ تەحەمولی سەرما مەستیان دەکرد، ئێوە چەندین کیلۆمەتر رێگاتان دەپێوا تاکوو بچنە قوتابخانەی گوندی تەنیشتتان. لە نیشتمانەکەمدا ئەو سەختیانەم زۆر جار بینیبوو. ھەندێک جار لە دوورەوە تەنیا خاڵی ڕەش بوون کە لە دڵی سپیبوونی بەفرەکاندا جووڵەتان دەکرد، کاتێک کە نزیک دەبوونەوە سەھۆڵ بە ھەموو شۆنێکتان شووڕببۆوە. سڵاوێکتان دەکرد و ڕاتان دەکرد بە ھیوای ئەوەی کە بە زووترین کات شوێنێک لە نزیک کورەی پۆلەکەتان بدۆزنەوە و ھەندێک گەرما بە گیانی سەھۆڵاویتان بگەیەنن.
نەتاندەزانی ئەو کورەیەی کە دەستە چکۆلەکەتان بە دەورەییەوە بازنە کردووە رۆژێک جەستەتان بسووتێنێت و گیانتان لێبستێنێت.
لەم زوڵمە، لە دەروونم بڵێسەی ئاور ھەڵدەستێت. فرمێسکەکانم دێتەخوار، بەڵام دەنگم دەرنایە، بە شێوەیەک کە قوڕگم سووتاوە. لە رێگای دوورەوە جەستەکانتان ماچ دەکەم. نازانم چ کاتێک، بەڵام دەزانم رۆژێک دێت کە ئەو پارەیەی کە دەبێت بۆ گەرمکردنی ئێوە خەرج بکرێت ئیتر نەچێتە گیرفانی ساختەچی و درۆزنەکانەوە کە دنیا لە دەستیان بێزار بووە. ئەو کەسانە شەرم بکەن کە ئێوەیان لە ئاوری خۆیاندا سووتاند و داوای لێبوردنیشیان خۆسووککردنێکی بێشەرمانە بوو.