کاروان شێخ زیرەک: ئێمەی راگەیاندنکارو رۆژنامەنوس لەئیشەکانماندا ھەمیشە دەبێت ھەوڵ بدەین کاری نوێگەریء کاریگەر بکەین لەسەر کۆمەڵگاو دەستمان ھەبێت لەپێش خستنی ئاستی ئەو بوارەی کەئیشی تێدا دەکەین، بەڵام ئایا توانیومانە ئەو ئامانجە بھێنیینە دی؟ یان ئایا ئەو ئیشەی کەکردومانە بووەتە ھۆی ئەوەی کەحساب بۆ ئیشەکەمان بکرێت؟
بێ گومان ئەگەر بڵێم نەخێر، ئەوا تارادەیەکی زۆر وایە، لەبەرئەوەی بەداخەوە ئێستا کاری رۆژنامەگەری تائاستێکی زۆر وەک پیشەی لێ ھاتوەو لەپێناو دەست کەوتنی بڕە پارەیەکدا ئیشەکە لەکۆڵ دەکرێتەوەو بەکرچء کاڵی بەڕێ دەکرێت.
لەناونیشانی ئەم وتارەدا ناوی پەیامنێری (بی بی سی)م ھێناوە، ئەمەش دوای ئەوەی کەلەچەند رۆژی رابردوودا پەیامنێرێکی کەناڵی (بی بی سی)ئینگلیزی، بەھۆی کارێکەوە توانی گەندەڵییەکی گەورە ئاشکرا بکات و ببێتە ھۆکاری لابردنی بەرپرسێکی لیژنەی ئۆڵۆمپی وڵاتێکی گەورەو بەناوبانگ.
ئەوەش دوای ئەوە ھات کەپەیامنێرەکەی (بی بی سی) وەک کەسێکی کڕیاری بلیتی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی لەندەنی ٢٠١٢ خۆی ناساندو لەگەڵ ئەمینداری گشتی لیژنەی ئۆڵۆمپی وڵاتی ئۆکرانیا کەوتە مامەڵەکردن بۆ کڕینی ژمارەیەکی زۆری بلیتی ئۆڵۆمپیاد بەشێوەی نایاسایی کە بەرپرسەکە بەنیاز بوو ١٠٠ بلیتی ئۆڵمپیادی لەندەن لەبازاڕی ڕەشدا بفرۆشێت، کەتەواوی گفتوگۆکانی خۆیء ئەو بەرپرسەی تۆمارکردو، دواتریش وەک بەڵگە خستیە بەردەم دادگاو توانی بەھۆی ئەو کارەو گەندەڵییەکی گەورە ئاشکرا بکات کە ئەمینداری گشتی لیژنەی ئۆڵۆمپی ئۆکرانیای ناچارکرد واز لەپۆستەکەی بھێنێت.
بەراستی ئەوەیە دڵسۆزی بۆ ئیشەکەتء سوود گەیاندن بە کۆمەڵگاو دروست کردنی کاریگەری لەسەر وڵاتێک، نەک بڵاو کردنەوەی ھەواڵء راپۆرتی بێ سودء وتاری بێ ماناو زۆر شتی دیکەش کەبوونیان تەنھا بۆ پڕکردنەوەی رۆژنامەو گۆڤارء سایتەکانە.
بۆیە پێویستە لەسەر ئێمە چۆن بەبەردەوامی باس لەگەندەڵی دەکەین لەناو وەرزشی کوردستاندا، ئاواش بەبەڵگەوە بیسەلمێنین کەفڵانە کەس گەندەڵە، تاوەک پەیامنێرەکەی بی بی سی بڵێین کەبەراستی ئیشمان کردوەو بەو ئیشانەش بیسەلمێنین کەرۆژنامەنوسی وەرزشی کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا ھەیەو دەتوانێت سوود بەوڵاتەکەی بگەیەنێت.