راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی
خەریکە ساڵێک تێپەڕدەبێ بەسەر دەرکەوتنی پەرواز حوسێن لەپرۆگرامی عەرەب ئایدڵ، کە بەھۆیەوە ناوبانگێکی زۆر لەدەرەوە و ناوەوەی کوردستان بەدەستھێنا، بەڵام پەرواز ساڵێکە ھیچی پێشکەشی جەماوەرەکەی خۆی نەکردووە و وا خەریکە (عەرەب ئایدڵ) کەسێکی دیکەمان لەجێی پەرواز پێشکەش دەکاتەوە بەناوی (عەمار کوفی)، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی پەرواز دەرنەکەوتەوە؟ ئایا مۆمی پەرواز کوژایەوە یان نا؟.
گۆران ساڵح، ھاوسەری پەرواز حوسێن بە(سڤیل)ـی راگەیاند، نەمۆمی پەرواز کوژاوەتەوە و نەپەرواز سارد بۆتەوە، گۆران لەبارەی بێدەنگبوونی پەرواز چەند ھۆکارێکی باس کرد وەکو دەڵێت “ناکرێت لەلایەک پێشمەرگەکانمان لەشەڕ دابێت و پەرواز گۆرانی رۆمانسی و یان ھەڵپەڕکێ بڵاوبکاتەوە، ئێمە کوردین و لەگەڵ ھەستی ئەم خەڵکە دەژین”. ھەروەھا گوتیشی “بەڵام لەگەڵ دروستبوونی ئەم بارودۆخەی کوردستان، ئێمە دیراسەی ئەومان کرد کارێکی نەتەوەیی زۆر جوان و گەورە بکەین بۆ کوردستان دەنگدانەوەیەکی زۆری ھەبێت، ئەم کارە بەزمانی کوردی و عەرەبی دەبێت، داوا لە سەرجەم خەڵکی غەیرە کورد دەکات وەرن بۆ کوردستان لێرە ئاوەدانی و سەرقامگیری ھەیە، لێرە دەستی ھاوکاری ھەیە”.
لەماوەی رابروودا پەرواز چەندین ئاھەنگ و کۆنسێرتی لەکوردستان و وڵاتەکانی دیکە ئەنجامداوە، گۆران ساڵح ئەم کۆنسێرت و ئاھەنگانە بەنیشانەی بەردەوامبوونی پەرواز دەزانێت و وەکو وەڵامێک بەکاری دێنێت بۆ ئەوانەی دەڵێن “پەرواز دەرناکەوێتەوە”. بۆ وەڵامی ئەو کەسانەش کە دەڵێن “مۆمی پەرواز کوژایەوە”.
رۆژنامەنووسی بواری ھونەری وشیار ئەسوەد کە وەک چاودێرێکی ھونەری ھەمیشە قسە لەسەر دەرکەوتن و وازھێنانی ھونەرمەندان دەکات، لە لێدوانێکیدا بۆ (سڤیل) لەبارەی دەرنەکەوتنەوەی پەرواز لەماوەی یەک ساڵدا دەڵێت “بەرنامەی (ئەراب ئایدۆل) گەورەترین دەروازەی بۆ پەرواز خستە سەر پشت، واتە ئەو دەیتوانی لەو رێگەیەوە بچێتە ناو دنیای ھونەرەوە کە ئەوەندەی من بزانم، بەداخەوە نەیتوانی”. وشیار ئەسوەد کە شارەزایە لەمەقام و کەسێکی مۆسیقییە لەبارەی توانا ھونەرییەکەی پەرواز دەڵێت “پەرواز دەنگی خۆشە و توانایەکی گەورەی ھەیە، واتە لەبواری ھونەرییەوە پڕە و بەئاسانی دەیتوانی ببێتە گۆرانیبێژێکی پڕوفیشناڵ، کەچی دوای ئەوەی لەو بەرنامەیەوە گەڕایەوە بۆ کوردستان، شتێکمان نەبینی گەشبینمان بکات جگە لەناو، لەکاتێکدا ئەو وەک خێزانێکی ھونەری دەردەکەوێت، بۆ نموونە ھاوسەرەکەی گۆران ساڵح و ھاوکات سەفین ساڵحی ھونەرمەند کە ئەوان بەئاسانی دەتوانن دروستی بکەن”.
