سەدیق سەعید ڕواندزی
لە ڕاستیدا، ھەر بەراوردکردنێکی کولتووری و فەرھەنگی لە نێوان نەتەوەی سەردەست و نەتەوەیەکی ژێردەستە کە بەردەوام لە ژێر ھەڕەشەی سڕینەوە و نەماندایە، بەراوردێکی زۆر ھەڵە و نالۆژیکییە، چونکە ئەوەی لێرەدا دەبێ لە بەرچاو بگیرێت، دۆخی ژێر دەستەیی و داگیرکاریی نەتەوەی ژێر دەستەیە، بەو مانایەی ھەموو کاتێک ئەگەری لە نێوبردنی لە ڕووی سیاسی و نەتەوەیی ھەیە. بێگومان بە نەمانی شوناسی سیاسیش، ئیدی کولتوور و فەرھەنگی نەتەوەش بوونیان نامێنێت. واقیعی کولتووری نەتەوەیەک کە ژێر دەستەیە، بە ھەموو پێوەرێک زۆرجیایەیە لەگەڵ نەتەوەیەک کە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆیە و دەبێ ڕەچاوی ئەو شوناسە سیاسییە بکرێت. زمان یەکێکە لە دیارترین ئەو شوناسە فەرھەنگییەی نەتەوەیەک لە نەتەوەیەکی دیکە جیا دەکاتەوە، کولتوور و نەریتە کۆمەڵایەتی و میللییەکانی نەتەوەیەک چەند بە ئەندازەیەکی زۆریش لە یەک نزیک بن و بە نێو یەکتری دا بچن، ھەڕەشە نییە بۆ سەر نەمانی شوناسی نەتەوە، تەنێ زمان نەبێت کە بە نەمانی بوونی نەتەوەش نامێنێت. لەم ڕووەوە نموونەی دیار و بەرجەستە لە کەمە نەتەوەکانی دنیا، لە شێوەی ئەمازیغەکان ، کورد، ئەرمەنەکان، ھەن کە وێرای ئەو داگیرکاریی و ستەمە مێژووییەی بەردەوام لێیان کراوە، وەلێ نەسڕاونەتەوە چونکە یەکێک لەو بنەما نەتەوەییانەی زامنی مانەوەی ئەوانە، زمانەکەیانە. لەو سۆنگەیەوە، باسکردن لەوەی کە زۆر ئاساییە ھەزارەھا وشەی عەرەبی، فارسی و تورکی، ئەرمەنی لە زمانی کوردیدا با بوونی ھەبێت و پەتیبوونی زمانی کوردی بایەخێکی ئەو تۆی نییە، بێگومان نیشانەی تێ نەگەیشتنە لە زمان بە دیوە سیاسی و نەتەوەیەکەی نەک فەرھەنگییەکەی، چونکە کاتێ زمانێک بە لێشاو وشەی بیانی دێتە ناو و ئەم وشانەش دەبنە بەشێک لە فەرھەنگی نەتەوە و ھاوکات خودی ئەو نەتەوەش بێ قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆیە، دۆخێًکە لە خزمەت نەتەوەی سەردەست دایە، کە یەکێک لە ئامانج و خەونە سیاسییەکانی لە نێوبردنی کوردە وەک نەتەوە، دڵنیاشە کە ھەنگاوی یەکەمی ئەو سڕینەوەیە لە زمانی نەتەوە دەست پێ دەکات. بۆیە زمانی کوردی نەک ھەر پێویستی بەوەیە لە ڕووی ھاوواتاییەوە پەتی و کورداندن بکرێت، بەڵکو نابێ بوار بدرێت وشەی بیانی، بخرێتە نێو زمانەکەمانەوە ئەگەر ھاوواتای ھەبێت. ستانداربوونی زمان، یەکخستن و بە نەتەوەییبوونی زمان، ھیچ نییە جگە لە ھەبوونی زمانێک کە ئاماژەکانی نەتەوەییبوونی نەتەوە بگەیەنن.
