وشیار ئەحمەد ئەسوەد : لەبەر ئەوەی پێشوەختە لەبارەیەوە دەدوێین، بۆیە ئەستەمە بتوانین تەرازووی ھاوسەنگ بەکار بێنین، ئەمە وامان لێ دەکات ئەوەندەی پێشنیاز بۆ داھاتوو بخەینە ڕوو، کەمتر بوار بۆ ڕەخنە و پەنجەدانان لەسەر خاڵە نەرێنییەکان دەمێنێتەوە..
یان دەکرێ لەبەر ڕۆشنایی خاڵە لاواز و نەرێنییەکانی ڕێکخراوی ھونەرمەندانی کوردستان، ئێمە ڕووی داواکاری لە سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان بکەین، پێموایە وەبیرھێنانەوەی خاڵە لاوازەکانی ئەو ڕێکخراوەی ھەرچەندی ھەوڵی بۆ درا کەچی ڕێک نەخرا، لانیکەم کاری ڕژد بۆ ڕێکخستنی ئەم سەندیکایە بکرێ کە ترووسکاییەکی تێدا بەدی دەکەین.
ڕێکخراوی ھونەرمەندانی کوردستان لەبەر ئەوەی زادەی یەکگرتنەوەی ھەردوو ڕێکخراوی سەندیکا و یەکێتیی ھونەرمەندانی پێشوو بوو، ھاوکات ڕۆڵی حزبەکانیش لەو دوو ڕێکخراوەدا بەرچاوتر بوو، بۆیە ھەر لە سەرەتای یەکگرتنەکەیانەوە ئومێدەکان لاواز بوون، ڕاستیتان دەوێ دەسیسە و ھەژموونی حزب لایەنێکی خاڵە نەرێنییەکان بوو، ئەوی دیکە پتر دەکەوتە بەر ھەژموونی پیران و ئەقڵییەتی کۆن و کۆنخوازی، لەمەشیاندا باس لە داھێنان لە کارە ھونەرییەکان ناکەم کە تا چەند ھەریەک لەو ھونەرمەندانەی کاریان تێدا دەکرد لە بوارەیلی خۆیاندا داھێنەر بوون، چونکە کاری ڕێکخراوەیی ئەوەندەی دەکەوێتە بەر جەسووری لە داواکاری بۆ ھونەرمەندان و کارە کارگێڕییەکان، ناکەوێتە بەر داھێنانی ھونەریی تاکەکان، بەڵام ئەوەی لەو چەند ساڵەی کارکردنی ڕێکخراوی ھونەرمەنداندا بینیمان، نەک ھەر پەراوێزکەوتنی ھونەرمەندانی لێ کەوتەوە، بگرە ڕیزەکانی ھونەرمەندانی لە بنچینەوە ھەڵتەکاند کە گومان نییە لەوەی ھۆکارەکەی بۆ نەبوونی بوێری لەلایەک و بەدواکەوتنی بەرژەوەندییە تایبەتەکان لەلایەکی دیکەوە بوو.
ئەمەیە وامان لێ دەکات وەک ئەوەی چەند جارێک خستوومەتە بەر ئاماژەوە، دەھێنێ ئێستایش جەختی لەسەر بکەمەوە، ئەوەندەی لە سەردەمی دوو ڕێکخراوەییدا کار بۆ ھونەرمەندان کرا، یەکگرتنەوە جیا لە ماڵوێرانی، شتێکی دیکەی بۆ ھونەرمەندانی کوردستان لێ شین نەبوو، بەپێی ئەوەی لەو ماوەیەدا من سەرۆکی ھونەرمەندانی کەرکووک بووم لە سەردەمی سەندیکا و ڕێکخراوی ھونەرمەندانیشدا، بۆیە ئەو تەرزە کارانەم بەئاسان بەسەردا تێناپەڕن، چونکە لانیکەم لە کەرکووکدا ئەو ماوەیەی سەندیکا و یەکێتیی ھونەرمەندان بەجیا کاریان دەکرد، دروستبوونی جۆرێک لە کێبەرکێ وایکردبوو زۆرترین کار بۆ ھونەرمەندان بکرێت، ھاوکات پێوەندییەکی توندوتۆڵیش لە نێوان ھەردوولادا بوونی ھەبوو، کەچی لە یەکگرتنەوەدا ئەو ڕۆحی ھاوکاری و ھاوئاھەنگییە گۆڕا بۆ بەرژەوەندییە خودی و حزبییەکان کە پێموانییە لێرەدا پێویستیم بەدووبارە جوینەوەیان بێت، دیارە وەک خۆم بۆ ئەمەیان زۆرترین دیکیۆمێنتم لە بەردەستن.
