رەزا شـوان
کوردستان لە ئەوپەڕی باکووریەوە بۆ ئەوپەڕی باشووری، لە ئەوپەڕی رۆژھـەڵاتیەوە بۆ ئەوپەڕی رۆژئاوای، بە زەوی و ئاسمانیەوە، بە شاخ و گـرد و دۆڵ و دەشتیەوە، بە ئاو و رووبار و ھەوا و سامانیەوە، بە دارستان و بـاخ و چـەم و گـوڵ و گـوڵـزاریەوە، بە دیھـات و شـارانیـەوە.. نیشـتمانی پـیرۆز و شیـرین و جـوانی ئێـمەی کـوردە. جـێی ھەزاران ساڵەی باب و باپیرانمانە لێرە ژیان و لێرە مردن، لێرە دەژین و لێرە دەمرین.
کوردسـتان ماڵی گەورەی ھەموومانە. دایـک و باوکـمانە، خوشک و بـرامانە. کەس و کارمـانە. کوردسـتان سـۆما و گـلـێنەکـانی چاوەکـانمانە. ھەنـاسە و دڵ و دەروونمـانە. کۆردستان گـروپی خوێمـانە. کوردستان مێـژوو و جوگـرافـیا و ناسنامەمـانە. رابـردوو و ئەمـڕۆ و داھـاتـوومـانە. کوردستان ھەمـوو شتێکـمانە. سۆز و خۆشەویستیمان بۆ کوردستان بێ سنوورە و لە قـووڵایی دەروونمانە. کوردستان. بۆیـە نـاوی کوردسـتان، جـوانـترین وشـەیە لە لامـان، بـۆتـە ویـردی شـیریـنی ھەمیشەی سەر زارمـان. بـوون و ژیـانمـان، بەبـێ کوردســتان ھـیچ واتـایـەکی نیـیە.
کوردســتان گـەر تـۆ نەبـی تەیـرێکـم بێ ئاسـمان
بە نـاوی تـۆی پـیـرۆز سەربـڵـنـدم لەنـاو جیھـان
خۆشەویستیمان بۆ کوردستانی جـوانمان، خۆشەویستیـیەکی رەمـەکـییە، بە زگـماکییە لەگەڵ لەدایکـبوونماندا لە دایکبووە. تێکەڵی ھـەست و ویژدان و خڕۆکە سوورەکانی خوێنـمان بـووە. ھەر وەک ئەوەی بۆمـاوە بێت و لە دایـکان و باوکـانمانەوە بـۆمـان مـاوەتـەوە. شـاعـیری گـەورەی گەلـەکەمـان (عـەبـدوڵـڵا گـۆران) دەڵـێـت:
کوردســـتان: جـێــگـامی جـێی ھــەزار ســاڵـەم
پـەروەردەی ئەم دۆڵ و سەر لـووتکە و یـاڵـەم
عـەشـقی تـۆ، ئەی دایـکی خـۆم و ھـاوخـوێـنـم
ھـەر لـە پـشـــــتـی بـاوکـــــا چــــــووە خـوێـنـم
ئـەشـچـێـــتـە ھــــــەوێـنـی کــــوڕ و کـــــوڕەزا
تـا تــاقـێ کـــورد مــابـێ لـە چـیــــای بــــــەرزا
کوردسـتان زۆری پـێ بەخـشـیویـن. پێویستە ئێـمەش بە ئەمەکـبین و رۆح و گـیانمانی پێ ببەخشین. راستە کە ژیـان شیرین و بەنرخە، بەڵام کوردستان شیرینتر و بەنرخترە.
(ئەفـلاتـوون) دەڵـێت:”ھـیـچ خـۆشــەویسـتـییەک، نـاگـاتە خـۆشـەویسـتی نیـشـتـمان”
(بومـارشە) ش دەڵـێت:” جـوانە کە مـرۆڤ لە پێـناوی نیشـتمانەکەیـدا بمـرێت. بـەڵام لەوە جـوانـتر ئەوەیـە کە لە پێـنـاوی ئـەم نیـشـتـمانـەدا بـژیـت”
خۆشەویستیمان بۆ کوردستان، تەنیا بە قسەی رووت و بە بەڵـێن و دروشمی بریقـەدار گوزارشتی لێناکرێت، بەڵکو پێویستە بە دڵسۆزی و بە کاری کـرداری و بە خزمەتکردن و ھاوبەستەبوونمان بۆ کوردستان، بە ئامادەبوونمان بۆ بەرخودانی و بەخشینی رۆح و گیانمان لە پێناوی پارستن و بەرگریکـردن لە کوردستان، دڵسۆزی و خۆشەویستیمان و ئەمکـداریمان بۆ کوردستانمـان بسەلـمێـنـین.