کورد بۆ ئەوەی دەریبخات، ھەڵگری زمانی نەتەوەیی خۆیەتی، دەبێ زمانەکەی لە ئەلفەوە تا یا، ھەڵگری وشە و دەربڕین و دەستەواژەی کوردی ڕەسەن و پەتی بێت، بە تایبەتیش ئەمە لە زمانی کورد گرفتێک نییە، چونکە زمانێکی دەوڵەمەندە لە ڕووی ھاوواتاییەوە، بە بەراورد لەگەڵ زمانەکانی دیکەی ئینگلیزی و عەرەبی. ھاتنەوە ناوەوەی وشەی بیانی بۆ نێو زمانی نەتەوەیەک کە ھێشتا ژێر دەستەیە و دەوڵەتێکی نەتەوەیی نییە، لە ڕاستیدا مەترسییەکەی گەورەیە، بە ئاراستەی جێ لەقکردنی پەتیبوون و ڕەسەنیەتیبوون و نەتەوەییبونی زمان، بگرە لە زۆرکاتدا، دەبێتە سەرچاوەی شێواندن و ئالۆَزی خودی زمانەکەش، بەوەی کە نەتوانرێت لە ڕووی ماناو زاراوەییەوە بەرکار بکرێت. لێرەدا نموونە بە وشەی (کۆرنا) دێنینەوە. لە سەروبەندی سەرھەڵدانی ئەم نەخۆشییە لە جیھاندا، وشەکە بووە بەشێک لە فەرھەنگی بەرکاری زمان لە کوردستاندا، بەڵام ئەم وشەیە بە جۆرەھا ڕێنووس دەنووسرا، وەک :(کۆڕۆنا ، کورۆنا، کۆرۆنا، کۆرونا ،کۆڕونا) یاخود ( کەرەنتین، کرنتین، کۆرەنتین) ئەم وشەیە، کە ئاماژە بوو بۆ نەخۆشی (کۆڤید ١٩) لە ڕووی واتاوە، دیارە مەبەست نەخۆشییەکەیە، بەڵام لە ڕووی نووسین و ھاتنە نێو فەرھەنگی کوردی، سەرنج بدەن چ ئاڵۆزییەکی لە زمان دروست کرد، کە ڕەنگدانەوەی بوونی وشەی بیانییە لە نێو زماندا. دەکرێ بە ھەمان شێوە نموونە بە ھەردوو وشەی (کولتور) و (فەرھەنگ) یش بێنینەوە، گەرچی زۆرجار ھاوواتا دەکرێن، بەڵام فەرھەنگ بەرفراوانترە و کۆی کولتوور، بەھا کۆمەڵایەتییەکان، زمان، نەریت، کەلەپوور و فۆلکلۆریش دەگرێتەوە. وشەی کولتوور، لە نێو زمانی کوردیدا بە چەندین شێوە دەنووسرێت چونکە ڕیشەی وشەکە لە کەڵچەری ئینگلیزی وەرگیراوە. ئەم وشەیە وشەیەکی کوردی نییە، ھاتۆتە نێو زمانی کوردی بە چەندین شێوە دەنووسرێت وەک :(کەلتور ، کەلەتور ، کولتوور ، کولتور ، کوولتور ، کوولتوور) چونکە لە بنەڕەتدا، وشەکە کوردی نییە و بە ھاوواتای ناکرێت بە دیاری کراوی ، بەڵام وشەی فەرھەنگ، یەک شێوازی نووسینی لەڕووی ڕێنووسەوە ھەیە و گرفتێکی نییە. لێرەوەش ھەنگاوی یەکەمی ھەر بە ستاندارکردنێکی زمان، لە بژارکردنی لە وشەی بیانی، ساغکردنەوە و پەتیبوونی زمانەکە و گێڕانەوەی ڕیشە مێژووییەکانی بۆ سەر زمانی نەتەوەیی، دەست پێ دەکات.
ئەوانەی بڕوایان وایە زۆر ئاسایە وەک چۆن زمانی فارسی و تورکی و عەرەبی، تەژییە لە وشەی بیانی، بەو شێوەیەش ئاساییە زمانی کوردی ھەزارەھا وشەی بیانی تێدا بێت و خەوشێک نییە، کەسانێکن ھێشتا لە مانای زمانی ستاندار نەگەیشتوون، بە مانا سیاسی و نەتەوەیەکەی، چونکە زمانی ستاندار، زمانێکە ڕەنگدانەوەی ڕەھەندی نەتەوەییانەی نەتەوەیە، زمانێکە لە ڕووی فەرھەنگ و زاراوەسازیی و ھاوواتاییەوە، گوزارشت لە بوونی نەتەوە دەکات، کە دواجار ھەر خودی ئەو زمانەشە، نەتەوەکان لەیەکتری جیا دەکاتەوە. بە پێچەوانەوە بوونی وشەی بیانی لە زمانی ئێمەدا، ئاسایی نییە و مەترسییە بۆ سەر مانەوەی زمانەکەمان، چونکە ئێمە قەوارەیەکی سەربەخۆمان نییە، تا بتوانین پارێزگاری لە زمان، وەک شوناسێکی دیکەی نەتەوە بکەین و ھاوکات زمانی کوردیش، خۆی زمانێکی دەوڵەمەندە لە ڕووی زاراوەیی و ھاوواتاییەوە، ئیدی بۆ دەبێ وشەی بیانی لە زمانەکەمان ھەبێت؟ دواجار دەڵێم، جێگەی سەرنجە، لەو سەردەمەدا کەسانێک ھەبن، بڕوایان وابێ پەتیبوونی زمان بایەخێکی نییە، بەڵام سەدو پێنچ ساڵ لەمەوبەر، ئینگلیزێک لە خەمی پەتیکردنی زمانی کوردی دابووە و خەڵاتی ئەوانەی کردووە، کە تێکستیان بە زمانێکی پەتی نووسیوە.
*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارە (٩٤٦٢ ) لە ٢٧/٧/٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە.
.








































































Discussion about this post