ھەروەھا رووی رەخنە ئاراستەی گۆران دەکات و پێی وایە لەو کرچییەی پەرواز، گۆران ساڵح پڕیشکێکی گەورەی بەردەکەوێت و پەرواز پێویستی بەھاوکاری ھەیە بۆئەوەی بەردەوام بێت، باشترین کەسیش گۆرانە بتوانێ ئەوە بکات، وشیار ئەسوەد دەڵێت “جگە لەوەی گۆران گۆرانیبێژێکی بەتوانایە، لەوەش زیاتر خاوەنی ئەو توانا زۆرەیە کە پەرواز پێویستی پێیەتی، بۆیە بەڕای من ئەوەندەی پەرواز دەکەوێتە بەر رەخنە لەوەی تەمبەڵە، لەوەش زیاتر ئەو رەخنەیە گۆران دەگرێتەوە”. گوتیشی “با ئێمە زۆر زێدەڕۆیی نەکەین، بەھیچ جۆرێک پەرواز ناتوانێ بەتەنیا خۆی پێبگەیەنێ، بۆیە دەبوو دەوروبەرەکەی خۆیان ماندوو بکردایە، لەوەش زیاتر لەئێستاوە خەڵک چاوەڕێی (عەمار کوفی) دەکەن بزانن ئەو دەگاتە کوێ، وا خەریکە جەماوەر پەرواز لەبیر دەکەن کە بەھیوام من ھەڵە بم”.
موزیکژەن ھەڵبەست سەلاح بە(سڤیل)ـی راگەیاند، دەبوو پەرواز لە ماوەی یەک ساڵدا بەرھەمی دیکەی پێشکەش بکردایە کە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکی کوردستان بێت و دەڵێت “ئێمەی ھونەرمەندانی کوردستان بەھەموو شێوەیەک پاڵپشتی خۆمان بۆ پەرواز نیشاندا و ھەموو خەڵکی کوردستان بەشێوەیەکی فراوان پاڵپشتیان لێکرد و سەریان خست، دەبوو ئەویش وەکو وەفایەک بۆ دەنگدانی ئەم خەڵکە بەرھەمی بەپێزی پێشکەش بکردایە، چونکە ئەو توانایەکی جوان و باشی تێدا بەدی دەکرا”. ھەڵبەست گوتیشی “ئێستاش کات بەسەرنەچووە دەکرێ بە بارگراوندێکی نوێوە بگەڕێتەوە ناو مەیدان و کار بکات، سوود لەم ناوبانگە وەربگرێت کە بەدەستی ھێناوە”.
بەڵام گۆران ساڵح بەزوویی دەزانێ لەئێستادا پەرواز دەست بۆ ئەلبووم ببات و ھاوکات دروستکردنی ئەلبووم بۆ پەرواز بەکارێکی زەحمەت دەبینێت و دەڵێت “ئەلبووم دەبێت کارێکی وا بێت ھەم لەمەیدانی ھونەری کوردی و ھەمیش لە مەیدانی ھونەری عەرەبی جێی بکرێتەوە، چونکە ئەو جەماوەری لەناو عەرەب ھەیە، ئەگەر ئەلبوومێک بۆ پەرواز شەش گۆرانی بێت بەلایەنی کەم سێ گۆرانی دەبێت عەرەبی بێت، لێرەدا پێویستمان بە ئاوازدانەر و تێکستنووسی زۆر باش ھەیە لەنێو عەرەبدا”.
لەبارەی کارە و پلانی نوێی پەروازەوە، ئەو گوتی “لەئێستادا خەریکی کارە نەتەوەییەکەین، دوای ئەو گۆرانییەکی تایبەت لەخۆی ئامادە کردووە کە نزیکە لە ستایلی گۆرانی (ئاشق مەبە)، کلیپی بۆ دەکات، بەڵام ئێمەش چاوەڕوانی تێپەڕبوونی ئەو بارودۆخە نالەبارە دەکەین کە کوردستانی گرتۆتەوە، ئەگەرنا پەرواز لەلای من نەرێگری لێ نەکراوە کار بکات، وەکو جاری جاران من ھەر پاڵپشتی ئەوم و ھەر دەنگۆیەک رەتدەکەمەوە ئەگەر بگوترێ رێگری لێ کراوە”.
ئەم قسە و دەنگۆیانەی خەڵک دوای ئەوە دێت کە ساڵێکە پەرواز بێدەنگی ھەڵبژاردووە و دوای بەرنامەکە ھیچ بەرھەمێکی نییە، لەکاتێکدا ھەموو ھاوڕێکانی ئەو لە پرۆگرامی (عەرەب ئایدڵ) لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان بەرھەمی خۆیان پێشکەش کرد و ئێستا وەکو ھونەرمەند کار دەکەن، پرسیارکردن لە پەرواز کاتێک زیادی کردووە کە لە چەند ھەفتەی رابردوودا وەرزی نوێی (عەرەب ئایدڵ) دەستی پێکردەوە کە بەھۆی بەشداریکردنی کوڕە کوردێک بەناوی (عەمار کوفی) دووبارە پرۆگرامەکە جەماوەرێکی زۆری لە کوردستان راکێشاوە و پرسیار لە دیارنەمانی پەروازیش دەکرێ.
ھونەرمەند گۆران ساڵح لەبارەی عەمار کوفی گوتی “عەماریش توانایەکی زۆر لێ بەدی دەکرێت و روخسارێکی نوێیە، ئەویش کەسایەتی و پێگەیەکی جەماوەری دروست دەکات، بەڵام ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر پەرواز دروست نابێت، چونکە ھەر کەسێک خاوەن کەسایەتی و جەماوەر و ناوبانگی خۆیەتی”.