ھەموو ئەمانە بەو واتایە نایەن یەکگرتنەوەی ئەو دوو ڕێکخراوە ھەڵوێستێکی نەرێنی بووبێ، بەپێچەوانەوە بوونی یەک ڕێکخراوی ڕژد و بەھێز بۆ ھونەرمەندان بەبەرنامە و پرۆگرامێکی تۆکمە و ھاوکات بەستافێکی دڵسۆز و کارا و شارەزا لە دەستەی کارگێڕیدا، دەتوانێ بەباشترین شێوە بەرژەوەندییەکانی ھونەرمەندان بپارێزێت و زۆرترین دەستکەوتیشیان بۆ دەستەبەر بکات.. ئەوەی لە یەکگرتنەوەکەی پێشوودا کێشەی دروست کرد ھەژموونی پیران بوو لە ڕێکخراوەکەدا، ھاوکات بەرژەوەندخوازی و گەندەڵی گەیشتبووە کرۆک، دیارە بۆ ئەمەشیان نەک تەنیا من، بگرە چەندان دیمانە کە لەگەڵ چەند ئەندامێکی ئەوکاتی ئەنجوومەنی ڕێکخراوەکەدا ئەنجام دراون و ئاماژە بەو کارەساتانەی بەرژەوەندخوازی و گەندەڵییە دەکەن.. ئەمەیە وامان لێ دەکات بەھەستەوەرییەکی پترەوە لەم ڕێکخراوەی ئێستا بڕوانین کە لە دوای کۆنگرەوە ناوەکەی بۆ “سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان” گۆڕا، لێرەوە دەھێنێ ناوەکەی زۆر بەبایەخ وەرنەگرین ئەوەندەی بەدوای ناوەڕۆک بکەوین، ئەوە گرنگ نییە چ ناوێک لە ڕێکخراوەکە دەنرێت و بەمەیش ناگوترێ گۆڕانکاری، گۆڕانکاری ئەوەندەی دەکەوێَتە بەر جەوھەر و ناوەڕۆک و کارە پراکتیکییەکان، ناکەوێتە بەر ئەوەی سەندیکا بەبەراورد لەگەڵ ڕێکخراو تا چەند دیوە یاساییەکەیان جیاوازیی ھەیە، ئێمە لە کوردستان لە ھیچ بوارێکدا کێشەمان لەگەڵ بوونی یاساکاندا نییە، بگرە کێشەمان لە جێبەجێکردنی یاساکاندا تووش دەبێت، من چی لە ڕێکخراوێکی یاسایی بکەم کە نایاساییانە کار بکات، ئەوەی من دەمەوێ لە ڕێکخراوەکەدا یاسا پارێزراو و سەروەر بێ کە ھیوادارم ئەمەیان لەم سەندیکایەی ئێستا ببینین.
سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان لە دوای کۆنگرەکەیەوە خۆی بەکۆمەڵێک بەڵێن و بەڵێنکاری بەستووەتەوە، لە سەرووی ھەموویانەوە وەک چەند جارێک ھونەرمەند (نیاز نووری) نەقیبی سەندیکا ئاماژەی پێ داوە، ئەرکی لە پێشینەیان ئاشتکردنەوەی ڕەنجاوەکانە کە بەلای ئێمەمانانیشەوە ئەمە خاڵێکی جەوھەریی کارەکانە، چونکە زۆرترین ھونەرمەندانی کوردستان لە ڕەنجاوەکانن، تەنانەت ئەوانەیش کە بەردەوام ھاتوچۆی ڕێکخراوی ھونەرمەندانیان دەکرد، دیسان لە ڕەنجاوەکان بوون، دەگمەنن ئەوانەی نەڕەنجاون، ئێمەیش تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێکی پراکتیکیمان لە سەندیکا بۆ ئاشتکردنەوەکان نەبینیوە، خۆ ئەگەر پاساویشیان ئەوەبێ جارێ زووە و ماوەیەکی کەمە دەستبەکار بوون، ڕەنگە لەمەشیاندا تا ئاستێک ھەقدار بن، بەڵام دەبێ ئەوەیش بزانن بەر لەو پرۆسەی ئاشتییە، ئەگەر ئەوان پشتگیریی زۆرترین ڕێژەی ھونەرمەندان بۆ خۆیان مسۆگەر نەکەن، ناتوانن لە ئاشتکردنەوەکاندا سەرکەوتوو بن، ئەمەیش دروست ئەوە دەگەیەنێ کە ئاشتکردنەوە ئەوەندەی پێوەندیی بەکارکردن بۆ ھونەرمەندان ھەیە، ناکەوێتە بەر سەردان و کارە تەشریفاتییەکان، ئەگەرچی ئەمەیشیان بۆ ھەندێک لە ھونەرمەندان بەپێویست دەبینم.. ڕەنجانی ھونەرمەندان لە ڕێکخراوی پێشووی ھونەرمەندان پێوەست بوو بەوەی کاریان بۆ نەکرا و بەدوای بەرژەوەندییەکانیان ھەڵپەیان نەکرد، ئەوان و بەتایبەتیش دوو کەسایەتییەکەی تۆقەڵانی ڕێکخراوەکە نەیاندەویست بۆ ھونەرمەندان خۆیان لە بەردەم بەرپرساندا ئێسکگران بکەن، تۆیش ناتوانی خزمەت بەو توێژە ھەستەوەرە بکەی ئەگەر لە شەڕدا نەبی بۆیان، مەبەستم شەڕی دەستە و یەخە نییە ئەوەندەی مەبەستمە پێداگر بی لەسەر مافە بەدینەھاتووەکانیان.