چۆن خۆشەویستی کوردستانمان لە دەروونی منداڵەکانماندا بـڕوێنین؟
پێویستە ھەر لە منداڵـییەوە، منداڵەکانمان بە خۆشەویستی بۆ کوردسـتان، بە دروستی گۆش و پەروەردەیان بکەین و رایان بھـێنین. چونکە ئەم منداڵانەی ئەمڕۆمان. ھیوای داھـاتووی کوردستانن. ئەمانن کە دەبن بە کەڵە تێکۆشەران و شۆڕەسوارانی مەیدانی کوردایەتی و مەردایەتی. منداڵانی ئەمڕۆمانن لە سبەینێدا دەبنە سەرکردە و دەسەڵاتدار و بەڕێوەبـەر و فەرمانبەر و بڕیـاردەر. ھەموو کاروبارێکی کوردستان بەڕێـوەدەبەن.
لەم پێودانگەوە، پەروەردەکردنی منداڵەکانمان بە خۆشـەویستی و ھـاوبەستەبوون بۆ کوردستان ئەرکێکی زۆر ھەستیار و چارەنووسسازە. بەڵام پێویسترین و پـیرۆزتـرین ئەرکی ئەستۆێ ھەموو لایەکمـانە: خێـێزان، قوتـابخـانە، مامۆســتایـان، نووسـەران و شاعـیران، ھونەرمەنـدان، کۆمەڵـگا، میـدیا و راگەیانـدنەکان، رێکخراوەکانی منـداڵان، ھەر خەمخۆر و ھـیواخوازێکی داھـاتوویەکی گەشتر و شیاوتر بۆ کورد و کوردستان.
بێگومان بەرزترین و گرنگترین و پیـرۆزترین ئامانجی پـەروەردەکردن و فـێرکردن و ئامـادەکـردن و راھـێنانی و ئاراسەکـردنی منداڵەکـانمان، بۆ ئەمـڕۆ و بۆ داھـاتوویان، خۆشـەویستی و شـیرینکـردنی ھـاوبەستەبـوونیانە بۆ کوردسـتانی نیشـتمانمـان. ئـەم ھـیوا و ئامانجەش بە شەو و رۆژێـک نایەتـە دی. پشوودرێـژی و ھـاوکـاری ھەمـوو لایەکمانی دەوێت، بە تایبەتیش ھاوکاری لە نێوان خـێزان و قوتابخـانەدا، چـونکە ئەم دوو لایەنە پشکی شێری ئەرک و بەرپـرسیارێتیـیان لە پـەروەردەکردنی منداڵەکـانمان ھەیە. قوتابخانە تەواوکەری پەروەردەی ماڵەوەیە و دەتوانێت زیاتر و دروستر گەشە بە پەروەردەکـردنی منـداڵەکانمان بـدات. زیاتـریش خۆشەویستی و ھاوبەستەبوون بۆ کوردستان لە ھـۆش و دەروونی منـداڵاکـانمانـدا بـڕوێنـێت.
گەلێ رێگا و شێوازی جیاواز ھەن، کە دەتوانین بە ھۆیانەوە سۆز و پەرۆش و ھەست و خۆشەویستی و ھاوبەستەبوون بۆ کوردستان لە دەروونی منداڵەکانمانـدا بـڕوێنـین و شـیرینـیان بکەیـن. بە کـورتی و بە چـڕی ئەمـانە بەشـێکـن لـەو رێگـا و شـێـوازانـە:
١ـ ھەر لە منداڵییەوە بە شێوازێکی ئاسان و بە پێی تەمەنیان، ھـەست و خۆشەویستی و ھـاوبەستەبوون بۆ کوردستان لە دەروونی منداڵەکانمانـدا بـڕوێنین و شیریـن بکەین.
٢ـ رۆشنبیری منداڵان، رۆڵیکی گرنگی لە خوشەویستی و ھاوبەستەبوونی منداڵان بۆ کوردستان ھەیە. بە رۆحی دڵسۆزی و ئەمەکداری زاخاوی ھۆش و دەروونیان دەدات.
