پێشبڕکێ لە بەرنامەی (عەرەب ئایڵ) گەیشتە قۆناغێکی پێشکەوتوو وە بینەر لەمڕۆوە دەتوانێت ڕاستەوخۆ لە ڕێگای کورتە نامە دەنگ بە بەشداربووان بدات.
پەرواز حوسێن یەکێکە لە بەشداربووانی ئەم بەرنامەیە و تا ئێستا توانیویەتی سەرنجی جەماوەر و لیژنەی بەرنامەکە بۆ خۆی ڕابکێشێت و سەرجەم قۆناغەکانی تا ئەم ساتە بە سەرکەوتوویی بڕیوە.
هەموو پێشبینیەکان وا دەردەخەن کە پەرواز بتوانێت قۆناغەکانی تریش بەسەرکەوتویی ببڕێت و بگاتە لووتکەی بەرنامەکە ئەوە ئەگەر دەنگدانی جەماوەر لە ووڵاتە عەرەبییەکان بە کورتە نامە مەشەکەی نەوەستێنێت و نەخرێتە قاڵبی ڕەگەزپەرستی بە حوکمی ئەوەی تاقە کچە کوردی بەشداربووی ئەم بەرنامەیە.
ئەم بەشداربوونەی پەرواز لە بەرنامەیەکی وەک عەرەب ئایدڵ کە زۆرترین جەماوەری هەیە لە ووڵاتە عەرەبییەکان خزمەتێکی گەورە بە کورد دەگەیەنێت لە ڕووی ناساندن لە نێو جەماوەری عەرەبیی کە ئەمە بۆ چەندین جارە ناوی کورد و کوردستان لەم بەرنامەیە دووبارە و سێ بارە دەکرێتەوە.. لە ڤیدیۆی هاوپێچ لیژنەی هەڵسەنگاندن بەمجۆرە سەرنج و بۆچوونی خۆیان بۆ خاتوو پەرواز حوسێن دەردەبڕن :
ئەحلام دەربارەی پەرواز گوتی:
تۆ لە وڵآتی چیمەنە هەڵواسراوەکان (حدائق المعلقة)هاتووی، هەستی تۆ دەبێ دیراسە بکرێ، هەستی تۆ دەبێ لە قوتابخانەکان بخوێندرێت، هەستی تۆ منی کوشتووە.
راغب عەلامە:
نەخشەی کوردستان لە بواری هونەردا نەبوو، تۆ نەخشەی هونەری کوردستانت بە نەخشەی هونەری عەرەبیدا گرێدا.
نانسی:
دەبێ فێری گۆرانی کوردیم بکەیت.
حسن:
هەر لە سەرەتا کە هاتییە بەرنامە خۆشم ویستی، تۆ بە راستی منت فێر کرد، هەست و دەنگی تۆ منی دەوڵەمەند کرد.
دەنگدان:
بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بەشداربن بە کورتە نامە و پاڵپشتی خۆیان بۆ کچە کورد پەرواز حوسێن دەرببڕن ئەوە دەتوانن پەیوەندی بە بەرنامەکەوە بکەن و ژمارە ٦ شەش هەڵبژێرن کە تایبەتە بە پەرواز حوسێن. ئەم ژمارانەی لێرەدا دەیبینن دەتوانن بەکاری بهێنن بۆ دەنگدان.
هەندێ لە دەزگا عەرەبییەکان:
لەلایەکی ترەوە دەزگا عەرەبییە شۆڤینیەکان هەر لە ئێستاوە کەوتوونە تەپڵ لێدان و دەیانەوێت بە ئاقارێکی تری دا ببەن. وەک نموونە لە کەناڵی (الشرقیة) لە فەیسبووک وێنەیەکی پەرواز حوسێن (بە ملوانکەی نەخشەی کوردستان لە ملیەوە) و چەند وێنەیەکی شەزا حەسوون براوەی یەکەمی عەرەب ئایدڵ چەند ساڵێک لەمەوبەر بە ئاڵای عێراقەوە بلاودەکاتەوە کاتی هەڵبژاردنی بە پلەی یەکەم، لەگەڵ وێنەکدا پرسیارێک ئاراستەی خەڵکەکە دەکات و دەڵێت :
جیاوازی نێوان پەرواز و شەزا حەسوون!!
بە ڕای تۆ ئایا پەرواز ڕێچکەیەکی هەڵە هەڵدەبژێرێت وەک لە لێدوانەکانیدا هاتووە بە پێچەوانەوەی ئەوەی هونەرمەند شەزا حەسوون کردی ؟
ئەم تێکستە وەک خۆی بە عەرەبی لە پەیجی الشرقیة وەرگیراوە :
الفرق بين به رواس وشذى حسون !!
هل برأيك المتسابقه به رواس تتجه اتجاه خاطئ حسب تصريحاتها وات جاهاتها عكس ما قامت به الفنانة شذى حسون ؟
لە کۆتاییدا ئێمە لە سایتی چراتیڤی داوا لە هەردوو کۆمپانیای گەورەی تیلیکۆم ئاسیا سێل و کۆڕەک تیلیکۆم دەکەین کە هەردووکیان کۆمپانیای کوردین بە تایبەتی لە کۆتایی/ فایناڵی بەرنامەکە بۆ پشتگیریکردنیان لە هونەرمەند و تەنها یەک شەو ناردنی کورتە نامە بە خۆڕایی بکەن تا جەماوەر بە هەر هەمووان لە سەرتاسەری عێراق و کوردستان بتوانن بەشداری تیا بکەن و پشتگیری لە خاتوو پەرواز بکەن بۆ سەرکەوتنی. ئەمەش وەک ئەرکێکی نیشتیمانییە و داواکارین ئەم دوو کۆمپانیایە تەنها بۆ یەک جاریش بێت لایەنە نیشتیمانییەکە بخەنە پێش ماددیەکە.