لێرەوەیە دەھێنێ ئەم ستافە گەنجە ڕاچڵەکێنین و چیتر موجامەلەیان لێ قبووڵ نەکرێت، وێڕای ڕێزی زۆرم بۆ مامۆستا (چەتۆ نەورۆز) کە سکرتێری ڕێکخراوەکەیە، ئەو لە ڕاپۆرتێکدا باسی ئەوەی کردووە کە ئەم سەندیکایە دەبێتە درێژەپێدەری کارەکانی پێشتر، واتە ئەو کارانەی ئەوانی پێشتر بۆیان تەواو نەکرا.. ئاخر کاکە (چەتۆ) ئێمە لە واقیعەکەدا ژیاین، ئەگەر ئێوە پێتان وابێ ئەوان کاری ڕژدیان کردووە و بۆیان تەواو نەکراوە و دەتانەوێ درێژەپێدەریان بن، دەبێ ئێمە بڵێین “شیردا بۆ داپیر دا” لێرەدا کێرڤی گەشبینییەکانمان بەخۆتان دادەبەزێنن بۆ “اسفل السافلین”، ئەدی لە کارکردن بۆ ھونەرمەندان چ پێویستییەکت بەموجامەلەکردن نییە ئەوەندەی پێویستیت بەبەرنامەی نوێ ھەیە بۆ ھونەرمەندان و ئاشتکردنەوەیان.. جوانترین ھەڵوێستیش کە لە کۆنگرەی ھونەرمەنداندا نوێنرا، ئەو ھەڵوێستەی مامۆستا (ئەحمەد سالار) بوو کە داوای لێبوردنی لە ھونەرمەندان کرد لەپای ئەوەی لە ئاست داواکانی ئەوان کاریان بۆ نەکردوون، ئەگەرچی من پێموانییە بەو داوای لێبوردنە مامۆستا بتوانێ خۆی لە بەرپرسیاریەتیی ئەوەندە ساڵەی نەقیبییەکەی یان سەرۆکییەکەی بدزێتەوە، بەڵام لانیکەم توانی ڕووە شیرینەکەی لە بەرانبەر ھونەرمەندان جوان بکاتەوە، کە بەداخەوە ھاوسەرۆکەکەی ئامادەیی تیا نەبوو ئەو داوای لێبوردنە بەھونەرمەندان ڕەوا ببینێ و ئەویش دان بەخەوشەکاندا بنێت.
بۆیە دەھێنێ جەخت لەوە بکەینەوە لە بری ئەو موجامەلە تەڕ و تازانە، بەرنامەی نوێمان لە ئاشتکردنەوەکاندا پێشان بدەن، نەک تەنیا یاساییبوونی ڕێکخراوەکە و پرۆگرامە ئامادەکەمان بۆ بکەنە سەنگی مەحەک لە خزمەتکردنی ھونەرمەنداندا.. بێگومان من ھەرگیز ڕەشبین نیم، بەڵام ناشتوانم پێشوەختە گەشبینی دەربڕم، واتە وەک ئەوەی ھەندێک لە ھونەرمەندان لە ئێستاوە ڕەخنەی توند ئاراستەی ئەم سەندیکایە دەکەن، یان ھەندێکی دیکە پێیان وایە ئیتر ئەم سەندیکایە دەبێتە فریادڕەسیان.. من دەڵێم لە ھەردوو دیودا بەو بڕیارە ڕەھایانە بێویژدانی دەکەین، چاکترە دەرفەت بەو بەڕێزانە بدەین کە ئێستا بەرپرسیاریەتیی ڕێکخراوەکەیان لە ئەستۆ گرتووە، بەبێ دەرفەت ھەموو ھەڵسەنگاندنەکانمان دەکەونە دەرەوەی واقیعەوە و بێویژدانمان دەکەن، چونکە ئەوان کۆمەڵە گەنجێکن و بەدنیایەک وەعد و وعوودەوە ھاتوونەتە مەیدان، بۆیە ئەرکی ئێمەیە دەرفەتیان پێ ڕەوا ببینین کە تا چەند دەتوانن ئەو بەرنامەیەی دایانناوە کاری لەسەر بکەن، بۆ ئەمەشیان، چاوەڕوانی داھاتوو، بەڵام داھاتوویەکی نزیک دەکەین.. ئەوکات یان دەستی ماندووبوونیان دەگوشین و ستایشی ڕۆڵی بوێرانەیان دەکەین، یاخۆ دەیانخەینە بەر ڕەخنەی توند و بێ ڕتووش بەمێژوویان دەسپێرین.