دیدار نانەکەلی
ھەولێر
من و تۆ چەند لێک دوورین..
تۆ تارمایی و باڵی ڕەشی ئاسمانێکی بە بێ باران
منیش بەردەوام لە یادەوەری و لە نزای دابارین و گەڕانەوەم بۆ مناڵی جاران.
تۆ ھەمیشە بە گومانی, ئۆقرەت نیە , کەس تێت ناگا و تەمتومانی
منیش خولقێنەری ئەو ھەستە پاکەم, گەرەکمە تێت بگەن بە ئاسانی .
تۆ وەبەرکەوتووی بەر گەورەترین غەزەبی مرۆڤایەتی
منیش ئاوێزانی ڕاستگۆترین پەیڤم بۆ دۆستایەتی .
تۆ پایـز و خەزەڵت ھێنا…. منیش بەھــار و جوانـــی
تۆ ھەموو ژیانت شێواند…منیش ھەوڵم دا کە نەتوانی .
تەنیا تۆبووی خۆشەویستیت لەناوبرد, گومانت خستە ئەوین,
پەڵەی ڕەشت دا لە ئەشق و متمانە
تۆی کە لە زمانی بۆیەکبوون و شەونخوونی تێناگەی
ئەوەش منم ھەموو ئەو ڕێگا دوورانە دەبڕم کە تۆ پێی ناگەی.
ناکرێ جارێکی دی بسازێ ی و کۆڵی ھەوەس دابنێی,
ناکرێ بۆ جارێکیش لە وێرانەی ڕقت بگەی , لەگەڵ ژیان بەیەک بگەی.
من بەرلەتۆ لەو گەردوونە بۆ تەبایی لە دایک بووم.
کە ھاتمە دونیا زەردەخەنەم کردە دیاری,
ملوانکەی سەربەرزی بووم لە گەردەنی ھەموو ئەوانەی بە من شادبوون.
وەلێ کە تۆ ھاتی لەخۆم وون بووم , گەلێک گەڕام سەرنگووم بووم.
من لە داچۆڕانی دەریای ئــومێد و تۆش لە داڕوخانی قەڵای زەمەن.
من لە بەرائەتی ڕەحمی دایکم و تۆش لە ھەڵسانی ڕق و قینە و نەفامی.
من لە ھۆشیاری و تۆ لە نەزانی.
من لە ڕاستەقینە و تۆ لە خەودا.
من لە تام و چێِژی ناوەڕۆک و تۆش لە بێ لەزەتی.
من لە گوڵدانی باخچەی تەمەن و تۆش لە زبڵدانی زەمەن.
تۆ بڕوانە چەند لێک دوورین ؟
قەت پێکناگەین,
مەگەر ئەو کاتەی دونیا نەما
چونکە تۆ (خیانــەتـی) و منیش ( وەفـــــــا) .
٢٠٠٨
تاران
dedar_nanakaly@yahoo.com