دیارى محمد : نرخى زێڕ لەبازاڕدا زۆر بەرزبۆتەوە نرخى خانووش زۆر بەرزە و کرێش وەکو موچەى بێ پاشەکەوت وایە ئەگەرچى سەدان کۆمپانیاى جۆراوجۆر خەریکى دروستکردنى باڵاخانەى بەرزن بەڵام نرخى خانوو هیچ گۆڕانێکى بەسەردانەهاتووە
پەرلەمانى کوردستان ئێستا سەرقاڵى پەسەندکردنى پڕۆژەیاساى پێشینەى هاوسەرگیریە بەڵام تاوەکو من ئەم بابەتەم نوسى پڕۆژەکە پەسەندنەکراوە و بەبێ هەبوونى هیچ پاساوێکى دروست و یاسایى دوادەخرێت ئەمەش جگە لەئازاردانى هەستى گەنج و لاوانى ئەم کوردستانە شتێکى ترى لێ بەرهەم نایەت پەرلەمانى کوردستان زۆر پڕۆژەى خستەڕوو بەشێکى پەسەند کرا و بەشێکیشى ڕەتکرایەوە بەڵام شکور بۆ خوا ئەمجارە باس لەپڕۆژەیەک دەکەن کەلەگەڵ یاساى خۆپیشاندان جیاوازیان ئاسمان و ڕێسمانە چونکە ئەم یاسایە نیگەرانى و ناڕەزایەتى لێناکەوێتەوە ئەگەر بەقسەى هەڤاڵانى کۆمەڵ و یەکگرتوو بکەن و بیکەن بەپێنج ملیۆن دینار خۆ ئەگەر پێنج ملیۆنیش بێت باوەڕتان بێت دەبێت هەندێکى بۆ قەرزبکەین تاوەکو دەست بخەینە ناو دەستى بووکە خان من جگە لەوەى دەڵێم پێنج ملیۆن دینار باشە بەڵام هێشتاش کەمە چونکە ئەگەر پەرلەمانتارە ئازیزەکان لێم زیز نەبن و سکاڵام لەسەر تۆمارنەکەن چونکە پارەم نیە ئایا ئەگەر ئێوەى بەڕێز و خۆشەویست ژن بۆ کوڕەکەتان بخوازن بەپێنج ملیۆن دینار دەتوانن چى بکەن تاوەکو ئێمە بتوانین یاخود گومانم لەوەش نیە ئەگەر کچەکەشتان بەشوو بدەن ئەگەر لەکوڕەکەتان زیاتر مەسرەفى بۆ نەکەن کەمترى بۆ ناکەن جا کوردەوارى جوانیان فەرمووە کەدەڵێن بەچاو سەیرکەن بەدڵ ڕەحم کەن پەرلەمانتارانى بەڕێز خۆتان باش دەزانن ئیمڕۆ وەک چۆن هەموو شت مۆدیلى گۆڕاوە ژن هێنانیش مۆدیلەکەى گۆڕاوە دەبێت تەواوى پێداویستیەکانت کەبۆ بووکە خانى دەکڕیت هێشتا نەکەوتبنە بازاڕەوە جا لەبەرئەوە نوێنەرى باش بن لەپەسەندکردنى ئەم یاسایە دڵسۆزى خۆتان بۆ کچان و کوڕانى کوردستان نیشان بدەن و ڕێژەکەى زیاد بکەن تاوەکو ئێمەش وەکو گەنجانى کوردستان ئەم بەهارە بکەینە بەهارى نوێبوونەوەى کوردستان سەیرانگاکانى کوردستان بەئاهەنگى بووک گواستنەوە بڕازێنینەوە لە دوعاى خێریش بێبەشتان ناکەین بەڵام خوانەکا بەپێچەوانەى پێشبینیەکان بن چونکە ئەوکاتە دڵى ئەوکەسانە لەخۆتان دەڕەنجێنن کەبەنیازن ئەگەر بارودۆخى داراییان بەرەو باشتر ڕۆیشت بچنە پرۆسەى هاوسەرگیرییەوە دواجار چاوەڕوانى هەوڵ و هیممەتانم بۆ ئەوەى وەکو ئاماژەم پێکرد لەم بەهارەدا لەجیاتى ئەوەى هەواڵى ئەوە بەرگوێتان بکەوێت کەجارێکى تر کۆچى بەکۆمەڵى گەنج و لاوان بەرەو ووڵاتانى ئەوروپا دەستى پێکردۆتەوە کەئەم کۆچەش دەیان و سەدان نەهامەتى لێدەکەوێتەوە و دواجار چارەسەرى ئەستەم دەبێت،
diarypress@gmail.com