کەمێک بەر لە ئێستا ٨/٦/٢٠١٣ لە بەرنامەی بەناوبانگی (ئەرەب ئایدل) لە هەڵبژاردنی ئەمجارەیان لەلایەن جەماوەرەوە (هەروەک چاوەڕوان دەکرا) پەرواز حوسێن رەوانەی ماڵەوە کرایەوە و دەنگی پێویستی نەهێنا.
ڕکابەرەکانی ئەمشەو لە بازنەی مەترسیدار ( دائرة الخطر) لەنێوان هەریەک لە پەرواز حوسێن لە کوردستان، سەلما لە مەغریب وە زیاد خوری لە لوبنان لەو پەڕی دڵەڕاوکێیدا بوون. دەبووایە لە نێوان هەر سێ ڕکابەر دووانین ڕەوانەی ماڵەوە بکەنەوە، بە داخەوە لەنێوان ئەوانەی سەرنەکەوتن پەرواز حوسێنی تێدا بوو. ئەمشەو دوا شەوی بەشداریکردنی بوو لە ئەرەب ئایدل و ڕەوانەی ماڵەوە کرایەوە.
پەرواز حوسێن هاوسەری هونەرمەند گۆران ساڵح توانی بەم بەشداربوونەی لە بەرنامەی (ئەرەب ئایدڵ) بە شێوەیەکی بەرفراوان کولتووری کوردی بە وولاتانی عەرەبی بناسێنێت و چەندین گۆرانی کوردی لەم بەرنامەیە بچڕێت کە بووە هۆی جێی سەرنجی ئامادەبووان و لیژنەکە وە ناساندنی کورد و کەلتووری کوردی بە ملیۆنان گوێگری عەرەبی.
دوای کۆتایی بەرنامەکە پەرواز لە پەڕە تایبەتی خۆی لە فەیسبووک پەیامێکی بلاوکردەوە و سوپاسی خۆی بۆ هەموو ئەوانە دەربڕی کە پشتگیریان لێکرد و دەنگیان پێیدا وە هیوای سەرکەوتنی بۆ بەشداربووەکانی تر خواست.