چاوی کامیراکان ئەوەندەی بەدوای بەرپرسە حزبی یەکانەوەن ئەوەندە سەرەنج لە ڕەخنەکان و تێڕوانینەکان ناگرن..
ئاشتی گەرمیانی .. ھەولێر : لەم سەردەم و ڕۆژانەی ئەمرۆدا بۆتە مۆدێل و باوێکی سەیرو سەمەرە کە ئەگەر چالاکی یەکی ھونەری یان کەلتووری یان ڕۆشنبیری ساز بدرێت ئەوا ئەوەندەی بەدوای ووتە وەرگرتن لە بەرپرسەکان دەکرێت یان ڕاوو بۆچوونی کەسایەتی یەحزبی یەکان دەربارەی پێشانگایەک یان چالاکی یەکی ھونەری وەردەگیرێت لە خاوەن پیشانگاکە یان لە ڕەخنەگران یان لە توێژەران وەر ناگیرێت وە ئاوڕی لێ نادەنەوە ،
لەکاتێکدا ئەو خاوەن پێشانگاکەیە وە ئەو مرۆڤە خاوەن بیرۆکەکەیە ، یان ناتوانن پەیامنێرەکان بپرسن کێ سەرەنج و بیرو ڕای جیایی ھەیە دەربارەی کارە ھونەری یەکە وە جۆری کارەکەو بوارەکانی وە ناوەڕوەکی ئەو داڕشتنە بەچ شێوەیەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت ئەمانە و زۆری تر لە تێڕوانینەکان لەو چالاکیانەدا دەبینین کە لە ڕۆژی ٢٦/١٢/٢٠١١ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان / لقی کەرکووک ئامادی کردبوو بەھاوکاری دەزگای خەندان کە پێشانگای ھونەرمەندی کاریکاتێریست عەلی دەرویش ) ی کردەوە ، بریتی بوو لە ژوورێکی بچکۆلانە تا ٣٠ کەسێک دەگرت وە پێوانەی ھەردوو دیوار دەگەیشتە ٤ مەتر بۆ تێڕوانین لەتابلۆکان ئەمەش زۆر کەمە چونکە مرۆڤ لە پێوانەیەکەوە تەماشای تابلۆ دەکات یان سەرەنجی جوانکاری کارەکانی تیادا دەبینێت ، لەکاتێکدا ئێمەی ھونەرمەندانی کەرکووک ھیچ ھۆڵێکی ھونەری تایبەتمەندیمان نی یە لەناو شاری کەرکووکدا کە پارێزگایەکە وە تەنھا ھۆڵی قشڵەمان ھەیە کە مەسرەفێکی زۆری تێدا کرا وە زۆر چالاکی ھونەریشی تیادا ئەنجام درا ، بەلام لەڕاستیدا ئەو جێگایە دەگەڕێتەوە بۆ سالانی پەنجاکان وە شەستەکان کاتێک کە دەزگای پۆلیسی تێدا بوو دوای ئەوە کرا بە پۆلیس و گرتووخانە ، بێگومان تا ئێستاش ھەروایە وە ڕۆژ بەڕۆژیش ژوورەکانی دەگیرێن وە لەبیرمان نەچێت لەھەمان کاتدا مۆزەخانەی کۆنی کەرکووک بووە ، ئەوەندەی کە شوێنەواریکی کۆن و مێژووی یە ئەوەندەش دوورە لە ئەندازەی ھۆڵی مۆدرنی ھونەری بۆ شارەکە ، زۆر ھەوڵێش دراوە لەکاتی خۆیدا بۆ دروست کردنی جێگایەک بەلام بەداخەوە.
من دەگەڕێمەوە بۆ ئەو دیاردەیە کە ئەمە تەنھا جاری یەکەم نی یە میدیاکان یان کەناڵە ئاسمانی و ناوخۆیەکان لەبەر ناشارەزایی کادرەکان وە پسپۆڕیان وە بێ بڕوانامەیی یان خول وەرگرتن بەو بیرۆکەیەوە دەچنە ناو چالاکی یە ھونەریەکان کە بەدوای بەرپرسەکانەوە بن تا کۆتایی دەردەچن لە ناو ھۆڵەکە ، پاشان لە پاشماوەی ئەو بەرپرسانە دیدارو چاوپێکەوتن لەگەڵیاندا دەکەن کەوا دەزانن ئەوان ئەم کارەیان ئەنجام داوە یان ئەوان خاوەن ئەم داھێنانەن، ئەوانیش لەبەر بێ شارەزایی وە بۆ دەرچوونیان لەکەناڵەکان و ئێواران خۆیان ببینننەوە لەناو تیڤی یەکاندا زۆر بە زەوق و شەوقەوە باس لە ھونەر لە مۆسیقا لە شانۆ لە سیاسەت لە ڕۆمان لە بازار دەکەن مسر ووتەنی ( بتاع کولو) ئەمەش لەکاتێکدا کە ئێمە زۆر شارەزاو مامۆستاو لێزانمان ھەیە ، من مەبەستم لەھەموو بەرپرسەکان نایەت چونکە ھەندێکیان بەڕاستی شارەزان بەلام شارەزا نین لەھەموو شتێک .