٣ـ بە مێـژوو و جوگـرافـیا و کـولتـوور و شۆڕشـەکـانی گەلـەکەمـان و بە ژایـاننـامەی سەرکردە و تێکۆشەرە دڵسۆزەکانی گەلەکەمان، لە پیاوان و ژنانمان ئاشنایان بکەین.
٤ـ بۆ گەشت و گەڕان و ئاشانابوون، بیان بەین بۆ سەیرانگاکان و ھاوینەھەوارەکان و شوێنەوارە دێرینەکانمان، پێیان بڵێین ئەم شوێنانە بەشێکن لە کوردستانی نیشتمانمان.
٥ـ نەک ھەر مامۆستای وانەی پەروەردەی نیشتمانی، پێویستە مامۆستاکانی وانەکانی کەش (زمانی کـوردی، مـێژوو، جوگـرافـیا، زانیـاری، بیرکاری، پەروەردەی ھونەری، پەروەردەی وەرزشی) دەتوانن بابەتی وانەکانیان بە خۆشەویستی و ھاوبەستەبوون بۆ کوردستان گرێ بـدەن. بە تایبەتیش وانەی کوردی و پەروەردەی ھونەری و وەرزشی.
٦ـ سروود و شیعرە نیشتمانییەکانمان لە قوتابخانە بنەڕەتییەکاندا، رۆڵێکی زۆر گرنگ و کاریگەریـان ھـەیە، لە شیرین کـردنی خۆشەویستی و ھـاوبەستەبـوونی قوتـابیان بۆ کوردستان. شاعـیرانی کۆن و نوێمان، بە تایبەتیش شاعـیرانی بواری ئەدەبی منـداڵان، بە دەیان سروود و شیعـریان دەربارەی جـوانی و خۆشـەویستی کوردستان نووسـیون، پێـویستە پەرتووکخـانەکـانی قوتابخـانەکـان، بە پەرتـووکی شـیعـری ناسک و شـیرینی شاعـیرە ناسراوەکانمان دەوڵەمەنـد بکەن و ھانی قوتابییەکانیان بدەن بۆ خوێنـدنەوە و لەبەرکـردنیان و وتنیان لە کاتی ریـزبوون و ھەڵکـردنی ئـاڵای پیرۆزی کوردستانمان.
٧ـ پێویستە ھـەر لە منداڵییەوە خۆشـەویستی و رێـزی پێشـمەرگـەکانی کوردسـتانمـان لە دەروونی منـداڵەکانمانـدا بـڕوێنـین، کە بـە ئەوپـەڕی قـارەمانێـتی و گیانبەخـشینەوە بەرگری لە سنوورەکانی خاکی پیرۆزی کوردسـتانمان دەکەن و بەرپـەچی ھـێڕشەکانی نەیاران و داگیرکەرانی کوردستان دەدەنەوە. بە جوانیشی دەزانین گەر پێشمەرگە بانگی قوتابخانە بنەڕەتییەکان بکـرێن، تا باسی بەرگری لە کوردستان بۆ منـداڵەکانمان بکەن.
٨ـ پاراستنی ناوبـانگی کوردستان، لە کوردسـتان و لە وڵاتـانی ھەنـدەران و لە بەردەم گەلانی تـردا. پێویستە منداڵەکـانمان وا فـێربکـەین، کە لە کەس قـبووڵ نەکـەن، گـاڵتە بە گـەلی کوردمـان بکەن و بە ناشـیرینی نـاوی کوردسـتانی نیشـتمانمـان بھـێـنن.
٩ـ پێویستە منداڵەکـانمان، لە کوردسـتان و لە ھەنـدەرانـدا، لە بـۆنە کوردستانییەکانـدا، بەشدارییان پێبکەین، وەک: جەژنی نەورۆز، یادی ڕۆژی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان، رۆژی شەھیدانی کوردستان، رۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، یادی کیمیابارانی ھەڵەبجـە، رۆژی ئەنفالی بەدناو، یادی راپەڕینی باشووری کوردستان، یادی ساڵڕۆژی رزگارکردنی شاری کۆبـانی پاڵـەوان. یا ھـەر بۆنەیـەکی تـری کوردسـتان.
ئاڵای کوردستانمان بدەین بە دەستیانەوە، یا ئاڵای بچـووک بە بەرۆکیانەوە ھەڵواسین، یا لەسەر رومەتەکانیان بە بۆیەی تایبەتی وێنەی ئاڵای کوردستان بکێشین، جوانتریشە گەر بێـتو جـلی کوردییان لەبـەربکـەین. بەشـداریکـردنی منداڵەکـانمان لـەم بـۆنـانەدا، خۆشەویستی و ھەستی ھـاوبەستەبوونیان بـۆ کوردستان شیرینتر و بەھـێزتر دەکەن.
١٠ـ گـرنگیـدانـێکی زیـاتـر بـە رێـوڕەسمی رۆژانـی ھـەڵکـردنی ئـاڵای کوردسـتان لـە قوتابخـانەکانـدا، کە بە فەرمی رۆژانی پێـنج شەمەی ھەموو ھەفـتەیەک دیاری کـراوە، پێویستە لە کاتی ھەڵکـردنی ئاڵاکەمانـدا، مامۆستاکان و قوتابییەکـان، بە ئەوپەڕی رێـز و شکـۆدارییەوە رابوەستن و دەستی راستیان بخـەنە سـەر دڵـیان و پێکەوە سـروودی ئەی رەقیب بچڕن. ئاڵاکەمـان سیمبولی کوردستانە و مایەی سەربەرزی و شانـازیمانە.
١١ـ دایکـان و باوکـان و مامـۆستاکـان، دەتـوانن ئـەو چـیرۆکە کوردییانە بـۆ منـداڵانی کوردمان بخوێننەوە یا بگێڕنەوە، کە بۆ منداڵانی کوردمان نووسراون، خۆشەویستی و ھـاوبەستەبـوون لە ھـۆش و خەیـاڵ و دەروونی منـداڵانی کوردمـان شـیرینتر دەکـەن.
١٢ـ ھـانـدانی منـداڵەکانمان بۆ دەرخستنی بەھـرە و تواناکانیان. بە ئـازادی گوزارشـت لە ناخی دەروونیان بکەن. بە شیعـر و چیرۆک و پەخشان، یا بە وێنەکـێشان، دەتوانن سۆز و ھـەست و رۆحی خۆشـەویستی و ھـاوبەستەبـوونیان بـۆ کوردستان دەربـبڕن.
١٣ـ پێویستە منداڵەکـانمان بەو رۆحیەتە پاکە پەروەردە و رێنمایی بکەین، کە ھەمیشە بەرژەوەندییە گشتییەکانی کوردستان، لە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان بە پێویستر و لە پێـشتر بزانـن. ئەمەش گوزاشتە لە دڵسۆزی و خۆشەویستیـیان بۆ کوردستانمان.
١٤ـ پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستاکان، پێشەنگ و نموونەی باشبن لە دڵسۆزی و خۆشەویستی و ھاوبەستەبوونیـان بۆ کوردسـتان. تا منـداڵەکـانیان و قوتـابییەکانیان چاویـان لێبکەن. چونکە منـداڵان زیاتـر چاولـێکەرین لەوەی کە گوێ لە قـسە بگـرن.
١٥ـ منداڵەکانمان و قوتابییەکانمان ھانبدەین، بۆ خوێندن و کۆششکردنی زیاتر، چونکە دەرچوون و پێشکەوتن و سەرکەوتنیان لە قـوتابخـانەدا و گەیشـتنتان بە پلە و پێگە و بە داھاتوویەکی باش. دەتوانن خزمەتی کوردستانی نیشتمانی شیرینمان بکەن. ئەمەش بەشێکە لە دڵسۆزی و خۆشەویستییان بۆ داھاتـوویەکی گەشـتر بۆ کورد و کوردستان.
١٦ـ پێویستە لە منـداڵییەوە منداڵەکـانمان، بە ژینگەپـارێـزی و ژینگەپـاکی کوردستان پەروەردەیان بکەین. تا بزانن کە کوردستانێکی پاک و جوان، ھێمایە کوردی پاکیخواز.
١٨ـ پەروەردەکردنی منداڵەکانمان بە ھەست و رۆحی خۆشەویستی خوشک و برایەتی و خۆزانینیان بە ھاونەتەوەیی کورد و بە ھاوکوردستانی. ھاوبەستەبوونیان بۆ کـورد و کوردسـتان شیرینتر دەکات، ھـۆیەکی گرنگە بۆ ھەستکردنیان بە ھاوسۆزی و ھاوکاری ھـاوچارەنـووسی و بۆ بەھـێزبـوونی پەیـوەنـدی خوشک و بـرایەتی و ھـاونەتـەوەییان.