من شارەزام لەھونەری شێوەکاری یان ڕاگەیاندن ، بەڵام ھیچ کات ئامادە نیم باسی مۆسیقا بکەم یان شانۆ بکەم کاتێک ھاوڕێکەم لەتەنیشتمەوە ڕاوەستاوە ، زۆر پێویستە کەناڵە ئاسمانی یەکان ستایلی خۆیان ھەبێت یان تاوێک چاو لەکەناڵە جیھانی یەکان بگرن بزانن دەرھێنان و ئەنتەرڤیو یان گۆشەی گرتن چۆن دەبێت وە بزانن باسی چی دەکەن؟ وە بتوانن لەناو ھۆڵەکەدا بگەڕێن بەدوای شارەزاو پسپۆڕدا ! شەرت نی یە ناسراو بێت ! شەرت نی یە بەرپرس بێت ! ڕووداوێکی تر ھەیە ئەویش کەناڵەکان دەگەڕێن بزان کام حزبە ، تا تاکی حزبەکەی خۆی بدۆزێتەوە باشترە بۆی بدوێ ! کەتەواو بوو لەگەڵ ئەندامی حزبەکەی خۆی ئەوکات بەدوای نزیکتر دەگەڕێت .. با من ھیچ لایەنێک نەبم یان ڕەنگی سورو زەردو شین و کەسک و شین نەبم یان سپی نەبم ! بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە ئەو بەرپرسیارە ڕاگەیاندنانە لەناو پارتەکان بە شێوازێکی تر بە بەرگێکی تر بگەرێنەوە ناو ھۆڵ و بۆنەکان یان چالاکی یە ھونەری یەکان ، ئەگەر ئەو پارتەی من نەبوو ئیدی ئەو مرۆڤانەی تر قسە نازانن ؟ تێڕوانینیان نی یە ؟ کێ دەلێت شارەزان لەبوارەکانی ھونەر ، کە ھونەر بۆ خۆی دەریایەکی قووڵ و ماناو چمکی زۆری لێ دەکەوێتەوە.. مۆدێلی داوەت نامەو ھاتنی بەرپرسەکان بۆ سوود وەرگرتنی تاک نی یە ئەوەی کە من دەیبینم بەڵکو بۆ ئەوەیە ئێوارە لەکەناڵەکانەوە دەربچن وە خۆیان ببیننەوە یان سەرکردەکان بیبینن کە چالاکن وە کاریان ھەیە .
میدیای کوردی ڕاستە لەڕووی ئامێرو گواستنەوەوە شتی باشیان ھەیە وە دەبینم لەم لاو ئەولا زمانی ڕاگەیانیان بەھێزە وە چالاکە بەلام زۆریشیان لاوازن لەڕووی ئاداو پێداویستی ڕاگەیاندنی یەوە، ئەمەش دەبێت چاو بە کارەکانیاندا بگەڕێنەوە.. کەناڵە ئاسمانیەکان ھەروەک لەشاری کەرکووک بینم وەلە ھەولێرو شارەکانی تریش لە زۆر چالاکی ھونەریدا ئەم ڕەفتارەیانم بینیوە وە ئەمە بۆچوونی تەنھا من نی یە بەڵکو ھاوڕێیانی ھونەریشم ھەمان دیدەو بۆچونیان ھەیە .
لە زۆر چالاکی ھونەریشدا کە ئامادە دەبن ئەوەی کەئامادەی دەکەن شەو پیشانی نادەن لەوانەیە سیاسەتی کەناڵەکەیان دوور بێت لەم دیدارو گفتوگۆیانە بۆیە گرنگ نی یە وێنە گیراوە یان ئامادە بوون ، گرنگ ئەوەیە ناگونجێت؟
ڕیکلام کردن بۆ ھونەرمەندێک یان ئەوی تر ئەمەش خۆی لەخۆیدا دوورە لە ھەناسەی ڕۆشنبیری یەوە چونکە کارەکان لەم وولاتەدا بۆتە میزاج و ھاورێیایەتی یان تەوسیە کردن ، لەکاتێکدا ئێمەی ھونەرمەندانی کورد خاوەن چەندین دەست ڕەنگینی مێژوویین وە مێژوویەکیان ھەیە وە لاپەڕەیەکیان ھەیە لەتۆمار کردنی ھونەرو کەلتووری ئەم شارانەدا ، کەچی بەھۆی بۆشایی ھونەری یەوە کەسایەتی یەکی لاوازیان داناوە بۆ بەریوبردنی ھونەر لەشارەکەدا ، لەسەر ئەساسی حزبایەتی دامەزراوە یان دانراوە وە ڕاگەیاندنەکان پشت گیری ئەم کارەن وە ھەفتانە ئاگایان لە چالاکیەکانیانە ئەگەر لاوازیش بێت گرنگ نی یە گرنگ ئەوەیە ئێوارە لەگەڵ چەند برادەرێک خۆم لەکەناڵەکان دەبینمەوە.