پەروەردەکردنی منداڵەکانمان بەم ئاراستە دروستە، بەرپرسیارێتیەکی پێویست و گرنگە، لە ئەستۆی خـێزان و قـوتابخـانە و کۆمەڵگـە و نووسەران و ھـەر ھەمـوو لایەکـمانە.
١٩ـ پێویستە زمانی شیرینی کوریمان لای منداڵەکانمان شیرینتر بکەین، چونکە زمانی کـوردی گـرنگـترین کۆڵـەکەیە لـە کۆڵـەکە گـرنگەکـانی نەتـەوەییـمان. ھـۆی لە یـەک تێگەیشتـنمانە. کـوردی زمـانی فـەرمی گوزارشتکـردن و خوێنـدنەوە و نووسیـنمانە.
٢٠ـ پێویستە فێری منـداڵەکانمان بکەین، کە رێز لە یاساکانی کوردستان و قوتابخانە و لە داب و نەریتیە جوانەکانی کوردەواریمان و لە بەھـا پیـرۆزەکانی گەلەکەمان بگـرن. ئەمەش بەشێکە لە دڵسۆزی و رێـز و خۆشـەویستییان بۆ کوردستانمان.
٢١ـ گۆڤارەکانی منداڵان و کەناڵە تەلەفـزیۆنیە تایبەتییەکانی منـداڵان، رۆڵـیان ھەیە لە شیرینترکردن و قـووڵترکردنی خۆشەویستی و ھەستی نەتـەوەیی و ھـاوبەستەبوون بۆ کوردسـتان. بە داخەوە کە داڕشتن و ئامادەکردنی بەرنامە و پرۆگرامەکانی کەناڵەکانی منـداڵان، لاوازن و وەکو پێویست نیـن. زۆربـەی کارمەنـدەکانیان، نابەڵـەدن لە بـواری پـەروەردە و ئەدەب و ھـونەری منـداڵان و لە ھـیوا و خواست و ئارەزووەکانیان. زۆر بابـەتی لاواز و سەقـەت پێشکەش دەکـەن. پێویستە ئەم کەناڵانە کۆنترۆڵ بکرێن و بە کەسانێکی شارەزای بـواری پـەروەرە و ئـەدەب و جـیھـانی منـداڵان بیان سـپـێرن.
٢٢ـ ئەو شانۆ و ئۆپەرێت و نواندنانەی کە بە تایبەتی بۆ منداڵان نووسراون و جەخت لەسەر خۆشەویستی بۆ کوردستانمان دەکەن، منـداڵان خۆشـیان رۆڵـە سەرەکییەکـانی تێیاندا دەبینن، ھۆکارێکی گرنگـن بۆ شیرینکـردنی خۆشەویستی و ھـاوبەستەبـوونی منداڵەکـانمان بۆ کوردسـتانمان. سەرەڕای ئەوەش چـێژ و خۆشـیان پێ دەبـەخـشن.
٢٣ـ پێویستە منداڵان لە ملململانی و مشتومڕ و ھاوبەستەبوون بۆ حیزبەکان دووربن. رەوا نییە لە جیاتی ھاوبەستەبوونیان بۆ کوردستان، بە ھاوبەستەبوون بۆ حیزب گۆش و پەروەردەیان ببکـرێن. لە منـداڵـییەوە بە ئایـدولـۆژیای حـیزبی ھـۆشـیان تێک بـدەن. زۆر بە داخـەوە کە زۆربەی حـیزبەکـانی باشـووری کوردسـتان، بێتـاوانی و دڵپـاکی و ساوێلکەیی و خۆشبڕوایی منداڵانی کوردیان قـوستوونەتە و ریکلامیـان پێـدەکەن و لە خۆپێشانەکان و لە ھەڵـبژاردنەکـاندا، بۆ مەبەستی خۆیان بە کاریان دەھـێنن. ئەمانەش تـاوانن و دژی مافـەکـانی منـداڵان و پـرەنسیپە رەوشتییەکـانن.
ئەمانە و چەنـدین رێگـا و شـێوازی تر ھـەن. بۆ روانـدن و شیرینترکردنی دڵسۆزی و ھەسـت و خۆشـەویستی و ھـاوبەستەبـوونی منـداڵەکـانمان بـۆ کوردسـتانی نیشـتمانی شـیرین و جوانمـان. بۆ شانـازی کـردنی منـداڵـەکـانمان بـەوەی کـە رۆڵـەی کـوردن و کوردسـتان نیشـتمانی پیـرۆزیـانە.
رەزا شـوان/ نەرویـج